عەبدولا کەریم مەحمود: نامەکەی ئەڵلایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەساڵی 1977، ئازاد ی سەگرمە، فەرماندەی مەفرەزە بوو، لە گەڵ ئارام ی سەرکردە. لە گوندی سەرزەلی قەرەداخ، ناسر عەبدولا میرزا، ناسراو بە (هیوا باڕۆی ) بە دەمانچەیەکەوە هات بۆ لای ئارام و وتی: دەمەوێت ببم پێشمەرگە، ئارام بە پێشمەرگە وەری گرت، بوو بە پێشمەرگە لە هەرێمی پێنجی قەرەداخ. دوایی بە توانای لە بن نەهاتوی خۆی پلەکانی پێشمەرگایەتی بڕی.
لە ساڵی 1983 ئازادی سەگرمە سەرتیپی تیپی 57ی سەگرمە بوو، هیوا باڕۆی فەرماندەی کەرتی 3ی هەمەوەند بوو، چەند کەسێک لە خزمانی داری کەلی بە ئازادی سەگرمەیان راگەیاند: مستەشارێک لە ئەڵاییەوە نامەی ناردووە بۆ هیوا باڕۆیی.
ئازادی سەگرمە یەکێک بوو، لەو فەرماندە خاوەن ئەزموونانەی، زۆر بەوردی هەڵسەنگاندنی وردی هەبوو بۆ هەموو پێشمەرگەو فەرماندەکانz تیپەکەی، دەیزانی ماهیەتی کەسێتی هیوا باڕۆی زۆر لە سیناریۆیانە گەورەترە، ئەو مستەشارە، دەیویست بە نامەیەک، درزو گومان بخاتە تیپەکەی، بۆ ئەوەی هەستی پاکی هیوا باڕۆی بریندار نەبێت، هەواڵی ئەو سیناریۆیەی لە ڕووی نەدا.
رۆژێک هیوا باڕۆیی سەردانی ئازادی سەگرمەی کرد، لە بارەگای تیپی 57ی سەگرمە لە گوندی مێوڵێ، دوای هەواڵ پرسین، هیوا باڕۆیی رووی کردە ئازادی سەگرمەو وتی: باپێکەوە پیاسەیەک بکەین. لە کاتەدا هیوا دەستی کرد بە گیرفانیدا و نامەکەیدا بە ئازادی سەگرمە بیخوێنێتەوە.
لە نامەکەدا نوسرابوو: بەنهێنی پەیوەندیمان پێوە بکە.
ئازادی سەگرمە بە میهرەبانی و ڕێزەوە بە هیوا باڕۆیی وت: دەمێکە هەواڵی ئەو نامەیەی ئەو مستەشارەم بۆ تۆ، پێ گەیشتوە. بەڵام من لە ساڵی 1977 ەوە، کە هاتیت بۆ پێشمەرگایەتی بۆ لای ئارامی سەرکردە، متمانەی تەواومان بە تۆ هەبوو، تۆ هیوا باڕۆیت، پێشمەرگەو فەرماندەی رۆژانی سەختی تەنگانە و نەهامەتیت، خاوەنی سەروەریەکی باڵای پێشمەرگایەتیت.

لە ساڵی 1957 ناسر عەبدوڵلا میرزا ناسراو بە (هیوا باڕۆیی )، لە گوندی بارۆیی لەدایک بووە. لە 1976 پەیوەندی کردووە بە ریزەکانی کۆمەڵەوە. لە 1977 بووە بەپێشمەرگە لە هەرێمی 5ی قەرەداخ. لە 1981 بووە بەفەرماندەی مەفرەزە لە کەرتی چواری جەباری. لە 1982 کراوە بە فەرماندەی کەرتی 3ی هەمەوەند، لە سالی 1985 کراوە بە جێگری تیپی 57ی سەگرمە.
هیوا بارۆیی لە 1979 لە بەکرەجۆ و لە 1982 لە ئاڵوەتان و لە 1985 لە گرتنی مەخفەری قادر کەرەم، لە سێ شوێنی جیاواز، سێ جار بریندار کراوە، لە 1987سەرپەرشتی تیپی 57ی سەکرمەی کردووە.
لە 15. 04. 1988 یەکێک بەڵێن بە هیوا باڕۆیی و شێخ تاهیر بارۆیی و یاسین بارۆیی و عەبدول باڕۆیی و سەباح بارۆیی دەدا، بیانگەیەنێتە سەر سنوور، بەڵام ئەو هەمویانی تەسلیم بە ئەمنی سلێمانی کرد، دوای لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەیەکی بێ سنوور، بێ سەروشوێن کران.

سەرچاوە: دیدارێک لە گەڵ ئازادی سەگرمە لە سلیمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت