شــــوان خورشــــید: شاسوارو نەوەی نوێ چی لە هەگبەکەیان دایە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لە 2017 لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دامەزرا، هەروا بە ڕێکەوت نەبوە، یان پلانی پێش وەختەو دڵسۆزی خودی سەرۆکەکەی نەبوە، تا لە خەمی گەلی کورد، بیر لە وەها جوڵانەوەیەک بکاتەوە، بەڵکو بەهۆی بونی ئەو بۆشاییە سیاسیەوە بوو کە پارتی و یەکێتی دروستیان کردبوو. یان بێ ئومێد بونی خەڵکی کوردستانیش لە وەعدو بەڵێنی حکومەتی دوو حیزبە سەرەکیەکە، لەخزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژانەوەی ژیانی دوای ئەنفال و قڕکردن و کیمیا باران.گومانیش دەکرێت دروستکەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەکێک لەو دوو هێزە سیاسیە بنەماڵەییە بن، بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتیش دوای کۆچی نۆشیروان مستەفا ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان، چونکە بەکۆچی دوای ئەو زاتە ئومێدی خەڵکی ڕوو لە ڕوخان و لێرەوارێکی لێژوو تارێک هەنگاوی نا.
شاسوار عەبدولواحید قادر ئیبراهیم لەدایک بوی 2ی کانونی یەکەمی 1979ی شاری سلێمانیە، جگە لەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە،بزنسمانێکی دیارەو خاوەنی کۆمپانیای نالیاو تەلەفیزیون و ڕادیوێی نالیاشە، ئاستی زانستی دەرچوی کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانیە، هەرچەندە هیچ پێشینەیەکی سیاسی نیە، بۆ نمونە وەک نۆشیروان مستەفاش کاسایەتیەکی دیار نەبوو، بەڵام بە ڕاگەیاندنی جوڵانەوەکەی زوو برونزی کرد، وەک لە 2017 جوڵانەوەکەی دامەزراند، لە 29ی کانونی دووەمی 2018 جوڵانەوەکەی بەناوی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا هاوپەیمانی خۆی لە گەڵ تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق ڕاگەیاند، تا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق توانیان 4کورسی بەدەست بهێنن. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بە8کورسی وەک موعارەزە بچنە پەرلەمانەوە، چاوەڕێش دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق و کوردستاندا ڕێژەی کورسیەکانیان لە بەرزبونەوەدا بێت،گەر بپرسین بۆ؟
ڕەنگە زوربەی هۆکارەکان ڕوون و ئاشکرا بن، چونکە لە ماوەی سی ساڵی حوکومڕانی یەکێتی و پارتی هەموو ئەو خەونانە لەگۆڕ نران، کەگەلی کورد خەونی پێوە دەبینی تا لەسایەی حوکمی خۆماڵی کوردیدا ئارامی و ئاسایش و بژێوی و ئازادی و بێ لانەی و پساندنی کۆتی دیلی و زیندانەکان فەراهەم بکرێت، بەڵام ئەو هیواو ئاواتانە تەنها خەون بوون، لەسایەی دەسەڵاتدارانی کوردی زۆرن بەئاوات، یان خۆزگەی سەردەمی بەعس دەخوازن، بۆیە گەر لە ڕقی یەکێتی و پارتیە کە شاسوارو جوڵانەوەکەی لەم گەڕی هەڵبژاردنەش باڵانسی هێزیان بەرەو هەڵکشان دەڕوا و ژمارەی کورسیەکانیان بەرز دەبێتەوە، هیچیش دوور نیە دەسەڵاتیش بگرنە دەست، ئەگەر ویستی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەیی بەرژەوەندیان لە گەڵی یەک بێتەوە. بەڵام دەپرسین ئەو هەڵەیەی دەنگدەرانی نەوەی نوێ دەیکەن. ئایا بیریان لەوە کردۆتەوە چ پێکە ژەهرێک دەخەنە سەر لێویان، ئایا دەزانن چ فیرعەونێک گەورە دەکەن، چونکە ئێستا خودی شاسوارو جوڵانەوەکەی باس لەڕاستیەک دەکەن، یەکێتی و پارتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە حوکمی بنەماڵەین،ئەمە ڕاستە و هیچ گومانێک هەڵناگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت کە سەرەتای جوڵانەوەی ئەو دوو حیزبە ڕوون و جێی ئومێد بونە،گەر سەیری پارتی بکەین، دوای ئەوەی کێشەی نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و خوالێخۆش بوو مەلا مستەفاو، دوای تەسفیەکردنی ئەندامانی باڵی مەکتەبی سیاسی، پارتی وەک جوڵانەوەیەکی بنەماڵەیی دەرکەوتن و پێگەی خۆیان و بنەماڵەی بارزانیان بەهێز کرد.
ئەگەر سەیری یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بکەین، لەسەرەتای دروست بونیەوە، تاکە هیوای خەڵکی کوردستان بوو دەریایەک خوێنی بەخشی دژی داگیرکەرانی کوردستان، هەزاران شەهیدی دا. چەندین تێکۆشەری پەتی سێدارەی شەرمەزارکرد، بەڵام جیابونەوەی باڵی ڕیفۆرم و پاشان نەمانی کەسی یەکەمی، ڕێ واڵا بوو بۆ بە حوکمی بنەماڵەیی و ڕێچکە شۆڕشگێڕیەکەی لە دەستدا. بەڵام شاسوارەکەی نەوەی نوێ چی؟
شاسوارێک لەبزنسمانیەوە دەستی پێ کردبێت، ژیانی یەک چرکەی پێشمەرگایەتی نەبینیبێت، سەعاتی گەرماو سەرمای نەچەشتبێ، چاوسورکردنەوەی پیاوێکی ڕژێمی بەعسی نەبینیبێ، جوڵانەوەکەی ئەوەندەی لە قازانجی بزنسەکەی بێت نەک گەلەکەی، ئەبێ چ ئومێدێکی لەبەر هەڵبچنرێت،لە کاتێک دا خودی جوڵانەوەکەی بە بنەماڵەی دەستی پێ کردبێت؟
ئێوە سەیر کەن خودی شاسوار سەرۆکی جوڵانەوەکەیە، سروەی خوشکی سەرۆکی فراکسیونی جوڵانەوەکەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، براکەی بەرپرسی دارایی جوڵانەوەکەیە، گەلۆ کەی بیستوتانە، یان بینیوتانە سەرمایەدارێک، یان خاوەن کارێک و بزنسمانێک، سەروەت و سامانەکەی بکاتە قوربانی ڕێبازەکەی، ئەوەی شاسوار لەهەڵبژاردنی سیاسەتەکەی گرێدانی جوڵانەوەکەیەتی بەبەرژەوەندی بزنسەکەیەوە، ئەگەر ڕاستە ئەو دژی حوکمی بنەماڵەییە، با لە خۆیەوە دەس پێ بکات، هیچ نا، با ئەو سەهمانەی لە خەڵکی سلێمانی خواردوە، بیانگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. ئایا خەبات و شۆڕش کردن بەدابین کردنی دوو تەنکەر ئاوو بەنزین. یان نەوت دەکرێ، ئەوەی ئەمڕۆ جوڵانەوەکەی شاسوار لافی پێوە لێدەدات گوایە خەباتیان بۆی کردوە، وەک شکاتەکانیان لای دادگای فیدڕاڵی دژی پەرلەمانی ماوەبەسەرچوی کوردستان، چەندین کەسایەتی و ڕۆشنبیرو سیاسی ئەم وڵاتە کردویانە، بەڵام شاسوارو جوڵانەوەکەی لەڕێی تۆڕە ئیعلامییە زەبەلاحەکەی و ئەکاونتە فەیکەکانیەوە دەیکاتە هی خۆی و بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە، خەڵکی پێ چەواشە دەکات، بۆیە ئەوە ئەو خەباتەی جێ هیوای خەڵکی نابێ و لە داهاتودا ڕاستیەکان دەردەکەون، چونکە خەباتی پەرلەمانی بە بەرنامەی تۆکمەو گۆڕانکاری گشتی دڵسۆزی بۆ دۆزی کورد دەکرێ، نەک کلک گرێدانی سیاسەتێک بە بەرژەوەندی دارای و قەبەکردن و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانەکەی، جا من پێم وایە گەورەکردنی شاسواروو جوڵانەوەکەی بەخێوکردنی فیرعەونێکی دڕندەو یاساغ دەبێت، ئەوکات گوێز بە ئەژنۆ شکاندن هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و دڵنیا بن چۆن ئێستا زۆربەی خەڵک ئاوات بە سەردەمی بەعس دەخوازن، بەگرتنە دەستی دەسەڵاتی شاسوارەکان، خۆزگە بۆ جووت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەخوازرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت