ڕەووف محەمەد ئالانی: نیشتمانێک تاپۆی حیزب و بەرپرسان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەونی ڕزگاری و ئازادی بۆ مرۆڤ ئاواتێکی گرنگ و لەپێشینەیە، بۆ مرۆڤی کورد ئەوخەونە گەورەترە، چونکە بەربەست و ڕێگریەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لەهەموو سەردەمەکاندا زۆر بوون، گەلی کوردیش سەنگەری خەبات و تێکۆشانی چۆڵنەکردووە و بەرگری لە مانەوەی خۆی کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش قوربانی زۆریی داوە.
لەمێژووی خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاری نیشتمانی گەلی کوردستاندا، هەمیشە ئەم گەلە چاوی لە ترۆپکی ئاسۆی ئازادی بووەو بۆ ئەو ئامانجەش هەزاران قوربانی بەخشیوە، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕۆژی ڕوناکی سەربەستی و ئازادی، جارجارە کە خۆری ئازادی لەسەر خاکی کوردستان خۆی پەخشکردبێت، بەجوانترین شێواز لەلایەن خەڵکی تامەزرۆی ئازادی کوردەوە پێشوازی لێکراوە، نزیکترین نمونەش ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 بوو، تا هێزی پێشمەرگە دابەزین خەڵک کوردستانی لە دەسەڵاتی ستەمکاری بەعسی شۆڤینی پاککردەوە، ئیتر ڕاپەڕین و کۆڕەو و جارێکی تر ڕاپەڕین، تا ڕژێم ناچارکرا هەموو دامودەزگا فەرمیەکانی گواستەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی خۆی بەمەبەستی ناچارکردنی خەڵک بۆئەوەی بچنەوە ژێرڕکێفی بەعس، بەهۆی گیانی کوردپەروەرانە و هەستی بەرزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، ئەو خەونەی دوژمن نرایە گۆڕ.
لێرەدا وتەیەکی (بنیامین فرانکلین) دێتەوە بیرم کە دەڵێت: (لە کوێ ئازادی هەبێت، نیشتمان هەیە)کەواتە خەڵك لەپێناوی ئازادی لەنیشتماندا قوربانی داوە.
هێزە بەناو شۆڕشگێڕەکان بۆ بەردەوام بوون و مانەوەیان لەسەرداگیرکاری و قۆڕخکاری، وشەی (جارێ حکومەتەکەمان ساوایە)یان بەکاردەهێنا، تا بووە نوکتەیەکی سەمەرەی سەرزاری هەموو خەڵک، ویست و ئامانجی شۆڕشگێڕە دەسەڵاتدارەکان خۆی لەخواستی تایبەت و خۆدەوڵەمەندکردن بینیەوە، حیزبەکان سەرەتا ڕێگەیان بۆخۆیان دۆزیەوە تا دەوڵەمەند ببن، هەرچی ئامێر و ماکائین و بۆری و ئاسن و تەلی کارەبا و زۆری تریان ئاودیوی سنوورەکان کرد تا گەیشتە شۆفڵ و پردەکان شتی تر، ئەوە سەرەتای تاڵانی و وێرانکردنی کوردستان دەستی پێکرد، ئینجا کەوتنە تەخشان و دابەشکردنی زەوی بۆ خۆیان و کەسوکاریان، لەم چوارچێوەیەدا سەدان زەویان لەسەرخۆیان تاپۆکرد، دەستکاری جۆری زەوی و زاریان کرد، وەک زەوی کشتوکاڵی و بەردەڵان و لەوەڕگەو پاوانگە، هەموویان کردە باخ و ڤێلا بۆ خۆیان، سەرباری ئەو کارە دزێوانەی لەناو شارەکان کردیان، دەبوایە لەهەمووشتێکدا پشکی ئەوان پارێزراوبێت، وەک دووکان و چێشتخانەو کافێ و ئوتێل و بەنزینخانەو خەتی پاس و هەمووشتێک کە بچێتە بواری پارەو بازرگانیەوە.
هەندێ بازرگانی قەبە هەن ئەوانیان بۆخۆیان قۆرخکرد لە وانە(بازرگانی دەرمان، بازرگانی جگەرە، بازرگانی خواردنەوە کحولیەکان و…) هتد، لەدوای ئەوانە هاتنە سەربازرگانی بەسووتەمەنی و دەرهێنانی نەوت و غاز بێگومان کەس بۆی نیە باسی ئەوانە بکات، ئەمانە خەریکی ئەو بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردنە بوون، لەولاشەوە مامۆستایان و فەرمانبەران کەلوپەلی ماڵەکانیان فرۆشت تا گەیشتە دەرهێنانی دەرگاوپەنجەرەی ماڵەکانیان، ئەوانیش زۆر بەچاوقایمی خۆیان هاتن و شەڕی خۆبەخۆیان هەڵگیرساند و نزیکی بیست هەزارکەس لەڕۆڵەی خەڵکیان دابەکوشت، دوای ئەوەش وتیان خەتای خەڵک بووە.
لەدوای ئەم هەموو کارەساتە نەیانتوانی دەسەڵاتێکی باش و جوان و ڕەشید دابمەزرێنن، لە دووئیدارەوە بەناو کردیانەوە بە یەک حکومەت، بەڵام هەر خراپتربو، ئەمجارە موچەی خەڵکیان بڕی و پاشەکەوتیان داهێنا.
خەڵکێک ئەم هەموو قوربانیەی دابێت، پێویستە بەرهەمەکەی بچنێتەوە، ئەگەر بەباشی و دادوەرانە مامەڵە بکرایە، هەر وەک(وینستن چەرچڵ، دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیران (1874- 1965 )وتوێتی: (نیشتمان درەختێکی باشە و تەنها لە خاکی قوربانیدا دەڕوێت و بە ئارەقە و خوێن ئاو دەدرێت) لەمەوە دەردەکەوێت ئەمانە نیشتمانێکی باشیان نەویستوە، بەڵکو ئەوەیان ویستووە کە خۆیان مەبەستان بووە.
دوای سی و دووساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی، پێویستە هەمووتاکێکی وشیار ئەو پرسیارە لەخۆی بکات و بڵێ: کامەبووبەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانی و ڕاپەڕین؟
ئێستا خەڵکی کوردستان هەژارو نەدارن و ئەوانیش خاوەنی هەموو شتێکن، جگە لە خەمی نیشتمان و بەهای بەرز و خزمەتکردن، وتەیەکی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) گونجاوە کەدەڵی: (سامان و دەوڵەمەندی لەغوربەت و تاراوگەشدا بێت نیشتمانی خۆیەتی، بەڵام هەژاری و نەداری لەماڵەکەی خۆشتدا نامۆبوونە).
ئەوەی بۆ ئێستا بەرچاوودیارە، لەم هەرێمەدا دەیان و سەدان کۆمپانیای بەناو وەبەرهێنان، خەریکی و ێرانکردنی زەوی و خاکی نیشتمانن بەمەبەستی دروستکردنی خانووشووقە و ڤێلا، بەڵام ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە خەڵکە هەژەرەکەیە، بە بڕێکی زۆرئەیفرۆشنەوە بەخەڵک، زەویەکەش بەکەمترین نرخ ئەیاندرێتێ.
حکومەت بۆچی ئەوکارە بە کەسانیتر ئەسپێرێ؟ دیارە، چونکە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە هی دەسەڵاتدارانن و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی خۆیان، ئەم حیزبانە کارێکیان نەکرد خەڵک لە پێویستیدا لەپێناوی نیشتمادا خۆی بکاتە قوربانی، کۆتایی ئەم وتارەم بە وتەیەکی (تۆماس کارلایل) دێنم کەدەڵێت: (خۆشە مرۆڤ لە پێناو نیشتمانەکەیدا بمرێت، بەڵام لەوە جوانترئەوەیە لە پێناو نیشتمانەکەیدا بژی).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت