کەمال محەمەد: بۆچی پێشڤەچونی ئینتیمای نیشتمانی لەئێمەدا بەدی نایەت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە پرسیارێکی رێژەییە، لە ئێمەدا دوای ھەر ھەنگاوێک پێویستە بە خۆمان بڵێین ئەوەندەمان بەسە کە دوای ساڵانێکی زۆر لە حکومرانی پێشکەوتن چەق دەبەستێت و داھێنانی گەورەو دۆزینەوەی گەورەو کارابونێکی بەھێزمان نەبینیوە کە ھەموان بە پی دەرفەت و توانستی خۆیان ھاوکاری کرابن،ھەڵبەت ھەموان لەو خێزان و بنەماڵەو تیرانەوە ھاتوینۆ کە سەردەمانێک خەونمان ئازادی بو کە دەبێت چی و چۆن بێت ئەو سەرەتا نوێیەی کە ژیان و ئاییندەمان راست بکاتەوە، ھیوا و ئومێدی ھەموان نەمامێکی گەنج بو بۆ بون بە دارێکی گەورە و ئەستور نەوەک دارێکی پوتی ناو رزیو، لەم روەوە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە سیاسەت و فکری سیاسی حیزبەکانی ھەرێم و بە تایبەت دەسەڵات کە بون بە رێگرێکی بنەرەتی لەبەردەم یۆتۆپیاکانی خەڵکدا و پەیوەست نەبون بە پاراستنی مافەکانی خەڵک و خاک و لەگەڵ ئەوەشدا خۆیانیان بەسەر خاک و خەڵکدا ھەڵگرتوەو بون بە ھۆکاری دۆخی پر کێشەیی و بەرژەوەندی بنەماڵەییان نەیھێشتوە چارەسەری بۆ بھێنن.
ساڵانێکە لە ھەرێمە بەھەر کەسێک بڵێیت پێناسەی دۆخی خۆتمان بۆ بکە دەڵێت: دەسەڵات و عەقڵییەتی فیوداڵیزمی کاریگەری چینایەتییەکی وای دروست کردوە کە ھۆکار بوە بۆ بەدەربونی مرۆڤێکی سەردەمییانەو ئازاو ئازاد و نەیھێشتوە ووک مرۆڤ گەلێکی خاوەن کۆمەڵگای ئازاد ھەڵسوکەوت بکەین و تیایدا بژین، لێرە تاک بە پێی پێویست ویستی ئەوەی بۆ نەرەخساوە بە شەیداییەوە لە خاک و نیشتمانی خۆیدا بژی و ببێتە میلیتانێتێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی بەرخۆدێر.
کاتێک تێز و دژە تێز روبەروی یەک بێن کۆتێز دروست ئەبێت،کۆتێزیش زۆر جیاوازە لە کۆی تێز و دژە تێزەکە،بۆێە تێزی میللەت دواجار دەبێت رێگایەک بدۆزێتەوە کە بتوانێت ئامانجەکەی ببێتە جێگای باس و ناچار دەبێت ئاراستەیەک نێشان بکات، لەراستیدا ئەوەی لێرەدا بنەماو راستییە ژیانی مرۆڤە نیشتمانیش لە بنەرەتدا ھەر لە خزمەتی مرۆڤەکانی ناویدایە، چون لە راستیدا نیشتمانی مرۆڤ ئەوەیە کە تیایدا تاک ھەست بەوە بکات کە بەرەو ئامانجێک و لەھەمان واتادا بەرەو ژیانێکی راست و شاییستەی ئەبات، چون ئەگەر مرۆڤ ئەگەر لەنێو خاکی خۆیشیدا بێت بەخودی خۆی نەگات ھەرگیز ئاسودە نابێت.
ئەوەی رێگای بۆ لەدەستدانی ئینتیما کردەوە و بێ ئینتیمایی خستە شوێنی ئینتیماوە دەسەڵاتداران پارتە فەرمانرەواکانی ئەم ھەرێمەن کە نیشتمان و دەسەڵاتیان نەخستە خزمەتی ھەموانەوە وەک یەک و بە پێچەوانەوە ھەموان و ئاییندەی ھەرێمەکەیان خستە خزمەتی بەرژەوەندی خۆیانەوە. دەسەڵات لەم ھەرێمە نەیتوانیوە پرەنسیبی سەرەکی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگا تێپەراندنی دوالیزمی گورگ و کارژەلە بێت و جیاوازییەکان نەھێڵێت و کۆمەڵگایەکی رێکخراو ھشیار بە بنەمابگرێت و دەسەڵاتی رەھا لە دەست حزب و بنەماڵە فیوداڵەكان دەربھێنێت و بیگەرێنەوە بۆ گەل، ھەمو ئەمانە نیشانەی سیستەمێکی تۆتالیتاری و ھەژمونی حیزبگەری و لەناوبردنی بەشداری سیاسی ھاوڵاتییانە کە دواجار ئاکامی مەترسیداری لێ ئەکەوێتەوە.
ئاکامی مەترسیدار ئەوەیە کە تاک ئینتیمای بۆ نیشتمانی خۆی نەمێنێت و پێی وابێت کە راکردن بەدوای واتای رەھادا، ئەگەر ھێندەی نالواوی و خۆبەدەستەوەدانیش گرفت بێت ھێشتا بناغەو رێگای درێژە پێدەری ژیانی بێت وەک بونەوەرێک، لەم واتایەدا بیرکردنەوەو دەرەنجام سنوە ناناسێت،کەدەوترێ رێگای ژیان ھەوراز و نشێیە بۆ ئەم جۆرە ئەگەرێتەوە!
دروست بونی بێ ئینتمایی نیشتمانی تایبەتمەندیەکی سروشتی تاکی ئەم ھەرێمە نییە راستینەییەکی دروستکراوی دەستی ئەو سیستەمەیە کە ساڵانێکە ھەردو پارتی حکومران کەسایەتی مرۆڤیان تێدا پارچە کردوە و دۆخێکیان دروست کردوە کە مرۆڤ چۆن دیار بێت وەھا بێت، یان چۆن دیارین وەھا بین، ئەمەش لەئەنجامدا ئەتگەیەنێتە حەقیقەتێک کە ئەوەی لە رابردو لەدەستمانداوە ئەکرێ لە داھاتو بە دەستی بھێنین، ئەگەر بەھەر رێگایەکیش بێت، رەنگە ھەوڵدان بۆ دۆخی جێبەجێکردنی ھەوڵەکان بمانگەرێنێتەوە بۆ ئەو خاڵەی تیایدا ھەموان دۆڕاو بین!
بێ ئیتیمایی بۆ خاک و نیشتمان زۆر سامناکە، بەڵام ئەمەش رەتکردنەوەی ئازادی و ژیاننییە لە خاکی خۆتدا، ئەگەر حەقیقەت و دادپەروەری بگەرێتەوە و سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە ئەوا سەرجەم تێگەکان دەگۆڕێن، چون لە دەستدانی ئەو حەقیقەتانەیە ژ بێ ئینتیما بونە، کەواتە بەر لە ھەر شتێک پێویستە حەقیقەت بەھەند وەربگیرێ و رووی تێ بکرێت و نادادییەکان رەت بکرێتەوە و سیستەم پێداچونەوەی پێدا بکرێتەوەو عەقڵییەتی فیوداڵی لەناو ببرێت، ئەمەشە ئەبێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ بونیادنانەوەی ئینتیما لای تاک و سەرلەنوێ پێشڤەچونی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت