شێرزاد شێخانی: سودانییەک بۆ کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای رووخانی رژێمی سەدام، وەزعی عیراق و هەرێمی کوردستان لەزۆر رووەوە لێکچوون. لەوێ لەگەڵ نەمانی تارمایی رژێم حزبە دەسەڵاتدارەکان کەوتنە ناو گەندەڵییەکەی بێسنووری بێزارکەر لەمێژووی عیراقدا، ئەویش لەبەر ئەوەی زۆربەی حکومەتەکانی دوای رووخانی رژێم لاوازو بێدەسەڵات بوون بەرامبەر بە حزبە خاوەن میلیشیا چەکدارەکا، جگە لەوەی هەموو حکومەتەکان لەسەر ئەساسێکی تائیفی و پشکپشکێنە دادەمەزران، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بەشێوە فراوانەکەی کە هەموو دامودەزگاکانی وڵاتی گرتەوە، چونکە حکومەت لەبێدەسەڵاتی نەیتوانی محاسەبەی هیچ لایەنێک بکات بە حوکمی پشت قاییمبوونیان بە تائیفەو ئینتمای نەتەوەییەوە، بەمەش نوخبە سیاسییەکان بەهەموو پێکهاتەکانەوە خزانە نێو گەندەڵی و کەس نەیدەتوانی محاسەبەی ئەویتر بکات. هەڵبەت کوردیش وەک بەشدار لەدەسەڵاتی بەغدا ئەویش بەشی خۆی بەرکەوت لەم گەندەڵییەو ئەویش بەبێ محاسەبە لێی دەرچوو.
ئەم گەندەڵییە کە سەرتاپای دەسەڵاتی عیراقی گرتبووەوە لەگەڵ دەرکەوتنی ناڕەزاییەکانی شارەکانی عیراق و خۆپیشاندانە فراوانەکانی تشرین، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەخەبەر هێنایەوە لەئاست مەترسی لەدەستچوونی وەزعی عیراق. بۆیە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کەوتنە داڕشتنی پلانێکی تازە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وەزعی عیراق و پێشگرتن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە. سەرەتا فشاریان خستە سەر دەسەڵات کە بە هیچ شێوەیەک تووندوتییژی دژ بە خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن و دواتر پلانیان دانا بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعیراقدا.
ئیدی هەڵبژاردن سازکراو، بووە خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گەورە لەهاوکێشە سیاسییەکەی دوای رووخانی رژێمی سەدام. بۆ یەکەمجار حزبە تەقلیدییە خاوەن نفووزەکانی عیراق شکستێکی زۆر گەورەیان تووشهات و جەماوەرێکی زۆریان لەدەستچوو. بەمەش دەسەڵاتەکانیان سنووردار کران و بە ناچاری چوونە ناو هاوپەیمانییەک بەناوی ( چوارچێوەی هەماهەنگی ) بۆ ئەوەی لانێکەم بتوانن بەشێک لەبەرژەوەندیەکانیان بپارێزن. سوونەکانیش هەمان شکستیان تووشهات و ئەوانیش رۆڵیان لەدەستداو بوونە بەشێک لەهاوپەیمانییە دەسەڵاتدارەکە.
هێنانی محەمەد شەیاع سودانی بەلای منەوە بەشێک بوو لەپلانەکەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. چونکە دەبێ بزانین سودانی کە هیچ حزبێکی لەپشت نیەو تەنانەت کوتلەیەکی پەرلەمانیشی نیە، چۆن توانی بەم هەموو هێزەوە بێتە مەیدانەکەو ببێتە یەکێک لەکاریگەرترین سەرۆک حکومەتەکانی عیراق ؟. ئـیستا هەموومان ئەبینین کەوا سەرکردە تەقلیدییەکانی وەکو مالیکی وعەبادی و حەکیم وخەزعەلی و تەنانەت موقتەدا صەدریش رۆڵێکی ئەوتۆیان نەماوە لەحوکمڕانی عیراقدا، تەنانەت ئێستا لەراگەیاندنەکانیش دوور کەوتوونەتەوەو رێگایان پێنادرێ وەکو جاران دەرکەون. پێموایە ئەو پلانەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ بەشەکەی عیراق دایانڕشتو بەرەو گۆڕانکارییەکەی گەورە دەبەن، ئیجرائاتەکانی سودانیش بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی سامانە دزراوەکان و هەوڵدانی بۆ پێشخستنی ئابووری عیراق و گەشەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان ، ئەمانە هیچیان بە بێ پاڵپشتی ئەمریکا سەری نەئەگرت. دەبێ دییقەت لەلێدوانێکی مالیکی بدەین کە رەخنەی تووندی لەسودانی گرت گوایە هەفتەی جارێک و دووان لەگەڵ بالوێزی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە سودانی تەنسیقێکی باشی لەگەڵ لایەنی ئەمریکا هەیە بۆ گۆڕانکارییەکانی لەعیراقدا.
پێموایە هەمان پلانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەیە. هیچ بەدووری نازانم ئەم هەڵبژاردنەی داهاتووی کوردستان هەمانشێوەی عیراق حزبە تەقلیدییەکان شکست پێبهێنێ و، تاقمێکی نوێی سیاسی دەسەڵات بگرنە دەست. چونکە ناکرێ هەرێمی کوردستان لەم گۆڕانکارییە مەزنەی عیراق بەدەر بێت کە مەبەستی چارەسەری قەیرانی حوکمڕانییە لەوڵات، هەڵبەت ئەمریکا باش ئەزانی ئەم نوخبە سیاسییە تەقلیدییەی کوردستانیش شکستی هێناوە لەحوکمڕانییەکی تەندروست ئەوانیش ئێکسپایەر بوونەو پێویستە هەرێمیش حکومەتێکی تازەی هەبێت و سودانییەکی کورد دەسەڵات بگرێتە دەست.
جارێ پێش هەمو شتێک هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان تەگەرەی زۆری لەبەردەمدایە ، ئەگەری ئەوە هەیە یان هەڵبژاردنەکە نەکرێ ، یاخود ئەگەر بشکرێ حزبە کوردستانیە ناڕازییەکان بایکۆتی بکەن، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر پارتی جورئەتی ئەوەی کرد لەگەڵ پێکهاتەکان وهەندی حزبی ملشۆڕی خۆی هەڵبژاردنێکی تاکلایەنە بەڕێوە ببات ، ئەوسا ناڕەزایەتی شەقام زۆر تووندتر رووئەدات و دووریش نیە لایەنگرانی حزبە ناڕازییەکانیش بەشداری تێدا بکەن ، بەمەش وەزعێکی ئاڵۆزو تۆقێنەر دێتە ئاراوە کە پێموایە لەو کاتەدا پلانەکەی ئەمریکا زۆر پێشدەخرێ و هێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم دەبێتە چارەسەرێکی پێویست بۆ ئەوەی کاربکات لەماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردنێکی راستەقیینەی پاکوبێگەرد لەهەرێم بەڕێوە بچێت. قەناعەتم وایە ئەم دەسەڵاتە تەقلیدییەی ئێستای کوردستانیش تەمەنی کۆتایی هاتووەو هەمان چارەنووسی حزبەکانی عیراق چاوەڕێیان دەکات، نوخبەیەکی سیاسی نوێ دێنە سەر دەسەڵات . ئیدی با چاوەڕێ بین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت