شێرزاد شێخانی: بایکۆتی هەڵبژاردن باشترین چارەسەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی عیراق رییسەکەی پارتی کردەوە بە خوری، وسنوورێکیشی بۆ عەنتەریاتی پارتی داناو، لەمەو دواش جورئەتی ئەوە ناکات یاری بە وادە دەستوورییەکانی هەڵبژاردن بکات و سەرۆکی پەرلەمان دەربکات و دەرگای پەرلەمان دابخات. بەڵام بێگومان ئەم بڕیارە لەکۆتاییدا لەبەرژەوەندی پارتیدایە، هەر لەبەر ئەوەشە پارتی دڵی خۆشە بە بڕیارەکە بەحیسابی خۆی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانیش هەر یەکەمی بێ ڕکابەر ئەبێ.
پارتی دیسان و بۆ جارێکی تریش لەسەرەتاوە بە یانزە گۆڵی پێشوەختە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە. لەولاشەوە زۆر بە ئاسانی ئەتوانێ بە دەنگی بادینان نوێنەری خۆی لەگەرمیان سەربخات، بەمەش هەر هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان زەرەمەندی ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحیادی دەبن.
گومانی تێدانیە سەرجەم حزبەکانی کوردستان بەدەست کێشە ناوخۆییەکانیانەوە دەناڵێنن. هیچکام لەو حزبانە بە نەوەی نوێشەوە قازانج لەو بڕیارەی دادگا ناکەن، پێش هەمووشیان یەکێتی نیشتمانی کە کێشەی قووڵی ناوخۆی هەیە و هێشتا هیچ چارەسەرییەک لەئاسۆدا نابینرێ. گۆڕانیش سەرباری ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا کرد، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی سفر بوون. ئەویش بەدەست کێشە ناوخۆییەکانیەوە گرفتارە، هەڵبەت خراپی ئەدای وەزیرەکانی بەتایبەتیش وەزیری داراییەکەیان خەڵکی زیاتر تووڕە کردووە لێیان. کۆمەڵ و یەکگرتووش بای ئەوەندە پاشەکشەیان کردووە کە نەتوانن لەهەڵبژاردنی داهاتوودا لانیکەم ژمارەی پێشووتری کورسییەکانیان بەدەست بێننەوە.
نەوەی نوێ کە شاگەشکە بووە بەم بڕیارە لەوە ئەچێ ئەویش لەوەهمێکی گەورەدا دەژی گەر تەسەوڕ بکات دەتوانێ رکابەرایەتی پارتی بکات و تەجاوزی یەکێتی و گۆڕان و حزبەکانیتر بکات و ببێتە حزبی دووەم. نەوەی نوێ بەبێ هەبوونی سەرکردەیەکی خاوەن کاریزما و پاشخانێکی شۆڕشگێرایەتی هیچکات چاوەڕێی ئەوەی لێناکرێ ببێتە حزبی یەکەم و دووەمی سەر ساحەکە.
مانەوەی یەکێتی لەسەر ساحەکە وەکو هێزی دووەم بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ کاریزمای مام جەلال و بەردەوامی رێبازەکەی جگە لەهەبوونی دەیان سەرکردەی شۆڕشگێڕو قاعیدەیەکی فروانی جەماوەری کە سەرباری چەندین ئینشقاق و لێکترازان و کێشەی ناوخۆیی، بەڵام قەت پشتیان لەحیزبەکەی خۆیان نەکرد. راستە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کەمیکردووە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە زۆر شتەوە هەیە لەسەروویانەوە تەزویرات و فڕتوفێلی پارتی کە توانیویەتی لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا وەکو حیزبی یەکەم بمێنێتەوە. یەکێتی هێزی چەکداری شەرعی هەیە، دامودەزگای ئەمنی و ئاسایشی هەیە، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی کاک نەوشیروانیش نەیتوانی یەکێتی زەعیف بکات و لەدەسەڵات دووری بخاتەوە، هەڵبەت نەوەی نوێش ئەو هێزە نیە بتوانێ تەجاوزی یەکێتی بکات.
بۆیە لەم حاڵەتەداو لەنەبوونی بەدیلێکی مەعقول بۆ ڕکابەرایەتی پارتی، باشترین چارەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووە لەلایەن سەرجەم حزبەکانی کوردستان. چونکە گەورەترین کێشەی خەڵک و حزبەکانیش حوکمڕانی پارتی و مەغروریەکەیەتی کە حیساب بۆ هیچ لایەنێک ناکات.
هەڵبژاردنێک هیچ لەوەزعی میللەت و واقیعی سیاسی نەگۆڕێ، نەکردنی باشترە، چونکە بەو وەزعەی ئێستاوە هەڵبژاردن بکرێ واتای ئەوەیە تا چوار ساڵی تر دێوەزمەی پارتی بەسەر سنگی میللەتەوە ئەنیشێ و میللەت ئیسراحەت لەخۆی نابینێ بە هۆی تاکڕەوی و حوکمی دیکتاتۆرییانەی پارتی.
نازانم چ چارەسەرییەک هەیە بۆ ئەو وەزعە نالەبارەی کوردستان، بەڵام پێموایە ئەگەر حزبەکان هەوڵێک بدەن لەرێگای دادگای ئیتحادییەوە سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی کوردستان و کێشەی پێکهاتەکان ببەنە بەغدا دوور نیە چارەسەرێک لەوێ بدۆزرێتەوە، چونکی ژمارەی پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان زۆرترە لە رێژەیان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رێی تێدەچی دادگا ئەم مەسەلەیە رێکبخاتەوە. بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش دەبێت رێگەیەک بدۆزریتەوە، ئەگینا باشترین چارەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووە، ئەگەر پارتیش سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی با لە هەولێرو دهۆک بیکات و موبارەکی بێت.
لەبیرمان نەچێ لەهەڵبژاردنی پێشووتری پەرلەمانی عیراق رێژەی بایکۆتی میللەت گەیشتە 70% ، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ رەتکردنەوەی حوکمڕانی تاکڕەوی پارتی، جا ئەگەر ئەمجارە حزبەکانیش بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، واتای سفر بوونی شەرعییەتی هەڵبژاردنەکەیە.
گرنگ ئەوەیە هەموو حزبەکان پێکەوە کار بکەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ حوکمڕانی تاکڕەوی پارتی و رزگار کردنی میللەت لەدەست ئەم هەموو قەیرانەی بە هۆی حوکمی پارتییەوە تووشی بووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت