نوری کەریم: نوسەرو هونەرمەند و روناکبیرانی سەردەمی پلەو پارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جاری جاران دور لە ئێستا، زۆرینەی خوێندەواری چاک و روناکبیرانی باشوری کوردستان یەکرویان هەبو، لەبەرەی گەل و لەسەنگەری بەرگری و بەرپەرچدانەوەی پلان و هەنگاو و بۆچون و راگەیاندنەکانی دەسەڵاتی بەعسدا لەسەرپێ و لەسەر چز بون. ئەوەی ئەو گیانی بەرخۆدان و ململانێ و مل لە چەقۆسونەشی لەتوانادا نەبایە، ئەوەندەی دەتوانی ددانی خێر بە دوژمندا نەنێت. گەرموگوڕ ئامادەی کۆڕی شیعرو هۆنراوە خوێندنەوە دەبوو.
چاپەمەنییەکانی دەکڕی و خوێنەرێکی چاک و بەسەلیقەش بو. بەڵام خوێندەوار و روناکبیرانی ئێستای باشوری کوردستان بەگشتیی بەجۆرێک لە نەنگی و کەمایەسی دەزانێت، ئەگەر تێکەڵ بەکایەی حیزبایەتی و سیاسەتی حیزبێک، یا رێکخراویکی سیاسی نەبێت، دەمی گەرم و نوکی قەڵەمیشی لەنەشتەر تیژترە، بەدەم و بەنوسین، بەوتارو لێدوان و راگەیاندن و تەنانەت دیبەیتیش فریا ناکەوێت.
کاکەی کورد هێند بەهەڵپەو تەڕدەماخ و شۆڕشگێڕە، بانگەشەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکات، داوای ئازادی و یەکسانی نێرو مێ دەکات، بەڵام دەشێت لە ناخیدا کۆنەپەرست بێت و هاوسەرەکەی لەهەر هەمو ئافرەتان داماوو چەوساوەتربێت. ئەوە لەلایەک، لەولاتریشەوە ناتوانێت سەرومڕ دژ یا هاودەنگی حیزب یا دەسەڵات بێت و لەزۆر کاتداو بەتایبەتی لە رۆژگاری ئەمڕۆی کوردستانی باشور و هەڵپەی پول و پلەوپایەدا، ئەمبەرو ئەوبەردەکات و بەئاسانیش سەنگەرێک و دوانیش دەگوازێتەوە.
چاکترین نمونەش لێشاوی نوسەران و میدیاکاران بو بۆ راگەیاندنەکانی سەربە (روداو) و دواتر بۆ کەنەڵەکانی دیکەش و کەڕ ئەو کوڕەیە جیگەیەک بدۆزێتەوە. ئەگەر دەرگاوانیش بێت گرنگ نییە، زۆرنابات (لەپڕێک دەبێت بە کوڕیک). کەسێکم دەناسی لەیەکێک لەو شوێنانە دامەزرابو، وەک کارمەندی خاوێنکردنەوەی تەوالێت و دەستشۆرەکان، دوای ماوەیەک پلەی بەرزکرایەوە بۆ کامێرا هەڵگر و و هەربەو گوڕوتین و خێراییەش بووە کامێرامان و دواجار کەبینیمەوە خوانەیبڕێت و بێچاوێنی بێت دەرهێنەربو، دەرهێنەر! داخی گرانم زمارەیەکی بەرچاو نوسەر و هونەرمەند و خوێندەوارانی سەردەمی دوای راپەڕین،یەکڕونین، یەکهەڵوێست نین، چەندین دەمامک لەباخەڵیاندایەو لەکۆڕو کۆمەڵدا جۆرێکن، لەمیدیاکاندا جۆریکی جیاوازو لەفەیسبوکیشدا، دیارە بەچەند ناوێکی خوازراو و وێنەی ساختەوە کەسێکی دیکەو زۆر جیاوازە، کابرا ناتوانێت لەهەموانی بشارێتەوە،کە بندیوارەو موچچەیەک پترو هەندێکیان دوو موچە پتریش وەردەگرن، بەڵام لە فەیسبوکدا ئۆپۆزیسیۆنەو رەخنەی توندوتیژ لەدەسەڵاتی حکومەت و حیزبەکان دەگرێت! ئیتر رۆژگارەو سەردەمی پاشاگەردانیی رەوشتەو کێبەکێیە، لێخوڕە دەشتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت