شێرزاد شێخانی: ئەسبابی فەشەلی حوکمڕانی کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەورەترین موشکیلەی ئەو کوردەی مە ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی ئێستا، خاوەن شەهادەی دکتۆراو ماجستێرو بەکالۆریۆسن، ئەوجا بە حەقی خۆیان بی، یان بە مزەوەڕی بەدەستیان هێنابی، لەگەر ئەوەشدا کەسیان خیندەوار نین. مەبەستم ئەلفوبێی ئیبراهیم باڵدار نیە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە زۆربەیان رۆژەک لەرۆژان کتێبەکی ناخیننەوە. یان هەر نەبی تەماشای بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی سەرشەقامەکان بکەن بزانن لەو وراتە چ دەگوزەرێ. ئەوەندەی خەریکی کچە مۆدیل و رابوواردنن، ئەوەندە بەدوای ئەوە نین تاقیبی وەزعی میللەتەکەیان بکەن. لۆیە وەختەکی لەو سەرمەستییە بەخەبەر دێنەوە، دەبینن میللەت هەمووی لێیان بێزارە ئەو کاتیش پەشیمانی دادیان نادا، چونکی کار لەکار ترازایە. پێم سەیرە کاتەکی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبینن کە باسی کارتۆنی دەسەڵاتەکەیان دەکات، یاخود باس لەوە دەکەن میللەت پێیان خۆشە بگەڕێنەوە باوەشی حوکمی عارەبە شۆفینیەکان یان دەسەراتی کوردی هەڵوەشێتەوەو بگەڕێتەوە سەر بەغدا ئەوجا تووشی شۆک دەبن!.
پێشەکی، هیچ کوردەکی بە شەڕەف حەزی لەحوکمی داگییرکاری نیە، ئەوەی حەڕامزادە نەبی پێی خۆش نیە حەشدی شەعبی و داعش و مندارە ورتکەی بەعسییەکان حوکمی کوردستانەکەی بکەن. بەڵام با پرسیارەکیش بکەین لەسەر ئەوەی لۆ خەرکی ئەو کوردستانە لەو دەسەڵاتە خۆماڵییە بێزارو بێدادن و کوفر بەو نیعمەتە دەکەن کەخوای گەورە پێی بەخشیون ئەویش قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
دەیان سەبەب هەیە ئەو میللەتە خەباتگێڕو خێرلەخۆ نەدیتە بەو شێوەیە رقیان لەدەسەڵات بی. هەر لەهەڵگیرساندنی شەرێ ناوخۆی سارانی نۆهەتەکانەوە، هەتاکو ململانێی حزبەکان کە تا رۆژی قییامەتیش کۆتایی نایە، لۆ بڕینی قووتو مووچەی فەرمانبەران و برسی کردنیان، لۆ ئەو هەموو کوشتن و دەستگییرکردنی نووسەرو رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و حوکمدانیان ، لۆ ئەو هەموو بەڕەڵڵاییەی کوڕە مەسئوولەکان و کوشتوبڕی گەنجانی شار، لۆ پێشێلکردنی یاساو بەحیزبیکردنی دادگاکان، لۆ نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و فەرقوجیاوازی عاردوعاسمان لەبەینی دەسەڵاتدارو کوڕە مەسئوول و خەرکە هەژارەکان، لۆ کردنەوەی دەیان زیندانی هاوشێوەی بەعس لەتەعزیبدانی خەرکی ئازادیخواز، لۆ نەبوونی هەلیکار لۆ گەنجانی وڵات، لۆ داگییرکردنی دەیان هەزار دۆنم عاردی وڵات لەلایەن دەسەڵاتداران و مەحرووم کردنی خەرکی ڕەسەنی شارەکان لەسوکنایەکی شاییستە بە ژیان، لۆ دامەزراندنی هەزاران بەڵتەچی پیاوکوژو کۆیلەی هیچوپووچ و خوێری و سەرسەرییەکان و ئیهمالکردنی پیاوە ئەسڵزادەو نەجیبەکانی شار، لۆ رێزگرتن لەجاشو موستەشارو کۆنە بەعسی و لەبن پێنانی خەرکە تێکۆشەرو پێشمەرگە دێرینەکان. لۆ خنکاندنی هەموو جۆرە ئازادییەکان و محاسەبەکردنی خەرک لەسەر کۆمینت و وتار نووسین، لۆ زیادکردنی ئەو هەموو باجوسەرانە ناماقووڵانە بەسەر خەرکی کاسبکار، لۆ دزینی سامانی نەفتو غازو تەسلیمکردنی موقەدەراتی خەڵک بە دەستی وڵاتانی دەوروبەر، لۆ گرانی بازاڕو نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری کارەباو ئاو و رێگاوبان. لۆ رووخاندنی گەڕەکە کۆنەکان و شێواندنی سیمای شارەکان، ئەوانەو هەزاران قەیرانو کێشەی رۆژانەی خەرکی کە هەمووی فشارە لەسەر خەرک ونیشانەی ناعەدالەتییە، ئەوجا سەرباری حەموو ئەوانەش دەیانەوێ هێشتا میللەت بێدەنگ بی وقڕوقەپ دانیشی بەرامبەر ئەو هەموو شکستەی دەسەڵات!.
خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرمووی ( إِنَّ قَارُونَ كَانَ مِن قَوْمِ مُوسَى فَبَغَى عَلَيْهِمْ وَآتَيْنَاهُ مِنَ الْكُنُوزِ مَا إِنَّ مَفَاتِحَهُ لَتَنُوءُ بِالْعُصْبَةِ أُولِي الْقُوَّةِ إِذْ قَالَ لَهُ قَوْمُهُ لَا تَفْرَحْ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْفَرِحِينَ (76) وَابْتَغِ فِيمَا آتَاكَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ وَلَا تَنسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا وَأَحْسِن كَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَيْكَ وَلَا تَبْغِ الْفَسَادَ فِي الْأَرْضِ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُفْسِدِينَ )القصص ٧٧ ..
ئەو فاسیدانەی دەسەراتیش چارەنووسیان وەکی ئەو قاڕونە دەبی ئینشاڵڵا .. باقی وەلسەلام .

تێبینی: لەساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا سەرۆکی هەرێم فەرمووی: ئازاديى رۆژنامه‌گه‌رى بنه‌ما و كۆڵەکە‌ی سەرەکی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتووه. سەرۆکی حکومەتیش فەرمووی: حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لەپشتیوانیکردن لەئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت