ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم – بەشی شەشەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 1925
و: زاهیر باهیر

بۆ نموونە نووسینە سیاسییەکانی مارکس لەم قۆناغەدا، ئەو بابەتەی کە لە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) ی پاریس بڵاوی کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە چۆن لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پرۆدۆن و تەنانەت بیرۆکە ئەنارکیستەکانیشیدا بووە.
ڤۆروارتس (Vorwaerts ) گۆڤارێکی دەوری بوو کە لە پایتەختی فەرەنسا لە ساڵی 1844 لە ژێر سەرپەرشتی هاینریش بێرنشتاین (Heinrich Bernstein ) دەردەچوو، سەرەتا تەنیا لە دیدی تێڕوانینییەوە لیبڕاڵ بوو، بەڵام دواتر دوای بزربوونی ئانالێس جێرمانۆفرانسایز، (Anales GermanoFrancaises ) بێرنشتاین (Bernstein ) پەیوەندی بە بەشداربووانی کۆنەوە کرد، بەم جۆرە هاوکارانی پێشوی ڕازی کرد بە پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی سۆشیالیستییەوە. ئیتر لەو کاتەوە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) بوو بە زمانی فەرمی سۆسیالیزم و بەشداربووانی زۆر لە دوا بڵاوکراوەکەی ئەی ڕوج (A. Ruge ) لە نێوانیاندا باکونین و مارکس و ئەنگڵس و هاینریچ هاین و (Heinrich Heine ) جۆرج هێرویگ (Georg Herwegh ) و… هتد، بە بەشداریکردنیان نوسینەکانیان بۆ نارد.
مارکس لە بڵاکراوەی ژمارە 63 دا (7 August 1844) بەرهەمێکی جەدەلسازیی بەناوی“ تێبینی ڕەخنەیی لەسەر وتارەکەی ‘پاشای پرۆسیاو و چاکسازی کۆمەڵایەتی’ بڵاوکردەوە. لەوێدا لێکۆڵینەوەیەکی لە سروشتی دەوڵەت کرد و بێتوانایی تەواوەتی دەوڵەتی نیشاندا لە کەمکردنەوەی نەهامەتی کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاریی. ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر لە ڕەوتی وتارەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بە تەواوی ئەنارکیستن و بە تەواوی لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەدا دەگونجێن کە پرۆدۆن و باکونین و بیرمەندەکانی دیکەی ئەنارکیزم لەم پێوەندییەدا خستوویانەتە ڕوو. خوێنەران بۆ خۆیان دەتوانن لەم بڕگەیەی خوارەوە لە لێکۆڵینەوەکانی مارکس حوکم بدەن:
” دەوڵەت …. هەرگیز سەرچاوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە‘ دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگەدا’ دا نابینێت. لە و شوێنەی حیزبە سیاسیەکان هەبن، لە ڕاستیدا هەر حیزبێک ڕەگی هەموو خراپەیەک لە حیزبە موعاریزەکەدا دەبینێت لەبری خۆی، کە حزبێکی دژبەرە و لە حوکمڕانی دەوڵەتدا وەستاوە. تەنانەت سیاسەتمەدارە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان نەک لە سروشتی جەوهەریی دەوڵەتدا ئەو خراپەیە دەبینن، بەڵکو لە فۆرمێکی دەوڵەتی دیاریکراودا بەدوای ڕیشەی خراپەکاریدا دەگەڕێن، کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بە فۆرمێکی دەوڵەتی جیاواز جێگەی بگرنەوە.
” لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگە دوو شتی جیاواز نین. دەوڵەت سیستەمی کۆمەڵگەیە. ئا لەو بارەدا دەوڵەت دان بە بوونی کەموکوڕی کۆمەڵایەتیدا دەنێت، هۆکارەکانیان، یان لە یاساکانی سروشتدا دەبینێت، کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆیی ناتوانێت فەرمانی پێبکات/ دەستی تێوەردا، یان لە ژیانی تایبەتدا کە وابەستەی دەوڵەت نییە، یان لە چالاکییە نابەجێیەکانی ئیدارەدا، کە وابەستەی ئەوە نییە. بەم شێوەیە ئینگلتەرا هۆکاری هەژاریی لە یاسای سروشتدا دەبینێت کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووان دەبێت هەمیشە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان، زیاتر بن. لە لایەکی ترەوە ئینگلتەرە هەژاری بە ئیرادەی خراپی هەژارانەوە دەبەستێتەوە، هەروەک چۆن پاشای پرۆسیا بە هەستی نامەسیحی دەوڵەمەندەکان ڕوونیدەکاتەوە و هەر وەک چۆن ڕیکەوتنامە/پەیمان بە عەقڵیەتی دژە شۆڕشگێڕانەی گوماناوی خاوەن موڵکەکان لێکیدەداتەوە یاخود دەیبەستێتەوە. بۆیە ئینگلتەرە سزای هەژاران دەدات، پاشای پرۆسیا ئامۆژگاری و لۆمەی دەوڵەمەندەکان دەکات و ڕێکەوتننامەکە سەری خاوەن موڵکەکان دەبڕێت.
“لە کۆتاییدا، هەموو دەوڵەتێک لە کەموکوڕییە بەڕێکەوتەکان یاخودلە کەمووکوڕییە ئەنقەستەکانی[ بە مەبەست] ئیدارەدا بەدوای هۆکارەکەدا دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانیدا لە ڕێوشوێنەکانی ئیدارە و ئیدارەداندا دەگەڕێت. بۆچی؟ ڕێک لەبەر ئەوەی ئیدارە و ئیدارەدان ڕێکخستنی چالاکی دەوڵەتن.

* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت