زاهیر باهیر: ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا، ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی چوار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چوار: بەشی کشتوکاڵی و خودکیفابوون
لە زۆربەی وڵاتاندا کە هێشتا دەستی سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ و بازاڕی ئازادی پێ نەگەیشتبوو وەکو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت ڕوسیای پێش هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوش لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە پرسی دانەوێڵە و میوە و سەوزە و کەرەسەی شلە و شلەمەنیدا تا ڕادەیەك خودکیفا بوون زۆر کەمتر پێویستیان بە وڵاتانی دەرەوە دەبوو. تەنانەت لادێکان و گوند نشینەکان لە گەلێك وڵاتدا بە عێراق و کوردستانیشەوە مەگەر هەر پێویستیان بە نەوت و چاو شەکر بوبێت و بگرە شارەکان پابەند بوون بە لادێکانەوە نەك پێچەوانەکەی .
ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان وڵاتانی وەکو میسر و ئەردەن ئەوەندە دانەوێڵەیان هەبوو هەناردەی درەوەیان دەکرد. گەشەی بە گووڕی سەرمایەداری وگشتگیریبونەوەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاند ئیتر وردە وردە ئەو وڵاتانەی کە بەشی خۆیانیان هەبوو لەوە ڕوتکرانەوە و بوونە وابەستە کە لە کاتێکدا بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشوکاڵەوە دەبوایە بەروبووم زیاتر بوایە .
هەمان دەرد بەسەر بریتانیاشدا هاتووە. لە ساڵانی چلەکانی چەرخی ڕابووردوودا زۆربەی پێداویسیتیەکانی خۆی دەفع دەکرد هەر لە دانەوێڵە و گۆشت و بەروبومە شیرەمەنییاکانەوە تا دەگەیشتە میوە و سەوزە و هەموو شتیێکی دیکە کە لە لایەن کێڵگەوانەکانەوە دابین دەکران. بەڵام لە کۆتایی هەفتاکانەوە بریتانیا لە ڕوی بەروبومی کشتوکاڵییەوە ڕوو لە کزی و کەمییە تا ئەو ڕادەیەیە دانەوێڵە هاوردە دەکات. پەنیر و ماست و گۆشت و ماسی سەوزەو میوە و کەرەسەکانی دیکەی چێشتلێنانیش لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنێت هەر لە وڵاتانی ئەورپاوە تا دەگاتە کەنەدەو ئەمەریکا و ئۆسترالیا .
هەر چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو کە بریتانیا کەوتبووە قەیرانی گەورەی نەبوونی سەوزە و میوە و کەرەسەی زەڵاتە وەکو خەیار و تەماتە و بیبەر و کەرەسەکانی دیکە کە زۆربەیان لە ئیسپانیا و مەغریب و تونسەوە دەهێنرێت. ئەم گرفتە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و بەفر و بارانەوە بوو کە بووە بەتاڵبوونی ڕەفەکانی شۆپە گەوەرەکان، ئەوانەشی بوونیان هەبوو نرخەکانیان دوو قات سەر کەوتبوون.
هاتەنە دەرەوەی بریتانیاش لە یەکێتی ئەوروپا نەك هەر نرخی پاوەندی لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە سەدا 18 شکاند و 5 ساڵ دوای ئەوەش واتە لە ساڵی 2021 دا هێشتا بەهای داشکانی پاوەند بە ڕیژەی لەسەدا 15 بوو، هەر ئاواش نرخی ئەو کەرەسە و پێداویستیانەی کە لەوێوە هاوردە دەکران بە گوێرەی شکانی بەهای پاوەند، نرخیان بەرزبوونەوە. خودی ئەمەش جارێکی تر کارایی خۆی لەسەر گرانی و خراپبوونی ژیانی خەڵکی دانا.

پێنج: شارەوانییەکان
بریتانیا دابەش بووە بەسەر شارەوانید، لەندەن بە تەنها دابەش بووە بەسەر 32 شارەوانیدا. شارەوانی لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەك وەکو حکومەتێکی خۆجێی وایە زۆربەیان لە لایەن یەكێك لە حیزبەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەشیانە ڕێژەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان تێکەڵەیەکە لە ئەندامانی حیزبەکان. شارەوانییەکان بەرپرسن لە زۆر پرس کە لەو گەڕەکە یا لەو شارۆچکەیەدا هەیە هەر لە پرسی خانوبەرە و قوتابخانەکان و چاککردنی شەقامەکان و هاوکاری ئەوانەی کە بێ لانە و بێ جێگان. بەرپرسن لە سێنتەرەکان و کتێبخانەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان [ سۆسیاڵ سێرڤس] و بەشی پیران و هەندێك لە خانەی پیران و پارکەکان و پاکوخاوێنی و شەقامەکان و کۆکردنەوەی باجی شۆپ و باڕ و چێشتخانەکان و ئەوانەی دیکە.
یەكێك لەو بەشە گرنگانە خانووبەرەیە . دوای جەنگی جیهانی دووهەم خانوویەکی زۆر زیاتر لە پێشتر لە بریتانیا بە تایبەت لە لەندەندا دروستکراو بوونە موڵکی شارەوانییەکان. لە دوای ساڵانێکی زۆریش ژمارەیەك جەمعیە بەناوی هاوزینگ ئەسۆسییەشنەوە دروستبوون و ئەوانیش کەوتنە خانو دروستکردن وەکو موڵکی خۆیان و دانەوەیان بە کرێ. ساڵانە ئەوەندە خانوو دروستدەکرا کە بە زیادبوونی ژمارەی نەوەی نوێدا ڕابگات بەڵام بە هاتنی مارگرێت تاچەر ساڵی 1979 زۆر شت گۆڕران و کرانە ئەهلی.
لەو گۆڕانکاریانە مەسەلەی خانوشی بەر کەوت. بۆ ئەمە تاچەر سیاسەتی ” مافی کڕینی ” خانوەکانی شارەوانی دانا کە یەكێك بوو لە ڕیفۆرمەکانی بە داشکاندنی نرخەکەی لە نرخی بازاڕ. بە هاتنی حکومەتەکانی دیکە ڕێژەی داشکاندنی نرخی خانووەکانی شارەوانی بۆ خودی کرێچیانی تا لە سەدا 50 سەرکەوت. ئەم سیاسەتە چەند کاردانەوەیەکی خراپی هەبوو: یەك: کرێچی شارەوانییەکانی کردە کرێچی بانق بە وەرگرتنی سلفەی عەقار. دوو: ئەمەش وای کرد کە کرێکاران بە جۆرێك لە جۆرەکان ببەستێتەوە بە بانقەوە کە بۆ مانگرتنی سەر کاریان لە پێناوی مافی ڕەوایاندا وا بەئاسانی بڕیاری مانگرتن نەدەن لەبەر ئەوەی کاتێك کە ناتوانن سلفەی عەقارەکەیان بدەنەوە بانق مافی دەستبەسەراگرتنی خانوەکە و مەزاتکردنی بە نرخێکی هەرزان هەیە . سێ: بەمە سەرمایەگوزارییەکی گەوەرەی بۆ بانقەکان دروست کرد و دەوڵەمدنتری کردن و بە چەشنێکی دیکە ژیانی خەڵکی پێوە بەستنەوە. چوار: ئەوەندەی کە خانوش دەكڕران لە لایەن کرێچیەکانەوە نیوەی ئەوەش دروست نەدەکرایەوە بەم هۆکارەش ژمارەی نێو لیستی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی خانوی شارەوانییان دەکرد دەچووە سەرەوە و ماوەی چاوەڕاوانی کردنیش زیاتر دەبوو لەو لاشەوە کرێی خانوی لەسەر کرێچییەکان گرانتر و گرانتر دەبوو. هەر ئەم سیاسەتە ڕێژەی بەتاڵەی کەمکردەوە چونکە ئەوانەی کە لە خانووەکاندا دەژیان و بەتاڵە بوون، ئیتر هەوڵی ئەوەیان دا هەرچۆن هەیە و هەر کارێك دێتە پێشەوە بیکەن تاکو خانووەکانی کە نیشتەجێبوون تێیدا لە شارەوانی بکڕنەوە.
ئەم سیاسەتە بە هاتنی حیزبی کرێکاران [ لەیبەر] یش هەر بەردەوام بوو تاکو وای لێهات کە ئێستا خانووکانی شارەوانیی و هاوزینگ ئەسۆسییەشن ژمارەیان زۆر هاتۆتە خوارەوە. . لە سەردەمی مارگرێت تاچەردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە خانوی شارەوانیدا لە ئینگلتەرە و لە وێڵس دەژیان . لە ساڵی 1981 دا 321،66 خانوو هەر بە تەنها لە ئینگلتەرەدا فرۆشران. لە سالی 1982 ژمارەکە سەرکەوت بۆ 174،697 خانوو. لە ساڵی 2012/2013 دا 3،744 و لە ساڵی 2014/2015 شدا 16،519 خانوی تر فرۆشران .
سیاسەتەکە لەمەدا نەوەستا، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی پارەی تەواو نادات بە شارەوانییەکان، شارەوانییەکانیش ناچارن ئەو خانوانەی کە نزیکەی 60 ساڵ و 70 ساڵە دروست بوون و کۆن بوون پێویستیان بە دەستکاری و چاککردنەوە هەیە ناتوانن چاکیان بکەن. لەبەر ئەمە کۆمپانیای گەورە لە وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمەریکاوە دێن ئەو خانوانە کە لە بلۆکێکدان ڕەنگە زیاتر لە 200 فلات بن لە شارەوانی دەکڕنەوە و بە ڕیکەوتنێك کە بڕێک پارەی باش بە شارەوانی دەدەن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو خانوانە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بدرێنەوە بە شارەانی و شارەوانیش بیداتەوە بەوانەی کە پێشتر تێیدا بوون یاخود ئەو خێزانانەی کە لە لیستی چاوەڕوانییدان سەرەیانە. ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەموو فلات و خانوی سەردەمیانە دەبن و کرێی هیچ کامیان لە دوو هەزار پاوەند و سێ هەزار پاوەند لە مانگێکدا کەمتر نابێت ئەمە جگە لە دانی پارەی ئاو و کارەبا و غاز و تەلەفون هەروەها خزمەتگوزاری دیکە وەکو دانانی سکوێرێتی و پاککردنەوە و پارێزگاریکردن لە مەسعەد و پارەی باخچەوان و هەندێك کولفەی دیکە.
بێ گومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکە کە بە هۆی نەدانی پارەی تەواو بە شارەوانییەکان بە ناڕاستەوخۆ هانیان دەدات کە دەبێت ئەو خانوانە کە پارەی چاککردنەوەیان نییە بیفرۆشن بەو کۆمپانیایانە بە پارەکەشی دەفعی پێداویستییەکانی دیکەیان بکەن، کە بەمەش نەك هەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی شارەوانییەکانە، بەڵکو لیستی سەرەی چاوەروانکردنی خانوەکانی شارەوانی زۆر درێژکردۆتەوە، هاوکاتیش هەل و بوارێکی باشیش خرایە بەردەمی کۆمپانیاکان بۆ کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر.
سیاسەتێکی دیکەی خراپی مارگرێت تاچەر سەبارەت بە خانوو بەرە ئەوە بوو لە ساڵانی هەشتاکانی حوکمڕانییەکەیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێساکانی بیناسازیی داڕشتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەڵێنی وەزیرێکیدا بەناوی مایکل هێسلتاین ئاوا داڕێژرا “زۆرترین خۆڕێکخستن” و “کەمترین دەستوەردانی حکومەت”. ئەمەش بە زمانی ئینگلیزی بە سادەیی یانی بۆ کۆمپانیاکانی بەجێبهێڵن با کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن.. ئەم سیاستە لە سەردەمی دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2012 فراوانتر و خراپتر کرا کە بەڵێنی ساڵی نوێی دا کە “کلتوری تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمیشە بکوژێت”. ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی بەشێکی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە سەلامەتی دانیشتوان و بیناکان لە کارەساتی ئاگر کەوتنەوە و لافا و گەرمی و ساردی زۆر ، دەپاراست کە ناو بەناو پشکنینی سەلامەتییان بۆ دەکرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت