عیماد عەلی: نهێنیی باوەرٍ لای تاکی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەدا قسەمان لەسەر باوەرٍی کلاسیکی و کاری مزگەوت و کەنیسە و پیاوی ئایینی و شێخ و سۆفی و وەکو ئەوەی پێی دەڵێن باوەرٍی پیرەژنانە نیە، بەڵکو باوەری بوونگەرایی باوەرداریە لەبەرامبەر بونگەرایی ئیاحاد دا.
زانای بوونگەرای باوەرداری سۆرین کێرگکارد دەڵێت: باوەر بازدانێکە بۆ تاریکی، یان بەدەرە لە هەموو لۆجیک و سەلماندنێکی عەقڵانە و باوەرٍ ئیشی تایبەتی دڵە،( ئیشی دڵ بەو واتایەی هەست و نەست و ویژدان و سۆز نەک ئەندامە بایۆلۆجیەکەی ناو لەشی مرۆڤ). لەگەڵ ئەویشدا زانای بلیمەت باسکال وتی: دڵ مەرجەعی باوەرٍداری مرۆڤە و ئەو فشار دەکات لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ ئەو ئاراستەیە. زانای بەناوبانگ ئامانۆئیل کانت هات و لە بارەی بیرکردنەوە و باوەرٍداریدا، هیڵی پانی جیاکەرەوەی نێوان عەقڵ و دڵی دیاریکرد و وتی: عەقڵ ناتوانێت شتێک بسەلمێنیت کە لەدەرەوەی تایبەتمەندی و کاری ئەو بێت، بەو واتایەی باوەرٍ دوورە لە بیرکردنەوەی زانستیانەی بیرکاریانەی نێو تاقیگە بۆ هەوڵی سەلماندنی راست و دروستی بە پاساو و بەڵگەی زانستی بەرجەستە. بۆیە دەبێت باوەر لە دەرئەنجامی بازدانێک بێت لە تاریکی و نادیار و بۆ دەربازبونی مرۆڤ لە نیگەرانی و بێئومێدی و وێڵبوون لە نێو کێشەو گرفت و قورساییەکانی رەوتی ژیان و سەلماندی بوونی خود بەدەر لە هەر شتێک ناوی بنێیت پرسی گشتی، بۆیە لە بازنەی ئازادیی تاکی بیرکەرەوەیە بەدوور لە سەلماندنی وانستی و عەقڵی و تەنانەت رای وایە ئەگەر هەوڵی سەلماندنی زانستیانەی بدرێت لە چەمکی باوەرٍداری دەردەچێت و دەبێتە بابەتێکی زانستی.
بۆیە هەموو کەسێکی بیرکەرەوە دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا تێرٍامان بکات و پرسیارە فەلسەفەی و فیکریەکان لە خۆی بپرسێت و بزانێت ئەو( نهێنی باوەرٍەکەی چیە؟ بۆچی باوەرٍدارە؟ چۆن باوەردارە؟ لە پێناو چیدا باوەردارە؟
ئەگەر تەماشای زۆرینەی رەهای تاکی کورد لەم کاتەدا بکەیت بە روونی بۆت دەردەکەوێت، لە پۆلی لاساییکەرەوەی باوەرٍداری بۆماوەییە، وەکو ناوی دەنێن باوەرداری پیرەژنانەیە کە لە چوغزی رووبەرێکی فراوانی سۆزداری و خۆدور خستنەوەیە لە بیرکردنەوەی قووڵ و هەوڵی زانینی نهێنی باوەرٍەکەی خۆی و لە زانینی ئەوەی ئەو باوەرٍەی لەپێناو چیدایە و چۆن لە سۆز و رەفتاری ئەو جێگیر بووە. ئەوەی جێگەی باسە ئەوەی لە مێژوودا دەبینیرێت کە باوەرٍداری کورد لە بازنەی بیرکردنەوەی کلاسیکی و لاساییکردنەوە و لە قۆناغێکی دیاریکراویشدا لە سوفیگەری و هاوردەکاریی باوەرٍی سنودار بووە و رۆژێک خودی خۆی لە بیری بونگەرایی باوەرداری نەبینیوەتەوە ( جگە لە قۆناغی باوەربونی بە ئایینی زەردەشتی)، بۆیە ئاسانترین رێگەی گرتۆتەبەر و تەنها چاوی لەویتری غەیرە بووە کە چیی کردووە و لاسایی ئەوی کردۆتەوە( ئەمە ئەگەر باس لە هەوڵی ئەو زانا کورد و نەتەوەکانی دیکە غەیرە عەرەب نەکەین کە هەوڵەکانیان رۆچۆتە چالاکی فکری و فەلسەفی زاناکانی دیکەی رەوتی فیکری و باوەرداری عەربەوە).
ئەوەی جێگەی نیگەرانی و بەدبەختیی کوردە، وا ئەمرٍۆش لە نێو ئیسلمای سیاسیدا رەوتی لاساییکردنەوە و هاوردەکاری بەدوور لە فکر و بیرکردنەوە تایبەتیە خودی کورد زیاتر زاڵە و هیچ هەوڵێکی عەقلانی فەلسەفی کوردی بۆ بیرکردنەوە و روونکردنەوە و کار لەسەر کردنی فەلسەفەی باوەرٍداری نتبینرێت.
دەبێت درێژەکێشانی بوونی گیروگرفت و ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و دوور کەوتنەوە لە بیرکردنەوەی عەقڵانی عەقڵمەندانی کورد و سەرقاڵبوون بە گرفتە سیاسی و ئابووریەکان و باری نالەباری ژیانی خەڵکی کوردستان ی لە گرنگترین ئەو هۆکارە سەرەکیە تازانە بن لە بەردەم بیرو و بیرکردنەوە و تێرٍامانی کورد لە هەموو بوارەکاندا و لەو نێوەشدا لێکۆڵینەوە لە نهێنی و ئامانج و چۆنێتی باوەرٍ و باوەرداری لە نێو میلەتی کورد دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت