عوسمان عومەر: چیرۆکە سەیرو سەمەرەکانى جەعفەرى شەفیعزادە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش هەموو شتێک نوسەرى ئەم پەرتوکە بیرەوەریانە بۆ سەرەتاکانى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەگێرێتەوە لەساڵى 1976 وە پلانى بۆدانراوە, لەترسى تیرۆرکردن ناوى خۆى بەرێکخەر ئاماژە پێکردووە، خۆى دەبوایە گەر ناوى ڕاستەقینەى خۆشى نەنوسێ، خۆ دەبوایە ناوێک یا نازناوێک بنوسێت. لێرەدا پرسیارێک خۆى دەخاتە ڕوو، کاتێ لە شەمەندەفەرەکەدا جەعفەرى شەفیعزادەى ناسیوەتەوەو دڵنیا بووە کە خۆیەتى و ویستویەتى تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکات کە سکالاى لەسەر تۆماربکات، گوایە لە ژێر هەرەشەو چاوسورکردنەوەى جەعفەرى شەفیعزادە کۆڵى داوە. چۆن دواتر متمانەى کردووە کە بێتەلاى و ئەوشتانەى پێ بڵێت و ئەویش تۆمارى بکات؟ کە نوسەر خۆى دەلێت: سەرەتاى شۆڕش جەعفەرى شەفیعزادەم لە تاران بینى, سەرکەوتوبوو لەدەستگیرکردن و خستنە زیندانم و دەست بەسەردا گرتنى مولک و مالەکەم کە بەرهەمى تەمەنێک ماندوبون و هەوڵ و کۆششم بوو. دواى ئەوە بەناچارى ئێرانم بەجێهێشت و لەتاران هەڵاتین بەرەو هەندەران. ئایا ئەو بیرەوەریانە بایی هێندە کە نوسراون بڵاوکراونەتەوە قەرەبوى ئەو هێندە ملیۆن تومەنەى ئەوکات و سەردەمەى بداتەوە؟ چى وایلێکردووە ئەو بیرەوەریانە بۆ ئەو کەسە بگێڕیتەوەو ئەو تۆماریان بکات؟ تەنانەت لەناو شەمەندەفەرەکەش نەیوێراوە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکات.
جەعفەرى شەفیعزادە لە پەرتوکى لەپشت پەردەکانى شۆڕشەوە، بەدان پێدانانى خۆى لەچەند شوێنێکدا دەڵێت: کوڕە قەصابێکى هەژارو ئاست خوێندەوارى نزم و ئاسایی بۆ سەربازێکى بێ بەزەیی پیاوکوژ گۆڕىی. دەلێت باوکم خەلکى لادێ بوو، بەلام شڕە خوێندەواریەکى هەبوو، پابەند بوو بە ئەرکە ئاینیەکانیەوە و بەردەوام نوێژ و ڕۆژووى خۆى دەگرت و هەر لەمنالیمەوە ئەو پەندەى بەرگوێ خستم کەدەیگوت: جەعفەر خۆت بەدوور بگرە لەسەگى هار و دیوارى ڕوخاو و ژنى سەلیتەو مەلا. چۆن نێردراوە بۆ سوریاو لیبیا بۆ ڕاهێنانى سەربازى و پارتىزانى و تەنانەت خولى لێکۆلینەوەش.
هاوڕێیەتى لەگەڵ دکتۆر صاق قطبزادەو دکتۆر ئیبراهیم یەزدى و ڕەفسنجانى و ئەحمەد خومەینى و تەنانەت خودى خومەینى و ببێتە جێگەى متمانەو باوەڕى و لەگەڵ ئەو ئەمەریکى و فەرەنسیانە مامەڵە بکات کە تەنانەت نە ئینگلیزى نەفەڕەنسى نەزانیوە، بەلکو لەرێگەى وەرگێرەوە مامەڵەى لەگەڵ کردوون. کێ ناڵێت ئەمریکى و فەرەنسیەکان زۆر شتیان لێ نەشاردۆتەوە؟ نەیاویستووە هەر بزانێت. بۆ نمونە وەرگێرێکى وەک (سودابە) ناوێکى لەگەڵ بووە، یا ئبراهیم یەزدى و قوطبزادە کە ئینگلیزى و فەرەنسىیان زانیوە، زۆر شتیان پێ ڕاگەیاندبێ. دیارە تەنها لەرێگەى پارەو پاداشتەوە ئارەزوى دەولەمەند بوونى هەبووە. ئایا بەو 60 کەسەى بەردەستى جەعفەرى شەفیعزادە، توانیویانە عەرشى شاهنشاى ئێران بخەنە لەرزەو لێکترازان؟ یا ئەمریکیەکان و فەرەنسیەکان و ماسۆنیەتى جیهانى کۆتاییان بەڕۆلى شا هێنا وەک چۆن ڕژێمى مارکۆس و شاوشیسکۆ و سەدام و چەندانى تریان لەئەزرداو ویستویانە ڕژێمێکى دیکە کەسەر بەخۆیان و خۆیان دروستکەرى بن. بەپێى هەندێ زانیارى خومەینى سیخێکى هیندى بووە, هێناویانەو کردیان بەڕابەرى شۆرشێکى ئیسلامى, هەر ئەو ئەمریکەیەکان بوون لەسەردەستى زینبغۆ برجینسکى قاعیدە و تالیبان و ئوسامە بن ڵادنیان دروستکرد، دواتریش خۆیان یەکە یەکە سەرکردەکانیان لەناوبردن، دوا هەمیان ئەیمەن زەواهیرى بوو. هەرچەندە بەپێى زانیاریم لەسەردەمى قاجارەکانەوە ئاخوندەکان دژى ڕژێمى شاهنشایی بوون و لەهەلێک گەڕاون کە دەسەلاتى شیعەگەرایی بکەوێتە دەستیان.
جەعفەرى شەفیعزادە دەلێت: بەهۆى فەتواى مەلاکان گۆشتى بەستویان بەحەرام دادەنا، بۆیە خەڵک زۆر ڕووى تێدەکردین بۆ کرینى گۆشتى فرێش، بەلام ئەو بەشە قەسابیەى بۆمان دەهات کەم بوو، بەشى زۆر لەکڕیارەکانى نەدەکرد. بۆیە دەچوینە ئەسفەهان و سەدى شاعەباس و چەند مەڕێکمان دەهێناو سەرمان دەبڕى و بەنرخێکى گرانتر دەمانفرۆشت لە قەدریجان، بۆیە ڕۆژێک هاتن و بەو کارەیان زانى, دواى دادگایی ئیمەیان بە 4مانگ زیندانى سزادا، ئەو کات تەمەنم 19 ساڵان بوو. دواتر بە دڵێکى پڕکینە لە دەولەت و کاربەدەستانى ڕژێمى شا لە زیندان دواى 4 مانگ ئازاد کرام. یەکێک لە کریارە هەمیشەییەکانى سەیید مەهدى هاشمى بووە کە دواتر بەناوى پلان داڕێژەرو کوشتنى ئایەتوڵا شەمس ئابادى دەستگیرکراو بریارى لەسێدارە دانى بەسەردا سەپێنراوە, هەر ئەویش بووە کە ڕایکێشاوەتە ناو ئەوکارانەو, دواتر بووە بەو جەعفەرى شەفیعزادەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت