بەختیار نامیق. مەسرور و بابۆ و بافڵ و قوباد و چیا و نما.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێ بێ کاریگەری گۆڕانکاری و دەستەڵاتەکانی ناوچەیی و جیهانی نیە، بگرە هەر جوڵەیەکی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابوری ببێت بەدەر نیە لە کاریگەری جۆری ململانێکان و بەریەککەوتنە سارد و گەرەمەکانی بەرژەوەندی وڵاتان، بە مانایەکی تر هەمو حزبەکان و فیگەرەکان لەسەر یەکێ لە هێڵەکانی دەستەڵاتی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بوە، گەر هێڵەکە بە ڕەنگێکی کاڵیش بوبێ، ئەم وێنەکردنە لە مێژوەوە بۆ ئێستا، درێژ دەبێتەوە. هەر قۆناغێکی مێژویی بە پێی فۆرم و ڕەسمی ئەو قۆناغە بووە، واتا لە مێژەوە ئەم هێڵانە دیاریکەریی حیزبی دەستەڵاتدار و کەسی دەستەڵاتدار بوە، ئەو سەرکردانەی کە ویستویانە لە ڕەهەندێکی نیشتمانیەوە ئەم ڕەسم و نەخشەیە بگۆڕن بە پێچەوانەی بەرژەوەندی گرێدراو و هاوبەشی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی و جیهانییەوە بون، نەیان هێشتوە بچێتە ناو بازنەی دەستەڵات.
ئەگەر لە قۆناغێکی مێژوییدا کە قۆناغی گۆڕانکارییە خێراکان بوە، کەسی دیار و حیزبی دیار، بە چوار ڕێگە توانیویانە بچنە ناو بازنەی دەستەڵات:

1. پارتیزانی.
2. لەسەر هێڵی یەکێ لە وڵاتانی زل هێزی ناوچەییەوە.
3. کودەتای سەربازی.
4. بنەماڵەیی.
لەم قۆناغەدا و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا لە نەقشبەندی و قادرییەوە دەگواسترێتەوە بۆ جەلالی و مەلایی لە فۆرمی یەکێتی و پارتی و زۆنی زەرد و سەوز خۆی نمایش کردوە، ئەمەش لەسەر هێڵی تورکی و ئێرانی کە کاریگەری پلە یەکی هەبوە، لەم چوارچێوەیەدا لە ئیستادا قۆناغی ئەو سێ هۆکارە کۆتاییان هاتوە و تاکە هۆکارێک بۆ چونە دەستەڵات بنەماڵەیی و تەوریسی سیاسیە، وە ئەم مۆدێلە جۆرێکە لە مۆدێلی وەلی عەهدی خلیجی و ئالەکان و لەسەر ئاستی سیستەم سەرۆکایەتی و لە پشتیشەوە بنەماڵەکان حکوم دەکەن، واتا سیستەم و فۆرمی دەستەڵاتی جیهانی پشتیوانی لەم جۆرە مۆدێلە دەکات و بە کۆکەرەوەی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان وڵاتی ململانێکەر دەزانێ، بە نمونەی شێخەکانی خلیج. ئیتر هەوڵەکانی تر بۆ دەرباز بون لەم جۆرە مۆدێلە، چی دیکتاتۆری بێت، یان دیموکراسی، فەشەلی گەورەیان هێناوە کە بتوانن دەستەڵات بگرنە دەست، ئەگەر چی وەک گوشار دەتوانێ کار بکات، بەڵام ناتوانێ دەستەڵاتی جێبەجێکردنی هەبێت، ئەگەر زۆرینەی کورسیەکانیش لە هەڵبژاردندا بباتەوە، (سەدر و نەوشیروان مستەفا)، واتا قسەی ئێمە ئەوە نیە ئێمە چیمان دەوێ، ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەوەیە (چی هەیە ) نەک چیمان دەوێ، هەر لەم دیدەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی بهێنین و خوێندنەوەی واقیانە بۆ سەرکردەکانیان بکەین، ئەوا دەتوانین خوێندنەوەیان بۆ بکەین.
سەرکردەکان چەند بازنەیەک بوە بەپیێ کاریگەریان و پلە و پۆستیان ( بازنەی یەک و دوو و سێ و چوار و… هتد ، هەر بازنەیەکیش چەند پلەیەک بوە) ئەم دوو حزبە بە سێ هۆکار چونەتە دەستەلات بە پێی قۆناغی سەدەی پێشو (لەسەر هێڵی وڵاتانی زل هێز، پارتیزانی، بنەماڵەیی) دەکرێ لەهەر حزبێکیاندا هەر سێ جۆرەکە لە سەرکردەی تێدا بوبێ، هەموشیان لە چوارچێوەی فکرێکدا بون، دروشمەکانیان نیشتمانی و نەتەوەیی بو ، بە درێژایی مێژوو حیزبەکان و سەرکردەکان ئەگەرچی خوێنیان داوە و شەهێدێکی زۆر گەورەیان داوە کە مایەی دەست بە سنگەوە گرتنە، بەڵام لەسەر ئەم سێ هۆکارە گەشەیان کردوە، لەم نێوندەدا ئەگەر لە قۆناغێکدا بە ناچاری حزبێک، یان سەرکردەیەک پێویستی بەوە بوبێ لەسەر هێڵێ یاری بکات، ئەوا لە دوا قۆناغدا لە بەدەرخانییەکانی بۆتانەوە تا نەوشیروان مستەفا دوو پڕۆژە هەبوە بۆ دەرچون لەم دەرچونە لەسەر هێڵی وڵاتان، ئیتر هەرچی ڕوداوی سیاسی و سەربازی و ئابوری و جوگرافی هەیە کاریگەری پلە یەکی بەسەر سەرکردە و حزبەکانەوە هەبوە تا ڕادەی خیانەتی نیشتمانیش ( 31 ی ئاب و 16 ئۆکتۆبەر).
لە ئێستادا قۆناغی سەرکردەکانی بازنەکان بەسەر چوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەو مۆدێلی ویراسی و بنەماڵەیی و وەلی عەهدی خلیجیەیە کە هەیە، ئەمە بەو مانا نایەت پێمان وا بێت ئیتر لە دەرەوەی ئەم فۆرمە ناتوانرێ هیچ بکرێ، بە پێجەوانەوە دەکرێت خەباتی مەدەنی بەردەوامی هەبێت وەک بەدیل و هیچ نەبێت ببێتە کارتی گوشار بۆ سەر کۆی دەستەڵات، بەڵام مۆدێل و هێزی سەرکردەکانی ناو هەمو بازنەکان لە ناو حزبەکاندا بەسەر چوە وەک مۆدێل ئەوەی دەمێنێتەوە خوێنی یەکەمی هەر سەرکردەیەکیانە لە بازنەی خۆیدا، جا ئیتر لە ناو دەستەڵات بێت یەن دەرەوە گرنگ ئەوەیە قسەی هەبێت و کاریگەری هەبێت.
سەرکردەکانی ناو بازنەی یەک و پلە یەک سێ سەرکردەن بە پێێ فۆرمەکە، نەوەکانیان دەبنە دەستەڵاتی یەکەم و جێنشینیان و سەرکردەکان خۆیان کاریان بۆ ئەم مۆدێلە کردوە، لە ناو بازنەی کۆشکی دەستەڵاتدا خوێنی یەکەمی ئەم سەرکردە پلە یەکانە خەریکی سڕینەوەی خوێنی دوەم و سێیەمی ناو کۆشکن ئەگەر بەیعەت نەدەن بە باڵادەستی نەوەی خوێنی یەکەم، مەسعود بارزانی وەک بنەماڵە کە تا ئێستا خۆی ماوە لەم ڕوەوە توانیویەتی خوێنی یەکەمی خۆی بباتە دەستەڵات و خوێنی دوەم و سێێەم ناچار بە بەیعەت دان بە خوێنی یەکەم کردوە. دوای خۆی چی دەبێ ئەوەیان بۆ کاتی خۆی لە حزبی سەرکردە پلە یەکەکانی تری هاوڕێی بارزانی خراپتر نەبێ، باشتر نابێت و ئەوەشی پارتی و یەکێتی بەم هەمو ناکۆکی و باڵباڵێنەوە ڕاگرتوە، تەنها ئەنقەرە و تارانە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئێران و تورکیایە، هەرێم دەجوڵێنێ. نەوەی سەرکردەکانی بازنەی یەک و پلە یەکەکان نەوەکانیان وردە وردە دەستەڵاتەکان بە مۆدێلی خلیجی دەگرنە دەست و سەرکردەکان خۆیان کاریگەریان نەماوە، هەم تەمەن و هەم مۆدێل و سەردەمەکە ناچاریان کردون بە پاشەکشە. جا هەر سەرکردەیەک لەمانە نەوەکانیان نەتوانن بچنە ناو دەستەڵاتەوە ئەوا بەرەو پوکانەوە دەچێت. خۆ ئەگەر تاڵەبانی باوک دوای خۆی ئەمە دروست بوبێ (بافڵ و قوباد) ئەوا بارزانی باوک لە بونی خۆشیدا ئەمەی کردوە (مەسرو و بابۆ). بەڵام نەوشیروان مستەفا تا ئێستاش دەیانەوەێ لە ڕێگەی حیزبەکەیانەوە (گۆڕان ) ئەمە نەکەن و بەرە و پوکانەوەش دەچێت. واتا ئێستای گۆڕان مەحکومە بە گۆڕینی شێوەی خۆی لەسەر ئەوەی ڕەسم دەکرێت لەلایەن وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی و جیهانەوە بە وێنەی خلیج، ئیتر هەر هەوڵێک هەبێت لە دەرەوەی ئەم وێنانە دەکرێت کاریگەی گوشاری هەبێت، بەڵام ناتوانێ بچێتە ناو بازنەی دەستەڵات. بە مانایەکی تر ئەوە خوێنی یەکەمی سەرکردەکانی ناو بازنەکانن، دەبنە جێگرەوەی دەستەڵاتی باوکەکانیان نەک خوێنەکانی تر. لەم ڕوانگەیەوە (چیا و نما ) لەبەردەم دو ئەگەردان، یان پوکانەوەی تەواوەتی حیزبەکەی باوکیان و وەک بورهان یاسین دەڵێ (ون بون لەبەردەم داگیرکردنی مێژوو ) و مێژوی باوکیشیان داگیر بکرێت، کە ئەم پرۆسیەیە دەستی پێ کردوە، یان کارکردن بە پێێ ئەوەی لە واقعدا دەگوزەرێ نەک ئەوەی گۆڕان و پرنسیپ و ئێمە دەمانەوێت. چەند هەوڵیش بدەین نابێتە هێز، ئەگەر زۆرینەی کورسیەکانیش بەدەست بهێنیت بە نمونەی (نەوشیروان مستەفا و سەدر) واتا (جیا و نما ) مەحکومن بەوەی کە لە واقعدا هەیە، نەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێت ئەویش دەستەڵاتە وەک کوڕانی بارزانی و تاڵەبانی.
سەرکردەکانی پلە دوی ناو حیزبەکان ئێستە نەوەکانیان لە دەستەڵاتدان، خۆ ئەگەر یەکێ لە نەوەکانش سەرکردەیەک وەک دەڵین تاقەتی نەبێت، ئاوا خۆی خەریک کردوە بە پڕۆژەی بزنسەوە و نەوەکانی تری ئەم کارە دەکەن بە نمونە ( هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد) نەوەکانی تری ئەم کارە دەکەن، ئەمە بۆ سەرکردەکانی پلە دوی ناو بازنەی یەکەمیش هەر ڕاستە، بۆ نمونە ئێستە کۆسرەت ڕەسوڵ خۆی ونە و کوڕەکانی میراتگیری دەستەڵاتی باوکیانن لە ناو پارتیشدا هەر وایە، لە سامی عەبدولڕەحمانەوە بۆ فەلەکەدین کاکەیی و زۆری تریان. ئەگەر سەرکردەیەکی پلە دوی ناو بازنەی یەکەم لە ناو دەستەڵاتیشدا نەبێت، ئەوا وەک ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن قسەی هەیە گوشار دەکات، بۆ نمونە ملازم عومەر خۆی هیچ قسەی نیە، بەڵام بەیاری کوڕی قسەی دەرەوەی دەستەڵات دەکات. ئەو سەرکردانەی لە ناو ئەم بازنەیەدان کە نەوەیان نیە، یان جێنشینیان نیە و یان هەیانە و ئەم کارە ناکەن، بەرەوە پۆکانەوە دەچن، لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی باوکەکان وەک عومەری سەید عەلی و… هتد. لە ناو ئەم بازنانەشدا زۆر سەرکردە هەن، نەوەکاناین هیچ جوڵەیەکیان بە ئاراستەی جۆری مۆدێلەکە نیە، وەک قادری عاجی عەلی و سەرکردە پەراوێزخراوەکانی پارتیش. هەندێ سەرکردە نەماون لە ناو بازنەکاندا، بەڵام نەوەکانیان کاریگەریان هەیە، وەک جەبار فەرمان. ئەمە بۆ سەرکردەکانی ناو بازنەکانی تریش، هەر ڕاستە. بەڵام بە گشتی ئەوەی لە لوتکەی دەستەڵاتەکاندایە نەوەی سەرکردەکانی بازنەکانن بە پێی کارگەری باوکەکانەوە لە قۆناغی پارتی زانی و بنەماڵیی و هێڵی وڵاتان. وە هەندێ سەرکردەی تر هەن بە هەر هۆکارێ بێت نایانەوێ لە ناو بازنەی دەستەڵات بن، چی خۆیان و چی نەوەکانیان. خۆیان نایانەوێ بە نمونە عوسمانی حاجی مەحمود، ئەمەش بۆ کۆی حیزبەکان تر هەر ڕاستە، بە نمونە کۆمەڵ ئێستە شەریف قسەی هەیە، وردە وردە ئامادە دەکرێ بۆ دوای عەلی باپیر. وە هەزاران نمونەی تر لە ناو بازنەکان و پلەکاندا کە کۆی دەستەڵاتی گرنگ لای ئەمانن و بە شەهیدە سەرکردەکانیشەوە و بگەرە نەوەی جاشەکانیش کە سەر بە یەکێ لەم حیزبانە بون تا ئاستێک دەستەڵاتیان هەیە.
لە دوای هەمو ئەمانە ئەوەی کە هەیە باس کراوە، ئەی ئەوەی خۆمان دەمانەوێت، ئەوەیە کە دیموکراسیەکی ڕاستەقینە هەبێت و سیستەم پەرلەمانی بێت و سندۆقەکانی دەنگدان بڕیار لەسەر کەسی سەرکردە و حکومڕانی بدن، فرە دەنگی و فرە ڕەنگی ماف و ئەرکی هەر تاکێک لەبەردەم سەروەری یاساکاندا دیاری کرا بێت و پرسەکان نیشتمانی بن و ئەوەی توانای هەیە لە پێشتر بێت و… هتد، بەڵام ئایا دەتوانین چی بکەین.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت