سەردەشت محەمەد: دوو سانت و دەیان میل لە داگیرکاری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدۆیەکی هێزەکانی تاڵیبان لەسەر سنوری نێوان تاڵیبان و ئێران کە چۆن ڕێگری لە تیمی ئەندازەی ئێرانییەکان دەکەن، لەبەرامبەر ئەوەی ئێرانیەکان لەکاتی دیاریکردنی سنوردا، تەنها دوو سانت و نیو، هاتونەتە ناوخاکی تاڵیبانەوە، ئەو ڕاستێی بەبیر هێناینەوە کە پاراستنی خاک پاراستنی شەرەفە.
ئەم گرتە ڤیدۆیە پێی وتین هەرهێزێک لەدونیادا، ئەگەر ئیرادە و ویستی پارێزگاری کردنی لە ئاو و خاکی خۆی هەبێت، لە هەرئاست و توانایەکدابێت، ئەوا بێشک دەتوانێت لەدواجاردا هەر سەرکەوتن بەدەست بێنێ. ئەگەرچی نابەرابەری لە هێز و توانایشدا هەبێت، لەگەڵ هێزی داگیرکەردا.
ئەمە ڕاستیەکی تازە درک پێکراو نییە، بەڵکو مێژووی مرۆڤایەتی، سەدان نمونەی وەهای تێدایە و تەنانەت ئێمەی کوردی باشوریش لە ڕابردوا نمونەیەک بوین لە و سەدان نمونەیەی کە لە مێژوودا هەیە.
سەردەمانێک هێزە کوردییەکان نە لەڕوی ژمارە و نەلەڕوی هێز و چەک و تەقەمەنی و پشتگیری نێودەوڵەتییەوە لەو ئاستەدا نەبون کە ڕووبەڕووی هێزێکی داگیرکەر و دڕندەی وەک بەعس بوەستنەوە، بەڵام چونکە خاوەن ئیردایەکی بەهێز بوون ئەوا سەرئەنجام توانیان سود لەو هەلە مێژویانە وەربگرن کە بۆیان پێشهات و دواجار باشوری کوردستانیان ئازد کرد.
بەداخەوە ئێستا بارودۆخەکە سەدان هێندە پێچەوانە بووەتەوە، ژمارەی هێزەکان و چەک و تەقەمەنی و پشگیرییە نێودەوڵەتییەکان، دەیان هێندە زیادیان کردووە. کەچی تەنها ئیرادەی پارێزگریکردنمان لەدەست داوە هەربۆیە ڕۆژانە دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبینین چۆن بەئاسانی ئاسمانی کوردستان تێ دەپەڕێنن و چۆنیان بوێت و کوێیان بوێت تۆپ بارانی دەکەن و نەک هەرئەوەندە، بەڵکو هەریەکەیان سەدان کیلۆمەتریان لەخاکی کوردستان داگیرکردووە و سەیرە هێشتا خۆیان بە غەدرلێکراو دەزانن. تا ئێرە بەس نییە بۆئەوەی بڵێن ئەم داگیرکارییە جێگەی داخە، بەڵکو لەوە سەختر ئەو دڵسۆزییەی بەشێکی زۆری هێزە کوردییەکانە کە بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەیانە وە هەریەکەیان چەندین ساڵە دوژمنەکانمان وەک دۆستێک و فریادڕەسێک پێ دەناسێن و پێیان شەرم نییە کە بە بەرچاوی ئێمە و دونیاشەوە دەستیان دەگرن و پێشیان دەکەون بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت