عەبدولکەریم شێخانی: ترێ خۆشە با تیلماسکێکی دیکە لەو هێشووە لێ کەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

22. 10. 2022
خرتکە و پرتکەی ئەم جارە ناوئاخنی زۆرە و هەوڵ دەدەم بەپێی توانا جێیان بۆ بکەمەوە و ئەوەیشی دەمێنێتەوە با بۆ جارێکی دیکە بێ.
+ دزى شێوازی جیا جیاى هەیە و هەر دزە بۆ خۆى ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە کارەکەى خۆى پێ تێدەپەڕێنێ. زۆر لەمێژە, پێم وایە پۆلی شەش, یان یەکی ناوەندى بووم, جارێکیان وا رێک کەوت من لەو شوێنە بووم کە (شەفیقى عەوڵاغای حەوێزی) ی باوکی دکتۆر فریاد حەوێزی و چاپووک حەوێزیی ئەندازیارو خوا لێ خۆشبوو (جواد) لەگەل چەند پیاوێکی ناودارى کۆیە دانیشتبوو. لەمیانی قساندا شەفیقاغا ئەم چیڕۆکەی گێڕایەوە و گوتی: جارێکیان ( 10 ) کەس چوونە نێو بێستانێک بۆ دزى, پێنجیان پێنجەکەى دیکەیان لەکۆڵێ کرد ئەوانەى بەپێ دەڕۆیشتن خۆیان نزم دەکردەوە و تا ئەوانەى لەکۆڵێ کرابوون بتوانن کاڵەکەکە (گندۆرەکە) لێ بکەنەوە. ئیدى بەم جۆرە کاڵەکی زۆریان ڕنی و کردیانە گونیەوە. چونکە ئەوانە پەرێزیان پێس بوو, گومانیان لێ کردن دەسەڵاتی سەردەم بانگی کردن, بەڵام ئەوان هەموویان ئینکاریان کرد و سوێندیان خوارد. ئەوانەى کرابوونە کۆڵەوە سوێندیان دەخوارد و دەیانگوت بەو قورئانە پێمان نەچۆتە ناو ئەو بێستانەوە. پینجەکەى دیکەش دەیانگوت بەو قورئانە دەستمان بە کاڵەکیکی ناو ئەو بێستانە نەکەوتووە. ئیدى بەم جۆرە دزییەکەیان کرد و لەسەریشیان ساغ نەبووەوە. خزمینە پێم وایە باشم نەکرد و دەترسم ئەوانەى خۆشمان شتی لەم بابەتە فێر بن هەر وەک هەندێک دز شێوازى دزى کردن لە فلیم و زنجیرە دراما فێر دەبن و لاى خۆمان پیادەى دەکەن.
+ جارێکیان شتێکم خوێندەوە. کابراى نووسەر دەڵێ: لە وڵاتێکی ئەم دنیایە کە سەرۆک و دار و دەستەکەی هەتا بڵێی تێربوون و مێللەتیش ڕووت و برسی و کەسیش نەیدەوێرا فززەى لەدەم بێتە دەرێ. جارێکیان سەرۆک سوارى فڕۆکە بووە و بە ئاسمانى وڵاتدا دەسووڕێتەوە. لەپڕ گەڵایەکی 100 دۆلارى دەردێنێ و دەڵێ ئەم 100 دۆلارییە فڕێ دەدەم و لە خوارەوە ئەوەى بیدۆزێتەوە ئاخۆ چەند دڵخۆش دەبێ. دواى ماوەیەک پێنج گەڵا دەردێنێ و دەڵێ ئەمە فڕێ دەدەم و دەزانم پێنج کەس بەوە دڵخۆش دەبن. بەڵام پێش ئەوەى دۆلارەکان هەڵداتە خوارێ, فڕؤکەوانەکە دەڵێ: ( گەورەم ئەگەرتۆ خۆت هەڵدەیتە خوارەوە, میللەت هەمووى دڵخۆش دەبێ ).
+ هەڵوێستێکی دڵسۆزانە و مەردانە. جارێک لە بەغدا دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی, شوفێرەکە قەڵادزەیی بوو و دەمناسی. دواى ئەوەى لە دووز نانمان خوارد , ڕووى تێ کردین و گوتی: دەڵێن چی ئەگەر بەڕێی قادرکەرەمدا بڕۆینەوە, هەرچەندە هەندێک پیێچ و گەوەى تێدایە، بەڵام ڕێیەکە خۆشە لە چەمچەماڵ سەر دەردێنێن. گوتمان ئەگەر مەترسیی تێدا نەبێ, با بە ئەوێدا بڕۆینەوە, گرنگ ئەوەیە بە سەلامەتی بگەینەوە. ئیدى هاتین و بەڕاستیش جادەکە خۆش بوو بۆ مەبەستى سەربازی کرابووەوە و بەڵام پێچی زۆر تێدابوو. لە شوێنێک پێچمان کردەوە و لووت و بزووت بەسەر زاڵگەیەک ( سیطرة) دا کەوتین. کەمێک لەولاوە سەربازەکان لە بن کەپرێک دانیشتبوون. سەربازێک هات بەلاى ئیمەوە و داواى هەوییەى کرد و ئیمەش هەر یەکە هەوییە بۆرمان دەرهێنا. سەرى هێنایە ناوەوەو گوتی: ( بەقوربانتان بم, لەترسی ئەو سەگبابانە دەنا ئەمن کوو دەعوای هەوییەى لەنگۆ دەکەم ). من یەک لەبارەخۆم چاوم پڕ بوو لە فرمێسک. لەڕێگا سەیرم کرد سەرنشینەکان هەر هەموویان چاوى خۆیان دەسڕیەوە. ئەوسا ئەو قسەیەم بیر هاتەوە کە لە کوردەواریی خۆمان باوە و دەڵێ ( جوولەکە لە دێن دەبێ، بەڵام لە خوون نابێ ) و بێ گومان خوونەکە نەتەوەیە. شتی دیکەم پێیە، بەڵام با جارێ ئەوەندە بەس بێ و خواتان لەگەڵ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت