عوسمان عەسکەری: سەردەشت عوسمان شوناسی بیری ئازادیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ تاکە بوونەوەری ئەم گەردوونە بەرینەیە مەحکومە بەوەی بیر بکاتەوە، فۆڕم بۆ بیرکردنەوەکانی وێنا دەکات، نەخشەی ئەنجامدانی بۆچوونەکانی دادەڕێژێت، بۆیە ئینسان هەمیشە بەپێی ئەو خێزانەی لێی لە دایک دەبێت، بەپێی ئەو سیستەمە حوکمڕانیەی وڵاتەکە بەڕێوە دەبات، وابەست بەو گەڕەک و گوندە، بەو شارو کۆمەڵگاو ئەو پێگە کۆمەڵایەتیانەی هەیەتی، بەشێوازی جودا جودا بیردەکاتەوە، هەر ئەوەشە ئێمەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە. ئینسان بیر دەکاتەوە سبەی چی بخوات، بۆ ئەوە بەشی سبەینێ خواردن دەستەبەر دەکات، بەڵام بزن پلانی نیە ژەمە خواردنێک عەمبار بکات، لەگەڵ ئەوانەشدا مرۆڤ ئەوکاتەی بیر دەکاتەوە پێویستی بە هیچ وشەیەک یان زمانێک نییە بیری پێ بکاتەوە.
ئینسان دەتوانێت بەبێ ئەوەی هیچ ووشەیەک بدرکێنێت، یان هیچ بڵێت و هیچ بۆچوونێک باس بکات و بیربکاتەوە، لێرەوەیە پێغەمبەری موسڵمانانیش فەرموویەتی ( إنما الأعمال بالنيات )، بەڵام لەڕاستی دا، مرۆڤ بەبێ ئەوەی هاوکاری لە ووشە وەبگرێت ناتوانێت خەونەکانی ئاشکرا بکات، ناتوانێت بیرو بۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ کەسانی دیکەدا بگۆڕێتەوە و هاوبەشیان بکات. مرۆڤ بۆ ئەوەی خەونەکانی بگەیەنێتە خۆشەویستەکەی، بۆچوونەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی، لەتەک گروپێک، توێژێک، کۆمەڵگاکەی دابەش بکات، یان کۆدەنگی خەباتگێڕانە دروست بکات دەبێت هێز لە دەربڕینی ووشەو زمان وەربگرێت، یان لە ڕێگای نووسینەوە بیرو خەونەکانی دابڕێژێت و ئاشکرایان بکات، بەڵام کێشەی گەورە لێرەدایە.. ئەو کەسانەی بە ئازادی بیر دەکەنەوە و کێشەکانی کۆمەڵگاو ناعەدالەتی دەسەڵات شیدەکەنەوە و لەبن دەسەڵاتە پاوانخوازو دواکەوتووەکاندا ڕەخنە دەگرن، هاوشێوەی شەهید سەردەشت و سەدان ڕوناکبیرو چالاکوانی دیکە، دووچاری کوشتن، ئەشکەنجە، زیندانی، نانبڕین، ڕاوەدونان و دەربەدەری دەبنەوە. شەهید سەردەشت کە لە خێزانێکی خەباتگێڕی پڕ ئەندێشەدا لەدایک بووە، پرۆفایلی خەمناک و بوێرانەی ”ژنێکە ” نەوەکانی بۆ خەبات و پاسەوانی مرۆڤایەتی پەروەردەو گەورە کردووە، بۆیە سەردەشت بەو تەمەنە کەمەیەوە خاوەندی بیرکردنەوەیەکی نائاسایی گەورە و خەیاڵدانێکی قووڵی ڕەخنەیی بوو. خەونی بەرین و لەپێشینەی ئەوە بوو لەتەک گەنجانەکاندا کۆدەنگیەک لە دژی ستەم دروست بکەن و خەبات بۆ ئایندەیەکی درەوشاوە بگێڕن، لەبەر ئەوە خەونەکانی پڕ بوون لە تێکۆشانی ئازادی و بەختەوەریی نیشتیمانی دایکان، دواجاریش بە گووتاری یەکەم زەنگی کوشتنم لێی دا، هەموو گەلی کوردستانی شۆک و سەرسام کرد.
شەهید سەردەشت لەناو کڵپەی ئاگری پایتەختی وڵاتی ڕەسەندا وەک شوناسێکی ئازادی لە دژی خراپەکاری جەنەراڵەکان گیرۆدەی جەنگێک بوو هەرگیز سڵی لێ نەکردەوە. ئەو دەیزانی جەنەراڵەکانی ئەم هەرێمە تاوانکارو ستەمکارن، ڕقیان لەهەموو ئەو کەسانە دەبێتەوە بیر دەکەنەوە و خەونیان هەیە، لەبەر ئەوە بوێرانە دەستی برد ماهیەتی ئەو توحفەیە بۆ هەمووان کەشف بکات، بانگی کرد لەدوا هەناسەی ژیانی دا بەدیداری بکوژەکەی بگاو چارەنوسی بەمەرگێکی تراژیدیای هاوشێوەی ژیانە تراژیدیاکەی کۆتایی بێت، بۆیە نوسیوویەتی: ( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانین قسه‌بكه‌ین كه‌واته‌ ئازادی هه‌یه‌، ئه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی كورد ده‌كرێت بپرسین ئه‌ی دوای ئازادی چی؟ كوشتن یان لێدان یان نانبڕین؟). شەهید سەردەشت بەو مەرگە تراژیدیایەی پێی گەیشت، حەقیقەتی توحفەکەی بۆ هەمووان کەشف کردو سەلماندی، بەبێ ئەوەی لەم هەرێمەدا دەستورێکی نیشتیمانی هەبێت، یاسای قەدەغەکردنی بیری ئازادی هەیە.. خەیاڵدانی خۆشەویستی ڕەنگین و هەموو خەونێکی درەوشاوە و ڕوناکی یاساغ کراوە، کۆی چالاکیەکانی خواست بۆ عەدالەت و یەکسانی کەوتۆنەتە بەر نەفرەتی جەنەراڵەکانی تاریکی و عاقیبەت بە کوشتن، زیندان یان کۆچ کۆتاییان دێت..! لێرە ئینسان بۆ ئەوەی بمێنێت بە چەپڵەو لۆغان شکستی جەنەراڵەکان دەکاتە مەتەڵی سەرکەوتن، خیانەتەکانیان دەگۆڕێت بۆ ئەکتی نیشتیمانی و وێنەی سێلڤیان لەگەڵدا دەگرێت. لێرە بیرکردنەوە قەدەغەیەو کوڕان و کچانی گەنجی ئەم نیشتیمانە بێ مافە بە مردووی ژیان دەکەن..!! لە کۆتایی دا شەهید سەردەشت ژیانی خۆی لە پێناو ژیانی ئەوانی تردا بەخشی و لەو سەعاتەوەی تیرۆر کرا بۆتە مۆنۆمێنتی زیندووی شکۆمەندی گەنجانی کوردستان و لەسەر گۆڕەپانی ناوەندی نیشتیمان بەبەرزی دەدرەوشێتەوە. مۆنۆمێنتەکە وەک هێمایەک بۆ یادەوەری خەباتی ئازادی نەکوژاوە ئاگری شکۆمەندی ئەبەدی داگیرساندووە و دەڕوانێتە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگاکەی ”کۆمەڵگایەک بەمردوویی ژیان دەکەن.
لەیادی سیانزدەهەمین ساڵەی تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، سەڵاو و نەمری بۆ شەهیدان سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامەحەمەو کاوە گەرمیانی و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ڕوناکی گەلی کوردستان، نەفرەت و مەرگی نەهامەتی بەر تاوانکارانی تیرۆر کەوێت.

 

  • * وێنەکە دەستکردی کاکە ڕێبوار کەریم تاهیرە
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت