عەبدولا کەریم مەحمود: دوو فاقی.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵکوتانە سەر ماڵی نووسەرو چالاکوانی بواری جینۆسایدی کورد، عەلی مەحمود بەهێزی چەکدار، گرتن و پشکنینی کون و قوژبنی ماڵەکەیان، لە ژێر پەردەی هەر بیانو و بە هەر سیناریۆیەک بێ، کارێکی نەشیاو نابەجێی بەعس ئاسایە. بەم کارە توندو تیژییانەیان، کلتوور و رەفتاری تۆتالیتارەکانی بەعس زیندوو دەکەنەوە.
ئەوەی مایەی پرسیارو تێڕامانە لای هەموو تاکێکی کورد، بۆ حکومەتی هەریم، بۆ ئەم کەیسە پەیڕەوی هەموو بنەما یاساییەکان دەکات، بەڵام لە دەیان کەیسی تردا، حکومەت رۆڵی خێڵەکی دەبینێت. پارێزگاری لە دەیان و لە سەدان تانبار و دەیان تاوان دەکات.
بۆ حکومەت، بۆ ئەو تاوانبارانەی کە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی حیزبی خۆیدایە، یاسا و رێساکان رەت دەکاتەوە، بۆ ئەو تاوانبارانە، هەموو دەستوورو یاسا و رێساکان، دەخاتە پەراوێزەوە، ئەو تاوانبارانە دەسگیر ناکات و دەیان پاریزیت.
ئایا ئەم دووفاقیەی حکومەتی هەرێم، رۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی حیزبایەتی و خێڵەکی نابینێت بۆ سەر هەڵدانی دەیان و سەدان زنجیرەی تاوان؟
ئایا ئەم زنجیرە سیناریۆیانەی حکومەتی هەڕێم، لە چوارچێوەی عەقڵی حیزب و خێڵەکیدا، ئاراستەی کۆمەڵگای کوردەوەری بەرەو کام زنجیرە کارەسات و تاوانی تر دەکاتەوە؟
ئایا ئەو سیناریۆیانەی حکومەتی هەرێم، ئەوە دەخەنە روو، یاسا لە سەروو هەموومانەوەیەو سەروەرو شکۆمەندە، یا بڕیاری مەزاجی عەقڵی نەرجسی دەسەڵاتدارانی حیزبە لە ناو هەرەمی دەسەلاتی حکومەت؟
حکومەتی هەرێم بەپێی بەرژەوەندی حیزبایەتی، لە دەیان سیناریۆی جیاجیادا، یاری بە دەستوورو یاساو کێشە کۆمەڵایەتیەکان و کارەسات و مەرگەساتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری دەکەن.
بۆ هەندێک کەیس یاسا و رێسا بە تاڵە و هیچ بوونێکی نییە، بۆ هەندێک کەیسی تر، یاسا ئەوەندە سەرەوەرە دەگاتە هەموو شوێنێک.
ئایا ئەم یاسا و رێسا دوفاقیانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەم هاوکێشە لاسەنگییەوە، بەم تەرازوی لاسەنگییەوە، بەم ناعەدالەتیە، تا کوێ بڕ دەکات؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت