نەوزادى موهەندیس: چۆن ئەم دۆخە قەتیسەى هەرێم تێبپەڕێنین؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەى زیاد لە ساڵێکە دۆخى هەرێمى کوردستان کەوتۆتە قۆناغى چەقبەستوویى زۆر مەترسیدار و ترسناکەوە بەهۆى ململانێ سیاسیەکانى نێوان بەگشتى پارت و سەرکردە سیاسیەکان و بەتایبەتیش هەردوو پارتى گەورە و کاریگەر وهاوبەش لە حکومەتى هەرێمى کوردستاندا یەکێتى و پارتى. کە ئەم دۆخە قەتیسەش خۆى دەبینێتەوە لە دوورەپەرێزى هەردوو سەرکردەکانى یەکێتى و پارتى لەیەکترى و ململانێى شاراوە و ئاشکرا و ڕەوا و ناڕەوا لە نێوانیاندا، بەهەمان شێوەش دوورەپەرێزى و بێدەنگى و نەبوونى هەڵوێستێکى یەکلاکەرەوەش لەلایەن سەرکردە و پارتە سیاسیەکانى تریش و کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنى و جەماوەریشەوە هەریەکە و بەبیانوویەکەوە.
ئەم دۆخە قەتیسەش بۆتە هۆى ناجێگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى لە تەواوى هەرێمى کوردستاندا. دروستکردنى مەترسیش بۆ سەر بەهێزى و مانەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانیش.
جا ئاشکراشە هەرکاتێک دۆخى سیاسى وڵات ناجێگیر و بارگاوى بوو بە ململانێ سیاسیەکان ئەوا کاریگەرى خراپى دەبێت بەسەر هەموو بوارەکانى ژیان و گوزەرانى تاک و خێزان و تەواوى کۆمەڵگاشەوە و هەمووانیان دەخاتە ژێر کاریگەرى و هەژموونە خراپەکانى ئەو ململانێیانەوە و ئیدى دۆخێکى نەخوازراوى چەقبەستوو چێدەکات و هەموو کەرتەکانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و ئاوەدانى نێوکۆمەڵگا دەگرێتەوە. ئەوەش بەماناى پاشەکشە دێت لەڕووى سیاسى و دەسکەوتى گەورە بۆ گەلەکەمان لەناوخۆ و ناوچەکە و دونیاشدا.
جاهەرکاتیش دۆخى ئابورى وڵات قەتیس و ڕاوەستاو بوو ئەوا بەماناى پاشەکشەى داهات و هەڵاوسان و بێکارى دێت و ئەوکاتیش وڵات تووشى قەیرانى دارایى دەبێتەوە و داهاتەکان کەم دەکەن وبەشى پێداویستیەکانى ڕۆژانەى کۆمەڵگا ناکەن و بەمەش هەموو پڕۆژە ئاوەدانى و ئەندازیاریەکان ڕادەوەستن یان کەم و سست دەبن.
لەڕووى ئەمنیشەوە بەماناى بوون و دروستبوونى درز و بۆشایى ئەمنى دێت لەلایەک لەنێو دامودەزگا ئەمنیەکانى هەرێم و لەلایەکى تریشەوە لەنێوان هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان کە کەوتۆتە نێوان هەرێم و حکومەتى عێراقیەوە و لەبەرئەمەش چەندین جار لەلایەن هێزە تیرۆریستەکانى داعشەوە لێدانى کوشندە بەر هێزى پێشمەرگە و خەڵکى سیڤیلى ئەو ناوچە کوردیانە کەوتووە.
بەهەمان شێوەى ئەم قۆناغ و سەردەمە، لە پێشتر و لە قۆناغە ڕەش و تاریک و نەخوازراوە جیاوازەکانى شەڕى ناوخۆ و قۆناغى نەشەڕ نە ئاشتى نێوان یەکێتى و پارتى چەندین جارى تر دۆخى مەترسیدار و چەقبەستوویى و قەتیسى ئاوها دروستبوونە و هاتونەتە پێشەوە و بونەتە مەترسى جدى بۆسەر قەوارە و هەموو دەسکەوتە وەدەستهاتووەکانى گەلەکەمان. بەڵام خۆشبەختانە لەو قۆناغانەدا هەم سەرکردە سیاسیەکان زیاتر خەمخۆرتر و ژیرانەتر و حەکیمانەتر بیریان دەکردەوە و بەجدیش لەمەترسی و ئاڵنگاریەکان تێدەگەیشتن، هەربۆیە چەندین جار تاک لایەنە دەستپێشخەرى گەورە و مەترسیدار و تەنانەت نەرمى زیاد لە پێویستیان نواندوە و گەلێک کەس بە تەنازولکردنیش ناویان بردووە، بەڵام سەرکردەى ئازا و بوێر و کاریزما و حەکیم هەر ئەو هەنگاوانە و دەستپێشخەریانەى لێدەوەشێتەوە و هیچ کات تەمەنى سیاسى و کەسیى ڕێگر نابێت و شەرم و پەشم ونەنگیش نابێت کە تاکلایەنە هەنگاوى بوێرانەى خەمخۆرانە هەڵبنێت بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکترى و لەنزیکەوە و بەڕاشکاوانە و بوێرانە باسى هەموو خاڵە ناکۆکەکان بکەن بۆئەوەى بتوانن بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن و ئیدى گرێ کوێرەى قۆناغەکە بکەنەوە و ڕێگەیان نەداوە کە زیاتر دۆخەکە بەقەتیسى و چەقبەستوویى و مەترسیدارى بمێنێتەوە.
لە ئێستاشدا گەرەکە کە هەڵوێست و جوامێرى و ئازایەتى ئاوها پیشانى دۆست و نەیارەکان بدرێتەوە و ئەم قۆناغە مەترسیدارەش دووربخرێتەوە و هەورى ناکۆکى و ململانێکان و هەڕەشە و گوشارە ناوچەیى و دەرەکیەکان لەسەر هەرێمەکەمان و دەسەڵات و قەوارە سیاسى ودەستوریەکەى هەرێمەکەمان بڕەوێنینەوە ودڵى دۆستەکانمان خۆش بکەین و نەیارەکانیشمان بێئومێد بکەین.چونکە ئەم قۆناغەى ئێستا نەک بەتەنها عێراق و هەرێمى کوردستان لەمەترسیى و لەبەردەم گوشارى گەورەدان بەڵکو تەواوى ناوچەکە و دونیاش هەمووان پێکەوە لە گێژاوێکى سیاسى و ئابورى و ئەمنیدا دەسوڕێنەوە و هەریەکە لەهەوڵدایە کە خۆى و وڵات و کۆمەڵگاکەى بەکەمترین زیان لێیدەربچێت،بۆیە هەرێمەکەمان لەهەموان دۆخى خراپتر و مەترسیدارترە و ئەم قۆناغە لە هیچ کام لە قۆناغەکانى پێشتر ناچێت.
هەربۆیە گەرەکە کە هەردوولا یەکێتى و پارتى بە گیانێکى برایانە و تەبایانە و لەسەر بنەماى پێکەوەیى و شەراکەتى ڕاستەقینە و تێپەڕاندنى قۆناغەکە پێکەوە دابنیشن وکاربکەن و خاڵە ناوکۆییەکان بگەشێننەوە و خاڵە ناکۆکەکانیش هەڵگرن بۆ کاتێکى گونجاو تر و دووربکەونەوە لە گیانى ڕق و کینەى کۆن و تۆڵەکردنەوە و دەست ومل بادانى یەکترى و هەوڵى شکاندن وبچووککردنەوەى یەکتریش نەدەن.چونکە مێژووى 30 ساڵى ڕابووردوو سەلماندویانە کە نێوان یەکێتى و پارتى بە شەڕ و جەنگ و ململانێى ناڕەوا یەکلانابێتەوە بەڵکو تەنها بەئاشتى و لێکتێگەیشتن دەتوانرێت هەردوولا و هەموو دەسکەوتەکان بپارێزرێت و گەشەیان پێبدرێت.نموونەى 4 ساڵى شەڕى ناوخۆى 1994 -1998 و کارەساتە دڵتەزێن و خوێن و فرمێسکەکان گەواهیدەرى ئەو ڕاستیەن.
بۆیە قۆناغەکە و ئەرکە مێژوویى و خەمخۆرانە کوردانەکە و چارەنووس و قەدەرى گەلەکەمان دەیسەپێنێتە سەر هەردوولا کە پەڕەیەکى نوێ هەڵبدەننەوە و بەنیەتێکى ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە پێکەوە کاربکەن و دەستنەگرن بە چەند خاڵێکەوە کە دەبنە مایەى لێکترازان و زویر و لێکدوورکەوتنەوەى زیاترتان.زۆر جاران و لە پێشتردا تەنانەت بۆ بابەتە دادوەریەکانیش و زۆر مەسەلەى گەورەتر و هەستیارتریش کە لەنێوان هەردوولادا بووە بەبڕیارێکى هاوبەشى سیاسیانە گەیشتونەتە ڕێکەوتن و هەنگاویان بەسەر ناکۆکیەکاندا هەڵناوە و قۆناغەکەیان تێپەڕاندوە.بۆیە لە ئێستاشدا پێویست بە حیکمەت و پشوودرێژى و هەنگاو و بڕیار و دەستپێشخەری ئازایانە و بوێرانەیە هەروەک نەریتە زیندووەکانى سەرکردە کاریزماکان.
لەکۆتاییدا دەبێت هەردوولا باش بزانن کە ئێستا و ئایندە و ئەم حوکمڕانیە ئەمانەتە لەگەردنى هەردوولاتاندا وەک دوو هێزى گەورە و کاریگەر و خاوەن مێژوو و نفوز و هێزى جەماوەرى و سیاسى و ئابورى و سەربازى گەورە و بۆیە تێکچوون و نەمان و بچکوبونەوە و لەباربردنى بەهەق دەبێتە تاوانێکى گەورە و مێژوویى و لێخۆشبوونى مەحاڵ دەبێت. جا هەرنەبێت لەبەر ئەو ڕابووردوو و مێژوو و قوربانیدانانەى کە داوتانە لەپێناو پێکەوەنانى ئەم قەوارەیەدا و شانازیشى پێوەدەکەن بەزووترین کات دەستبکەنەوە بە کۆبونەوە هاوبەشەکانتان و هێواش هێواش لێکنزیکببنەوە و دواتریش ڕێکبکەون، چونکە تەنها ئەم دە مانگەتان لەبەردەمدایە بۆ ڕزگارکردنى تەواوى قەوارە و دەسەڵاتەکان لە نەمان و پوچەڵبوونەوە، گەرنەتوانن هەڵبژاردنەکان لەکاتى خۆیدا ئەنجامبدەن ئەوا ئەوەى هەمانە و نیمانە نە یاسایى و نەدەستوورى نامێننەوە و هەموانیان سفر دەبنەوە و ئەوکاتیش ململانێ دادى کەستان نادات و دوژمنان و نەیارە سەرسەختەکانى کوردایەتیش هەر ئەمە مەرامیانە و ئیدى ئێوەش بەم ڕێکەنەکەوتن و ململانێیانەتان ئاوات و خواستە نەگریسەکانیان لەسەر سینیەکى زێڕین پێشکەش دەکەن و ئەوەى خۆیان بە شەڕ و پیلانگێڕى نەیاتوانیوە بیگەنێ ئێوە لە جیاتى ئەوان بە هەرزانى پێشکەشیان دەکەن. جا تا کار نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە تکایە ڕێکبکەون و لێکتێبگەن و ئەم قۆناغە قەتیس و مەترسیدارەى ئەمجارەش تێبپەڕێنن.
بۆیە ئەرکى سەرەکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرجەم سەرکردە و لایەنە سیاسیەکانە کە هەوڵى جدى بدەن بۆ خاوکردنەوەى گرژى و ململانێکانیان و هەنگاوى دڵنیاکەرەوە هەڵنێن بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخەکان و هەمووان لەم دۆخە چەقبەستوەو مەترسیدارە ڕزگار بکەن. لەکاتێکدا ناوچەکە و جیهان بۆخۆیان بە عێراق و هەرێمى کوردستانیشەوە بە قۆناغێکى مەترسیدار و پڕ ئاریشەدا گوزەردەکەن کە بەهەموانیان مەترسیى گەورەیان لەسەر ئێستا و ئایندەى تەواوى مرۆڤایەتى دروستکردوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت