ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردەوگرنگیدان بە مافەکانی منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دانانی بەردی بناغەی هەمووکایەکانی ژیان پەروەردەیە، هەرکات ئەو بناغەو بنچینەیە بەباشی دانرا، بێگومان ئەگەر دیوارەکەشی چەند بەردێکی ناڕێک بوون ئەوەندە کەریگەری نەرێنی نابێت، دەتوانرێت بەئاسانی چاکبکرێت و ڕێکبکرێتەوە. پەروەردەش بۆ ژیانی کۆمەڵگە بەو جۆرەیە، وەک بناغەکە وەهایە، جا ئەگەر بناغەکە باش چەسپاو بوو، وەستای کارامەش دیوارەکەی دانا بوو، ئەوە هیچ مەترسیەکی نابێ و لەهەموو ڕویەکەوە، جێی دڵنیایی دەبێت. لەم نموونەیەدا مەبەستمە دیوارەکە بە فەلسەفە و پرۆسەی پەروەردە بچوێنم و وەستاکەش مامۆستایە، دەکرێ بەردو چیمەنتۆ و ئەوانی تر بەهۆکارەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە دیاری بکەین، وەک کتێب و پێنووس و تیانووس و ئەوانی تر.
هەر یەکیک لە هۆکارەکانی دروستکردنی خانوو، یان بینا بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام وەستای باش ئەوە دیاریی دەکات کە کام کەرەستەیە باش و گونجاوە بۆ کارەکەی ئەو. وشەی مامۆستاش، هەر لەهەمان رۆڵ و پێگەکەیەوە، ئەو ناوەی بەباڵا بڕاوە، هەم مام بێت بۆ مناڵان و هەم ئەو وەستایەش بێت کە باسمکرد. کەواتە ئەو مرۆڤە مەزنەی دەبێتە نەخشەکێش و دروستکاری ئاییندەی نەوەکانی داهاتوو، مامۆستای باشە.
ماف بۆ مرۆڤ بەگشتی دابینکردن و دەستەبەرکردنی پیویستەکانی مادی و مەعنەویە، بەشێوەیەکی گشتی. دابینکردنی ماف بۆ مناڵان هەر بەشێوەیەکی سەرزارەکی نابێت، پێویستە زۆربەوردی هەنگاوی بۆ بنرێت و کاری لەسەر بکرێت، چونکە گەورە خۆی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی دەدات، تا ئەوکاتەی دەتوانێت، بەڵام مناڵ دەبێ ئەو مافانەی بۆ بەدیبێت و ڕابهێنرێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی و دەوروبەر، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی پەروەردە، چونکە مناڵان بەپێی تەمەنیان خواستەکانیان جیاوازە، مناڵی بچووک و ساوا، هەرچی بەرچاوی بکەوێت داوای دەکات و بەهی خۆی دەزانێت، زۆرجار ووڕک دەگرێت لە ناو مارکیت و بازاڕ داوای زۆر لەو کەلوپەلانە دەکات کە بەرچاوی دەکەون.
لەناوپرۆسەی پەروەردەدا پێویستە ماف بۆ مناڵان دیاری بکرێت، جگە لەمانە پێویستە مامۆستا ماماڵەی مرۆڤدۆستانە بەهەست و سۆز و خۆشەویستیەوە لەگەڵیان بکات، مناڵان کاتێ لەناو قوتابخانەو خوێندنگەن، هەست بەئارامی بکەن، جگە لەو پلانەی کەناوی فێربوونە بەشێوازی هاوچەرخ و سەردەمیانە بۆیان دابنرێت. ئەو مافانەش بریتین لە دابینکردنی هەموو پێویستیەکانی خوێندن لە قوتابخانەو خوێندنگە و مامۆستا و پڕۆگرام.
بەڕوونی لەسەرمافی مناڵان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەمافەکانی مناڵانداوەو دەڵێت: (مناڵان تەمەنیان هەرچەندێک بێت، هەموویان وەک مرۆڤی گەورەو ئاسایی مافیان هەیە، ئەوەش مافی دەربڕینی بیروڕاو بۆچوون و مافی یەکسانی و مافی تەندروستی و پەروەردە، دەگرێتەوە).
کاتێ ماف بۆ مناڵان دیاری دەکرێت واتە بینینی ئایندەو ژیانێکی باشتربۆ نەوەکانی داهاتوو بنیاتبنرێت.
(نیکۆلاس سپارکس) دەڵێت:( هیچ شتێک ناتوانێت شێوازی ژیان بگۆڕێت تەنها لە بوونی گۆڕانکاری لەمنداڵدا نەبێت).
لای زۆربەی گەلانی پێشکەوتووی جیهان لەرێگەی پێدانی ماف بەمنداڵان، ژیانی کۆمەڵگەکەیان گۆڕیوە بەرەو ئاقاری خۆشبەختی و کامەرانی و دادوەری، فەیلەسوفی ناودار، فرێدریک نیتچە (1844- 1900)لەم بارەوە وتوێتی(بۆ ژن، پیاو ئامرازە، بەڵام کۆتایی ئامانج هەمیشە منداڵە).
ڕۆژی جیهانی منداڵان لە ساڵی 1954 وەک بۆنەیەکی جیهانی ڕاگەیەندرا کە هەموو ساڵێک لە 20ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت بۆ بەرەو پێشبردنی وابەستەیی نێودەوڵەتی و هۆشیارکردنەوە لەسەر ئەو بڕیارو ڕاسپاردانەی تایبەت بەمافەکانی مناڵان پەسەندکراون.
هەروەها پاش ئەوە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافی منداڵان لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989 لەلایەن 192 وڵاتەوە، بە ڕۆژی جیهانی منداڵان ناسرا. لەدوای ئەو واژۆکردنە ساڵانە ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و ئاهەنگو بۆنەی بۆ ڕێک دەخەن.
لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەم وتارە لەدڵی خۆتدا بڵێی تۆی نوسەر لەگوێی گادا نوستووی، بۆ لێرە گەورەکان مافیان هەیە، تا بۆ مناڵان ماف دابین بکرێت؟ بەڵێ دەزانم گەورەکان مافەکانیان پێشێلکراوەو خراوەتە ‌قوڕگی شێرو نەهەنگەوە، بەڵام ناکرێ مناڵانیش وەک ئێستای ئێمە بژین و دواڕۆژیان بە تونێلێکی تاریک و نادیاری وەک توونی بابا بسپێرین.
مرۆڤ خەون و خەیاڵ و خولیای بۆ دەرباز بوون و گەیشتنە بە ئارامی و ژیانی شایستە، ئەگەر بۆ ئەو ئامانجە، خەبات بکەین و بناغەکە دابنێین، بێگومان پێی دەگەین. ئەویش بەو وەستا کاراماییەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دێتەدی کە مامۆستایانی دڵسۆزو خەمخۆر و خاوەن پلانی جوانی ژیانی دواڕۆژن.
کاتێ مناڵان مافیان پێدراو ڕاهێنران لەسەر داکۆکیکردن و بەرگریکردن لەمافەکانیان، لەداهاتووشدا مرۆڤی خاوەن ڕێزوشکۆمەند دەردەچن بۆ مافی ئەوانی تر، ئەوکات مافەکان پۆلێن دەکەن بۆ مافی کۆمەڵایەتی و مافی ئابوری و ڕۆشنبیری، بەدڵنیایی کاتێک تاک ئەو وشیاریەی هەبوو لەسەرمافەکان، رەنگدانەوەی لەسەر خودو کۆمەڵ دەبێت.
دەکرێ مافەکان پۆڵێن بکەین بۆمافە سەرەکیەکان، مافی پاراستنی کەسی و ئازادیەکان و مافە کۆمەڵایەتی و مافە ئابووریەکان.
ئەوەی ماوەو جێی بایەخ پێدانە و زۆر گرنگە، لە ئاکام و ئامانجدا، دەبێتە ئاسۆی بینینی هەموومان. ئەویش مافی ژیانی شایستەیە، کە ئەمانە دەگرێتەوە:
( مافی ئازادی، مافی یەکسانی، مافی دادپەروەری، مافی تاک بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی پاراستن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، مافی پاراستن لە ئەشکەنجەدان، مافی تاک بۆ پاراستنی پێگەو ناوبانگ).
بەهیوام وەزارەتی پەروەردە گرنگی بەمافەکانی منداڵان بدات و بیکاتە خاڵی وەرچەرخان لە ناوپرۆسەی فێربووندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت