فەرمان محەمەد: جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكرانیا وه‌ك نموونه‌ی مۆدێلی خوولگەیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییه‌كاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانکۆی بۆلۆنیا. ئیتالیا
جه‌نگی بەردەوامی ڕووسیا و ئۆکرانیا نیگەرانیی لە سەرانسەری جیهان دروستکردووە، كه‌ وەک مەترسیدارترین کاتەکانی دوای قەیرانی هاژه‌ك (مووشەک)ی کوبا لە ساڵی 1962دا ئاماژەی پێدەدرێت. قەیرانی هاژه‌کی کوبا لە ئۆکتۆبەری 1962 ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و هه‌م مەترسیدار بوو كه‌ لە سەردەمی جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا سه‌ریهه‌ڵدا، ئەو ساتە بوو کە دوو زلهێزەکە لە ململانێی ئەتۆمیی نزیکتر بوون. ئەمەش مۆدێلی خولگەییی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خستە مشتومڕه‌وه‌.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1962 فڕۆکەیەکی سیخووڕیی ئەمریکیی U2 بە نهێنیی وێنەی ئەو شوێنانەی هاژه‌كی ئەتۆمیی ده‌گرت کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت لە دوورگەی کوبا درووست دەکران. کێنێدی نەیدەویست یەکێتی سۆڤیەت و کوبا به‌مه‌ بزانن، کە ئه‌مریكا هاژه‌كه‌كانی دۆزیوونەتەوە. چەند ڕۆژێک بە نهێنیی لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابه‌ته‌كه‌.
لە لووتکەی جەنگی سارددا، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ئۆکتۆبەری 1962، جیهان لە لێواری جه‌نگی گەرمی ئەتۆمییدا ده‌لەرزین. پێشتر لەو پاییزەدا، یەکێتی سۆڤیەت بە فەرمانی سەرۆک وەزیران نیکیتا خرۆشۆڤ، بە نهێنیی دەستی کرد بە جێگیرکردنی هێزێکی هێرشیی ئەتۆمیی لە کوبا کە تەنیا 90 میل لە ئەمریکاوە دوورە، هەرچەندە کێنێدی بژاردەی ئەوەی هەبوو هێرشی ئاسمانیی بکاتە سەر شوێنی درووستکردنی هاژه‌ک، بەڵام ئەو بڕیاریدا بۆ ئەوەی لەگەڵ خرۆشۆڤ ڕێکبکەون و سۆڤیەت هاژەکەکان دوور بخاته‌وه‌ و لە بەرانبەریشدا ئەمریکا داگیرکاریی دوورگەکە نەکات. بێ هەڵە ئەمریکا بە خۆبەدەستەوەدان بە داواکارییەکانی خرۆشۆڤ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

مۆدێلی خوولگەیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییه‌كاندا:
ئه‌م مۆدێله‌ ئاماژەیە بۆ ئەو دۆخەی کە دوو لایەنی ڕووبەڕووبووه‌وە بە دوژمنایەتییەکی هاوتا مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئەمەش بە شێوەیەکی تووند ململانێیەکی هەبوویی پەرەپێدەدات. ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن زانای ئەڵمانیی جۆن ئێچ هێرز لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 1950دا داهێنراوە. لە هەمان کاتدا مێژوونووسی بەریتانیی هێربێرت باتەرفیڵد لە کتێبی (مێژوو و پەیوەندییەكانی مرۆیی)دا هەمان بارودۆخی وەسفکردووە، بەڵام بە “سەختیی ڕەها و دووڕیانێکی کەمنەکراوە” ناوی بردووە. دووفاقیی ئەمنیی چەمکێکی سەرەکییە لە تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییه‌كاندا، بەتایبەتی لەنێو زانایانی ڕیالیستدا بۆ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە کە چۆن دەوڵەتانی خوازیاری ئاساییش، دەتوانن لە ململانێدا کۆتاییی پێبهێنن. هه‌ر بۆیه‌ تا سەرکردەکان ئەو خوولگەیە نەشکێنن، ململانێکان بەردەوام لە ته‌شه‌نه‌ و خراپبووندا دەبن، وەک لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکرانیا و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ئۆکرانیا لە سیڤاستۆپۆلی کریمیادا به‌دیار ده‌كه‌وێت. بۆ شکاندنی ئەو خولگەیەش، لایەنەکان دەبێت سەرەتا لە ڕووانگه‌ی کەسایەتیی خۆیان بۆ ململانێکە دەربکەون و هەوڵبدەن لەو بارودۆخە پێکهاتەیییه‌ تێبگەن کە ڕکابەرەکانیان لێیەوە کاردەکەن. ئەمەش ڕێگە بە سەرکردەکان دەدات کە هاوسۆزیی ڕکابەرەکانیان بن، بەبێگوێدانە هەڵوێستە ئەخلاقییەکانیان (ئەوەی ڕیالیستەکان پێی دەڵێن هاوسۆزی ستراتیژیی) و بڕیاری قورس بدەن بۆ ئاشتیی.
لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییه‌كاندا، دووفاقیی ئەمنیی (بە مۆدێلی خوولگەییش ناودەبردرێت) کاتێک کە زیادبوونی ئاسایشی دەوڵەتێک (وەک زیادکردنی هێزی سەربازیی) دەوڵەتەکانی دیکە بەرەو ترس لە ئاسایشیی خۆیان دەبات، (چونکە نازانن، ئایا ئه‌م زیادبوونه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م دەوڵەته‌وه‌ بۆ بەهێزکردنی ئاساییشی سەربازیییە، یان ئه‌م هێزه‌ گەشەسەندووەی بۆ مەبەستی هێرشبەریی بەکاردەهێنیت. لە ئەنجامدا، ڕێوشوێنی زیادکردنی ئاساییش دەتوانێت ببێتە هۆی گرژیی، پەرەسەندن، یان ململانێ لەگەڵ لایەنێک، یان چەند لایەنێکی دیکە، کە دەرەنجامێک بەرهەمبهێنێت کە هیچ لایەنێک بەڕاستیی ئارەزووی ناکات.
دووفاقیی ئەمنیی بە تایبەتی لەو بارودۆخانەدا چڕ دەبێتەوە کە جیاکردنەوەی چەکی هێرشبەریی لە چەکی بەرگریی قورسه‌ و هاوكات هێرشبردن لە هەر ململانێیەکدا لە بەرانبەر بەرگرییدا سوودی هەیە. تەکنەلۆژیای سەربازیی و جوگرافیا کاریگەریییەکی بەهێزی لەسەر هاوسەنگیی هێرشبردن و بەرگریی جێده‌هێڵێت.
خاڵی مه‌ترسیدار ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ترس لە پەرەسەندنی ململانێی بەردەوام بۆ جه‌نگی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ناتۆ لە زیادبووندایە. ئه‌مه‌ش بەهۆی بەشداریکردنی ناتۆ بەهێزی ئەتۆمیی لە هاوکێشەی ململانێی ئۆکرانیادا، وەک مۆدێلێکی خوولگەیی ناودەبردرێت. تەنانەت ئەگەر خواستێک بۆ جه‌نگی ئەتۆمیی لە هەردوو لایەنەوە نەبێت، ئەوا ڕەنگە خوولگەی پلەبەندیی مەترسیدار بن و ئەگەر بەبێ به‌رزه‌فتكردن (کۆنتڕۆڵكردن) بمێننەوە، ڕەنگە ڕێڕەوی خۆیان بگرنەبەر.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌ كه‌ بۆچی جه‌نگی ڕووسیا و ئۆکرانیا وەک مۆدێلێکی خوولگەیی ئاماژەی پێدەدرێت؟
پێدەچێت نەتەوە یەکگرتووەکان لە ململانێ بەردەوامەکاندا ئیفلیج بێت و هیچ هەوڵێکی هۆشیارانەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە لە ئاستی دیپلۆماسیدا نییە. هۆکارێکی واقیعیتر بۆ نەبوونی هەوڵی دیپلۆماسیی درووست لەلایەن ئەمریکاوە ئەوەیە، کە واشنتۆن هه‌لێك لە جه‌نگی ئۆکرانیادا دەبینێت بۆ لاوازکردنی ڕووسیا، ئه‌مه‌ش بە بەردەوامبوون لە پڕچەککردنی ئۆکرانیا. بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، شکستی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا دەتوانێت دەرەنجامی سیاسیی هەبێت، لەوانەش تەحەدای دەستهه‌ڵگرتنی پوتینه‌ لە دەستەڵات. کەواتە پەرەسەندنی ئه‌م شه‌ڕه‌ دەبێتە سیاسەتێکی هەڵبژاردن. بە گوتەی ئەمریکا، ڕووسیا دەستدرێژکارە و بە داگیرکردنی ئۆکرانیا، یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا لەم بابەتەدا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ڕابوردوو و ئێستای خۆیدا ناگونجێت، چونکە جاروبار دەستی لە بابەتە سەروەریییەکانی نەتەوەکانی دیکەدا وه‌رداوه‌ و وەک بابه‌تی ئەم دوایییەی ئەفگانستان، وه‌ك گوتمان ئەمریکا ئەم جه‌نگە بەهه‌لێك بۆ لاوازکردنی ڕووسیا ده‌بینێت، ئه‌وه‌ لە لایەکی دیکەشه‌وە ڕووسیا پێیوایە کە هێزی سەرەکیی لەپشت پەرەسەندنی ئەم جه‌نگەوە دەستوەردانی ناتۆ و ئەمریکایه‌ و پێشیوایه‌ کە فراوانکردنی ناتۆ تا سنوورەکانی خۆی، دەبێتە هۆی ورووژاندن و به‌رفراوانبوونی کێشە ئەمنییەکان.
لێرەوە پەرەسەندنی جه‌نگ دەبێتە بابەتی هەڵبژاردن بۆ ئەمریکا و دەبێتە بابەتی ئاسایشیی ئەو بۆ خودی ڕووسیا. بۆیە ئەگەرەکانی گفتوگۆی دیپلۆماسیی لەنێوان هەردوولادا زۆر کاڵ دەردەکەون، ئەمەش جه‌نگەکە بەرەو لێوارێکی مەترسیدار دەبات.

ڕێگه‌ بەرەو پێشەوه:
بێ گومان دۆخی ئێستا مەترسیدارترین کاتە لەدوای قەیرانی هاژەکی کوبا. سەرکردەکان لەسەر ئاستی جیهانیی دەبێت دەستپێشخەریی بکەن بۆ دەستپێکردنی دانوستانە دیپلۆماسییەکان بە وەرگرتنی نموونە لە قەیرانی هاژەکی کوبا و ڕوونه‌دانه‌وه‌ و ڕێگرییكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی وه‌ها قه‌یرانێكی دیكه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت