دلێر محەمەد نوری: جەلادیان کردە قوربانی، قوربانیش دووجار قوربانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێ ساتەوەختی کورد بوون هەیە، تیایدا ژان ئەتگرێ و هیچێتیت لەدایک ئەبێت. هەندێ دیمەنی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین لە یەک دەدەی، نە دەتوانی لە ئەلبومێکدا جێیان بکەیتەوە، نە لە توانای هیچ فڵچەیەکیشدایە لە یەک تابلۆیا پێکەوە بیانکێشێ. پێش ڕاپەڕین قۆناغێک بوو، کورد بوون تێدا دوو لەتی نایەکسان و نا بەرابەر بوو. لەتێکی کورد چەکی جاشێتی لە شان بوو و لەتێکیش یان بێ چەک و یان چەکی کوردایەتی بە شانەوە بوو. پێش ڕاپەڕین جەلاد جاش و کوردپەروەریش قوربانی بوو. جەلادی جاش تەحسین ئاسا، بکۆژی مامە ڕیشەکانی کوردایەتی بوون. ئەو دەمەی کونەمشک بوو بوو بە قەیسەری کوردپەروەران، جەلادی جاش شارەو شار ئازادانە دەسووڕانەوە. ئەو دەمە، دەمی پێش ڕاپەڕین بوو. ژنە جاش خانومانی نێو ماڵی خۆی بوو. کوڕ و کچە جاشەکانیش بە پارەی خوێن و کەلەسەری پێشمەرگە، لە زانکۆکانی بەغدا ئەیانخوێند. هەر ئەو دەمە ژنە پێشمەرگەش ماڵە و ماڵ خۆی ئەشاردەوە و کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیش لە خوێندن بێ بەش ئەبوون و دابەش ئەکران، بە سەر ماڵە مام و ماڵە پور و خزم و کەس و کاردا. ئەو دەم جاشی جەلاد لە دەسکەوتی ڕوخانی هەر گوندێکدا، کۆشکێکی لە شار هەڵئەچنی. ماڵە پێشمەرگەش لە شاردا بە دەمە شۆفڵی خیانەت خاپور ئەکران. ئەو دەم دەمی بەر لە ڕاپەڕین بوو، کوردپەروەران ئەنفال کران، زیندانی کران و لە سێدارەدران، شەهیدکران و کەسوکاریش دەربەدەر و بێ دەرەتان و بێ پشت و پەنا بوون. بەڵام هەمیشە چاو بە ئومێدی هەڵاتنی خۆری کوردایەتی بوون. هەمیشە باوەڕیان وابوو، ڕۆژێک دادێ جەلادەکان دادگایی بکرێن و مافی خوراوی کوردپەروەرانیش بگێڕدرێنەوە.
مەخابن لەمڕۆی دوای ڕاپەڕیندا، جەلادەکان خاوەن هێز و قوربانییەکان هەر بە بێ هێزی چاویان لێ سوور ئەکرێتەوە. نەوەی قوربانی دوێنێ بێ مووچە و بێ توانا و بێ پشت و پەنان. بەڵام نەوەی جاشەکانی دوێنێ بە شەهادەی جاشێتی، بوون بە کاربەدەستی باڵای ئەمڕۆ. مووچەی ژنە مامەڕیشەکانی دوێنێ گەلێ کەمترە لە مووچەی ژنە تەحسینەکان. جاشێتی لە دوێنێ و ئەمڕۆدا هەر داشی سوار و کوردپەروەری دوێنی و ئەمڕۆش هەر بەش خوراو. جەلادەکەی دوێنی بووە قوربانیی وپاداشت کراو قوربانییەکەی دوێنێ کراوە بە جەلاد و هەر هەمان کونەمشکی دوێنێ، کە لێی بوو‌بوو بە قەیسەری، هەر هەمان حەشارگەیە و ئەمڕۆش خۆی تیدا شاردۆتەوە. هەتا دوێنی جلە مەغاویر و قتعەتێن لەبەرەکانی جاش و بەعس بوون، کون بە کون بە دوایاندا ئەگەڕان، ئەمڕۆ هەمان جلکەو لە بەری کورد زمانە و لە هەمان کونەکانی دوێنێ دەریان دەهێنن. مەخابن ئەو ژنە پێشمەرگەیەی دوێنێی پێش ڕاپەڕین بە ژانی سکپڕیی خۆیەوە مێردە پێشمەرگە قوربانییەکەی کوژرا، ئەمڕۆ نەوەی ئەو پێشمەرگەیە کراوە بە جەلاد و دوو بارە دەدرێتەوە لەو خاچەی کە باوکی پێ هەڵواسرابوو. کوردایەتی هیچێتییەکی بەرهەم هێناوە، لە تۆڵەی شەهید بوونی پێشمەرگەیەک، مەکرەمەی جەلادەکەی ئەکرێ و بەڵام کوشتنی هەمان جەلاد لە تۆڵەی پێشمەرگەی قووربانیدا، جەلاد دەکاتە قوربانی و قوربانیش دووجار قوربانی، ئەو داڵدەدەرەی دوێنێ پێشمەرگەی شاردەوە کوردایەتی کرد، بەڵام ئەمڕۆ کوڕە پێشمەرگەی قوربانی داڵدەدابوو، بوو بە تۆمەتبار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت