عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: کەویژدان نەما، هەموو بەهاکان لەق دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من دڵنیام لەوەی کەئەم هەرێمە گچکەیە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە بۆساخکردنەوەی کاڵاوشمەکی خراپ و کوالێتی نزم و ناتەندروستی وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و دراوسێکانمان بەتایبەتی.
وە بێگومانیشم کەهەندێک بازرگانی بێ ویژدان و تەنها قازانج ویست ( لەگەڵ ڕێزی زۆردا بۆزۆرێک لەبازرگانە ویژدان زیندوەکان ) خۆیان داوای کاڵای کوالێتی نزم دەکەن و دەیهێننە هەرێم و، دەرخواردی هاونیشتمانیەکانی خۆی دەدات،کەئەمەڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
باشەگریمان وڵاتان ناحەزمانن و کام کاڵاوشمەکەی خراپە هەناردەی ئەم مەملەکەتە خێر لەخۆنەدیوەی دەکەن و هاوڵاتیەکانی بەشێنەیی کۆمەڵکوژ دەکەن. بەڵام ئەوەچ کارەساتێکە بازرگانی خۆماڵی بەکاڵاوشمەکی دەرەکی هاوزمان و هاوشاری خۆی قڕبکات لەپێناو دەوڵەمەندبون و پارەدارکردنی خۆی.
بەداخەوە ماوەیەکە لەنێوخۆی کوردستان و لەنێودوکان و خواردنگەو چێشتخانەکاندا، هەم گوێمان لەوشەی سەیردەبێت و هەم چاومان بەخواردن و شمەکی سەمەرە دەکەوێت، لەنمونەی( گۆشتفرۆشێک گۆشتی ئەسپی فرۆشتوە، لەچێشتخانەیەکدا گۆشتی گوێدرێژ دەرخواردی هاوڵاتیان دراوە، لەخواردنی نێوخواردنگەیەکدا چۆلەکەی مردارەوە بوو دۆزراوەتەوە، خواردنگەیەکی تر قیمەکەی لەئاوەستدا هەڵگرتوە، یەکێکی تر گۆشتی بۆگەن و قەدەغەکراویی بەکارهێناوە، ماستی کەڕواوی و کرماوی دەستی بەسەرداگیراوە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕو تەنکەردا کە ئاوی زێرابیان بەهاوڵاتیان و پڕۆژەکانی گەشتیاری فرۆشتوە ). ئەمانە چەند نمونەیەکن کەلەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنەکانی قائیمقامیەتیەکان پێزانراون و سزادراون، کەبێگومان مشتێکن لەخەروارێک.
باشە وتمان وڵاتان کاڵا خراپەکانیان بەسەر ئێمەدا ساخدەکەنەوە، وتیشمان هەندێ بازرگانی چاوچنۆک لەپێناو مشتێک پارەی زیاتر کاڵای خراپمان بۆ هاوردە دەکەن. ئەی ئەوانەی لە نێو بازاڕو خواردنگەو شوێنەگشتیەکاندا ژەهرمان دەرخوارد دەدەن ناوبنێین چی و چ پێناسەیەک هەڵدەگرن؟.
میسرییەکان پەندێکی جوانیان هەیەکە دەڵێ: ( هێندە تەرکیزمان لەسەرماربوو، کەچی خەریک بوو دوپشک بمانخوات ) کە ئەم پەندە ڕێک پێمان دەڵێت: کەئێمە لەکاڵاوشمەک و خواردنی هاوردەی وڵاتان، دەترساین کەچی لەناوخۆدا حاڵمان وێرانترەو مەترسی زیاتر لەسەر ژیانمانە.
لێرەوە ئەو ڕاستیەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت کەمافی بەکاربەر لەم مەملەکەتەدا چەندە لەپەراوێزدایەو چەندیش مافخوراوە، لەهەموو دنیادا پێویستە بەکاربەر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەو کاڵاو خواردنانەی کەڕۆژانە بەکاریدەهێنێت و دەیخوات لەڕووی جۆرو پێکهاتەی دروستکردن و تەندروستی و ماوەی دەرچون و بەسەرچونی.
بۆیە پێویستە لیژنەکانی چاودێری بازاڕو شوێنەگشتیەکان کە بەکوڕە گەورەی مافی بەکاربەر ناسراون، بەدواداچونەکانیان زیاتربکەن و زیاتر هاوکارییان بکرێت لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، وەئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانیشە کە زیاتر چاوکراوەو بەئاگاتربن و پاراستنی ژیان و تەندروستی خۆیان لە هەمووشت بەلاوە گرنگتربێت.
لەکۆتاییدا پێویستە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بەرژەندی گشتی و سەلامەتی و تەندروستی هاونیشتمانیەکانی بخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوەو هەموان پابەندی ئەو وتەیەببین کەدەڵێت ( ویژدان تاکە دادگایە کەپێویستی بەدادوەر نیە )، چونکە کەویژدان نەما هەمووبەهاکانی تر لەق دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت