ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردەوخولەکانی هاوینە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆخی ژیان بەگشتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، کە جێی هیچ مشتومڕو باس وخواسێک نیە، چونکە گۆڕانکاری پێویستیەکی گرنگە بۆ ژیان، کاتیش لەسەر کەس ناوەستێ بۆیە مرۆڤ ناچارە لەگەڵ گۆڕینی کات خۆی بگونجێنیت.
یەکێک لەوفاکتەرانەی رۆڵی کارا دەگێڕن بۆ گۆڕانکاری، پەروەردە پشکی شێری بەردەکەوێت، ئەوەیە نەهێنی پشت پێشکەوتنی ووڵاتان، کە خۆیان بۆ گۆڕانکاری وپێشخستنی ژیان ئامادە دەکەن لەڕێی پەروەردەوە، پێش ئەوەی جیهان بەتەواوەتی بکرێتەوە بەڕوی زانست بە گشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتیە بەرفراوانەکان بەتایبەتی، وک دەڵێن ئەمڕۆ جیهان لە گوندەوە بچووک بۆتەوە بۆ شاشەی مۆبایلێک، ئەوکاتانە خولی مەشق و ڕاهێنانەکان باشترین ڕۆڵیان دەگێڕا بۆ ڕاهێنان و ئاراستەکردنی مامۆستایان بەتایبەت لەوەرزی هاویندا، کاتێ ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێدەکردەوە، مامۆستایان بە گووڕوهێزو تینێکی پڕلەووزەوە پێشوازیان لە خوێندکاران و قوتابیان دەکردەوە، پەیامەکەیان کە ئاراستەکردنی پەروەردەیەکی دروست و فێربوون بوو، کاریان لەسەردەکرد.
ئەوسەردەمە خولیاوویستە تایبەتەکان وەک هونەرەکانی نیگارکێشان و موزیک و وەرزش، بەهۆی خولی تایبەت و لەدەرەوەی خولە پەروەردەییەکان مناڵان دەیانتوانی بەشداری بکەن، هەچەندە لە یەکەی مەشق وڕاهێنان بۆ ئەو وانانەش مامۆستاکان بەشداری خولەلانیان پێدەکرا، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان خولەکانی هاوینەی ئەوسا و ئێستا بکەین، تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەبین، ئەوسا خولەکان پەروەردە لەڕێگەی یەکەی مەشق و ڕاهێنان سەرپەرشتی دەکردن و ناوی مامۆستایان بەلیستێک دەنێردرا بۆ خوێندنگەکەیان و بەپێی پسپۆڕیەکەیان خولەکان دیاری دەکران، لەگەڵ ئەوەی کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون وانەکانی خولەکانیان دەوتەوە، بڕێکی باشیش پارە بۆ ئەو مامۆستایانە دیاری دەکرا کە بەشداریان دەکرد.
ئەوە دەبووە هاندەرێکی باش تا هەوڵ و کۆشش و بابەتەکان جوانترو باشتر بگەیەنرێن.
ئامانج لە کردنەوەی خول وڕاهێنان، باشتر کردن و ئاراستە کردنێکی دیاریکراوە، وەک (لۆرن فلیشمان)پرسیار دەکات و دەڵێ: ( هەر کەسێک دەتوانێت بەباشی ڕاهێنان ئەنجام بدات، ئایا پلان هەیە بۆ باشترکردن؟) وەڵامی ئەو پرسیارە ئەکەوێتە سەر چۆنیەتی پلان و بەرنامەی ئەو خولەی کاری لەسەر دەکرێت لەلەیەن ئەنجامدەرانی.
بەڵام ئێستا خول زۆر بەکەمی دەکرێنەوە، ئەوەی دەشکرێتەوە هەندێ کەسی نزیک لەحیزب و کەسەکان نەبێ هەرکەس ئاگای لێ نیە، یان لەئێستادا کۆمەڵێ پەیمانگەی بازرگانی بەبڕێک پارەی زۆر خول بۆ هەموو وانەکان دەکەنەوە، سەیرەکە ئەوەیە هەر ئەومامۆستایانەی لەخوێندنگەکان، وانە دەڵێنەوە بەشداری ئەو خولانە دەکەن و دەبنەوە مامۆستا، واتە لەئێستادا خول و بەشداریکردنی ئەو خولانە بۆتە بازرگانیەکی ڕێپێدراو، کە ئەمە کارێکی خراپ و ناڕەوایە، کاتێ پەروەردە لەڕێگەی یەکەی مەشق و ڕاهێنان خولەکان پەرە پێدەدات گرنگی زۆر و بایەخی تایبەتی هەیە، دەکرێ گرنگی خولی هاوینە لەم خاڵانەدا کرت بکەمەوە، کەئەمانەن:
1- دانانی ئامانج و پلانێکی ڕوون بۆ خولەکە.
2- بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی بەشداربوان.
3- وەرگرتنی زانیاری نوێی بابەتەکە.
4- گۆڕانکاری و نوێبوونەوە.
5- خوێندنەوەوزانینی کەموکورتیەکان.
6- لەخولەکاندا تێگەیشتن و سەرنج و تێبینیەکان بەکورتی و پوختی دەدرێن و گفتوگۆیان لەسەردەکرێت.
7- کەسانی بەشداربووی خولەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی خولەکە دەنوسن.
8- نابێت کەسانی ناپیشەیی، یان ناداهێنەر خولەکە پێشکەش بکەن، چونکە ئەنجامەکەی لاواز دەبێت و دەگۆڕێت بۆ ڕۆتین.
9- دەبێت لە خولەکەدا باسی ئەو کاتە بکات کە پێویستە بۆ تەواوکردنی. بڕی ئەو کاتەی کە بۆ ڕاهێنانی هەر بڕگەیەکی خولەکە تەرخان کراوە.
10- باشترە لە کۆتایی خولەکەدا نوسراوێکی ڕاپرسی بەسەربەشداربوان دابەش بکرێت و بۆچوونی ڕاست لەسەر خولەکە بنوسن.
11- ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی (ڕاستگۆیانە) لە کۆتایی خولەکەدا و زانینی جیاوازی مەعریفی و کردەیی. تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیانە ئەو تاقیکردنەوەیە کە بەڕاستی ئاستی سودمەندی خولەکە دەپێوێت.
12- بڕوانامەیەک لە کۆتایی خولەکەدا پێشکەش بە بەشداربوان دەکرێت، ئاستەکان دیاری دەکرێت.
هیوادارم وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، پلان دابنێت بۆ کردنەوەو ئەنجامدانی خولی هاوینە بۆ مامۆستایان، چونکە تاقە هۆکاری پیشخستن و ئاراستەکردنێکی دروستی هاوچەرخە بۆ پرۆسەی پەروەردە بەرەو باشترکردن و ڕاگرتنی ئەو بازرگانیە ناشیرینەی بەخولەکانی هاوینانەوە دەکرێن، لەلایەن چەند کەس و پەیمانگەیەکەوە، دڵنیام ئەگەر خواست هەبیت و خەمی پەروەردە بۆ چاککردن بکەینە ئامانج بەسەر هەموو ئەو بازرگان و گرفتانەدا زاڵدەبین کە لەمپەری بەردەمی پەروەردەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت