شێرزاد شێخانی: هاوپەیمانی کوردستانی بۆ چارەسەری قەیرانی حوکمڕانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراقدا، ڕەوتی صەدر پێشەنگی هەڵبژاردنەکە بوو، بەمەش مافێکی دەستووری خۆی بوو حکومەتی تازە دروستبکات. بەڵام هێزەکانی تری شیعە لەم پێشکەوتنە نوێیە زۆر نیگەران بوون بە تایبەت کە دەنگی زۆرینەیان بەشێوەیەکی ترسناک دابەزی. بۆیە هەوڵی ئەوەیاندا لەڕێگەی هاوپەیمانییەکی ناچارییەوە بە ناوی ( چوارچێوەی هەماهەنگی ) ریزەکانیان یەکبخەنەوەو بەڕەکە لەژێر پێێ موقتەدا صەدر ڕاکێشن و حکومەتی نوێ دامەزرێنن و جارێکیتر بوون بە خاوەن دەسەڵات لەعیراقدا. پێشتر هەر حزب و لایەنێکی سیاسی شیعی لەئاوازێکا ئەیخوێند، بەڵام کاتێک کارەکە گەیشتە سەر لەدەستدانی دەسەڵاتەکانیان، یەکیان گرتەوەو توانیان سەرلەنوێ دەستبگرن بە دەسەڵاتەوە، سەرباری ئەو دۆڕانە گەورەیەی لەهەڵبژاردنەکەدا تووشیان هات.
وەزعی ئەمڕۆی کوردستان لەزۆر رووەوە هاوشێوەی روداوەکەی بەغدایە. لەدوا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا زۆربەی حزبە کوردستانیەکان دەنگیان کەمیکرد، جگە لەو بایکۆتە بەرفراوانەی خەڵکی کوردستانیش کە ئەویش ئاماژەیەکی روون بوو بۆ بێزاری و نێگەرانی خەڵک لەدەسەڵاتی هەرێم، بە تایبەتیش دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتی. ئەگەر ئاوڕێک لەهەڵبژاردنەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستانیش بدەینەوە، زۆر بە وازحی دیاردەیەکی سەرنجراکێش دەبینین، ئەویش جێگۆڕکی دەنگی دەنگدەران بوو کە ئەمەش زادەی حاڵەتی نێگەرانی و ناڕازیبوونی بێسنووری دەنگدەری کوردە لەحزبە کوردستانیەکان کە وایکرد دەنگدەری کورد جێگۆڕکێ بە دەنگەکەی خۆی بکات. بۆ نموونە: لەهەردوو هەڵبژاردنەکانی ساڵانی 2009 و 2013دا بزوەوتنەوەی گۆڕان 24- 25 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. هەڵبەت رێژەی زۆری دەنگی بزووتنەوەکە لەسەر حیسابی یەکێتی بوو. چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دەنگیان بە گۆڕاندا، لەقاعیدە جەماوەرییەکەی یەکێتی بوون. بەمەش یەکێتی دەنگی دابەزی و گۆڕانیش نەیتوانی ببێتە جێگرەوەی یەکێتی لەدەسەڵاتدا، ئیدی هەردوو حزبەکە بە لاوازی مانەوە بەرامبەر بە هەژموون و سەرکەوتنی پارتی لەهەڵبژاردنەکاندا. هەمان شت بە سەر حزبەکانی تریشەوە هات بە ئیسلامی و عەلمانییەکانەوە. ئەم حاڵەتە جارێکیتر دووبارە بوویەوە کاتێک نەوەی نوێ هاتە مەیدانەکەو، ئەویش بەشێکی زۆری دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان و بگرە حزبە ئیسلامیەکانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەمەش زەبری دووەمی کاریگەر بوو لەبەرەی ناڕازی دژ بە هەژموونی پارتی و دەسەڵاتەکەی کەوت. چونکە هەموو حزبە نەیارەکانی پارتی یەکلەدوای یەک شکستیان هێناو، دەنگە ناڕازییەکانیش پەرتەوازە بوون و لەبەرامبەریشدا پارتی پارێزگاری لەسەنگودەنگی خۆی کرد.
هۆکاری ئەم شکستە بەردەوامەی حزبە ناڕازییەکان بە پلەی یەکەم بۆ پەرتەوازە بوونیانو دابەشبوونی دەنگەکانیان دەگەڕێتەوە. چونکە پارتی جیا لەحزبەکانیتر دەنگدەری جێگییری هەیە، واتە رێژەیەکی نەگۆڕی هەیە لەدەنگدەرانی هەڵبژاردنەکان کە ئەوانیش ئەندامو لایەنگرو موستەفیدەکانی دەسەڵاتی پارتین، بۆیە تەنانەت بایکۆتی 90% دەنگدەرانیش کار لەو رێژەیە ناکات، ڕەنگە لێرەدا بایکۆتی گشتیش لەبەرژەوەندی پارتیدا بێت، چونکە نەچوونی دەنگدەری حزبەکان بۆ سەر سندووقی دەنگدان، رێگە خۆش دەکات بۆ گزیکاری و ساختەو لەهەمان کاتیشدا ئەندامانی پارتی بەڵیشاو دەچن دەنگ دەدەن، بۆیە ئەبینین پارتی هیچکات ترسی لەهەڵبژاردن نیە، بەم رێژەیەی خۆی و بە 11 کورسییەکەی کۆتاشەوە هەمیشە براوەی یەکەمە لەهەڵبژاردنەکاندا.
پارتی سوودمەندی یەکەمی ئەم پەرتەوازییەی هێزە نەیارەکانیەتی و هیچ کاتێکیش ترسی ئەوەی نیە هێزێکی کاریگەر بتوانێ رکابەری دەسەڵاتەکەی بکات، ئەو هەمیشە کاریش لەسەر ئەوە ئەکات بەرامبەرەکانی زەعیف بکات و رێزەکانیان بەم پەرتەوازییەوە بمێنیتەوە، جا هەندێکیان بە پارەو پۆست ئەیانکڕێ، هەندێکیشیان بە ترساندن و تۆقاندن بێدەنگیان ئەکات. هیچ کاتێکیش پارتی حیسابی بۆ سەنگودەنگی هیچ هێزێکی کوردستانی نەکردووە ئەگەر زۆرترین کورسی پەرلەمانیشی هێنابێت. ئەوەتا بە چاوی خۆمان بینیمان لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەگەڵ یەکێتی پەنجا بە پەنجا دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام لەنەتیجەدا بە خیانەتی 31 ئاب یەکێتی وەدەرناو بووە تاکە دەسەڵاتی کوردستان. لەو رۆژەوەش تاکو ئەمڕۆ هەمیشە پارتی حزبی دەسەڵاتدار بووەو ئەوانیتریش بە یەکێتییەوە پاشکۆی بوونە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کەوا هەڵبژاردنی داهاتووش هیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێ، مەگەر لەئێستاوە هێزە ئۆپۆسزیۆنەکان بیر لەرێگایەکیتر نەکەنەوە.
بەر لەهەموو شتێک نابێ هیچ حزبێک بیر لەوە بکاتەوە بەتەنها دەتوانێ ئەم واقیعە بگۆڕێ. یەکێتی بەم هەموو قوڕسایی و سەنگی خۆیەوە ئێستاش نەیتوانی ئەم واقیعە تاڵە بگۆڕێ، بەیانی هەر لیست و حزبێکی تازەش بێنە مەیدانەوە ئەوانیش تەنها دەبنە رەقەمێکی زیادەو بەچەند کورسییەک لەسەر حیسابی یەکتری ناتوانن هیچ لەوەزعەکە بگۆڕن.
یەکێتی ئێستا بە ناچاری کەوتۆتە بەرەی ئۆپۆسزیۆنەوە، بە حوکمی ئەوەی خاوەن هێزەو قاعیدەیەکی جەماوری هەیەو رووبەرێکی فراوانی هەرێمیشی بەدەستەوەیە، لێرەوە ئەتوانێ کارێکی وابکات حزبە نەیارەکانی پارتی ڕابکێشێتە ناو چوارچێوەیەکی هەماهەنگی و خەڵکە ناڕازییەکانی حیزبەکانیتریش لەدەوری ئەو هاوپەیمانییە تازەیە کۆ بکاتەوە. حزبەکان دەتوانن بە سازشێکی کەمەوە ئەم هاوپەیمانییە سەرخەن ئەویش بە دروستکردنی یەک لیستی هاوبەشی مەرجدار کە زەمانەتی بەشداری کردنیان بداتێ لەحکومەتی داهاتوودا. تەنانەت ئەگەر لەهەڵبژاردنەکەشدا نەتوانن پارتی ببەزێن ، ئەوە دەتوانن لەناو پەرلەمانی داهاتوودا ببنە هێزێکی کاریگەری ئۆپۆسزیۆن کە رێگە لەتاکڕەوی پارتی بگرێت و نەهێلێ بەتەنها خۆی بڕیارە چارەنووسسسازەکان بدات. بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش پێویستە حزبەکان ئاشتبوونەوەی گشتی رابگەیەنن و خەڵکە ناڕازیەکانی خۆیان بگەڕینەوە، چونکە مانەوەی ئەمانەش دیسان خزمەت بە پارتی و دەسەڵاتەکەی ئەکات. دەبێ حزبە کوردستانیەکان عیبرەت لەسیاسەتەکانی پارتی وەربگرن چۆن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ئامادەن هەموو جۆرە تەنازولاتێک بکەن بۆ دوژمن و نەیارەکانیان وەکو ئەوەی بینیمان چۆن دوای تەڵاقدانی بەغدا گەڕانەوە باوەشیان و، چۆن لەپێناو مانەوەیان هەموو سامانی هەرێمیان ڕادەستی بەغدا کردەوە، دەبی حزبەکانی ئێرەش ئامادەبن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانو میللەتەکەشیان سازش بۆ یەکتر بکەن کە ئەمەش شەڕەفمەندییە نەوەک خۆ تەسلیمکردن.
جارێکیتر دووبارەی دەکەمەوە، نە بایکۆتی سەرانسەری ئەم دەردە کوشندەیەی کوردستنان چارەسەر دەکات، نە چوونە ناو هەڵبژاردنی داهاتووەوە بەم پەرتەوازەیی و بێ سەروبەریەوە، تاکە رێگا هاوپەیمانییەتێکی نیشتمانی فراوانی هەموو هێزەکانە، چونکە سەرکەوتنی پارتی مایەی زەرەرو باجێکی زۆر قوڕسیشە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت