ڕێبوار بەنگینە: داگیرکاری لە ڕێگای زمان و هونەرەوە!.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داگیرکردنی خاک و تۆپبارانکردنی گوندە سنوورییەکان و کاولکاریی و خوێن ڕشتن و بڕینەوەی هەزاران دار زەیتوون و تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی کورد لە قووڵایی شارەکاندا لە لایەن دوژمنانی نەتەوەکەمانەوە بە تەنیا لەم شتانەدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکوو سڕینەوەی زمان کولتوور و هونەرەکەی لەژێر ناوی لێک نزیکبوونەوە و تێکەڵ بوونی نەتەوەکاندا مەترسیدارترین کاری دوژمنان و داگیرکەرانە. سەرەتا بە لێشاوی کردنەوەی خوێندنگەی تورکی و خوێندن بەزمانی تورکی دەستی پێ کرد، هەر لە سەرەتاوە بە ناوازە و نموونەیی وێنا دەکرا و و بە جۆرێک پۆلێن کرابوون کە لە خوێندنگەکانی تر باڵاتر و شارستانی تر و پێشکەوتووترە! ئەم جۆرە لە تێڕوانین بۆ خۆی لێدان سووکایەتیکردن بوو بە خوێندنگەکانی تر کە خوێندن تێیاندا بەزمانی کوردی بوو، تەنانەت هەندێک کەس بە شانازییەوە باسیان لە خوێندنی منداڵەکانیان بەزمانی تورکی دەکرد! هەروەها ناونانی زۆربەی دووکان و شوێنەکانی تر و هاوردەکردنی وشەی تورکی لەپاڵ زمانی کوردیدا بۆ خۆیان بەشێکن لە هەمان بازنەی پلان و بەرنامەی داگیرکاریی.
‎ئەگەر سەرنج بدەین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرنامەی تەلەفزیۆنی تایبەت بە میوزیک و گۆرانی کوردی لە هەندێک لە میدیاکانەوە بە هەمان شێواز و ستایلی بەرنامەی میدیا تورکییەکان خۆیان دەکەن بە ماڵەکانماندا و بە بۆن و بەرامەیەکی تورکیانە خۆیان دەخزێننە ناومانەوە، لە کاتێکدا بڕی تێچووی ستۆدیۆکە و ئامادەکردنی میوزیسیانەکان و کامێرا و هەموو پێداویستییەکان هەر لە قووت و داهاتی میللەتی خۆمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەم جۆرە بەرنامانە وەک کارگەیەک بە مەبەست هونەر و کولتووری سەپێنراوی بێگانە دەخەنە جێگای هونەر و کولتووری نەتەوایەتیمان، هەر بەوزەی مەتریالی و سامانی ئابووریی خۆمان و لە میدیاکانی خۆمانەوە جێگۆڕکێ بە کولتوور و هونەر و فەرهەنگی نەتەوایەتیمان دەکەن! هەندێک کەس بێ ئاگا لە پێناسەی هونەر و ناسنامەی نەتەوەیمان لەژێر ناوی کاریگەریی نەتەوەکان لەسەر یەکتریی و تێکەڵ بوون کولتوور و هونەری نەتەوەکەمان بەرەو هەڵدێر دەبەن، ئەو کەسانە درکیان بەوە نەکردووە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هەستکردن بەو ناسنامەیە ڕوو لە کزبوون دەکات و بەرەو ونبوون هەنگاو دەنێت، کارەکان وا بەخێرایی هەنگاو دەنێن وەک بڵێیت لەپشتی ئەمانەوە ستافێکی تورکیی ئا ڕاستەیان بکەن و کارەکان بە ڕێوە ببەن!
گومانی تێدا نییە تا ڕادەیەک پێکهاتەی میوزیکی وڵاتانی دراوسێ لە یەکەوە نزیکن، بەڵام سیما و مۆرکی میوزیکی کوردی تەواو لە وانی دیکە جیاوازە هەر لە ڕیتم و لەرەی ڕستە میوزیکییەکان و ڕەنگ و سیمای گۆرانییەکان تەواو جیاوازە. بەوردی سەرنج بدەن هەندێک جار دانیشتنی ژەنیارەکان ، چۆنێتی ژەنینی ژەنیارەکان، شۆڕکردنەوە و شێوازی کەمانچە دانان لەلا مل و دانانی پەنجە لەسەر ژێیەکان و شێوازی بەدەستەوەگرتنی ئامێرەکان پڕن لە وێنە و جووڵەی جەستەیی هونەرمەندە تورکەکان! ئەو کەسانە بەبێ ئاگایی دەبنە بەشێک لە جێبەجێکردنی سیاسەتی داگیرکاریی! داگیرکاری لەڕێگەی زمان و هونەر(بەتایبەتی هونەری میوزیک) ـەوە خراپترین جۆری ژەهری داگیرکەرە، ئەگەر بێتو بە ئاگا نەبین ڕزگاربوون لێی کارێکی سەختە! سامناکی ئەم ژەهرە لەوەدایە هەنگاو بە هەنگاو دوژمن ڕەنگی میوزیکی خۆی و ڕوخساری میلۆدیەکەی لە تۆدا کۆپی دەکات تا لە دوا جاردا دەبیتە بەشێک لە میوزیکی ئەو و ناسنامەکەی خۆت لەدەست دەدەیت! هەمووان دەزانین ژەهری دراما تورکییەکان چەنێک کاریگەریی خراپی لەسەر تەواوی کۆمەڵگا و بەها و نەریتی کۆمەڵایەتی بەجێ هێشتووە، ئەوانەی پێیان دەگوترێت( کچە مۆدێلەکان) بەرهەم و دەستکردی ئەو میدیا چەواشەکارانە و ئەو دراما تورکییانەن، کە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆریان لێ بەرهەم هات و خۆیان نمایش کرد. لەم دوایییەدا هەندێک لە دەرهێنەری دراما کوردییەکان کاریگەریی ئەو دراما تورکییانەیان پێوە دیار بوو کە لاسایییان دەکەنەوە و بەڕوونی دیار بوو کە شوێن پێی ئەوان هەڵدەگرن، تەنانەت ئەم ژەهرە ڕیکلام و بانگە واز و هات و هاواری هەندێک لە پێشکەشکارەکانیشی گرتووەتەوە! ئەم سیاسەتی باڵا دەستییەی کولتوور و فەرهەنگ و هونەری داگیرکەر بەسەر کولتوور و فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکەماندا درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە مێژە هەوڵ دەدات بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەکەمان. ‎جۆرێکی تر لەداگیرکاریی بنیاتنانی ستۆدیۆ و دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاحە کە لە بنەڕەتدا و بەناوی میوزیکەوە خانمە هونەرمەندە عەرەبەکان میوانداریی دەکرێن و گۆرانی کوردییان بە میوزیکی عەرەبییەوە بۆ بەرهەم دەهێنن!، هەرچەندە بیرۆکەی کارەکە مەبەستی تری لەپشتەوەیە! یان ڕوونتر بڵێم مەبەستی سەرەکی بەدەر خستن و نمایشکردن و گەرمکردنی بازاڕی خانمانە بۆ مەبەستی تر، بەڵام دواجار ئەم پرۆسەیە کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر کۆمەڵگا و دەبێتە دەروازەیەک بۆ تێکدانی نەریت و بەها کۆمەڵایەتیەکان و لەگەڵ ئەمەشدا دەبێتە لێدان و تێکدانی گۆرانی و میوزیکی کوردی!! ‎دەگوترێت هۆنراوە یان (تێکست ) ی هونەری گۆرانی بریتییە لە زەوی (خاک)، میلۆدییەکە ئەو باڵەخانەیەیە کە لەسەر زەوییەکەیان (خاکەکە) بنیات دەنرێت، دابەشکردنی میوزیکیش جوانکاریی و ڕەنگ کردنی ئەو باڵەخانەیەیە! ئەمە ئەوە دەگەێنێت ئەو میدیایانە بەوشەی کوردییەوە و لەسەر خاکی خۆمان میلۆدی و هەست و نەستی تورکیی یان عەرەبی دەدەن بە گوێماندا باڵەخانەی تورکی یان عەرەبی لەسەر بنیات دەنێن!
با چیتر لەسەر خاکەکەمان باڵەخانەی بێگانە دروست نەکرێت! با چیتر وەکوو بەرگێک مۆرک و میلۆدی میوزیکی تورکی و عەرەبی نەکرێتە بەری وشەی شیرینی کوردی! ‎لە ئێستادا هەوڵێکی تری داگیرکاریی هەیە ئەویش ئەوەیە گۆرانییە ڕەسەنە کوردییەکان لەلایەن هەندێک لە میوزیسیانە کوردەکانەوە بە میوزیکی تورکییەوە پێشکەش دەکرێن و دەدرێتەوە بە گوێماندا! بۆن و بەرامەیان.
ڕاستە میوزیکییەکەیان، سۆڵۆی ژەنینی تاکەکەسی و دابەشکردنی میوزیک هەر هەمووی بە شانازییەوە ڕەنگ و مۆرکی میوزیکی تورکی، یان عەرەبییان گرتووە، هەر وشەو تێکستی کوردییە دەخزێنرێتە ناو شەپۆلێک لە میوزیکی تورکی، یان عەرەبییەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەها ترین و ناوازەترین ستۆدیۆی دەنگیی لە قووت و داهاتی میللەتەکەی خۆمانی بۆ تەرخانکراوە! بە واتا داگیرکردنی زمان و کولتوور و هونەرەکەمان هەر لەسەر ئەرکی خۆمانە! نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو ئەم پرۆسەیە بووەتە دەستکەوتێکی ماددی باش بۆ داگیرکارو لە و ڕێگەیەوە ئامێرە گرانبەهاکانی خۆی لە بازاڕی داگیرکاریی زمان و میوزیکدا ساغ دەکاتەوە! ئەم جۆرەیان سامناکترین و خراپترین جۆری ژەهرە، ئەم پرۆسەیە بە ڕەنگ و بۆ لە بڕینەوەی دار زەیتوونەکان دەچێت، درەختەکان دەبڕدرێنەوە و پاشان دەگوازرێنەوە کارگەکان و بە سنعەتی تورکی پێمان دەفرۆشرێنەوە، میلۆدی گۆرانییەکانمان، و شەو شیعرەکانمان، گۆرانییە کوردییەکان پۆل پۆل بە بەرگ و ڕوخساری میوزیکی تورکییەوە لە ستۆدیۆی هەندێک لە میدیاکاندا بەرهەم دەهێنرێت و دەکرێنە هەڵگری هەمان ناسنامەی داگیرکەر! ‎ڕاستە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاری کولتووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی و… هتد، بەستەر کۆمەڵگادا دێت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە تەواوی بابەتێکی ترە و تەواو مەترسیدارە. دەبێت میللەتی هۆشیار گۆڕانکاریی یان کاریگەریی و داگیرکاریی لە یەک جیا بکاتەوە. ‎بە بڕوای من ئەمەی دەگوزەرێت بە تەنیا خەم ساردیی پەرلەمان و حکومەت یان هێزە سیاسییەکان نییە، پێ دەچێت هێزێکی ناوخۆیی هاوکار و چاو ساغ و بەشدار بێت لەم داگیرکاریەی دوژمنانی گەلەکەماندا! بە درێژایی مێژووی گەلەکەمان هەموو جۆرە داگیرکارییەکانی دوژمنان هەر لە ڕێگای چاو ساغی و هاوکاریی و پشتیوانیی هێزێکی سیاسی ناوخۆوە بووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت