سەردەشت محەمەد: چۆن یادی ئەنفال بکەینەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سی و پێنج ساڵ تێپەڕیوە بەسەر تاوانی ئەنفالدا، کەچی ئێستاش گوێ ڕادێرە بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، ئەڵێی ئەو چرکەساتەیە کە ئەنفال کراون، لەبری ئەوەی پاش ئەم هەمووساڵە، هەستبکەیت کەمێک لە خەم و ئازار و دەردەدڵییەکانییان کەمی کردبێت، بەپێچەوانەوە کۆڵێک خەم و مەراق و دەردەدڵی دیکەیان بۆ زیادبووە.
بۆئەوەی زیاتر درک بەم ڕاستییە بکەین، ئەوا لە ساڵیادەکاندا دیقەت بدە، ئەم توڕەبون و بێزای و خەم و ناڕەحتیانە بەئاشکرا هەست پێدەکەین و هەندێک جار لە کاتی بەڕێوەچونی یادەکاندا کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال پەنا بۆ ڕێگریکردن لەکردنەوەی یادەکان و پەلاماردانی بەرپرسان دەبەن.
گومان لەوەدا نییە کە بەشێک لەو توڕەبونانە بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە یادەکان هێندە دوبارە و تەقلیدین، ئیدی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نەک بەتەنها تاقەتی گوێگرتن و ئامادەبونیان نییە، بەڵکو ناشیانەوێت ئەو یادانەدا بکرێنەوە و نایانەوێت یادەکان تەنها بۆ بەڕێکردنی کاتبێت. بۆیە لێرەوە دەکرێت بەجۆرێکی دیکە یادی ئەنفال بکەینەوە کە شایەنی تاوانێکی وەها گەورە و کەم وێنەبێت. دەکرێت، ئەنفال لە قۆناغی کوڕوزانە و گریان و یادکردنەوە ببەینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کە بەڕاستی قۆناغی خزمەت کردنبێت بە کەیسی ئەنفال. ئیدی لێرەوە دەبێت یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال لەدەستی حیزب و حکومەت و تاقم و هەندێک ڕێکخراوی بەرژەوەندیخواز دەربهێنرێت و ڕێگە بدرێت کەسوکاری قوربانییەکان خۆیان یادی ئەو ئازار و ناڕەحەتی و تاوانە کەموێنەیە بکەنەوە.
ئەگەرچی ساڵانێکی زۆری بەسەردا ڕۆیشتووە، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆئەوەی کە پرسی ئەنفال بکرێت بە پرسێکی جیهانی، دەکرێت لەبری ئەم یادانەی کە ساڵانە لە ناوخۆی هەرێمدا دەکرێتەوەو چەند وتارێکی دووبارەو دەبارەی تێدا دەخوێنرێتەوە، بکرێت بەپرسێکی وەها کە حکومەتی ئێستای عێراق ناچاربکرێت بەوەی کە قەرەبوی مادیی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە. دەکرێت کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، خۆیان ئەم یادانە ببەنە دەرەوەی هەرێم.
بەداخەوە دوای سی و پێنج ساڵ، هێشتا خەڵکانێک دێن باس لە ئازاری ئەنفال و پرسی ئەنفال دەکەن کە نەک ئەو ئازارانەیان نەچەشتووە، بەڵکو بەشێکیان خۆیان یارمەتیدەر و دەڵدەدەری ئەو کەسانەن کە دەستیان لەتاوانی ئەنفالدا هەیە.
دەکرێت لێرەوە حکومەت ناچاربکرێت بە کردنەوەی سەنتەرێکی توێژینەوەی تایبەت بەپرسی ئەنفال، دەکرێت لەمڕۆوە پەروەردە و تەندروستی و کۆی کایەکانی دیکە بخرێنە خزمەت پرسی ئەنفال و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالەوە، دەکرێت لانی کەم کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازاتی تایبەت بدرێت بە تاقانەکانی ئەنفال و کەسانی پلەیەکی قوربانیانی ئەنفال کە جیابکرێنەوە لەخەڵکانی ئاسایی.
دەکرێت بەجۆرێک خزمەت بەم پرسەبکرێت کە ئەگەر لەوپەڕی دونیاوە کەسێک هاتە کوردستان و بەتایبەت گەرمیانی پایتەختی ئەنفالکراوان کە بێ هیچ ڕونکردنەوەیەک خۆی هەست بەوەبکات کە لێرەدا تاوانێکی کەم وێنە ڕویداوە. دەکرێت بەم جۆرە یادی ئەنفال بکەینەوە، ئەگەرنا ئەم یادانە جگە لە کولاندنەوەی برینی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نەبێت، هیچ خزمەتێک بە پرسی ئەنفال ناکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت