دوکتۆر بێرگ: زیاد کردنی ئارەزووی سێکسیی بە شێوەیەکی سرووشتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی حەسەن ڕازانی
بەستەری بابەتەکە لە یوتوب: Foods That Can Increase Your Libido…Only If… – YouTube
دەبا دەربارەی ئەو خۆراکانە قسە بکەین کە دەتوانن لە پیاوان و لە ژنانیشدا ئارەزووی سێکس بەرزبکەنەوە! جا ئێمە لەسەر ئەو خواردنانە دەدوێین کە کاریگەرییان هەیە لە بەرزکردنەوەو ورووژاندنی ئارەزووی سێکسیدا.
ئەو شتانەی کە ریسەکەت لێدەکەنەوە بە خوری، واتە دەتهێننەوە سەر خاڵی سفر! یەکەم شت خەوتنە! تۆ ئەگەر نەخەویت، یان سترێسێکی زۆرت هەبێت، یاخود زۆر سەرەڕێژە بکەیتە سەر شەکر و نان لە خواردن و ژەمەکانتدا، یاخود کحول و سۆ، ئەوا هیچ جۆرە شتێک دادت نادات! چونکە ئەو شتانەی کە ناوم هێنان دەتوانن زۆر بە ئاسانی کاریگەری هۆڕمۆنی نێرینە (تێستۆستەرۆن ) نەهێڵن!

تێستۆستەڕۆن یان هۆڕمۆنی نێرینە
کەواتە هۆڕمۆنی نێرینە( تێستۆستەڕۆن) ئەو هۆڕمۆنەیە کە ئەرکی ئەو زیادکردنی ئارەزووی سێکسییە لە پیاوان و لە ژنانیشدا، بەڵام بەدڵنیاییەوە کە ژنان پێویستیان زۆر بە تێستۆستەڕۆن نیە، چونکە ئەگەر ژنان تێستۆستەرۆن، یان ئەندرۆجینی تریان زۆر هەبێ، ئەوا دەموچاویان مووی لێدێت و دەنگیشیان گڕو قووڵ دەبێت و قژییشیان لە لای پێشەوەی تەپڵە سەریان دەست دەکا بە هەڵوەرین و تووشی چەندین کێشەی تریش دەبن. جا ئێستا ئێمە باس لە باڵانس دەکەین، واتە ئەو هۆرمۆنە نەزۆر بێت و نە کەمیش بێت!

هەندێک هۆ کە دەبنە هۆی دابەزاندنی ئارەزووی سێکسیی
هەرشتێک ببێتە هۆی زیادکردنی ئەستڕۆجین بەشێوەیەکی دیارو بەرچاو، ئەوا هۆڕمۆنی تێستۆستەرۆن کەم دەکاتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئارەزووی سێکسیی! چەند خواردنێکیش ڕۆڵی خەراپیان لەم بارەوە هەیە، بۆ نموونە کحول و شیرەمەنی. ئەگەر بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست سەرەڕێژە بکەیتە سەر شیرەمەنی، ئەوا ئاستی ئەستڕۆجین بەرز دەبێتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی تێستۆستەرۆن و ئارەزووی سێکسیی. جا بەدڵنیاییەوە کە زەیتی سۆیاو سۆی پرۆتین ئایسڵیت و تەنانەت ئاوی بەلوعەش ئاستی تێستۆستەڕۆن دادەبەزێنن. ئاوی بەلوعە چەندین مادەی کیمیایی و هۆڕمۆنی جیاجیای تێدەکرێت کە لە نێویاندا ئەسترۆجینە، بۆیە تا بۆت دەکرێت بیپاڵیوەو فیلتەر بەکاربهێنە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی کێشەی گەورە.

چۆن ئارەزووی سێکسیی زیاد بکەین؟
یەکەم/ فستەق
با ئەوانە لێرە لێگەڕێین و باسی فستەق بکەین. فستەق لەوبارەوە زۆر گرنگە، چونکە بەشێوەیەکی دیار ئارەزووی سێکسیی زیاد دەکات. فستەق بە ڕادەیەکی زۆر ترشی (ئەمینۆ)ی تێدایە کە پێی دەگوترێت ئەڕجیناین کە ئەویش دەبێتە هۆی زیادکردنی ترشی ئۆکساید و ئەو ترشەش بەڕادەیەک گرنگە کە بێنە پێش چاوی خۆت کە چۆن ڤایاگڕا کاردەکات! جا بۆیە فستەقیش تا ئاستیکی دیار لەوبارەوە هاوکار دەبێ. هەروەها دەبێتە هۆی زیادکردنی سیلینیۆم کە ئەویش نەک هەر هاوکارییی منداڵبوون دەکات، بەڵک و دەبێتە هۆی درووستکردنی تێستۆستەڕۆن(هۆڕمۆنی نیرینە)ی تەندرووست.

دووەم/گوێچکە ماسی
ئایا دەزانی بۆچی گوێچکە ماسی گرنگە؟ چونکە گوێچکە ماسی لە نێو هەموو ئەوخواردنانەدا کە لەدەوری تۆن لە هەموویان زیاتر زینکی تێدایە. زینکیش یەکێکە لە بەهێزترین کانزاکان بۆزیادکردنی ئاستی تێستۆستەرۆن! هەروەها تێستۆستەرۆن بڕێکی باش مسی تێدایە و مسیش هاوکاری تێستۆستەرۆن دەکات هەروەک چۆن هی سیلینیۆمیش!

سێهەم/ قاوە
قاوەش دوو شتان دەکات. ئەگەر بێت و زۆر سەرەڕێژەی بکەیەتە سەرئەوا ئاستی تێستۆستەڕۆن دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر بێت و تەنها کەمێک بخۆیتەوە ئەوا یارمەتیدەر دەبێت! کافین و پۆلیفینۆڵ هەردووکیان یارمەتیدەرن بۆ هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆنی تەندرووست!

چوارەم/ زەعفەران
ئنجا زەعفەران هەرچەندە نرخەکەی زۆر زۆر گرانە، بەڵام ئەوەتە بۆچارەسەری نەخۆشی خەمۆکیش بەکاری دەهێنن! زەعفەران دەتوانێت موودت بەرز بکاتەوەو بتخاتە حاڵەتێکی خۆشیەوە، هەروەها بۆ منداڵبوونیش باشە.

پێنجەم/ ڕەگی ماکە
ڕەگی ماکە هەتا پێشی دەگوترێت ڤایاگرای پیڕو. شێوەکەی لە سەلکە توور دەچێت، کە ئەو ڕەگەش ئاستی هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆن بەرز دەکاتەوە!

شەشەم/ ئەسپاڕەگووس
هەندێک کەس وا دەزانن کە ئەسپاڕەگووس ڕێواسە، بەڵام ڕێواس نیە، بەڵک و ڕێواس( ڕوبارب)ی پێ دەگوترێت. ح.ڕ). جا ئەسپارەگووس هەر بە ڕاستی ستیریۆیدی سرووشتیەو ئەو یارمەتی زیادکردنی هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆن دەدات!

حەوتەم/ تڕووفڵ
تڕووفڵ جۆرێکە لە کارگ یان قارچک. ئەوەش چەندین توێژینەوە سەلماندوویەتی کە ئەو جۆرە قارچکە یارمەتی زیادکردنی هۆرمۆنی تێستۆستەڕۆن دەدات.

هەشتەم/ چۆندەر
چۆندەریش هەروەک فستەق دەبێتە هۆی زیادکردنی ترشی ئۆکساید. بەڵام ئاگادار بە کە ئەگەر لەسەر بەرنامەی کیتۆ بیت زۆر چۆندەر مەخۆ! لەبەرئەوەی چۆندەر هەندێک شەکری هەیە، بەڵام ئەگەر کەم بخۆی ئاسایی دەبێت!

تێبینییەکی گرنگ
بەڕێزم، دیسان وەبیرت دەهێنمەوە کە هەموو ئەوانەی کە بۆم ژماردیت و سوودی هەموویانم بۆ باس کردیت، یەک تۆز سوودت پێناگەێنن ئەگەر تۆ:
یەکەم/ ئەگەر خەوێکی باشت نەبێ!
دووەم/ ئەگەر دڵەڕاوکێ و سترێس لەسەر خۆت لانەبەیت!
سێیەم/ ئەگەر نان و شەکر لە ژەمەکانتدا کەم نەکەیتەوە!
چوارەم/ ئەگەر وەرزش نەکەیت و جووڵەو بزووتنت نەبێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت