زاهیر باهیر: ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا، ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو/ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژنان
هەژاری سووتەمەنی لە ئێستادا 7.5 ملیۆن ماڵی لە بریتانیادا گرتۆتەوە، 14 ملیۆن کەسیش لە جۆرە خانویەکدا دەژین کە ستاندەردی ژیانیان تێدا نییە بە هۆی بوونی شێ و کەڕو و دزەی ئاو و نەبوونی تەواوی ئامرازەکانی گەرمبوونەوەو نەبوونی هەواکێش لە ژوور و مەتبەخەکانیاندا. هاوکاتیش 271 هەزار بێ خانووبەرەن یا لە ئوتێلی خراپدا دانراون، یاخود لە هۆستڵ و خانوی زۆر خراپی خاوەنخانووەکان. ئەمە جگە لەوەش کە ژمارەیەکی زۆرێش لە سەر شەقامەکان و دووتوێی دوکان و ژێر چادری دوکانەکان و تونێلبانەکاندا ژیان دەبەنە سەر.
بێ کاریی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام ئەوانەی کە کار دەکەن بەشێکی زۆریان نیمچە کار – پارتتایم، کار دەکەن. کرێکار و کارگەرێکی زۆر هەن کە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە کە کرێکەیان لە خوار لانی کەمی کرێوەیە. یەك ملێون و 600 هەزار کەس هیچ جۆرە گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە کە لێرە پێیان دەڵێن لەسەر زیڕۆ کۆنتراکتن.
جیاوازی نێوانی کرێ و موچەی نێوانی پیاوان و ژناندا لە کەرتە تایبەتییەکاندا، ئەهلییەکاندا، لە نێوانی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 18یە. نیو ملیۆن ژن زیاتر لە پیاوان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت و 13%یان لەسەر گرێبەستێکن کەپێی دەلێن زیڕۆ کۆنتراکت. زیاتر لە 2 ملیۆن ژن لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە دەکاتە 14%ی سەرجەم ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا 1.4 ملیۆنن کە لە (9%)ی پیاوانن. بە گشتی لە 60%ی هەموو ئەو کارانەی کە مووچەیان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوەیە، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن. شیکارییەکانی نقابەی مەرکەزی بریتانیا ئاشکرای دەکات، ژنان دوو مانگ بەخۆڕایی کاردەکەن و جیاوازی مووچە بە ڕێژەی 15% یە دوای ئەوەی ژنان منداڵیان دەبێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر دەبێت. بەپێی شیکاری هەمان داتای فەرمی نقابە ژنان بە تێکڕا ساڵانە مووچەیان 29 هەزار و 684 پاوەندە، لەکاتێکدا پیاوان تێکڕای مووچەی ساڵانەیان 35 هەزار و 260 پاوەندە.
بەهۆی نایەکسانی کرێ و موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا کردنی کەمپەینی گەورە و چالاك ساڵی 2017 حکومەت ناچار کرا بەوەی کە بڕیارێك دەرکات کە دەبێت شەفافییەت لەو پرسەدا هەبێت و پێویستە مووچە لە ڕێکلامەکانی کاردا ئاشکرا بکرێت وەک ئەوەی لە هەشت ویلایەتی ئەمریکادا ڕوودەدات. سکاندیناڤیەکان هەموو تۆمارەکانی باجی داهات بڵاودەکەنەوە. بڕیارەکە ئەوە بوو ئەو 10،000 کۆمپانیا گەورەیەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان 250 کرێکار یاخود زیاترن دەبێت هەموو ساڵێك بە ڕاپۆرتێک موچە و کرێی هەردوو رەگەزەکە بخەنە ڕوو. مەبەستیش لەم ڕاپۆرتە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی کرێ و مووچەی نێوانی ژنان و پیاوان و چارەسەرکردنی بوو، بەڵام پاش تێپەڕینی 6 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا هێشتا ئەو کەلێنە گەورەیە هەر بەردەوامە.
هەفتانە دوو ژن بۆ سێ ژن لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی نزیك و ناسیاویانەوە یا نەناسیاوەوە دەکوژرێن. لانی کەم هەموو دوو یا سێ ڕۆژ جارێك منداڵێك ، گەنجێک کەسێكی لە سەرو 18 ساڵەوە دەکوژرێت کە زۆربەیان لەسەر کێشەی مەوادە هۆشبەرەکانن.
ڕادەی بەرزبوونەوەی سووی بانق لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە تاکو ئێستا 11 جار بەرز بووەتەوە کە لە ئێستادا بەڕێژەی لە سەدا 4.75 . ئەم بەرزبووەنەوەش کارایی و زەحمەتێكی زۆری لەسەر ئەوانەی سلفەی عەقاریان لایە ، یاخود قەرزی بانق بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان، یان کرێچین و خاوەنخانوو کرێیان لەسەر بەرزدەکاتەوە هەیە. لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە، تاکو 09/02/23 733 خانوو لە لایەن بانقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە سەدا 134 لەچاو ساڵی پێشوودا بەرزبووەتەوە.
دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم کە کاتێك مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم ڕێژەی باج لە سەدا 60بوو لەسەر ساماندارانی گەورە و ەهەندێك لە کۆمپانیاکان بەڵام لە بەهاری 1988 نایجڵ لۆوسۆن کە وەزیری دارایی ئەو کاتە بوو بودجەی بەهاری ساڵی 1988ی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی گەورە، ڕێژەی سەرەوەی باجی داهات لە 60% بۆ 40% کەمکردەوە و ڕێژەی باجیشی لە سەر کرێکاران و فرمانبەران کە پێی دەڵێن باجی بنەڕەتی لە 27% بۆ 25% کەمکردەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت