جەمال نوری: وونکردنی نوسراوی سەر تاشەبەرد و تورەیی شاعیر.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاکۆتایی
دارستانە چڕەکە هاتم
لەسەر تاشەبەردەکان
شووێن پیکانتم لێ بزربوو
نەمتوانی باوکە
لێم ببوورە
لەوەی دەرەنگ گەیشتم

هەموو دەقێك له هەر سەردەمێکدا بێت، ئەبستمی خوێندنەوەو لێكدانەوەی خۆی هەیه. بەلام هەردەم دەبێ ناگاداری ئەو جۆره خوێندنەوەو میكانیزمی کارکردنانه بین که کۆسپ لەبەردەم دەلالەی تێکست و جیهانی واتا دادەنێت، بۆ زياتر ئاشنا بوون به ناوەوەی تێکست، دەبێت پەنا بەرینه بەر رزگار کردن و پاشان ڕێگا خـۆشکـردن له بەردەم خوێندنەوەی نـوێ و هەلكولێن له ناوەوەی تیکستەکەدا، بۆ زانین و ئاگاداربوون له و لایەنانەی تێکست نەیوتوەو شاردوێتیەوه.
جارێ نووسین” لە شیعرەوە بیگری. یا چیرۆک، یا ڕۆمان، بۆ خۆی په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یری هه‌یه‌، بەتایبەت دنیای شیعر هیچ نووسه‌رێك یا شاعیرێکی جاد، ناتوانێت دوور لە توڕەبوون بنووسێت و (به‌بێ نووسین) ناتوانێت له‌ودیوو تووڕه‌یی خۆیه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت.
سابیر سدیق، لەم دەقە شیعرەیدا کە موخاتەبەی باوکی پێ دەکات، توڕەیە زۆریش توڕە، بەڵام لە باوکی نا، بەڵکو لە خودی خۆی، توڕەیە لەمێژوویەک کەشوێنراوە. بەواتا “سابیر” گەر توڕەبوونەکەی کەف و کوڵێکی هەرزەکارانە بوایە، ئەوا توڕەبونێکی وەها نەدەبوو کە خاڵی وەرچەرخانی تیادروست بکات، بەڵکو توڕەبونێکی شەرمنانەی لەرزۆک دەبوو، کە هێندەی نەدەبرد پاشگەز دەبۆوە.
ئەو کاتەی بەناو ڕێچکەو کەینونەی خودی خۆیدا ڕۆچوە تاکە شتێک کە بۆی بوە بەڕێنیشاندەرێ، تەنها شوێن پێیەکانی باوکی بووە لەسەرتاشە بەردەکان و هەنگاوەکانی بەدی کردوە ئیدی لەوێوە بەدوای خۆیدا وێڵە، بە دوای وون بوونی خوێدا. لەو کاتەوە شاعیر بەدوای زاتی خۆیدا دەگەڕێ و خۆیی بۆ نادۆزرێتەوە کە شوێن پێیەکانی باوکی لەسەر تاشە بەردو کێوی ئەشکەوت و دەوروبەر وون دەکات و لێدەشێوێنرێ.

ئەو دەمانەی ئینسان زۆر نزیکتر لەناو سروشتێکی پەتی و لەگەڵ گیانەوەراندا ژیاون، وێنەی ئەوانیان بە دیقەتەوە کێشاوە، ئەو دەمانەی ئینسانەکان خۆیان وەک تێکەلەیەک لەبوونی خودایی و ئینسانی و تامەزرویی نەمری بوون، نیگاری هاوبەشی خۆیان کێشاوە، وەک داستانی گلگامش،کاتێک ئەنکیدۆی هاوڕێی دەمرێ، لەم ڕوداوەوە گلگامش بەدوای نەمریدا وێڵ دەبێ. ئیدی لێرەوە مرۆڤ تێکەڵ بەسروشت دەبێ و دوای زەمەنێک ڕاگوزەر بەناو سروشتا دواتر بۆ مانەوەی بوونی وەک کەرەسەیەکی نۆستالۆژی بۆ مانەوەی، یان بوون بەبەشێک لەو کەرەسە ئەبستمۆلۆژیە، لێی ڕوانیوە.

نەکەی،
هیچم لێ مەپرسە
با لەمە زیاتر خەیاڵم نەئاڵۆسکێ
با بە دەسی خۆم چاوەکانم دەرنەهێنم
لەبەرچاوی تۆ.
دڵم نەدەمە بەربەرد
کە لەسەر تاشەبەردەکان
هەموو شتەکانم لێ بزربوو
باوکە
لێم ببوورە
لەوەی دەرەنگ گەیشتم
نەکەی،
هیچم لێ بپرسی
هەر لەبەر ئەمەیە شاعیر نایەوێ لێی بپرسرێ بۆ درەنگ بەئاگا هاتی و لە کاروانەکە بەجێمای؟ درەنگ بەئاگاهاتنەوەی شاعیر، سەرقاڵ بوونی بووە بەناو ئەو مێژووە پڕ لە جەنجاڵ و دنیا ئاڵۆزەوە، ئیشکردنی شاعیر لەناو نائاگایی خۆیدا زەمەنێکی ویستوە تا خودی خۆی لەو حاڵەتە دەرباز بکات و بیگەیەنێ بە حاڵەتی” خود ئاگایی” ئەو دەخوازێ باوکی بەهۆی پرسیارێکەوە ڕێچکەو ئەندێشەو خەیاڵی نەپچڕێنێ و ڕیسەکەی لێ نەکاتەوە بەخوری چون ئەو وەها ڕۆچوتە ناو مێژووی بوون و کەینونەی زاتی خۆیەوە دەیەوێ لەم ڕامانە ماریفیەی خودی خۆیەوە دەستی بگا بە وەڵامی پرسیار گەلێک دەربارەی بوون و سەرهەڵدان و مانەوەی لەو شوێنەی کە ڕەگی تیاداداکوتیوە. شاعیر لەگەڵ سەرهەڵدانی چاخێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی کە خودی مرۆڤ بەپێی گەشەکردنی بیرو هزرو ئەندێشە و زەرورەتی بوون و سروشتی ژیانی وەها دەکات ئیدی لەجیاتی بەرد هاویشتن بۆ بەرگری یا توڕەبوون ووشە جێگای بەردی بۆ بگرێتەوە،
‏سەبارەت بە تووڕه‌یی. دەبێت لەو ڕاستی یەباش تێبگەین کە نهێنیی كتێبی كه‌سانێكی وه‌ك نیتشە،كامۆ، کافکاو بلانشۆ و… هتد، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەم بیرمەندانە نووسینیان بۆ جه‌نگكردن له‌گه‌ڵ تووڕه‌یی به‌كار نه‌هێناوه‌، به‌ڵكه‌ جۆرێك تووڕه‌یی ناته‌بایان سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤ په‌ره‌ پێداوه‌، تووڕه‌ییه‌ك بۆ په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی ترسناك به‌ره‌و نووسین.
له‌م ڕووه‌وه‌ دەقی خراپ، ئه‌و دەقەیه‌ كه‌ مرۆڤ ئارام ده‌كاته‌وه، دەقێک کاتێک بێنرخ دەبێ کەڕێگای ژیان نیشان ده‌دات. به‌ڵام دەقە زیندوو گه‌وره‌كان، نه‌ریتێك ده‌چێنن كه‌ مرۆڤ له‌پاڵ ئاگری تووڕه‌یی نووسه‌ردا نیشته‌جێ ببێت، و نه‌ك چێژ و جوانی، سەرئەنجام تووڕه‌یی نووسه‌ر به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت.
‏ ئیدی لەوێوە وەرچەخانێ لەشارستانیەتی مرۆڤایەتیدا سەرهەڵ دەدات، پێ دەچێت له‌به‌ر ئه‌م فاکتەرە بێ ( سیغمۆند فرۆید) ی فەیلەسوف له‌ كتێبی”شارستانییه‌ت و نیگەرانیەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و ده‌ڵێت: شارستانییه‌ت بۆ یه‌كه‌مجار له‌وجێگایەدا سەری هەڵدا كه‌ مرۆڤی تووڕه‌ له‌جیاتیی” به‌رد” “وشە”ـی هاویشت.
‏کتێبه‌كان، ئه‌رشیفی تووڕه‌ییه‌ دامركاوه‌كانی نووسه‌ره‌كانیانن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت