عیماد عەلی: لایەنی ئەرێنی شکست و سەرکەوتنی ئەردۆگان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە یادکردنەوە و خستنەرووی کردەوە و سیاسەتی دوژمنکارانە و دژایەتی و کوردکوژی ئەردۆگان بێت و بە سۆزداریەکی سیاسیی رووت و نەخوێندنەوەی هەردوولایەنی سود و قازانجی دوور مەودا بێت، هەموومان لەگەڵ شکست و کەوتن و تورٍدانی ئەردۆگانین و بە دەرئەچوونی شاگەشکە دەکەیەن و چاوەرٍێی شتی باشتر لە کلیچدار ئۆغلۆ دەکەین.
ئەگەر وتەکەی بەرێز عوسمان بایدەمیر لێکبدەینەوە کە دەڵێت: بە دەرئەچوونی ئەردۆگان دەروازەی بەهەشتمان لێ ناکرێتەوە، بەڵام دەرگای دۆزەخمان لێ دادەخرێت، ئەگەروابێت هەر باشە و بە بەستنی دەرگایەک ئەگەری کردنەوەی دەرگاکەی دیکە لە ئارادەبێت. بەڵام تەماشای وەزعی ئۆردوگان و هەڵوێستەکانی و بۆچونی وڵاتان و بەتایبەتی زلهێزەکان و ئەمریکا و ئۆرپا بکەین، دەکرێت ئێستا باشترین هەل بێت بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو خاڵە لاوازانەی ئەردۆگان و مانۆرەکانی دەریخستوون و هەوڵی ناچارکردنی بۆ سەلماندنی هەر هیچ نەبێت، مافە سەرەتاییەکانی کورد و بەتایبەتی ئەگەر هەوڵی دوور خستنەوەی نەتەوەپەرستانی لە ناوەندی بریار و سیاسیەتی تورکیا بدرێت و ئەردۆگان بگەرٍێنرێتەوە بۆ سەرەتاکانی قۆناغی سەرکوەزیران بوونی و پەیرٍەوکردنی رێبازەکەی ئۆزال و گرتنەبەری پرۆسەی ئاشتەوایی.
لە لایەکی ترەوە تۆیەک بیروبۆچون و رەفتاری کڵیچدارئۆغلۆیەکی ئەتاتۆرکی دەزانیت و باش لێی تێگەیشتویت و تا ئێستا بە ئاشکرا هیچ پەیمان و رایەکی تایبەتی لەسەر پرسی کورد دەرنەبریبێت، ئەوا شێمانەی مامەڵەو سیاسەتی چاکی لەمەر کورد زۆر کەمە و ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەکرێت ئەردۆگانێکی زەلیل و داماو و پەروباڵکراو و زۆر لاواز بکرێت و حزبەکەی بە شێویەکی نابوت بمێنێتەوە دەتوانرێت بخرێتە ژێر فشاری هەمەلایەنەی دەرەکی و ناوەکیەوە.
ئەمە لە لایەنی نێوخۆییەوە بەو شێوەیە، ئەگەر لە باری سیاسی دەرەکیەوە لە مەر تورکیای ئەردۆگانی بروانین، ئەردۆگانێک کە ئەمریکا و ئۆرپا باش لێی تێگەیشتوون و دەزانن چۆن مانۆر دەکات و یاری لەسەر چەندین پەت دەکات، ئەندامێکی ناتۆیە و شێخی دەرباری روسیا و ئێرانیشە و دوژمنی سەرسەختی یۆنان و ئەرمینیا و سوریایە و هەوڵی ئەوە دەدات لە هەر سێلاوە خۆی نزیک بکاتەوە و وەکو میارتگری عوسمانی هەوڵی گێرٍانەوەی مێژوو دەدات و بە دوور لە بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا وەک ئەندامێکی ئەکتیڤی ناتۆ یاری دەکات، بەڵکو وەکو دەروازەیەکی روسیا و چین لە قرم خۆی دەنوێنێت، ئا ئەم سیاسەتە دوفاقیە وای لە رۆژئاوا کردووە کە هەمیشە بە ئاواتی لاوازبوونیی ئەردوگان بن و لەو بارەوە کاریشیان کردووە، بۆیە کورد دەتوانێت لەم بارەدا زیاتر ئەردۆگان و حزبەکەی لە گۆشەیەکدا قەتیش بکات و دەتوانێت بواری یاریکردن و پەیوەندی لەگەڵ نەیارانی ئەردۆگان لە رۆژئوا فراوانتر بکات. بۆیە دەکرێت کڵیچدار ئۆغلۆ سەرەتایەکی باش بێت، بەڵام بە جوڵەیەک دەتوانێت باری لاری تورکیا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ رۆژئاوا راست بکاتەوە و مەیدانی یاریەکە بۆ کورد تەسک بکاتەوە.
بۆیە لە زۆر لاوە، دەکرێت لەوباوەرٍەدا بین کە دەشێت تا رٍادەیەک خێرەکە لە مانەوەی ئەردۆگان بێت و لە مەودایەکی دووردا بۆ یەکلایی کردنەوەی هەڵوێستەکانی، فشاری زۆری بخرێتە سەر و ملکەچی ئەمرکیا و تەنازولی زۆرتر بکات لە پرسی کورد و دیموکراسیدا.
بۆیە ئەگەر شکستی ئەردۆگان لەچەند روویەکەوە سودێکی کاتی هەبێت و وەک روخانی دکتاتۆرێک سودی بۆ هەموو گەلانی تورکیا بێت، بەڵام بە سەرکەوتنی ئەردۆگانیش، لە باری هاوکێشە دەرەکیەکان و لەخوێندنەوە و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ بارەکەدا سودێکی گەورەی بۆ کورد هەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت