زەبەنگ بەهادین: سایکۆلۆژییەتی جەماوەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ لە خەسڵەتی سروشتی خۆیدا بونەوەرێکی ترسنۆک و بێ هەوڵوێستە، هۆکاری سەرەکی ئەم خەسڵەتەی نەزانین و گومانە، لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە پرسیارە بێ وەڵامەکان مرۆڤیان ترساندووە، بۆیە هەمیشە بۆ وەڵامێک گەراون ئەو ترسە برەوێنێتەوە. بۆ وەڵامی پرسیارەکانیان هەرگیز وەڵامی تاکە کەسی رەهەندی خۆی نەبوە بۆ ئارامی، بەڵکو هەوڵدراوە وەلامەکە بکرێتە جەماوەری تا هەموو پێکەوە بن، لە کۆمەڵ بوندا مرۆڤ ئەو ترسەی دەرەوێتەوە و ئازا و چاو نەترس دەبێت، وەک لە زۆر بانگەشەی شۆرش و هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بەرەو پێش چوون بانگەوازی یەکگرتن و یەکێتی و یەکبون دەکرێت.
ئەم یەکگرتن و یەکبونەی مرۆڤەکان پێیدەڵێن جەماوەر بوون، کە لێرەدا سیکۆلۆژیەتی تاک دەگۆرێت بە شێوەیەک کە توانا و بینینەکانی زیاد دەکات لە چاو تەنها بوونی خۆیدا، بۆیە هەوڵی زیاتر بۆ بە دەستهێنانی هەر ئامانجێک لە جەماوەر بووندا زیاتر دەرەخسێت بۆ بەدیهێنان.
وەک چۆن مرۆڤ لە بە جەماوەر بووندا دەتوانێت باشتر کۆنترۆڵی دۆخەکان بکات و ئامانجەکانی بەدیبێنێت بە هەمان شێوە دەسەڵاتیش دەتوانێت کار لەسەر جەماوەر بوون بکات بۆ گێژکردن و بەلارێدا بردن و شاردنەوە.
کۆکردنەوەی جەماوەر بە دوو ئاراستەی جیاواز لە لایەن دەسەڵات مەرامی مانەوە و بەهێز بوونی خۆیەتی لە بەرامبەر لاواز بوونی میللەتەکەی.
دەتوانیت بە شێوازی حیزبی سەوز و حیزبی زەرد دۆخێک بخولقێنی کەچی ویستێک هەبێت بە هۆی جەماوەری زەرد، یا جەماوەری سەوز، بەدیبێنیت بە بێ ئەوەی جەماوەی هەردولا درکی پێبکەن. ئەو کات ئەو جەماوەرەی دەمێنێتەوە کە دژیان دەبێت دەتوانیت جەماوەری دژ بەیەکی دی تێدا دروست بکرێت وەک یاری تۆپی پێ، یان مەزهەبی ئاینی، یان کلتوری کۆمەڵایەتی لە مانەدا جێگایان بکەیتەوە و سەرقاڵیان کەیت بە دژ بەرایەتی یەکدی.
ئەوەی دەسەلات کاری لەسەر دەکات لە ئێستادا دروستکردنی قەیرانی بەردەوامە بۆ جەماور، بۆ ئەوەی ئەگەر مرۆڤەکان لە چوارچێوەی جەماوەریشدا کۆببنەوە، نەتوانن ئاراستە راستەکە ببینن و سەرقالی قەیرانە دروستکراوەکانی دەسەڵات ببن، جا لە بابەتی کۆمەڵایەتی بێت، یان سیاسی بێت، یان ئابوری گرنگ جەماوەر کۆبکرێتەوە و بە لارێدا ببرێت، بۆیە زۆرجار وەک چۆن جەماوەر هەوێنی شۆرش و پێشکەوتنە دەتوانرێت وەک هەوێنی دواکەوتوی و ژێردەستی و نەزانیش بەکار بهێنرێت.
هەر کۆمەڵگایەک توانی جەماوەرێکی هوشیار دروست بکات بە دڵنیای ئازادی و دیموکراسی شارستانی لەو کۆمەڵگایەدا دەخولقێت ئەگەر ئەمەی نەتوانی هیچ رێگایەکی دی نابێت بۆ رزگار بوون و ئازاد بوون و دیموکراسی راستەقینە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت