سەردەشت محەمەد: ژیانی ئێمە لەبەردەم ویژدانی بیماری ئەواندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنییە هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی دەیان جۆر لە خۆراک و کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچو نەبیستین، ئەم هەواڵانە بەڕادەیەک زۆربوون وامان لێهاتووە گومان لە تەواوی ئەوخۆراک و وپێداویستییانە بکەین کە ئێستا لەبازاڕەکانی هەرێمدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.
ئەگەر ڕۆژگارێک پێمان وابوو کە بازاڕەکانی هەرێم بونەتە زبڵدانێک بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاو شتومەکی ماوەبەسەرچوی وڵاتانی دەرەوە و لامان وابو، ئەوە پەیوەندی بەو دوژمنایەتیە لەمێژینەی نەیارەکانمانەوە هەیە کە دەیانەوێت هەموو ڕێگاکانی لەناوبردنمان بگرنەبەر، کەچی ئێستا بۆمان ڕونبۆتەوە ئەم نەخۆشییە بەروبوم و کەرستەو پێداویستییەکانی ناوخۆیشی گرتۆتەوە، کەواتە بابەتەکە هیچ پەیوەندی نییە بە سیاسەتی خراپی وڵاتانی چواردەورەوە،بەڵکو ئەوە کۆمەڵێک بازرگان و فرۆشیاری بێویژدان و داماڵراون لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی کە لەپێناو کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی ناشەرعیدا گرنگی بەژیانی خەڵک نادەن و تەنها ئامانجیان پڕکردنی قاسەکانیان لە سەروەت و سامانی حەرام.
بەداخەوە سەرەڕایی ئەوەی ڕۆژانە ئەم هەواڵانە دەبیستین،کەچی تائێستا نەمانزانی سزایی یاسایی ئەو بازرگان و دوکاندار و فرۆشیارانەچین کە ئەم تاوانانە ئەنجامدەدەن، تەنها ئەوەندە دەبیستین کە سزای مادیی دەدرێن، بۆیە حەقی خۆمانە بپرسین ئایە فرۆشیارێک کە لەبری خۆراک ژەهر دەرخواردی هاوڵاتیان بدات دەکرێت تەنها بەسزایەکی مادیی دەربازی ببێت؟ یاخود بۆ بنەبڕکردنی ئەم تاوانە دەکرێت دەسەڵات ڕێگای دیکە بگرێتە بەر و دەبێت وەک تیرۆرستێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ناکرێت خۆراک و کاڵا و شتومەکی ماوەبەسەرچوی بازرگانێک کەڕەنگە هۆکاربێت بۆ توشبونی دەیان کەس بە نەخۆشی شێرپەنجەو دەیان نەخۆشی دیکە هەروا بە سزادانێکی مادیی دەستی لێهەڵبگیرێت، بەڵکو دەبێت حکومەت و یاسا بەجۆرێک سزایان بدات کە جارێکی دیکە نەتوانن لەبازاڕدا پەنا بۆ دوبارەبونەوەی کارێکی لەوجۆرە ببەن، ئەگەرنا ئەوا دورنییە هەمان بازرگان و فرۆشیار و دوکاندار بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانە مادییەی کە لێی کەوتووە جارێکی دیکە پەنا بۆ هەمان تاوان نەباتەوە.
هەرچەندە بەشێک لەقورسکردنەوەی ئەوسزایانە پەیوەندی بەدەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارەوە هەیە، بەبڕوای من بەشێکی دیکەی ئەو سزایانەش پەیوەندی بەئاستی ڕۆشنبیری ئێمەی کڕیاریشەوە هەیەو دەبێت، ئەو فرۆشیارانە وەلاوەبنێین کە دەزانین تاوانبارە بەوەها تاوانێکەوە و نابێت جارێکی دیکە خودی خۆمان ببینەوە بە هۆکاری گەرم بونەوەی بازاڕی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت