خالید مەجید فەرەج: ئاستەنگەکانی ڕۆشنگەری لە کلتوری ئێمەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستەواژەی ڕۆشنگەری (تنویر) لە ناو کەڵچەری ڕۆژهەڵاتیدا، واتا لەلای ئێمە بە واتای ڕۆشن بوونەوە بۆ ڕووناکی بەر بەیان، یان کاتێک کە دەم و چاو دەشۆرێت دەڵێن ڕۆشن بووەتەوە، واتا ئارەق و تەپوتۆزەی لێ بووەتەوە. یان بە کەسێک دەگوترێت بەرچاوی ڕوونە یان ڕۆشنە، واتا ڕەزیل نییە. یانیش ئاگاداری شتەکانە و هەروەها، بەڵام وەک ڕۆشن بوونەوەی فیکر و عەقڵ لە کولتووری ئێمەدا پێگەیەکی ڕەسەنی نییە.
دەستەواژەی ڕۆشنبیریش وەرگێڕانێکی هەڵەی (مثقف)ی عەرەبییە و بە واتا ڕاستەکەی بەکارمان نەهێناوە، کە پێچەوانەی تاریکی بیرە. چونکە دەکرێت موسەقەف ڕووناک یان رۆشنبیر بیر بێت و دەشێت تارێک بیریش بێت، بە واتایەکی دیکە لە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتیدا شتێک نەبووە بەناوی ڕۆشنگەری لە بواری فیکردا.
لێرەدا تەنیا دەتوانین هەڵوێستەیەک لەسەر کولتووری سۆفیگەری بکەین کە لەلای ئەوان لە ناونیشانەکانی کتێبەکانیاندا، بەڵێ دەستەواژەی ئەنوار هاتووە، بەڵام لە شێوەی ئەنواری قودسیدا یان رسالة الأنوار دا هاتووە. بەڵام ئایا پێشنیانمان مەبەستیان لەو واتایە بووە کە ئەمڕۆ ئێمە مەبەستمانە، یان مەبەستیان واتایەکی دیکە بووە؟ بۆ نموونە عطا اللە سکندری کتێبێکی بە ناونیشانی (التنویر فی اسقاط التدبیر)، بەواتا رێپیشاندەر بۆ پشت بەخۆ نەبەستن لە هەموو شتێکدا و تەوەکوڵ کردن بەخودا . ئەمە بەتەواوی ڕێگەی پێچەوانەی ئەو واتایەی ئەمڕۆی رۆشنگەری گرتووە، ڕۆشنگەری ئەمڕۆ واتا مرۆڤ خۆی تەگبیری ژیانی خۆی بکات، واتا بوونەوەرێکی سەربەستە، بەڵام ڕۆشنگەری یان تنویر لەلای ابن عطا اللە سکندری لەسەر وازهێنان لە تەدبیر یان تەگبیری حاڵی خۆت لەسەر خۆت دەوەستێت، واتا نابێت خۆت تەگبیری حاڵی خۆت بکەیت، چونکە هەموو شتێک لەلای خوداوە بۆت تەگبیر کراوە، خودا هەر خۆی مودەبیرە بۆ حاڵ و وەزعی عیباد، بۆیە کۆنەکان تەنویر و تەدبیر یان بە دووشتی دژ بە یەک دادەنا، چونکە ئەگەر خۆت تەگبیری حاڵی خۆت بکەیت، واتا وا بزانیت بەدەستی خۆتە. ئەوە دەکاتە ئەوەی تۆ گومانت لە توانای خودا هەیە کە هەموو شتێک بە ئیرادەی ئەو دەڕوات بەڕێوە. لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە چۆن فیکری ڕۆشنگەری هاتووەتە ناو کولتووری ئێمەوە (کولتوور لێرەدا بە واتای ڕۆشنبیری دێت)، بەڵکوو باس لەو هۆکارانە دەکەین کە ڕێگر بوون لە بەردەمی ڕۆشنگەریدا لە کولتووری ئیسلامی و کە کولتووری زۆرینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتە، چونکە ئێمە لەبری ئەوەی کەڵچەرەکمان لەناوماندا بژی، واتا کوڕی سەردەمەکەی بێت، ئێمە لەناو ئەو کەڵچەرە کلاسیکییەدا دەژین. هەر کاتێک کەسێک هەبووبێت شتێکی نوێی گوتبێت تۆمەتبارمان کردووە بە بودعە و فوسق تەکفیر و جەهل کردن و هەتا دوایی حوکمەکان. بۆیە کێشەی ئێمە خودی ڕۆشنگەرییەکە نییە، چونکە میللەتان هەرچی چۆنێک بووبن لە چەند ساتێکی تەمەنیاندا ڕۆشنگەری سەری لێداون. هەرچی ڕۆشنبیری ئیسلامیییە بەدرێژایی مێژووی لەململانێدا بووە لەنێوان دوو تەوژمدا یەکێکیان تازەگەری و ئەوی دیکەیان محافزکار، کە بەردەوام بەرەو دواوە ڕای کێشاوە، نموونە بۆ ئەوە لە مێژووی نزیکی کوردەواریماندا حاجی قادری کۆیی و جەمال عیرفان و قانعە کە دوانیان شاعیرن و ئەویدیکەیان ڕۆشنبیرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە.
ڕۆشنگەری دەکاتە کاراکردنی عەقڵ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، هەروەها ژیانی فیکریماندا. لەو کەسانەی کە کەوتبوونە بەر کاریگەری تەوژمە ڕۆشنگەرییەکەی ئەورووپا و بەتایبەتیش فەرەنسا کە لانکەی قۆناغی ڕۆشنگەری بوو لە سەدەی حەڤدە و هەژدەیەمدا. الطهطاوی بوو کە کاتی خۆی میسر لەگەڵ بەعسەی قوتابییە میسریەکاندا دەینێرن بۆ فەرەنسا بۆ ئەوەی ببێت بە ئیمام وخەتیبیان لەوێ، بەڵام دیارە خۆی لە وان زیاتر دەکەوێتە بەر کاریگەری ئەو ڕۆشنگەرییە و لەوێ ئاگاداری نووسینی فەیلەسوفەکان دەبێت و کتێبەکانی ڤۆلتێر دەخوێنێتەوە.
لە کولتووری عەرەبی ئیسلامیشدا جۆرێک لە ڕۆشنگەری یان هەوڵدان بۆی بەرچاو دەکەوێت، یەکێک لە گەورەترین فەقیهەکانی مەزهەبی شافیعی بەناو ئەستەر ئابادی کاتێک کە دەبینێت کۆمەڵگەکەی باوەڕی تەواویان بە سیحر هەیە و زۆر بە توندی لەدژی ئەو بیر و باوەڕە دەوەستێتەوە و داوایان لێ دەکات چیدی باوەڕی پێنەکەن، چونکە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی بە سیحر و جادوو بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو بەکاری واقیعی بەڕێوە دەچێت، هەروەها لەبارەی ئەوەی کە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە مەشریقەوە بۆ مەغریب ئایا فەیلەسووف و بیرمەندیان تێدا هەڵکەوتووە؟ دیارە چەند ناوێک وەکوو دەڵێن بەنامێن لە ڕۆژهەڵاتی جیهانی ئیسلامی کندی و فارابی و ابن سینا و لە ڕۆژئاواش ابن باجە و ابن طفیل وابن ڕوشد ناویان هەیە لەکاتێکدا دەیان و سەدان ناوی دیکە هەبوون بەڵام لە بیر براونەتەوە واتا لەسەددا نەوەدی خەڵک لە فیکر یان فەلسەفەی ئیسلامی ئاگادار نییە کە زۆریان نووسینی فەلسەفی زۆر قووڵن ئەو کاتانە قسەکردنیان لەسەر کاریگەری ئەستێرەکان، واتا بورجەکان لەسەر ژیانی خەڵک خستووەتە بەر ڕەخنەی توند، کە ئەمڕۆ لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی بۆ تەرخان کراوە ئەو بیرمەندانە دەیان گوت هیچ پەیوەندییەک لە نێوان فەلەکەکان و ژیانی مرۆڤدا نییە. ئەوان جیاوازیان دەکرد لە نێوان فەلەک ناسی و ئەوانەی بەخت بە بەکارهێنانی ئەستێرەکان دەگرنەوە و جیاکردنەوەی فەلەک ناسی کە زانستێکی دانراوە، لەگەڵ زانستی ئەستێرە ناسی کە بەهەڵە ناو نراوە زانست و لە خورافە زیاتر هیچی دیکە نییە. الطوسی دەڵێت ئەو قسەیەی کە دەڵێت ئەستێرەکان کاریگەریان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک هەیە جۆرێکە لە وڕێنە و هیچ بەها و ڕاستییەکی نییە. ابن برهان النحوی کە فەیلەسووف و مەنتیق زان و یەکێک بوو لە زاناکانی نەحو، واتا ڕێزمان و یەکێک لەو بە حیساب زانستانە کە هەزاران کتێبیان لەسەر نووسیوە دەڵێت ئەو قسەیەی کە دەلێت: دەتوانرێت لەژێر کاریگەری بورج و ئەفلاکەکاندا پەیوەندی لە نێوان دوو کەسدا دروست بکرێت، بە بێ بناغە و عەوام خەڵەتاندنە، ئەو دەڵێت ئەگەر سیمیا زانست ببووایە دەمان توانی هەموو کانزاکان بکەین بە ئاڵتوون و ئیدی پێویستمان بە خەراج نەدەبوو، (سیمیاییەکان باوەڕیان وا بوو کە هەموو کانزایەک دەکرێت بە ئاڵتوون) ئەگەر سیحر و تەلیسمەکان ڕاست ببوونایە دەمان توانی دەوڵەتێک بە بێ لەشکر کە بەردی بناغەی دەوڵەتە دروست بکەین و پشتمان بە ساحیرەکان دەبەست، تا وەکوو سیحر لە دوژمنەکانمان بکەن و سوپاکانیان پەرت و بڵاوە پێ بکەن. یان پێویستیمان بە پۆست و نامە نەدەبوو تا وەکوو بزانین لە کوێ لافاو و بوومەلەرزە ڕووی داوە. فەلەکناسێکمان دەهێنا و لێمان دەپرسی ئەو دەیزانی. ئەو دەمانە کۆمەڵگە زۆربەی دژی سروشت و یاساکانی بوون، چونکە زۆربایەتی ڕەها باوەڕیان بە سیحرو هێزەکانی ئەو دیو سروشت هەبوو. سوڵتانەکانی ئەو دەمانە شاعیر و مونەجیمیان لە خۆیان نزیک دەکردەوە، ئەگەر بیرمەندێکی ئەو دەمەی موسڵمان هەڵکەوتبێت و تانەی لەو پڕوپووچانە دابێت دەبێت بە دڵنیایییەوە ئەوە بە ڕۆشنگەری لە قەڵەم دەدرێت، بۆ نموونە کاتێک پرسیاری هەورە تریشقە کراوە ئایا چۆن دروست دەبێت ئایا بوومەلەرزە چییە فەقیهێک ئەم پرسیارەی ورووژاندووە کە لە کرۆکی زانستی ئاووهەوادایە، بەڵام فەقیهێکی دیکە تەنیا گوتوویەتی شتێکی موزعیجە بێ ئەوەی خۆی بە هۆکارە سروشتییەکانییەوە سەرقاڵ بکات و لێیان بکۆڵێتەوە. بێگومان زۆرینەی زانا ئایینییەکان ڕێگر بوون لەوەی خەڵک خۆی بەو شتانەوە خەریک بکات. واتا ئەو دیاردە سروشتیانە بخەنە بەر حوکمی عەقڵ بەو شتانەوە خۆی خەریک نەکات ئەوەش دەکاتە وەستاندنی عەقڵ، پاساوی ئەوان بۆ ئەوە ئێمە چەند ئەو ڕووداوە سروشتیانە بە کارێکی گەورە دابنێین کە لە دەرەوەی توانای عەقڵیی مرۆڤە و قەرەیان نەکەوین ئەوەندە گەورەیی خودامان سەلماندووە.
هەروەها گووتویانە لێکۆڵینەوە لە ئاسمان و فەلەک ناسیی جاسووسی کردنە بەسەر عیلمی خوداوە چونکە خودا نەهی لێکردووین جاسووسی بەسەر یەکەوە بکەین کەواتە نابێت بەسەر خۆشییەوە جاسووسی بکەین. بێگومان ئەمانە هەمووی پاساو بوون بۆ لەکارخستنی عەقڵ و لێکۆڵینەوەی زانستی.
بۆ نموونە کەس ابو الحسن الأنباری ناناسێت کە فەیلەسووف و زانای ئەندازە و فەلەک ناسێکی گەورە بووە، عومەر خەیام کە قوتابی ئەو بووە، بەڵام شاعیر بووە لای هەمووان ناسراوە. جارێک فەقیهێک بەلایدا تێ دەپەڕێت دەبینێت هەندێک ئامێرێکی سادە بۆ چاودێری کردنی فەلەکەکان بەکار دەهێنێت، فەقیهەکە هەر وەکوو ئاگاداری بکاتەوە لەوەی کە نابێت بیکات، لێی دەپرسێت ئەوە چی دەکەیت، ابو الحسن دەڵێت: تەفسیری یەکێک لە ئایەتەکانی خودا دەکەم، جارێکی دیکە فەقیهەکە ئاگاداری دەکاتەوە، جارێکی دیکە ابو الحسن دەڵێت: خودای تەعالا فەرموویەتی نابینن چۆن ئاسمانمان بەو سەرەوە دروست کردووە، من تەفسیری چۆنیەتی دروست کردنی ئاسمان دەکەم. ئەو هەوڵ دەدات زانست بەکار بهێنێت التدبر بکات (تێ بگات) واتا عەقڵ بەکار بهێنێت، بەڵام ئەوی دیکە ڕێگەی لێ دەگرێت. بەداخەوە ئەو کارەی ابو الحسن بیرکردنەوەی کەمینە بووە، بەڵام زۆرینە باوەڕیان بە بیرکردنەوە لەو شتانە نەبووە و بە حەرامیان زانیوە. بمانەوێت و نەمانەوێت نموونەی ابن الجوزی و عطااللە سکندرانی نموونەی ئەو کەڵچەرەن و تا وەکوو ئێستاش لەناوماندا دەژین. خۆ زۆرینەش کتێبەکانی ئەوانەیان نەخوێندووەتەوە، بەڵام بە عەقڵ و بە هەڵوێست پشتگیریان لێ دەکەن و دەڵێن کەس ناتوانێت بزانێت کەی باران دەبارێت، چونکە ئەوە لە عیلمی خودا دایە. ئەم کەسانە بە پێوەری ئێمە زانا بوون، بەڵام با بزانین پێوەری ڕۆژئاوا بۆ زانا بوون چییە. لە نێوان ساڵەکانی 1845 و 1846 دا ڕفاعة الطهطاوی دەچێت بۆ پاریس دەبینێت زانای ئەوان وەکوو زانی ئێمە نییە، ئێمە بە (فەقیهـ) دەڵێین زانا، بەڵام ئەوان بەو کەسە دەڵێن زانا کە توانای گەرانی هەیە بۆ ئەوەی شتێک بدۆزێتەوە سوود بە کۆمەڵگەکەی و دواتر مرۆڤایەتی بگەێنێت. لەلای ئێمە زانا ئەو کەسەیە کەشارەزای ئوسووڵی دین و لقەکانییەتی، لەبەرامبەر ئەوەدا ئەوان گرنگیەکی ئەوتۆ بە پیاوانی ئایینی نادەن و لە شتانەی کە پەیوەندی بە زانستەوە هەیە پەنایان بۆ نابەن. چونکە بە ئیشی ئەوانی نازانن، زانا لەلای ئەوان عەقڵێکی تاقیگەری زانستی هەیە، ئەورووپا مامەڵەی لەگەڵ داهێنراوەکانیاندا بە واقیع بینی زانستییەوە دەکرد. لە جیهانی ئێمەشدا واتا ئیسلام گەڕیدە مەغریبییەکان کاتێک کە چاویان بە تێلێگرام دەکوێت دەڵێن ئەوە سیحرە ئەوانە بۆ وایان دەگوت، چونکە لەژێر کاریگەری قورسی ئەو کۆتانەدا بوون کە لەسەر عەقڵی عەرەبی دانرابوون و باوەڕیان نەدەکرد عەقڵی بەشەر بتوانێت شتێکی وا دابهێنێت کە دوور بە دوور خەڵک بتوانێت نامە بنێرێت و قسە لەگەڵ یەکتری بکەن.لە عێراقدا کاتێک کە بۆ یەکەم جار هێڵی ئاسن دانرا پیاوە ئایینییەکان دەیان گوت ئێوە ئەو گوێدرێژەی کە خودا بۆی ڕەخساندوون سواری پشتی بن و سەفەری پێ بکەن بن بەجێ دەهێڵن و دەچن سواری شەمەندەفەر دەبن!
عەقڵی کۆمەڵگەکانی ئێمە سنووردار بوو، واتا ڕێگەی پێ نەدەدرا خۆی بیر بکاتەوە ئەگەر هەور لە ئاسمان ببینرایە دەگوترا ئەوە ئیرادەی خودایە، ئەگەر نەبینرایە هەر ئیرادەی خودا بوو، ئیدی هیچ حیسابێک بۆ کەش و هەوا نەدەکرا.
زۆرینەی پیاوە ئایینییە موسڵمانەکان دەیانگوت دەبێت بەربەست و سنوور لەبەر دەمی بیرمەند و لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا دابنێین. بۆ نموونە ئەگەر عەقڵ بزانێت بوومەلەرزە و هەورە تریشقە چین بڕی ئەو تەعزیم کردنەی کەخودا بەرزی نرخاندووە کەم دەکات لێرەدا خودا وەک پاساوێک دەهێنێتەوە. بۆ نموونە یەکێک لە گەورە مێژوو نووسە میسریەکانی عەرەب بەناوی داود ابراهیم الخطیب لە نێوان سەدەی نۆ و دەی کۆچیدا ژیاوە. ئەو پیاوە خەریکی پیشەی ئاڵ و وێڵی دراو و کڕین و فرۆشتنی مجەوهەرات بوو و لە خێزانێکیش بوو هەر سەرقاڵی ئەو پیشەیە بوون کە بوارێکە لە کەڵچەری ڕۆژئاواییدا پێی دەگوترێت چینی بۆرجوازی کە ئەوان بوون ڕۆشنگەری و عەقڵانییەتیان هێنایە ناو ڕۆژئاواوە، دەبوو ئەو بۆرجوازیە عەرەبی و ئیسلامییەش هەمان کاریگەری بۆرجوازی ڕۆژئاوای لەسەر ژیانی ڕۆژانە و بیرکردنەوەی عەرەب بەتایبەتی و موسڵمان بەگشتی هەبێت. دەبینی دوای ئەوەی ئەوەی زۆر بەوردی وەکو گەورە ئابووریناسەکان شیکاری بۆ ژیانی ئابووری و کۆمەڵاتی ئەو سەردەمە دەکات. باس لە برسێتی نەبوونی ئاسایش و ناسەقام گیری کۆمەڵایەتی دەکات و دەڵێت دوای ئەوەی کە هاوڵاتی بەدوای نانی جواندا دەگەڕا بیکڕێت ئێستا هەرچۆنێک بێت گوێنادانێ و تەنها دەیەوێت سکی خۆی پێ تێر بکات. باس لە تەشەنە کردنی ئاشوب و بڵاو بوونەوەی تاعون دەکات و دەڵێت لە میسر ڕبەی گەنم چووەتە هەزار درهەم و لە شام گرانتریش بووە، کاتێک ئەوە دەخوێنینەوە خۆمان لەبەردەمی بیرمەندێکی ئابووریدا دەبینینەوە چۆن باس لە نرخەکان و باس لە زوڵم و زۆر و نەبوونی ئاسایش لەسەر ڕێگەکان دەکات، بەڵام مخابن پاش قسە زانستییەکانی خۆی لەسەر ئەو بار و دۆخە ناهەموارە وەک گەندەڵی بەرپرسەکان و حاشییەکانیان (دەستە و دایەرەکانیان) ئیدی ڕۆڵی لاهوت دێت و دەڵێت: دیارە ئەوە ڕەزای خودای لەسەرە کە وا بێت، واتا دەبێت تەسلیمی ببن و نەگەڕێن بۆ چارەسەرێکی عەقڵانی بۆی. لە نموونەیەکی دووەمدا باس لەو لافاوانە دەکات کە ساڵی 174 میسری گرتەوە و بازاڕ و کوچە و کۆڵان پڕبوون لە ئاو خەڵکەکە تا ناو قەدیان ئاو هاتبوو و نان دەست نەدەکەوت و گرنگیەکی زۆر دەدات بە نان و دەڵێت بەردەمی نانەواکان ئەوەندە قەرەباڵغ بوون جمەی دەهات و باسی نرخی نان و ئارد بەوردی دەکات و چۆن موحتەسیب (وەک چاودێری شارەوانی ئێستا وا بووە) بەناو بازاڕدا جاڕی داوە کە نابێت نرخی نان لەو بڕە پارەیە کە دیاری کراوە لەلایەن دەسەڵاتدارییەوە بە زیاتر بفرۆشرێت، بەڵام دوای ئەوە دەڵێت ئیدی ئەوە قەزا و قەدەری خودایە و گێڕوانەوەی نییە و خۆی چی بوێت ئەوە دەکات. لێرەوە جارێکی دیکە دەبینین کە ئەو عەقڵە خۆی دەداتە دەستی قەدەر و ئەرکەکەی خۆی بەجێ ناهێنێت کە هۆکارە سروشتییە و کۆمەلایەتیەکان بۆ گرانی و لافاو لێک بداتەوە تا وەکوو کۆمەڵگەکە لە واقیعی باوەڕ بەغەیب و نادیارەوە بەرەو بەکارهێنانی عەقڵ بەریت.
ئەمەش جۆرێکە لەبیرکردنەوەی سۆفیگەرانە کە دەبێت ئیرادەی خۆت سڕ بکەیت و بیدەیتە دەست ئیرادەی خالق کە ڕێگری لە بیرکردنەوە لە مەسەلەی تەدبیری مرۆڤ بۆ ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سیاسی خۆی دەکات. سۆفییەکان دەڵێن تەوەکول و تەدبیری تۆ لە تەدبیری خودادا دەتوێنێتەوە تەگبیر یان تەدبیری خۆت بەدەست خۆت نییە، بەڵکوو خودا تەدبیر کەرتە و هەندێکیشیان زیاتر لەسەری دەوەستن و دەڵێن ئەگەر بەیانی هەڵسایت و چوویت بۆ سەرکار بەوە تووشی گوناح دەبێت، چونکە گومان دەخەیتە سەر ئەوەی کە خودا خۆی تەدبیری ژیانی بۆ کردوویت. هەندێک لەدەقە سۆفیەکان دەڵێن مرۆڤ لەبەر دەمی خودادا وەکوو جەستەی مردوویەک وایە لەبەر دەستی مردوو شۆرێکدا کە ئەم دیو دیوی دەکات و مردووەکە هیچ ئیرادەیەکی نییە، لێرەدا عەقڵانییەت و بڕیار دان لە قەدەری خۆ هەروەکوو موعتەزیلەکان کە رابەری مەزهەبی قەدەری بوون و ئیرادە و عەقڵی مرۆڤیان کردبوو بە سەروەر دەبێت بە سفر.
یەکێک لەو سۆفیانە بەناوی عطا اللە سکندرانی لەنامەیەکدا بەناوی اسقاط التدبیر دەڵێت: مرۆڤ نابێت خۆی هیچ بکات هیچ، چونکە خودا خۆی هەموو شتێکی بۆ قەرار داویت ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەمووی هەر خۆی دەیکات. هەندێک لە سۆفییەکان وشەی انا واتا من لە فەرهەنگی خۆیاندا سڕیبووەوە، چونکە شەیتان بەکاری هێناوە کاتێک گوتوویەتی من لە ئادەم باشترم، لە کاتێکدا کە وشەی (من) تەئکید لە بەهای تاک و سەربەخۆیی لە ڕاو بۆچۆنیدا دەکات واتا ئازادی لە ئیرادە و بەکارهێنانی عەقڵدا دەکات و دەرگاکانی پێشکەوتنی لەسەر دەکاتەوە، یەکێک بە شبلی دەگات (شبلی یەکێکە لە سۆفییە گەورەکان) و پێشتر نەیدیوە دەڵێت شبلی لە کوێیە دەڵیت شبلی مردووە تا ئەو ڕادەیە انا یان (من) لەلای ئەوان هیچ ئەهمیەتێکی نییە واتا تواوەتەوە و مەحف بووەتەوە، بەڵام سۆفیش هەیە وەک ابی دقاق کە لە خودا پاڕاوەتەوە ئەگەر بۆ چاو ترووکاندنێکیش بێت ڕێگەی بدات بگەڕێتەوە بۆ لای انا واتا من یان خۆم بۆ ئەوەی خۆی ببینێت تا وەکوو خۆی بناسێت.
ئەوەی ماوەتەوە کە کۆتایی بەم توێژینەوەیە پی بهێنین ئەوەیە کە تایبەتمەندییەتی کولتووری ناوچەکانی ئێمە بەگشتی ئەوەیە کە پشت بە تەلقین و لەبەر کردن دەبەستێت نەک بە تاقیکردنەوە و داهێنان، لێرەدا پارێزگارانی کەڵچەر ڕۆڵی سەرەکی لە باڵادەستی نموونەی لە قاڵب دراوی شێوەکانی زانست دەبینن. هەروەها هەیمەنەتی گوتاری ئایینی لە سەوابیتەکانیدا لەگەڵ داهێنانەکانی زانستی نوێدا ناگونجێت لە زۆر لە کۆمەڵگە داخراوەکانیشدا پەنا بۆ تەحریم کردنی هەندێک لە لقەکانی زانست دەبەن و وانەکانی قەدەغە دەکەن.

معوقات التنویر .. احمد الخیال.. موقع المعابر
لماذا فشل التنویر العربی.. خالد محمد خالد.. جریدة الرأي ٢٦/4/٢0٢٣
لماذا ینتکس التنویر العربی …الحبیب الجنحانی…موقع العربی
احیاء التنویر العربی ضروری للخروج من محنة الحاضر موقع دویشە ڤیلە 6/4/2006
لماذا یشتبک التنویر مع قوی الأستبداد و الفساد..بسام ناصر.. موقع عربی..9/11/2018
عصر التنویر واتجاهات العقل..محمود عبد الهادی.. مدونات الجزیرة 17/112022

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت