ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم. بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

و: زاهیر باهیر
هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن” موڵکییەت چییە؟ ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد. ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی مارکس نییە، هەروەها ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە لە شوێنی خۆیدا نییەو دوورە لە ڕاستییەوە. چونکە مارکس لە نووسینەکانی دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ بڵاوکردنەوە.
لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبووە. ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا ” هەژاری فەلسەفە” لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات (Sozialdemokrat ) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.
مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری سیاسی ناویان دەبات.
مارکس نوسیوێتی: مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون. لە فەرەنسا هەقێتی کە ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت، چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی. ئێمە وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم دوو هەڵەیە دەربڕین.” 4]
مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی ‘برەی’ (Bray)دزیوە، نووسیوێتی: ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray ) دا [5 ] دۆزیوەتەوە.
جێگای سەرنجە کە مارکس، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی بەکارهێناوە و ‘مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی’ لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکی’ مانیفێستی دیموکراسی’ ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن تۆمەتبار بکات. بەڵام با بەردەوامبین. لە ‘مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ مارکس پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات [6]. هەروەها لە پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (1865) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە بدۆزینەوە: لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە، واتە( موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە. بە کارە هەژێنەرەکانی وەك ئەمە، بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا دەیگێڕن.
مارکس لە نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک کە پێشتر لە کتێبی ‘ هەژاری فەلسەفەدا’ دەنگی دابوووە.
تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە. لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بووە. چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری ساڵی 1840 دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون. تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت چییە؟ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو. ئەمەش توانای مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی خۆی وەک سۆسیالیستێك. لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی کە دواتر دێن پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.

ساڵی 1925

* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو، لاوێکی یاخیی، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.
[4] Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.
[5] Bray: Labour’s Wronszs and Labour’s Remedy, Leeds, 1839.
[6] Marx and Engels: The Communist Manifesto, page 21.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت