عەبدولکەریم شێخانی: تیلماسکێکی دیکە لە هێشووە شیرینەکەى زمانی کوردی, ئايين و ڕەوشتی باش لێک دانابڕێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

23. 09. 2022
جاران ناوى کتێبی ( ئایین ) ( الدين و التهذيب )بوو, واتە ئایین و پەروەردە بە ڕەوشتی بەرزەوە. واتە ڕەوشتی باش بەندە بە ئایینەوە. ئەوەندەى من شارەزاییم هەبێ و شتێکم لەبارەى ئایینەکانەوە, هەر ئایینێک, بە تایبەتی ئایینە ئاسمانییەکانەوە, خوێندبێتەوە هەر هەموویان فەرمان دەکەن بەچاکە و دەتگێڕنەوە لە خراپە بە تایبەتیش ئایینى ئیسلام. کەواتە خواپەرستی ڕاست و ئایینپەروەرى باش ئەو کەسەیە کەخۆی لە هەموو کارێکی خراپ و بەد بەدوور دەگرێ هەر چاکە دەکات و بەم شێوەیە هەم خوا لێی ڕازى دەبێت و هەم خەڵک. هەموو کارێکی بەد دژی ئایینە بە تایبەتیش خەڵک کوشتن و خواى گەورە دەفەرموێ; ( من قتل مؤمنا متعمدا فجزاؤه جهنم خالدا فيها و غضب الله عليه و لعنه و أعد له عذابا عظيما .. صدق الله العظيم ), واته هەر کەسێک یەکێک بە ئەنقەست بکوژێ سزاکەى دۆزەخە هەتا هەتایە تێیدا دەبێ و خواش لێی تووڕە دەبێ و لەعنەتییشی لێ کردووە و ئەشکەنجەیەکی گەورەشی بۆ داناوە ). پێغەمبەریش ( د.خ) فەرموویەتی: ( المسلم من سلم المسلمون من لسانە ویدە), واتە موسڵمان ئەو کەسەیە کە موسـڵمانان لە زمان و دەسـتى پارێزراو بن.
لە دواى وەفاتی پێغەمبەر ( د. خ) سێ خەلیفەى موسڵمانان کۆژران و هەر لە سەردەمی خەلیفە ( على کوڕی أبی طالب) کۆمەڵی ( الخوارج ) پەیدا بوون و چەندان تاوانیان کرد و لەپیش هەمووشیانەوە ئیمامی عەلییان کوشت و ئیدى لە دواى ئەوە بە درێژایی مێژووى ئیسلام چەندان دەستەو کۆمەڵەو ڕێکخراوى هەمەجۆر بەناوی جیاجیا سەریان هە ڵداوەو هەمووشیان هەر بەناوی ئیسلامەوە کاریان کردووە و لێکدانەوە و شیکاری هەمەجۆر و جیاجیایان بۆ ئایینى ئیسلام و قورئانی پیرۆز هەبووەو بوونەتە مایەى سەرئێشە, هەم بۆ ئاییەنەکە و هەم بۆ خەڵکیش و چەندان تاوانی گەورەیان دەرهەق بە خەڵکی بەری و بێ تاوان کردووە.
بە داخەوە زۆر کات وڵاتانی ئیسلامی بوونەتە مەیدانی شەر و جەنگی خوێناوى و سەرى هەزارانیان تێدا پەڕیوە بێ ئەوەى ئاگایان لە مەحمودی بێ زەواد بێ. لەوساوە تا ئەمڕۆ هەر کۆمەڵەو ڕێکخراوى ئیسلامییە بە چەندان ناو دادەمەزرێن و بەشی زۆریشیان کەسانێک بۆ مەبەست و بەرژەوەندی خۆیان دایاندەمەزرێنن و ناوى ئیسلامییان لێ دەنێن. لە هەموویان ناودارتر حزبي ( اخوان المسلين ) ە کە ( حسن البنا ) لەساڵی 1928دایمەزراند بە مەبەستی گەڕاندنەوەى خەلافەتی ئیسلامی. ئەویش دوایی لق و پۆپی لی بۆوە. ئیخوان لە زەمانی مەلیک فاروق تەقەیان لە ( محمود فهمي نقڕاشی پاشا ) کرد و کوشتیان. لە سەردەمی کۆماریش لە ساڵی 1954 لەکاتی گوتارداندا, تەقەیان لە ( جمال عبدالناصر ) کرد لە ئەسکەندرییە و بەرنەکەوت و عبدالناصر چەند کەسێکی لێ گرتن لەسێدارەىدان و ناودارترینیان ( عبدالقادرعودە) و ( سید قطب ) بوون لەگەڵ کۆمەڵێک ئیخوانی دیکە. دواتر ئەو بیرە ئیخوانییە بە شێواز و بۆچوونی دیکە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا بڵاو بووەوەو لەو وڵاتە ئیسلامییانەى عەڕەب نەبوون زۆر توندوتیژانە خۆی نواند. دواى ئەو کۆدەتایەى لە ئەفغانستان ڕووىدا حزبی شیوعی حوکمى گرتە دەست، ئەو بزاڤە ئایینییە کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگاکەى دژى کۆمۆنیزم بوو توندتر دەرکەوت و پاش ئەوەى ئەمریکا و وڵاتە عەڕەبە ئیسلامییەکان بەتایبەتیش سعودیە بە ئاشکرا خۆیان خزاندە نێو مەسەلەکە و یارمەتی زۆری دارایی و چەک و جبەخانەى هەمە جۆریان خستە بەردەستی ڕیکخراوە ئیسلامییەکان کە ئەوانیش هەر یەکە بۆ خواست و مەبەستی خۆیان رێکخراوێکی ئیسلامیی دروست کردبوو.
ئەو هەموو رێکخراوە جیا جیایانە بەلاى ئەمریکا و هاوپەیمانانی گرنگ نەبوون, بەڵکە ئەوەى جێی بایەخ و بەهەند وەرگرتن بوو لاى ئەوان دژخوازانی سۆڤیەت زۆر بن. چەند ڕیکخراویکی ئایینی لە ئەفغانستان پەیدابوون و هەر یەکە سەرکردەی خۆی هەبوو وەک ( برهان الدین ربانی, قلب الدین حکمتیار, أحمد شامسعود ) هەموویان لە دژی سۆڤیەت کاریان دەکرد. بەڵام دژی یەکتریش بوون و سەرەنجام ئەحمەد شامسعودیان کۆشت. شان بەشانی ئەوانە بزووتنەوەى ( طالبان ) سەرى هەڵدا کە قوتابییانى قوتابخانە ئایینییەکان بوون و وایان لێ هات لە هەموو بزووتنەوەکانی دیکە بەهێزتر بوون و دەستیان بەسەر حوکم داگرت.
ڕێکخراوى(القاعدة)ش کە ( أسامة بن لادن )ى سعودی دایمەزراند، هێزی پەیدا کرد و گواستیەوە بۆ ئەفغانستان و چووە پاڵ ( طالبان ) و بەهۆی دوو فڕۆکەوە مەڵبەندی بازرگانیی جیهانییان لە نیویۆڕک تەقاندەوە و بوونە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر و ئەمریکاش هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و طالبانی ڕاونا. لە نەوەتەکان بزووتنەوەیەکی توندڕەوى ئیسلامی لە جەزائیر سەرى هەڵدا و ئەو سەردەمە بە ( العشریە السوداء ) ناسراوئەوەندە دڕندو بوون کە بە لێشاو خەڵکیان سەردەبڕى و دەستیان لەژن و منداڵ و پیریش نەدەپاراست و ترس و تۆقاندن لە نێو جەزائیردا سەرى هەڵدا کە ئارامیی لەخەڵک هەڵگرتبوو. دواى ئەمان لە عیراق ( أبو مصعب الزرقاوى ) دواى داگیرکردنی عیراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس پە یدا بوو و خۆ تەقاندنەوە و ئۆتۆمو بیل و ماتۆڕى مینڕێژکراولە شارە کانی عیراق خەڵکی بێ تاوانیان دروێنە دەکرد. فیلمەکەى زەرقاوی کۆتایی هات. بزووتنەوەى ( دەوڵەتی ئیسلامی لە عیڕاق و شامی ناسراو بە داعش ) پەیدایوو و بوونە هۆى کوژرانی هەزاران کەسی بەرى و بێ تاوان بەهۆى خۆتەقاندنەوەو ئۆتۆموبیلی مینڕێژ کراوەوە. ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانە لەزۆر شوێنی دیکەى جیهان سەریان هە ڵدا وەک ( نێجیریا) کە ڕیکخراوى ( بۆکۆ حەرام ) ی حەرامزادە لەو وڵاتە خۆیان دەرخست و بەیعەتیان بە داعشدا.
ئەمە گەشتێکی خێرا بوو بە نێو مێژوودا و پەیدابوونی ئەو هەموو ڕێکخراوانە بەناوی (ئایینى ئیسڵامییەوە ) و ئەو هەموو کوشت و کوشتارە بەناوى ئایینى ئیسلامەوە و ئیسلامیش لە هەموویان بێ بەریە. تۆ ئەگەر بە وردى سەیریان بکەیت, سەرکردەکانی ئەو رێکخراو و بزاڤانە زیاتر مەبەستیان دەسەڵات و حوکم گرتنە دەست و هەژموون پەیداکردن بووە بەسەر خەڵکدا نەک پەرۆشی بۆ ڕێباز و ئایینی ئیسلام. ئەو حەز و ئارەزووی دەسەڵات گرتنە دەستە بە سەرکردەکانی حزبە جیا جیاکانیشەوە دیارە و هەر یەکە دەیەوێ خۆى دەسەڵاتداری یەکەم بێ لە نێو وڵاتدا و سەر بە هەموو دەسەڵاتدارەکانی دیکە شۆڕ بکات و وەک جووچک بیانخاتە ژێر باڵی فەرمانی خۆیەوە و خۆی تاکە خاوەن دەسەڵات و فەرمان بێت و ئەوانە هەر هەموویان بە ئایینخواز و دنیاخوازەکانەوە ئەوەى بانگەشەى بۆ دەکەن هەر بۆ چاوبەستەکێ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە و خۆیان وا پیشان دەدەن کە خوا چەکی حوکم کردنی ئەو خەڵکەى بە ئەوان بەخشیوە و ئەوان شوانی کارامە ولێهاتوون, خەڵکیش مێگەلە مەڕ و بەئارەزووى خۆیان بەم لاو بەو لایاندا دەبەن و ئەگەر سوێندێ بخۆیت و بڵێی هیچیان لەو لاف لێدانی خزمەت کردنی ئایین و وڵات و گەلە ڕاست ناکەن, سوێندت لێ ناکەوێت.
ئەى ئەو ناڕێکی و دوژمنایەتی وپێکەوە نەحەوانەوەى هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە کە هەزار و چوار سەت ساڵە بەردەوامە و کۆتاییشی نایە, هەر هەمووى لەسەر دەسەڵات و حوکم نییە؟ ئەى ئەو شیوەنەى هەموو ساڵێک بۆ یادی شەهید کردنی ئیمامی (حسین )دەکرێ بۆ ئەوە نییە کە ( یزیدى کوڕی معاویە) لە پێناوى چەسپاندنی حوکمى خۆی دەستی چووە خوێنی کچەزاى پێغەمبەر کە ئەوان بە ناوى ئەوەوە حوکمیان گرتە دەست؟ ئەى ئەوەى ئەمڕۆ لەنێوان شیعەو سوننە لەلایەک و لە نێوان شیعەکان خۆیان دەگوزەرێ هەر هەمووى لەسەر هەژموون و دەسەڵات نییە؟ توخوا بە خۆتان دەڵێم لەپێناوى ئایین و ( أمیر المۆمنین علی کوڕى أبی طالبە ) ؟ ئەى بۆ باسی ئەوەى لاى خۆمان ناکەن ئایا لە پێناوى دەسەڵات و سامانە و یان بۆ کورد و کوردستانە؟ کورد دەڵێ بڕۆن یەکتر بکوژن تا کوردستان ڕزگار بێت؟ کورد دەڵێ دەست بەسەر سامانی سەر زەوى و ژێر زەویدا بگرن بۆ خۆتان و خەڵکیش برسی کەن؟ ئەوەى من دەیڵێم هەمووتان لەمن باشتر دەیزانن و هەستی پێ دەکەن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەى خۆتان زۆر لەوەى من زیاتر باس دەکەن، بەڵام نایخەنە سەر کاغەز چونکە (بڤەیە ). بە یارمەتیی خۆتان ئەگەر ڕێم پێ بدەن لێرە مۆڵەت دەخوازم و بەجێتان دەهێڵم بۆ هەندێک بابەتی دیکەى خرتکە و پرتکەى داهاتوو کە پەیەندییان بەم بەشەوە هەیە و خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت