عوسمان عەسکەری: چیرۆکێکی شەڕی ناوخۆی سودان، هاوشێوەی چیرۆکەکانی کوردستانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێنەرانی بەڕێز، ئایا چیرۆکی دوو برای سودانی، موسعەب و یاقوب جالیتان لە شەڕی ناوخۆی سوداندا خوێندۆتەوە؟ داخۆ چیرۆکی ئەو دوو برایە ڕای چڵەکاندن؟! بە بڕوای من، پێویستە خوێنەر هەمیشە دیدگایەکی هەبێت کە ڕێگەی بدات شتێکی نوێ و هاوشێوەی باو لە گێڕانەوەی مرۆڤەکاندا ببینێت و سەرنجی ڕابکێشێت، بەتایبەتی چیرۆکی لەو شێوەیە ڕەنگدانەوەی خۆڕاگری مرۆڤێک کە لە ئاڵۆزترین تراوماو ساتە دژبەیەکەکاندا دەژی، دەربارەی کەسانێکە دەیانەوێت بە سەبرەوە بەسەر هەموو وێرانکەرەکانی شەڕی ناوخۆ و دەستدرێژیە بێ سنورەکانی دا زاڵ بن. محەمەد جالی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و باس لە شتێک دەکات کە پەیوەندی زۆری بە ئێمەی کوردیشەوە هەیە. بۆیە ئەم چیرۆکە منی گەڕاندەوە ناو تراومای شەڕەکانی ناوخۆی کوردستان و خەمباری کردم، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا ڕووداوەکانی مێژووی هەر کۆمەڵگایەک، وڵاتێک، شارێک، گوندێک پێوانەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە. ژێر زەمینی سودان پڕیەتی لە ئاڵتون و نەوت بەڵام بەهۆی قۆرخکاری و گەندەڵی دەسەڵاتدارەکانیەوە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوار هێڵی هەژاریەوە، بۆیە بەبێ هیچ پێوانەو تێڕامانێک، سودان و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی یەکترن، تەنیا جیاوازی لەوەدایە، لە کوردستان بیتاقەی تەموینی ناهێڵێت دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەونە خوار هێڵی هەژاریەوە، لەبەر ئەوە دەترسم لە سودان خراپتر لە هەرێمی کوردستان بخوڵقێت. سودانیەکان لەدوای جیابوونەوەی باشوری وڵاتەکەیان، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد ڕۆژێک خۆیان ببنە دوژمنی یەکتر، یان شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیاندا دروست دەبێت و چەکەکانیان ئاراستەی یەکتر دەکەن، بەڵام . لە دوای جیابونەوەی باشوری سودان، دە ساڵە دوو هێزی سەربازی لە وڵاتەکەدا، هێزەکانی فریاکەوتنی خێراو سوپای وڵاتەکە ململانێی توند لەسەر دەسەڵات و قۆرخکردنی کانەکانی ئاڵتون و بیرە نەوتەکانی سودان دەکەن. سودان کە یەکێکە لە دەوڵەمدنترین وڵاتەکانی ئەفەریقیا، کۆی سامانەکەی دەچێتە گیرفانی توێژێکی عەسکەری و سیاسی و بازرگانە نێودەوڵەتیەکان، چەک بەرامبەر ئاڵتون، لەولاشەوە تەواوی سەکتەرەکانی خزمەتگوزاری کارەبا، ئاو، پەروەردە، کشتوکاڵی پیشەسازی و ژێرخانی سودانی لەبەر یەک هەڵوەشاون و چەقیان بەستووە، ئاکام شەڕی ناوخۆی لێ کەوتەوە.
محەمەد جالی لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی و براکانی تراژیدیاکانی سودان کە هاوشێوەی کوردستانە دەناسێنێت. ئاخر زۆربەی شەڕەکانی براکوژی هاوشێوەن چوونکە شەڕی ناوخۆی خەڵکی وڵاتێک جیاوازی لە نێوان برا و دۆستدا ناکات. لە شەڕی ناوخۆی سوداندا دوو برای سودانی لە دۆخێکدا کە تەنانەت لە تاریکترین کابوسەکانیاندا نەیاندەتوانی بیخەنە بەرچاوی خۆیان، ئەمڕۆ لە دوو بەرەی جیاوازی ئەو شەڕەدا وەستاون، کە ئێستا وڵاتەکەیان پێیدا تێدەپەڕێت، برا گەورەکە ”موسعەب جالی” لە ڕیزەکانی سوپادا شەڕ دەکات لەدژی برا بچووکەکەی ” یەعقوب جالی ” کە سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرایە. لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا، برای ناوەڕاست محەمەد جالی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لە دیمەنێکی دڵتەزێندا پەیامێکی بۆ دوو برا دوژمنکارەکەی بڵاوکردۆتەوە و داوایان لێ دەکات چاوەڕێ بکەن و سەرلەنوێ بیربکەنەوە. محەمەد جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو تاکە دۆڕاوە لەم شەڕەدا، نووسیویەتی: من تاکە دۆڕاوم
بۆ موسعەب جالی برام لە هێزە چەکدارەکان، دوێنێ شەو خوای گەورە کوڕێکی بەخشیە برا بچووکەکەمان یەعقوب جالی لە هێزی پشتیوانی خێرا. یەعقوب هەتا ئێستاش ئەم هەواڵەی نەبیستووە و نازانێت کە خودا کوڕێکی پێی بەخشیووە، بۆیە ئەگەر یەعقوب بە دیل کەوتە دەستی تۆ، یان ئەگەر تۆ بە دیل کەوتیتە دەستی یەعقوب، ئەم هەواڵەی پێ بڵێ. داوا لە خودا دەکەم هەمووتان بپارێزێت لەم شەڕەدا کە خۆم وەک تاکە دۆڕاو تیایدا دەبینم. ( محەمەد جالی )

https://www.alarabiya.net

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت