نەوزادى موهەندیس: هەڵبژاردنەکانى هەرێم لەنێوان، ئەگەر و ئاڵنگارى و مەترسیەکاندا!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕێکەوتى 9/ 10/ 2022 بەدەنگى 80 پەڕلەمانتار و لە پێش 6/ 11/ 2022دا کە پێش وادەى تەواوبوونى خولى پێنجەمى پەڕلەمانى کوردستانە، دوور لە یاسایى بوونى پڕۆسەکە بەزۆرینەى دەنگى ئەندامانى پەڕلەمانى کوردستان تەمەنى پەڕلەمانیان بۆ ماوەى 1ساڵ، یان تا کۆتایى هاتنى ساڵى 2023 درێژکردەوە. لەبنچینەدا هیچ جۆرە درێژکردنەوەیەکى ماوەى خولى پەڕلەمانى یاسایى نیە و زۆرینەى حیزب و فراکسیۆنى پەڕلەمانیش وەک دەڵین لەگەڵیدا نەبوون، بەڵام بەناچارى و بۆ دەربازبوون لە دروستبوونى بۆشایى یاسایى دامودەزگاکانى حوکمڕانى لەهەرێمدا ئەو کارەیان کردوە.
بەڵام ئەوە ماوەى 7 مانگە ئەو بڕیارە دراوە و یەکەم جار سەرۆکى هەرێم ڕێکەوتى 10/ 10/ 2023ى دیاریکرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دواتر بەهۆى دڕدۆنگى و ناتەبایى هەردوو حیزبە سەرەکیەکەى یەکێتى و پارتى، نەتوانرا نە کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسى ماوە بەسەرچوو نوێبکرێتەوە، یان کۆمسیۆنێکى نوێ هەڵببژێرێت و نەیاساى هەڵبژاردنەکانیش کە تێبینى زۆرى لەسەر بوو هەمواربکرێتەوە. هەربۆیە جارێکى تر سەرۆکایەتى هەرێم ڕێکەوتى 18/ 11/ 2023ى دیاریکردەوە بۆ وادەى هەڵبژاردنەکە و تائێستا ئەو وادەیە دیاریکراوە.
بەڵام سەرەڕاى ئاشتبونەوە و گەڕانەوەى تیمى یەکێتى لە حکومەتدا بۆ کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران و ڕێکەوتن لەسەر داواکاریەکانیان و ئەنجامدانى چەندین کۆبونەوەى هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنەکان و مەکتەب سیاسیەکانیش و کۆبونەوە و سەردانى لایەنە سیاسیەکانى تریش هێشتا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتن لەسەر بابەتە گرنگ و هەستیارەکان کە بریتین لە:
• کاراکردنەوە، یان هەڵبژاردنى کۆمسێونێکى نوێ.
• هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان. بەتایبەتى دەربارەى(( گۆڕینى یەک بازنەیى بۆ 4 بازنەى هەڵبژاردن و ژمارەى کورسى کۆتاکان))
• پاکوخاوێنکردنەوەى لیستى ناوى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان.
• کارکردن بە لیستى دەنگدەرانى کۆتا هەڵبژاردنى عێراق.
کە ئەم خاڵانە بەلاى زۆرینەى حیزبە سیاسیەکانەوە ببونە داواکارى زۆر پێویست، چونکە ئەزمونى هەڵبژاردنەکانى ساڵانى ڕابووردوو دەریخستبوو کە جیاوازى زۆر هەیە لەنێوان لیستى دەنگدەران و بوونى ناوى دوووبارە و ناعەدالەتى لەدابەشبوونى ژمارەى کورسى پارێزگاکان و دواتریش ژمارەى کورسى کۆتاکان لەهەرێمى کوردستاندا زۆر زیادە بە بەراوورد بەکورسى کۆتاکانى پەڕلەمانى عێراق. ئەوەتا لە پەڕلەمانى عێراقدا و لەکۆى 329 ئەندام پەڕلەمان تەنها 9 کورسى کۆتا هەن کە دەکاتە ڕێژەى 2.7%،لەکاتێکدا لە کۆى 111 ئەندام پەڕلەمانى کوردستان 11 کورسى کۆتا هەیە کە دەکاتە ڕێژەى 9.9% کە کارێکى نالۆژیکى و نایاساییشە. کە خۆشبەختانە تاڕادەیەک کۆدەنگیەکى گشتى هەبوو لەسەر هەموو خاڵەکان، بەڵام بەتەنها پارتى دیموکراتى کوردستان پێداگیری دەکرد لەسەر مانەوەى هەمان یاساى هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەى هەمان کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان و بۆ کورسى کۆتاکانیش هیچکات هەنگاوى جدى نەنا بۆ چارەسەرکردن و پێشنیازەکان.
ئەوەبوو لە ڕۆژى 2 شەممە ڕێکەوتى 22/ 5/ 2023 بەبەرنامەیەکى پێشوەختە لەلایەن جێگرى سەرۆکى پەڕلەمان و سکرتێرى پەڕلەمانەوە ((وەک دەوترێت بە فەرمانى سەرۆکى پارتى )) بەرنامەى کارى کۆبونەوەى 22/ 5یان دیاریکردوە بەبێ واژۆى سەرۆکى پەڕلەمان و بڕگەى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنیشیان بۆ زیادکردبوو. بەبێ ئامادەکارى و هاوئاهەنگیکردنى نێوان فراکسیۆنەکان بەتایبەتیش فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە هەر هەمان ڕۆژ هەردوو مەکتەبى سیاسى هەردوولا لە پیرمام لە کۆبونەوەدا بوون و جێگرى سەرۆکى پەڕلەمان بۆخۆشى ئەندامى کۆبونەوەکە بوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە؟ ئایا هەڵبژاردنەکان لەوادەى دیاریکراودا کە 18/ 11/ 2023 ئەنجام دەدرێت، یان نا؟ ئەگەر ئەنجام نەدرێن چى ڕوودەدات؟ قەوارەى هەرێم و شەرعیەتى دامودەزگاکانى چیان بەسەر دێت؟ ئەگەریش بکرێت چۆن و بە چ میکانیزم و لەسەر بنەماى چ یاسا و ڕێکەوتن و سازانێک ئەنجام بدرێت؟
بەداخەوە دواى ئەو هەڵوێستە دوور لە یاسا و ڕێسا بەرکارەکان و پەیڕەوى ناوخۆیى پەڕلەمانى کوردستان و بەو شێوە دوور لە گیانى بەرپرسیارێتى و شارستانێتیە کوردانەیە کە لەناو هۆڵى پەڕلەماندا بینیمان، هیچ ڕێگەى تێناچێت بەئاسانى هەردوولا جارێکى تر کۆببنەوە و ڕێکبکەون لەسەر خاڵە ناکۆکەکانى نێوانیان کە (کەم نین)، بەتایبەتی کە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر باش دەزانێت کە ئەو داواکاریانەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و حیزبەکانى تریش لە قازانجى ئەو ژمارە زۆرەى کورسیەکانى نیە و باسکردنى کۆتاکانیش ئەوە هەر زۆر زیانى پێدەگات، چونکە تائێستا بەداخەوە نوێنەرانى ئەو پێکهاتانە هەموو کار و کردەوە وهەڵوێستێکیان دەچوە قازانج و بەرژەوەندى پارتیەوە. بۆیە مەحاڵە بە ئاسانى پارتى بێتە ژێر بارى کەمکردنەوە یان دابەشکردنى ئەو 11کورسى کۆتایانەوە بەسەر هەر 4 بازنەکەدا.هەربۆیە کاتێکیش کۆبونەوەى پەڕلەمان نەکرێت و کۆمسیۆنەکەش بەو شێوە نایاساییە بەناو کاراکراوەتەوە، ئەوا هیچ هەنگاوێکى نوێ ناتوانرێت هەڵبنرێت، چونکە گەر نوێنەرانى یەکێتى و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ لەکۆمسێون کە ژمارەیان 6 ئەندامە پابەند نەبن بە کار و دەستبەکاربونیانەوە خۆ بە 4 نوێنەرى پارتى و تورکمان کارەکان بەڕێناکرێن.کەواتە بەو ئاڕاستە و بەو خۆسەپاندن و تاکڕەویەى و بەزۆرەملێى پارتى بێت ئەوا هەڵبژاردنەکان لەوادەى خۆیدا ئەنجام نادرێن و لەو کاتەشدا تەنها پارتى و سەرکردایەتیەکەى بەرپرسیارى مێژوویى هەڵدەگرن. هەموو بیانویەکى پارتیش بۆ پەلەکردن لە هەنگاوەکاندا بریتیە لە دروستنەبوونى بۆشایى یاسایى و هەڵنەوەشانەوەى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان. بەڵام پرسیار ئەوەیە داخۆ بۆ لەماوەى 7 مانگى ڕابووردوودا ئەو پەرۆشیەى نەنواندوە؟ تا خوکمڕانى هەرێم نەکەوێتە بەر مەنگەنەى کاتەوە وەک دەوترێت ((لەماڵەوە درەنگ وەدەرکەوتوە و لە کاروان پەلەیەتى)).

ئاڵەنگارى و مەترسیەکان چین ؟
جا کاتێکیش هەڵبژاردنەکان ئەنجامنەدران، ئەوا لەلایەک ناتوانرێت بۆ دووەم جار ماوەى کارى پەڕلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێم درێژبکرێتەوە، چونکە لەبنچینەدا درێژکردنەوەى یەکەم جاریش نایاسایى بووە. لەلایەکى تریشەوە شەرعیەتى هەرسێ سەرۆکایەتیەکە نامێنێت. ئەو کاتیش هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغى پێش دەرکردنى یاساى ژمارەى 1ى هەڵبژاردنەکانى ساڵى 1992کە هیچ دامودەزگایەکى ڕەسمى نامێنێت((قۆناغى بەرەى کوردستانى)). جا لەو کاتەدا حکومەتى ناوەند لە بەغداد وەکو حکومەتى ناوەندى و میراتگرى هەر حکومەتێکى هەرێمەکان و پارێزگاکان دەتوانێت بەپێى یاسایەک کەلە پەڕلەمانى عێراقەوە دەربکرێت یان بەبڕیارێکى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، حکومەتى عێراق هەموو ئەرک و لێپرسراوێتیەکان لەهەرێم بگرێتە ئەستۆ و ڕاستەوخۆ هەموو کاروبارەکان بەڕێوەببات و کاریش بکات بۆ ئامادەسازى بۆ هەڵبژاردنەکانى هەرێم لەڕێگەى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە.
ئەوکاتیش ئیدى هیچ حیزب و سەرکردەیەکى هەرێمى کوردستان ناتوانێت لاملى بکات و ناڕەزایى دەرببڕێت و حکومەتى عێراقى دەبێتە بڕیاربەدەست و دەسەڵاتدارى ڕەسمى و ڕەنگە سوپا و پۆلیسى فیدڕاڵیش بێنێتە ناو هەرێم و بۆدواجار بزمار لەتابوتى بەناو حکومەتى هەرێمیش بدات و چیدى ناوى هەرێم نەمێنێت و هەر لەناو پەڕلەمانى عێراقیشەوە ڕەنگە دەسەڵاتەکانى هەرێم وەک هەرێمێکى فیدڕاڵى هەڵبپەسێردرێت و دواتریش کاربکرێت بۆ هەموارکردنەوەى دەستور کە زۆر لەمێژە عەرەبى سونە و شیعە بەنیازن ئەنجامیبدەن.ئیدى ئەمە ئەو ئاڵنگارى و مەترسیانەیە لە ئەنجامنەدانى ئەو هەڵبژاردنانە.

ئەى چارەسەرى نیشتیمانى و خەمخۆرانە چییە؟
هەربۆیە بۆ پاراستن و هێشتنەوەى قەوارەى یاسایى و دەستورى هەرێم و دامودەزگاکانى گەرەکە کە سازانێکى نیشتیمانى ڕاستەقینە لەنێوان هەموو حیزب و سەرکردە سیاسیەکاندا چێبکرێت و بەمتمانە و بڕوابونەوە ڕێکبکەون و کارى جدى بکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە کە هەموو ئەو مەترسى و ئاڵنگاریانە بڕەوێنێتەوە و پارێزگارى لە بوون و مان و بەردەوامبوونى هەرێمى کوردستانیش بکەن. ئەوەش بەگەڕانەوەى یەکێتى و پارتى دەبێت بۆ سەر مێزى گفتوگۆ و ڕێکەوتن لەسەر تەواوى خاڵەکان کە داواکارى زۆرینەى حیزب و سەرکردە و جەماوەریشە. بەئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەردى دوور لە تەزویر و ساختەکارى و بەشێوەیەک مافى هەموو پێکهاتە و کەمینەکانیش پارێزراوبێت.
ئەگەر نا ئەوا دۆستەکانى گەلەکەمان لە ئەوروپى و ئەمریکا و وڵاتانى تریش کە زیاد لە ساڵێکە فشار و گوشار و ئامۆژگارى هەموان دەکەن کە هەڵبژاردنەکان لەکاتى خۆیاندا ئەنجام بدەن، بەڵام بەداخەوە گوێمان بۆ کەسیان نەگرت،هەربۆیە مافى خۆیانە لێمان دووربکەونەوە و بەتەنها جێمانبهێڵن، لەکاتێکدا کە ناوچەکە و دونیاش لەگۆڕانکارى گەورەدان کە ئاماژەکان بۆئەوە دەچن کە هیچ کامیان لەبەرژەوەندى کورددا نین لەهەر چوار پارچەکەى کوردستاندا. جا گەر کورد و نێوماڵەکەشى ئاوها پەرتەوازەو دڕدۆنگ و تێکچڕژاو و شێواو بێت ئەوا زۆر بەسانایى هەموو دەسکەوت و ئەزمونى 32 ساڵەى حوکمڕانى کوریدمان لەدەستدەچێت و دەگەڕێینەوە بۆ خاڵى سفر و سەرەتا لە ژێردەستەیى و داگیرکراوى.
ئەوکاتیش دوژمنان بەزەییان بەهیچ سەرکردە و تەنانەت هیچ تاکێکى کوردیشدا نایەتەوە و هەموان نغرۆدەبین لەناو دەریاى زوڵم و چەوساندنەوە وداگیرکارى دوژمنانماندا. جارێکى تر دەکەوینەوە خەوبینین بە ئازادیەوە و ئیدى پێشى ناگەین و تەنها لە بازنەیەکى بۆشى مێژوویى دووبارەدا دەسوڕێینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت