بەهرۆز جەعفەر: هەر خۆمان ماوین؛ ئەوە ئێران و میسریش پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم دوو ساڵەدا (تەنها لەم دوو ساڵەدا) ئەم هەموو وڵاتە گرنگ و کاریگەرانەی ناوچەکەو دەوروبەری کوردستان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردۆتەوە:
1- ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانی ئاسایی کردۆتەوە.
2- تورکیاو ئیمارات دوای 10 ساڵ لە ناکۆکی و ململانێی بەرژەوەندییەکانیان لە هەموو شوێنێک، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
3- تورکیاو ئیسرائیل دوای 10ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیی سیاسیی و دیبلۆماسی نێوانیان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
4- سعودییەو تورکیاش دوای 6 ساڵ لە دابڕان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
5- تورکیاو میسر خەریکی گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن.
6- ئێران و سعودییە، دوای دەیەیەک لە دوژمنایەتی نێوانیان پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
7- سووریا دوای 11 ساڵ لە دەرکردنی لە کۆمکاری عەرەبی، گەڕایەوە ناو کۆمکارەکەو پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە.
8- سوڵتانی سەڵتەنەتی عومان، ڕەزامەندیی میسر و ئێرانی وەرگرت کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە.
هەر لە عێراق، سەیری سووننەکان بکە، حیزبەکەی خەمیس خەنجەر و حەلبووسی تا ئەوپەڕی ناکۆک بوون، لەپڕ وەها بوون بە هاوپەیمان هەموان دەڵێن” هاوپەیمانی سووننەکان” کەس ناوی حیزب ناهێنێت!
تەنها هەرێمی کوردستان نەبێت؛ هیچ پەیوەندییەکی تیا ئاسایی نەبۆتەوە، بە تێکڕا خەریکی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانیشە. هەر لە دوو گەڕەکدا، هەر لەناو شەستییەکەی سولەیمانییدا، دەیان جەمسەر و حیزب خەریکی ناکۆکی و دەنگەدەنگن؛ چوار گروپ و حیزبی ئیسلامی تیایە هەر چواریان دژ بەیەکن!
هەر هێزە دەستەڵاتدارەکان نیین، لەم هەرێمە شتەکان هەموو بەیەکتر ناکۆکن. لە ڕاستییدا کەس ئەویتری خۆش ناوێت؛ شێخ، مەلا، سۆفی، دەرمانساز، فیتەر، ددانساز، پۆلیسی هاتوچۆ، شۆفێر، کادیری حیزب، پەرلەمانتار، دووکاندار …و… تادوایی، هەمووی ڕقی لەیەکترە. دوو برادەری “تێگەیشتوو!” م هەن، بیست ساڵە یەک دەناسین، هەر بەهۆی کارێکی زۆر بچووکەوە؛ چەند مانگە پەیوەندییان لەگەڵ یەک نییە؛ ئەویان دەڵێ لەگەڵ ئەو قسە دەکەی نابێت لەگەڵ من بدوێی! ئەویتریشیان بەهەمان شێوە! ئێستاش خەڵک هەن، خزمی یەکدین، بەهۆی ململانێی یەکێتی و گۆڕانەوە ، 10 ساڵە پێکەوە قسە ناکەن! ئا.. یان بەتەلەفۆن لەگەڵ یەكێک قسە دەکەی؛ وا دەزانێ ئەو سەرۆکی مۆساد و میت و ئیتلآعاتە، ڕەنگە ڕۆبۆت دەنێرێ بۆسەر مانگ یان کڵاوەی ئەتۆمی لە ژێر دەریادا دەشارێتەوە؛ تۆ با بیکەین بە وەست ئەپ بەمە باش نییە! ئاخەر هەندێ شت هەیە بە تەلەفۆن ناوترێ: شتەکانی ئەو چین؟ فڵان حیزب واو، فڵان کەس واو… مەڵبەندو لقەکەو پەرلەمانەکە و پاراستنەکەو زانیارییەکە واو،،،واو..واو…وا. ئەمە نیشانەی بڕوا بە-خۆ-نە-بوونە.
کورد ناتوانێت قسە لەگەڵ ئەوانی تر لە دەرەوەی سنووری خۆی بکات، تا لەگەڵ خۆیاندا قسە نەکەن. دەبێت مۆنۆلۆگ (واتە قسەلەگەڵ خۆ-کردن) و ڕێزگرتن هەبێت، ئینجا بیر لە دیالۆگ (قسە لەگەڵ ئەوانی تر) بکرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت