بەهرۆز جەعفەر: دیسان مەسەلەی بۆڕییەکە، دەرفەتێکی نوێ لەگەڵ بەغداو جیهانی عەرەبی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پسپۆڕان لەوەدا هاوڕان کە لە سەدەی بیستو یەکدا; سروشتی «ڕووداو» لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا خێراو دراماتیکییە؛ ئەمەش وا لە ئەکتەرەکان و ناوچە جیاوازەکان دەکات کە هەم چانسیان هەبێت لە شوێن و کاتی خۆیدا « هەر ڕووداوێک» بکەنە دەرفەت و خاڵی بەهێز بۆ خۆیان، هەم وا دەکات لە ناکاو هەڵگەڕانەوە ڕووبدات، پاشان ڕووبەڕووی قەیران و داخرانی نوێیان بکاتەوە. ئابوریی سیاسی هەرێمی کوردستان بە دەرفەت و هەڕەشەی گەورە دەوردراوە. ئایا پرسی نەوت و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەرچەیەکی نوێی بۆ هەیە؟ ئایا چۆن قەیرانەکان دەتوانن دەرفەتی نوێ لەگەڵ خۆیان بهێنن؟

یەکەم/ فاکتەری تورکیاو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان
ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دادگای نێوبژیوانی پاریس -ICC، ئەگەرچی بووە هۆی ئەوەی تورکیا لەسەر داوای بەغدا هەناردەی نەوتی کوردستان ڕابگرێت. بەڵام هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقی لەیەک نزیکتر کردەوە؛ دەنگوباسی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێم و بەغدا لە ئازاری 2023دا، بووە هۆی هەزاران هەواڵ و ڕاپۆرتی جیا-جیا لە میدیاو ناوەندە عێراقی و جیهانییەکاندا. ئەوە شەست و دوو ڕۆژ تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا ( 8 ) جار داوایان لە ئەنقەرە کردووە، تورکیا هەر هەرجارەی بیانوویەکی بۆ دەست پێنەکردنەوەی هەناردەکردنەکە هەیە. ئەوە ڕوونە کە ئاکپارتی و ئەردۆگان ئەم هەڵبژاردنەیان لەپەرلەماندا بردۆتەوە، ئەردۆگان بۆ جارێکی دیکە دەچێتەوە کۆشک و لە چانکایا درێژە بە سیاسەتەکانی دەدات. کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەونەوە بەردەم گەڕێکی دیکەی توندو توندتری پەلامارەکانی تورکیا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک دەرکەوتووە کورد نەیتوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و پرسی «ژینای ئەمینی» دا هیچ شتێکی دەست بکەوێت. لە باشوری کوردستانیش تورکیا هەر لە مووسڵەوە تا دەگاتە خانەقین، شێوازێکی نوێ لە دەستتێوەردان پەیڕەو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی نوێی بەرانبەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت لە بەرانبەر دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنەکە. ئەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیانی گەورە بە بوودجەی عێراق دەگەیەنێت.
عێراق لەناوخۆداو لەگەڵ جیهانی عەرەبی دا بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتە ئابووریی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی خۆی سەرقاڵی داڕشتنی ڕێگای گەشەپێدانە.

دووەم/ فاکتەری بیرکردنەوە لە هێڵێکی نوێی وزە
پێشووتر، لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، چەندین ڵێکۆڵینەوەمان سەبارەت بە جیۆپۆڵەتیک و حەوزەکانی وزە و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە. هەرێمی کوردستان دەورە دراوە بە سێ هارتلاند، یان سێ حەوزە یاخوود سێ کوتلەی جوودای وزە:
1- حەوزەی قەزوین، لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی کوردستانەوە. کە ڕووسیا نوێتەرایەتی دەکات، لەگەڵ ئێران نەک هەر یەک سیاسەتی وزە پەیڕەو دەکەن، دەیانەوێ بەشێک لەکێڵگەکانیان جۆین بکەن بەیەکەوە.
2- حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، کە دوانزە ساڵە بەهۆی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییەوە لە میسر، قوبرس، ئیسرائیل سەدایەکی گەورەی لای ئەوروپاو ئەمریکا دروستکردووە، کۆمپانیای نۆبڵ ئینرجی -Noble Energy لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکە بەشێوەی پشک (1900) کیلۆمەتر و بە تێچووی ( 7 ) ملیار یۆرۆ بەژێر ئاودا هێڵی بۆڕییان لە نێوان قوبرس و ئیسرائیلەوە گەیاندۆتەوە دوورگەی کریت ی یۆنان و لەوێشەوە بۆ هەر کوێیەک.. لێرەدا یانەیەک، یان لووتکەیەکی گرنگ هەیە بەناوی لووتکەی گازی سرووشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا ئەندامەکانی پێک دێت لە؛ میسر، فەڕەنسا، ئیسپانیا قوبرس، ئیتاڵیا، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین، ئیسرائیل و تەواوی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەرئەم ڕێڕەوە دەریاییەو سنوری هاوبەشیان هەیە. تورکیا وڵاتێکی سەرەکییە لەسەر ئەم حەوزەیەو دە ساڵە داواو هاوار دەکات، بەشداریی پێناکەن لەم لووتکەیەدا. عێراق لە سییەکانی سەدەی ڕابردوەوە بە چەندین بۆڕی و شێوازی جۆراوجۆر نەوتی هەناردەی دەریای ناوەڕاست کردووە. هەرێمی کوردستانیش لەوەتەی نەوت هەناردە دەکات بە بۆڕیی ناردوویەتی بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کە هەر دەکەوێتە سەر دەریای سپی.
3- حەوزەی سێهەم کەنداوی عەرەبییە، دەکەوێتە لای خواری هەرێمی کوردستانەوە. قەتەر سێهەمین یەدەگی گازی سروشتی جیهانی هەیە. ئیمارات گەورەترین کاریگەریی سیاسی و دیبلۆماسیی و ئابوریی هەیەو بەرهەمهێنەری نەوتە، لە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستاندا کاردەکات کە «کێڵگەی کۆرمۆرە لە لایەن کریسنت پیترۆلیۆمی ئبماراتییەوە بەڕێوە دەبرێت». لەمەش واوەتر، سعودییەی یەکەم بەرهەمهێنەری ئۆپیک ( ڕۆژانە 704 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات) بە ڕێبەرایەتی «محەمەد بن سەلمان» دەستی کردوووە بە کرانەوەیەکی گەورەی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا. لەهەموو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر، ئیمارات لەگەڵ ئەوەی لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، ئەندامە لە لووتکە گازییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF).
بە نزیکەیی (90٪) ئەو یەدەگە نەوتیی و گازییەی لە سوریا هەیە، دەکەونە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە «واتە ناوچە کوردییەکان»، لە دۆخێکی وادا بیرکردنەوە لەوەی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی هێڵێکی بۆڕییەکەی بەرەو باکوری سوریاو لەوێشەوە بۆسەر دەریای ناوەڕاست بگۆڕێت؛ نزیکترەو بابەتێکی مەحاڵ نییە. جەنگ لە سوریا بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەم بیرکردنەوەیە پاڵپشتی کەنداوییەکان و ئەوروپاو ئەمریکای مسۆگەرە. تەنانەت ئەمجارە بەغداش پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بەغدا تووشی کێشەی ئەمنی {بەهۆی موسڵ و شەنگال} ەوە، هەروەها کێشەی ئاو دەبێتەوە لەگەڵ تورکیا. لێ میکانیزم و ئاستەکانی کار بۆ کردنی، بەرجەستەکردنی خەونە گەورەکە کێ ئیشی بۆ بکات لە هەرێمی کوردستانەوە؟!
بوونی دوو هێڵ -Pipeline گرنگە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش. هەر لە بنچینەدا خۆی دوو هێڵ بووە لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانییەوە. کاتێک نەوتی کەرکوک ساڵی ( 1927 ) دۆزرایەوە. بینییان تا دێت ژمارەی بیرە نەوتەکان زیاد دەکات.. ئەو کاتە کۆمپانیای نەوتی باکور بە دەست ئینگلیزەکانەوە بووە. ئینگلیزەکان دەیانویست هێڵی هەناردەکردنەکە بچێتە “حەیفا”، فەڕەنسییەکانیآ دەیانویست بچێتە “بانیاس” ی سوریا. دواتر “مستەر پێنج لەسەت” واتە “کالۆست گۆڵبنگیان” وەک سەرمایەدارێکی ئەرمەنی-بەریتانی کە لە تورکیا لە دایک بووە، ڕێکی خستن و بە دوو هێڵ نەوتی کەرکوک و باکور هەناردە دەکرا: یەکەمیان بۆ حەیفا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش دەچووە سوریا؛ تەنانەت لەناو سوریا ش دەبووە دوو لق: لقێکیان دەچوو بۆ بەندەری بانیاسی سوریا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش هەر لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ تەرابلوسی لوبنان.
سێهەم/ سوریاو گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی: دەرفەتەکە هەیە، بەڵام کورد ئامادەیی نییە!
لە (19ی ئایاری 2023) بە فەرمی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا «بەشار ئەسەد» دوای دوانزە ساڵ سوریا گەڕێنرایەوە ناو کۆمکاریی عەرەبی لە لووتکەی « جەددە». لووتکەکە سەراپا باسکردن بوو لەو هەڕەشە ستراکچەراڵ و ستراتیجییانە کە ڕووبەڕووی جیهانی عەرەبی بۆتەوە لە یەمەن و لیبیا و سودانەوە تا دەگاتە عێراق و سوریا. پاشان نیشاندانی دەمار « عەزەڵاتەکان» ەکانی سعودییەو ئیمارات بوو لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بۆ سەرکردایەتیکردن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.
هەنگاوەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی سوریا بەگشتی، گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی بێ ئاگاداریی ڕووسیاو ئێران نییە. دەستەڵاتی تەواوەتی لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق؛ ئەسەد، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت، یان نا، مانەوەو چارەنووسی کورد لە سوریا پەیوەستە بە بوون و پاڵپشتییەکانی ئەمریکاوە.
ئەمە تەختەی نوێی شانۆی حیهانییە؛ ڕۆڵی زلهێزو سۆپەر پاوەرەکان تەسکتر بۆتەوە، ڕۆڵی هێزە هەرێمیی، یان ناوچەیییەکان زیاتری کردووەو دەکات. زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەکو کورد کارەساتە. بەڵام بێ دەرفەتیش نییە؛ ئەوەتا شەمەندەنەفەرەکە وەستاوە، ئێوەی کورد سوار دەبن یان لە نێو خۆتاندا خەریکی «مەعمەعە» و بێنەو بەرەی لابەلا دەبن!؟

چوارەم/ فاکتەری هەرێمی کوردستان
سیاسەت، پەیوەستە بە «مرۆڤ» ەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤە توانای بیرکردنەوە، قسەکردن، ڕەفتارکردنی، ئاڕاستەکردن، چاودێریکردن و ڕێکخستنی هەیە. وەکو فاکت ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هیچ مرۆڤ و کۆمەڵە کەسانێکی تر نییە کە توانای ڕەفتارکردن و ئاڕاستەکردنی ئابورییانە، دیبلۆماسییانەو سەربازییانەی هەبێت. بەغداو جیهان بەگشتی مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو هێزە «بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان» دەکات، ئێمەش وەکو توێژەر مامەڵەو فۆکەس و گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو دوو هێزەیە سەبارەت بە گرفتەکان و دۆزینەوەی فۆڕمێکی نوێ و تێگەیشتنی ئەوان لەسەر دیاردەکان.
لەمیانەی کردنەوەی مۆزەخانەی سەرکردەی مێژوویی کورد خوالێخۆشبوو «مەلا مستەفا بارزانی» سێ هەنگاوی گەورە بە ڕێبەرایەتی کاک مەسعود بارزانی هاوێژرا:
1- دەستپێکردنی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان گەرم و گووڕی تێکەوت، ئەنجامەکەی کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی بوو، کە ماوەی ساڵێک بوو گرفتیان هەبوو.
2- وەک بینیمان، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە مەراسیمەکەدا ئامادەییان هەبوو.
3- ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان کە تا ئەوپەڕی ناڕازیی بوون لە سیاسەتەکانی دوو حیزبە فەرمانڕەواکەی هەرێم، پێشوازیی و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی. بەڵام، پێناچێت، ئەمە گرفتە قووڵەکانی یەکێتی لەناوخۆی خۆی لەلایەک، لەگەڵ پارتی لەلایەکی تر چارەسەربکات. پێناچێت بیرکردنەوەیەکی گەورەتر و تەماشاکردنێکی نوێی ئەو دوو هێزە بۆ سەرجەم بابەتەکان بهێنێتە ئاراوە. ئەوەتا یەکێک لە دەرەوەی حیزبەکان دەچێتە سەر مەزاری «تاڵەبانی» جنێوی پێ دەدرێت، کەسێکییش سەردانی مەزاری «بارزانی» هەر جنێوی پێدەدرێت. هێشتا کەسێک ڕایەک و پرۆژەیەکی بۆ هێنانە ئاراوەی فۆڕمێکی نوێ هەبێت، لەبری بەرز- ڕاگرتنی بە هەردوولا کار لەسەر کووشتنی ئەو ڕۆحییەتە دەکەن. گەلێکی وا لەبری گوتاری پێکەوەیی و سروودی پێکەوەژیان لە پەرلەماندا شەڕە-شەق و شەڕە زللە بە پێش چاوی دونیاوە دەکەن! سەرئەنجام ئەمە شتەکان دەگەیەنێتە بێتاقەتی لای جیهانی دەرەوە، لای جەماوەر و چاودێران.
دەرئەنجامەکان
یەک/ ئەگەرچی تورکیا هێزێکی ناوچەیی کاریگەر و کارتێکەرە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە ئێستاوە تا دوو ساڵی تر تووشی فەوزایەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی ببێتەوە، بە هۆی قەیرانە دارایی و ئابورییەکەی، بەهۆی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی، بەهۆی زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکانی تر وەکو: سعودییە، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات، ئێران. هەروەها بەهۆی بەردەوامیی ئەردۆگان لە هەندێ لە هەڵچوونەکانی ئەمەش کارو کاردانەوەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.
دووەم/ پێ ناچێت، هەرێمی کوردستان ئیرادەی وەرچەرخانێکی نوێی هەبێت، هەنگاوی وەها گەورە بهاوێژێ کە ئاوەدانی و ئاشتی زۆر گەورە بهاوێژێ، چوونکە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەناوخۆی خۆیدا وەک پێویست نییە، ئەمەش وادەکات ڕەفتارەکانی بە ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەوڵەتییانە دەرنەکەوێت.
سێهەم/ دەکرێت، پارادایمێکی نوێ بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، لەگەڵ بەغداو کۆمکاری عەرەبی بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە رێگەی « سیاسەتی ڕێگای گەشەپێدان» ـەوە. ئاسانتر لێرەوە دەتوانن هێڵێکی نوێی وزە بینا بکەن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بپاڕێزن و ڕێگەش لە هەڕەشەکانی تورکیاش بگرن.
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی- MIRS

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت