زاهیر باهیر: پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد” دەتوانێت شارەستانییەت لە ماوەی بیست ساڵدا بەرەوە نەمان بەرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە قسەی دکتۆر جێفری هنتن-ە، Geoffrey Hinton، کە بە باوکی ڕۆحی زیرەکی دەستکرد ناونراوە. دکتۆر هنتن کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا کار دەکات و لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی دیکەدا کاریان لەسەر’ زیرەکی دەستکرد’ ” Artifical Intelegence” دەکرد لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەو پرۆژەیە لە گووگڵ پاشەکشەی کرد.
هۆکاری پاشەکرشەکردنەکە بە دێڕێک خستە بەرچاو ئەویش گەیشتنێتی بەو قەناعەتەی کە پشێەوەچونی’ زیرەکی دەستکرد’ مەترسیدارە لە سەر ژیان و کۆمەڵ کە دەگاتە پلەی زیرەکتر لەوەی کە دروستی کردووە، واتە لە خۆیان.
بە کشانەوەی لەو پرۆژەکەی گووگڵ دەنگ و سەدایەکی گەورەی دروست کرد کاتێك کە جیهانی بە ئاگاهێنایەوە لە مەترسی دیجیتەڵ زیرەکیی. ئەم ئاگەدارکردنەوە وای لە هەر یەك لە ئیلون میسك، کۆشکی سپی و بێرنی سەندێرس ” Elon Musk ، White House ، Bernie Sanders” کرد داوای یارمەتی و کۆمەکی لێبکەن، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
ئەو کە لەم ماوە زۆرەدا بە تایبەت لە ساڵی 2018 و بە یارمەتی هاوکارەکانی زۆر بە چڕی و بێ ماندووبوون لە پێشەوەبردنی’ زیرەکی دەستکرددا’ گەیشتە قەناعەتی ئەوەی کە مێشکی دیتجیتەڵی ڕەنگ مێشکی بایۆلۆجی سەرکوت بکات، واتە پێشی بداتەوە.
دکتۆر جێفری هنتن کە خۆی بە سۆشیالیست دەزانێت ڕەنگە وەڵامەکەی بۆ کەسان و لایەنانی بەدەسەڵات قەناعەتکەر نەبێت و نەیانەوێت بیبیستن. لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی گاردیاندا وتی ” حکومەتی ئەمریکا بە ناچاری نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی هەیە. مەیلی منیش ناکۆکە لەگەڵیانا، بۆ نموونە” دڵنیام کە وەزارەتی بەرگری پێی وایە کە تاکە دەستی سەلامەت بۆ ئەم شتانە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خۆیەتی، تاکە گروپێك لە خەڵك کە لە ڕاستیدا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
دکتۆر هنتن درێژەی بە قسەکانی داو وتی ” من سۆسیالیستم” بوو وتی: پێموایە خاوەندارێتی تایبەتی میدیا و ‘ ئامرازەکانی حیسابکردن، باش نیین”.
ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداریدا سەیری ئەوە بکەیت کە گووگڵ چی دەکات، ئەوا بەو شێوەیە بەرپرسیارانە ڕەفتار دەکات کە چاوەڕێی دەکەیت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەوڵدەدات زۆرترین سوود بۆ هەموو خەڵک بەدەستبهێنێت، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە زۆرترین سوود بۆ خاوەن پشکەکانی، ئەوەش شتێکی زۆر جیاوازە.
ئەو بە بەردەوامی لە دیمانەکانیدا کە پرسیاری زیاتری لێدەکرێت، وەڵامی زیاتر دەداتەوە. کاتێك کە پرسیاری ئامۆژگاری لێدەکەرێت قسەیەکی وای لا نییە و دەڵێت: من کەسێکی سیاسی نیم” من تەنها کەسێکم کە لەناکاو ئاگادار بوومەوە کە مەترسی ئەوە هەیە شتێکی بەڕاستی خراپ ڕووبدات. خۆزگە چارەسەرێکی جوانم هەبوایە، وەک: تەنها واز لە سووتاندنی کاربۆن بێنە و باش دەبیت.’ بەڵام ناتوانم چارەسەرێکی سادەی ئاوا لەو جۆرە ببینم.”
درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێت: لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هەوڵم داوە مۆدێلی کۆمپیوتەر دروست بکەم کە بتوانێت شتەکان فێربێت کەمێک وەک شێوازی فێربوونی مێشک، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەم کە مێشک چۆن شتەکان فێردەبێت، بەڵام بەم نزیکانە بڕیارمدا کە ڕەنگە ئەم مۆدێلە گەورانە لە ڕاستیدا زۆر باشتر بن لە مێشک. پێویستە ئێستا زۆر بیر لەوە بکەینەوە، و ئەگەر شتێک هەبێت کە بتوانین بیکەین. هۆکاری ئەوەی کە من ئەوەندە گەشبین نیم ئەوەیە کە هیچ نموونەیەک نازانم کە شتە زیرەکترەکان لەلایەن شتە کەمتر زیرەکەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن. پێویستە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت کە لە ئێمە زیرەکتر بێت بە هەمان ڕادە کە ئێمە لە بۆقێك زیرەکتر بین. ئەوە زۆر باشە کە بڵێین: باشە، مەیانبەستنەوە بە ئینتەرنێتەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی قسەمان لەگەڵ دەکەن، دەتوانن وامان لێبکەن شتەکان بکەین.
ئەم شتانە یارمەتی حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان دەدەن لە لەناوبردنی ڕاستییەکان، یان دەستکاریکردنی دەنگدەران. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، لە دۆخێکدا کە ئەمریکییەکان تەنانەت ناتوانن ڕازی بن کە چەکی هێرشبەرانە نەدەن بە کوڕانی هەرزەکار، ئەوە شتێکی قورس نییە بیری لێبکرێتەوە.
لە ئۆڤاڵدە، Uvalde ، [کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2022ی 21 کەس لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە تەکساس کوژران]، 200 پۆلیس هەبوون کە نەیاندەوێرا لە دەرگایەکەوە تێپەڕن، چونکە کابراکەی دیوەکەی تر تفەنگی هێرشبەری هەبوو و تەقەی لە منداڵان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانن بڕیار بدەن کە چەکی هێرشکردن قەدەغە نەکەن. ئا لەم بارەدا سیستەمێکی سیاسی تەواو ناکارامەی لەو جۆرە، سیستەمێکی دروست نییە بۆ ئەوەی ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات.

مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد
بە گوێرەی دیمانە و قسەکانی جێفری هنتن کە من هەنێکیانم لە سەرەوە داناوە کە خودی ئەویش لە هەموو کەس باشتر لە وردەکاری و وەزیفەکانی ‘ زیرەکی دەسکرد’ دەزانێت گەر بەو شێوەیە بێت کە ئەم دەیڵێت زۆر بەترسیدارە. ئەم مەترسییەش زیاتر دەبێت لە کاتێکدا کە کار بەو بکرێت ئەرک و وەزیفەکانی و توانای فراونتر دەبێت، لە حاڵەتێکی ئاوادا مەترسییەکانیش گەورەترن.
دکتۆر هنتن لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان گەورەترین ئاڵای سوورن کە ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤایەتی ناتوانێت دەستی بە مەترسییەکانی’ زیرەکی دەستکرددا’ بگرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت.
پێشبڕکێی ‘زیرەکی دەستکرد’ لە ئێستاوە کەمبوونەوە بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژی سێشەممە، 02. 05، کۆمپانیاکانی پەروەردە کە لە بۆرسەکانی لەندەن و نیویۆرک بازرگانی دەکەن، سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بەهایان سڕراوەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای چێگ ” Chegg ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە یارمەتی ئۆنلاین دەدات بە خوێندکاران بۆ کاری نووسین و بیرکاری، ڕایگەیاند کە ChatGPT کاریگەری لەسەر گەشەی کڕیاران هەیە.
ترسەکان سەبارەت بە دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی پەرەپێدانی ‘ زیرەکی دەستکرد’ کۆنترۆڵنەکراو، بووە هۆی ئەوەی لە مانگی ئازاردا نامەیەک بڵاوبکرێتەوە – کە واژۆکارەکانی بریتی بوون لە ئیلۆن ماسک و ستیڤ وۆزنیاک، هاوبەشی دامەزرێنەری ئەپڵ – کە داوای وەستاندنی دروستکردنی ” زیرەکی دەستکرد بکەن” لانیکەم بۆ شه‌ش مانگ . پرسیاری ئەوەش کراوە کە ئایا پێویستە “هەموو کارەکانی کە بە ئۆتۆماتیکی دەکرێن دووربخەینەوە، لەوانەش ئەوانەی کە بەدیهێنراون”.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ، WEF ،کە ڕێکخراوێکە لە پشتی کۆبوونەوەکانی داڤۆسەوەیە ، لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان لەوانەش’ زیرەکی دەستکرد’ ببنە هۆی جۆرە پشێوییەكی “بەرچاو” لە بازاڕەکانی هەلی کاردا. کۆمپانیای WEF ڕاپرسییەکی لە زیاتر لە 800 کۆمپانیا کردووە کە 11.3 ملیۆن کرێکار و کارمەندیان هەبووە، 25%یان ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن’ زیرەکیی دەستکرد’ لەدەستدانی هەلی کار دروست بکات، هەرچەندە 50% ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن گەشەی هەلی کارەکان هان بدات. لە مانگی ئازاردا، گۆڵدمان ساشە ڕایگەیاندبوو، پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە لە بواری ‘ زیرەکی دەستکرددا’ دەتوانێت ببێتە هۆی ئۆتۆماتیکیکردنی نزیکەی 300 ملیۆن فولتایم کار، واتە جێگایان بگرێتەوە کە ئەمەش بەشی پارێزەران و ئەدمین لەنێو ئەو کەسانەی کە کاراییان لەسەر دادەنێت دەگرێتەوە.
لە کاتێکدا کە ‘زیرەکی دەستکرد’ لەوانە کە دروستیان کردووە زۆر زیرەكتر بێت ئیتر کۆنترۆڵکردنیشی زۆر گران دەبێت بۆیە مەترسییەکان هەر لەو ئاستەدا کە لە سەرەوە و لە لایەنکانی دیکەی ژیاندا دەردەکەوێت ئاسان نابێت. وێڕای ئەوانەش کە ئەو لیدوان و شیکردنەوانە بۆ بارودۆخی زیرەکی دەستکردە کە تا رادیەك هێشتا لە سەرەتادایە، دیارە بە تێپەڕبوونی زەمەن و کاری زیاتر لەسەر دروستکردنی و پڕۆگرماکردنی زیاتری مەترسییەکانیش گەورەتر دەبن .

بەشەرییەت بەرەو کوێ؟
ئەمە پرسیارێکە کە کەس ناتوانێت بە دەقیقی وەڵامی بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان مافی ئەوەمان هەیە کە ڕای خۆمان و پێشبینیمان بخینە بەرچاو.
من وا پێشبینی دەکەم کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی دیکەدا زۆربەی کارەکان جگە لەهەندێك کاری دەستی کە دەگمەن دەبن هەمووی لە لایەن ڕۆبۆت و ‘ زیرەکی دەستکردەوە’ ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی دیکە ژمارە و ڕێژەی کرێکاران بەرەو کەمی و کەمتر دەڕوات. لەو حاڵەتەشدا توانای کڕینی خەڵکی زۆر کەم دەبێتەوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە لە بازاڕدا دەبن. کاتێك کە کاڵا پێویستی بە سەرفبوون هەیە کڕین هەیە، بەڵام زۆربە کاریان نییە، دەوڵەت گەر لەناونەچێت دەبێت بڕێك پارەی شیاو بۆ هاووڵاتیانی زامن بکات تاکو پێی بژین بە کڕنیی کاڵاکان و پێداویستییەکانیان.
لەو بارەشدا نرخی پیداویستییەکان و کاڵاکان زۆر زۆر هەرزان دەبن چونکە خاوەنکار و کۆمپانیاکان بڕی تێچوونی کاڵاکانیان ئێکجار کەم دەبێتەوە. هۆکارەکەش نەدانی کرێ و مووچەی کرێکارە، نەدانی پارەی نەخۆشی و هۆڵیدەیی و خانەنشینی بیمەکانی، و کە ئێستا کرێکاران و کارمەندان شایستەین.
هاوکاتیش دەوڵەت ڕێژەیەك کە بتوانێت بیمەی ئەم هەموو خەڵکە بەتاڵەی پێبداتەوە باج لەسەر کاڵاکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان و قازانجیان دادەنێت.
لە کۆتاییدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئایندە بکەین و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ و بەڕیوەبردنی لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کرێکارانی زیندوو بە مردوو دەگۆڕێت، زۆر زۆر زەحەمەتە.

Zaherbaher.com
* سەرچاوەی ئەم نوسینە لە چەند وتارێکی ڕؤژنامەی گاردیانەوە وەرگیراوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت