عەبدولکەریم شێخانی: تیلماسکێکی دیکە لە هێشوویەکی شیرینی زمانی کوردى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکەو پرتکە ژمارە (56) هەینی 9. 9. 2022
پێش ئێستا بە ماوەیەکی زۆر کە جاروبار لەسەر هەندێک بابەتی زمانم دەنووسی و ئەگەر شتێک پێم ڕاست نەبوایە، بێ گومان بەڕاى خۆم، ئەوا هەڵمدەدایەوە و دۆست و برادەرم هەبوون پێیان دەگوتم تۆ ئاسنی دەکوتیتەوە و کەس بە قسەت ناکا. دەمگوت قەیدى نییە، ئەگەر لەسەتا دەش (10%) بەقسەم بکەن، قازانجی زمانی کوردییە. چونکە وەکو زووتریش گوتوومە، ئەوەى کوردی لە بەرەو نەمان بردن پاراستووە، شاخەکان و زمانەکەمانە. تەنانەت جارێکیان پەرلەمانتارێکی عیراقی شەکرێکی شکاندبوو و گوتبووى با دەستمان لە داعش بەربێ، ئینجا نۆرەى کوردەکانە ڕاویان بنێین بۆ لاى چیاکانی هاوڕێیان. لەبەر ئەوە دەبێ زۆر ئاگادارى زمانەکەمان بین، چونکە یەکێکە لە کۆڵەکە پتەوەکانی مانەوەمان و تا ئێستا چەندان نەتەوە لەنێو چوون، چونکە زمانەکەیان لەنێو چووە. بۆیە من بەپێی بۆچوونی خۆم و چەندی ئەقڵم پێی بشکێ لە هەندێک بابەت دەدوێم و ئەگەر هەڵەم کرد، یان بۆچوونەکەم ڕاست نەبوو, ئەوا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بۆم ڕاست دەکەنەوەو هەرگیز نەمگوتووە و ناشڵێم کە من شت دەزانم، یان هەر من ڕاستم، چونکە لە خواى گەورە بەولاوە هیچ کەسێک هەموو گفتار و ڕەفتارێکی ڕاست نییە و مرۆڤ هەڵە دەکات و جاری وا هەیە، هەڵەى کوشندەى براى تاوان دەکات، بەڵام هەر خۆى پێ ڕاستە و دەبێ بڵێی ئۆباڵ بە ملم ئەو کەسە ڕاست دەکات و وەکو جار ێکی دیکە کوتوومە ( صدقت یا مالم مریشکی ڕەش هێلکەى سپى دەکات ).
پێشتر گوتوومە و ئیستاش دەیڵیمەوە، مەرج نییە ئەوەى بەشی کوردی خوێندبێ کوردیزان بێـت، چونکە زۆربەیان کۆمپیوتەر فڕێی داونەتە زمانی کوردی بێ ئەوەى خۆیان حەزیان پێ کردبێ، بەڵام دەڵێی چی نمرەکەیان هەر ئەوەندەی تێ دەبێ و حاڵی ئەوانە، وەکو کچێک وایە کە بەزۆر بەمێردى بدەن و بیدەن بە کەسێک کە بەدڵی نییە. یان کچێک ماوەتەوە و درەنگ وەخت یەکێک هاتۆتە خوازبێنی و ئەویش بە ناچارى شووى پێ دەکات و دەڵێ باشترە لەهیچ.
ساڵی 1985 موحازەڕەی عەرەبیم دەگوتەوە لە قوتابخانەیەکی کچان، دواى ماوەیەک مامۆستایەکی عەڕەبی مووسلآويي کچیان بۆنارد. هەندێک وانەیان لێ وەرگرتمەوە بۆ ئەو مامۆستا تازەیە. جاروبار هەندێک شیعرى جوانم بۆ دەخوێندەوە, بەڵام سەیرم کرد تەقەى سەرى دێت و هەر وەک گوێزى بۆ بژمێرم وابوو. دوایی گوتی من بەحەز و ئارەزووى خۆم نەچوومەتە بەشی عەڕەبی و کومپیوتەر هەڵیداومەتە ئەوێ و حەزم لێی نەبووە. ئەوانی ئێمەش زۆربەیان وەک ئەو مامۆستا کچەن و هەموویان کوردیزان نین. ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن زمانی کوردى بشێوێنن و پێیان وایە، ئەگەر هەموو وشەیەکمان کرد بە کوردى، هەرچى وشەى بیانی هەیە شەقێکمان تێ هەڵدا، ئەوە خزمەتی زمانی کوردیمان کردووە. بەڕاى ئەوانە ئەگەر لەڕووى دڵسۆزیشەوە ئەو کارە بکەن, زمانی کوردی ناشیرین دەکەن، چونکە ژیان وەرگرتن و پێ بەخشینە و وەک ئێمە لە خەڵک وەردەگرین, لەهەمان کاتدا دەشبەخشین.
هەندێک وشەى بیانی هاتوونەتە نیو زمانەکەمان, ئێمە هەمانە و بە ناهەق ئەو وشە بێگانانە بەکارێنن و جێ بە وشە کوردییەکە لەق دەکەن. بۆ نموونە (group ) ئێمە کۆمەڵەمان هەیە بۆ ئینگلیزییەکە بەکاردێنن, ئەگەر نەمان بێ و ناچار بین ئەوە شتێکی دیکەیە. ( سێکتەر) بۆ( کەرت ) ى کوردى بەکاردێنن, سپۆنسەر لە جیاتی پشتگیری یان پشتیوان بەکار دێنن. ڕەنگە ئەمەیان کوردییەکە بە تەواوەتی هەمان مانا نەدات, بەڵام لێی نزیکە. وشەى ( ئاروو) خەریکە لەبیر خەڵکی بچێتەوە و ( خیار) ى عەڕەبی جێی بگرێتەوە.
لەو تازە بابەتە دروست کراوانە ( هاوسەرگیرییە ) و دەلێن ( پڕۆسەى هاوسەرگیری ئەنجام داوە ). توخوا تۆ بە یەکێک بڵێی: ئەرێ کوڕەکەت یان کچەکەت پڕۆسەى هاوسەرگیریی ئەنجام داوە، چیت پێ دەڵێ؟ دواى ئەوە شوو کردن و ژن هێنان چ عەیبێکیان هەیە تا ئیمە بێین بیانگۆڕین؟ برادەرێک گوتی ئاخر ژن هێنان سووکایەتییە بۆ ژن. گوتم لەوەتی کورد هەیە دەڵێ فڵان کەس ژنی هێنا و ژن ڕێز و هێژایی خۆى هەر هەبووە و دواى ئەوە وەک جەنابت دەڵێی سووکایەتییە, ئەگەر دایکمان ئەو سووکایەتییەى نەکردایە ئێستا من و تۆ پەیدا نەدەبووین قسەى وا زل بکەین و دەبێ سوپاسیان بکەین کە ئێمە لەو سووکایەتییەى جەنابت دەڵێی چاومان بە دنیا کەوت. ئەوەتا عەڕەب هەر دەڵێ ( تزوج و تزوجت) و ئينگليزيش دەڵێنmarry) ) هیچ مایەى شەرمەزارى و شوورەیی نییە و پێیان شەرم نییە. شتێکی دیکە (عدد) ە ئەگەر بڵێین ( أغار عدد من مسلحی داعش علی إحدى القرى ), برادەران یەکسەر دەڵێن ( ژمارەیەک چەکدارى داعش هەڵیانکوتایە سەر گوندێک. ئەو جۆرە وەرگێڕانە خێر و بەرەکەتی دواى ڕاپەڕینە کە هەندێک کوردیزانی ئاخر زەمان دەستیان داوەتێ, دەنا جاران دەمانگوت چەند چەکدارێکی داعش. بۆنموونە عدد من الرجال الخیرین, ناڵێین ژمارەیەک پیاوى خێرخواز و دەڵێین چەند پیاوێکی خێرخواز. قرأت عددا من الروایات, ناڵێین ژمارەیەک ڕۆمانم خوێندەوەو دەڵێین چەند ڕۆمانێکم خوێندەوە.
زۆر جار دەبینم لە فێس بووک دەنووسن ( دوا کۆچت خەمبارى کردم ). ئەمە ماناى ئەوەیە کە چەند جارێکی دیکە کۆچى کردووە, بەڵام ئەمەیان دواکۆچە. راستییەکەى ئەوەیە دەبێ بڵێین، کۆچی دواییت خەمبارى کردم. بۆ نموونە تۆدەڵێی دوا قسەم ئەمەیە, واتە قسەى دیکەت کردووە, بەڵام ئەمە دوایین قسەیە. یان دەنووسن: پرسە و سەرەخۆشی خۆمت ئاراستە دەکەم. ئەمەش هەڵەیە، چونکە یەکەم پرسە ئاراستە ناکرێ و دووەم ئەم ئاراستەیە لە کوردیدا بەو شێوەیە نییە. دەبێ بڵێی بەشدارى پرسەکەتان دەکەم سەرەخۆشیتان لێ دەکەم, یان سەرەخۆشیی خۆمتان پێ ڕادەگەیەنم و هەندێک کەس لە جیاتی سەرەخۆشی دەڵێن سەرخۆشی. دوایین شت کە لەسەر دڵم گرێیەو خەمی پێ دەخۆم و چەند جارێکی دیکەش گوتوومە ئەو ئاژەڵەیە و پێش ئێستاش گوتوومە و ڕوونم کردۆتەوە, بەڵام قوڕى کوێ بەسەرى خۆمدا بکەم کەدەبینم کەسانێک هەن، نە دەیانەوێ فێر بن و نە تێ بگەن و نە گوێ بگرن.
ئێمە بەرانبەر ( حیوان ) ى عەڕەبی گیاندار یان گیانلەبەرمان هەیە و گیاندارەکە سووکترە و لە کوردەواریی خۆمان بۆ مەڕیش هەر (حەیوان ) بەکار دێنین. تۆ کە دەڵێی حەیوانێک دەکەمە خێر زیاتر مەبەستت مەڕەو بزن یان گوێرەکە ( گۆلک ) نییە و بەمەڕ دەڵێن سپیان و بە بزنیش دەڵێن ڕەشان. (حیوان ) هەموو جۆرە گیاندارێک دەگرێتەوە. گیاندار دوو جۆرە, ماڵی و کێوى. ئەوانیش دوو جۆرن، یان گیاخۆر یان گۆشتخۆر و گۆشتخۆرەکە بەزۆرى دڕندەیە وەک شێر و پڵنگ و گورگ و کەمتیار و هەندێکی دیکە. کێوییە گیاخۆرەکە وەک بزنەکێوى و ئاسک و کەرویشک و هەندێکی دیکە. ماڵییەکەش هەر وایە گۆشتخۆریان هەیە وەک سەگ و پشیلە و گیاخۆریان هەیە وەک مەڕو بزن و ڕەشەوڵاخ و کەر و ئێستر و ئەسپ و ماین. گیاخۆرەکانیش دوو جۆرن دوو سم و یەک سم, دووسمەکە وەک مەڕو بزن و گاو مانگا و گامێش کە پێان دەگوترێ ڕەشەوڵاخ و گۆشت و یەرهەمی شیرەکەیان دەخورێ و یەک سمەکەیان بۆ سواری و بار هەڵگرتن بەکاردێن و گۆشت و بەرهەمی شیریان ناخورێ. بەرازیش دوو سمە بەڵام ئاینی ئیسلام بە دەقی قوڕئان حەرامى کردووە. ئازەڵ تەنیا بۆ مەڕ و بزن بەکار دێت کە بە عەڕەبی پێی دەڵێن ( ماشیة ). هەموو ئاژەڵێک گیاندارە, بەڵام هەموو گیاندارێک ئاژەڵ نییە. کە دەڵێین خەڵکی لادێ ئاژەڵ بەخێو دەکەن مەبەستمان مەڕ و بزنە, چونکە ڕێی تی ناچێ ئەوان گورگ و شێرو پڵنگ بەخێوکەن. لە ئەوانە گەورەتر کە گۆشتیان دەخورێ ڕەشە وڵاخە کە مانگا و گا و گامێش دەگرێتەوە و یەک سمیش وەکو گوتم ئەسپ و ماین و ئێستر و کەر دەگرێتەوە. هەندێک کەس بە مشک، یان مار دەڵێن ئاژەڵ و ئەمە نیشانەى ئەوپەڕی نەزانییە. نامەوێ لەوە زیاتر لەسەرى بڕۆم و سەرتان بێشێنم و وەکو دەڵێن ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ و تەنيا ئەوە دەڵێم کوردى کڵۆڵ و نەگبەت تۆ وەرە نە زمانەوانت زمانەوانی باش بێت و نە سیاسەتمەدارت بە سیاسەتمەدارانی دنیا بچێ و نەبەرپرست لە بەرپرسان بچێ و هەست بە بەرپرسایەتی بکات و خەمی خەڵکی لەبەر بێ وخۆی لەهەموو پاشایەک پاشایانەتر بژیت و خەڵکیش چاوەڕێی مووچەیەکی کەم و بە چل زیاتر جارێک بێ, هەستە تەشتۆکەیەک قوڕى خەست بۆ سەرى خۆت بگرەوە و بەسەرى خۆتی داکە, خۆ تۆ هەر پێت دەڵێن قوڕبەسەر و بەکردەوە بیسەلمێنە قوڕبەسەرى. بەڵام تکایەکیشم هەیە بۆ ئەوانەى ئەم نووسینەیان بەدڵە و هاوڕان لەگەڵم ئەگەر بۆتان کرا شێری بکەن با زۆرترین کەس بیبینێ و خوا یار بێ ئەگەر بۆم کرا و بەپێی دەرفەت باسی شتی دیکەش دەکەم. ئیدى دەڵێم جارێ خواتان لەگەڵ و هەرشاد و بەختەوەر و لەشساغ بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت