هۆشیارجەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی مەرگی دانیال.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆمانی “مەرگی دانیال”ی نووسەر(ئومێد ناسح جیهانی) ـە، لەساڵی 2022 دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی لاپەرەکانی ( 235 ) لاپەرەیە.

جۆری ڕۆمان
هەموو ئەوانەی لە بواری ئەدەبی دەخوێندنەوە و دەنووسن دەزانن کە چەندین جۆری ڕۆمان هەیە، وەک ڕۆمانی مێژووی، سیاسی، پۆلیسی، ڕیالیزمی و.. هتد. کە ڕێگای بەخۆم دەدەم دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی “مەرگی دانیال” بڵێـم، ئەم ڕۆمانەی (ئومێد ناسح جیهانی) ڕۆمانێكی تێکەڵە لە جۆری ڕۆمانی مێژووی و جۆری ڕۆمانی ڕیالیزمی(واقعی)، چونکە نووسەر لێزانانە ڕووداوەکانی ناو مێژووی گێراوەتەوە، تێکەڵکێشی کردووە بە بارودۆخی ئێستای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری باشوری کوردستانەوە، کە کۆی ڕووداوەکان دابەش دەبن بۆ دوو زەمەن، زەمەنی یەکەم/ پرسی کوردە لە نێو لاپەرەکانی مێژوودا و زەمەنی دووەم/ دۆخی ئێستای کوردە و شرۆڤە و هەڵسەنگاندنە بۆ بارودۆخی سیاسی دەسەڵاتداری کوردی، و تێڕوانین بۆ ژن و ئاینداری لە کۆمەڵگای کوردی، هەروەها بە وردی کار لەسەر ئەوە کراوە کە چۆن کەسانێک ئاینیان کردۆتە بەردەبازی گەیشتن بە مەرامە تایبەتەکانیان، هاوکات نووسەر تەنها گێرانەوەیەکی وشکی مێژووی نەکردووە بە بناغەی ڕۆمانەکە، بەڵكو جۆرێک لە ڕۆمانسیەت لە ڕۆمانەکە بوونی هەیە هاوشانی خەیاڵبازی نووسەر کە ئەمەش خاڵێکی گرنگی ڕۆمانەکەیە.

دەروازە
ڕۆمانەکە لە ( 5 ) بەش پێکدێت، کە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە گەنجێکە بەناوی (دانیال)، خوڵقێنەری ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە کوڕی خێزانێکی هەژارە، کە لە تەنیشت خوێندنەکەیدا و لەسەرەتاکانی تەمەنی هەرزەکاریدا سەرقاڵی ئاینداری دەبێت، بەڵام ئاینداریەک نا کە ئەقڵانیەت حزوری هەبێت، هەوڵی ئەوەبدات خودای گەورە و ئاینەکەی وەک هێمای پێکەوە ژیان و ڕێزگرت لە باوک و دایک و خوشکەکانی بینرێت، بەڵکو لە ژێر کاریگەری مامۆستایەکی ئاینی دا بەبێ بیرکردنەوە قسەکانی دەکرد هێرشی دەکردە سەر خوشکەکانی و باوکی و دۆخێکی ناجێگیری لەناو ماڵە خجیلانەکەدا دروستکرد بوو.

شوێن
شوێنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە باشوری کوردستان و باکوری کوردستانە، ئەو بەشەی کە ڕووداوەکانی لە باشوری کوردستانە نووسەر لە ڕێگای کارەکتەرەکانەوە ڕەخنەی توندی گرتووە لە سیستەمی سیاسی کوردی و حزبی کوردی و کارەکتەرە سیاسیەکانی، هەروەها نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی لە کوردستان و کردنی باشوری کوردستان بە بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمی خراپ و بێ کەڵکی وڵاتانی دراوسێ کە سەرجەم ئەمانە لە واقعی ئێستای باشوری کوردستان بوونیان هەیە.
هەرچی ڕوداوەکانی باکوری کوردستانە، لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە (دانیال) بە هیوای ژیانێکی ئارام دوور لە حیزب و نادادپەروەری ڕێگای سەفەر دەگرێتەبەر بەرەو دەرەوەی وڵات، شاری (وان) دەبێتە شوێنی ڕووداوەکان (دانیال) دەکەوێتە ناو ئازارەکانی کۆمەڵکوژیە یەک لە دوای یەکەکانی باکوری کوردستان و دۆخێكی سەپێندراوی سەربازی بەسەر ئەو شارەدا لە لایەن دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی تورکەوە لەو کاتەدا جێبەجێکراوە، کە کاریگەری زۆر بەجێ دەهێڵێت لەسەری.

زمان
زمانی ڕۆمانەکە زۆر سادە و ڕوونە بۆ هەموو خوێنەرێکە، کە زۆرجار نووسەر لە جیاتی زاڵبوونی زمانێکی ئەدەبی و خەیاڵبازی وەک مێژوونووسێک دەردەکەوێت بۆ گێرانەوەی ڕوداوەکان و شیکردنەوەیان، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نووسەر شارەزایەکی باشی مێژووی ناوچەکە و کوردستانە، خاوەنی بڕوانامەی باڵایە لە بواری مێژوودا.

دیالۆگ
ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لە نێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لە نێوان کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە و مامۆستایەکی زانکۆیەتی کە (دانیال) لە گەنجێکی فتوادەری بەکافرناسینی کۆمەڵگاوە دەکاتە مرۆڤێکی کراوە، کە لە حاڵەتی دۆگمابوون دەیگوازێتەوە بۆ قبوڵکردنی ئەوانی تر و جوڵاندی هەستی بۆ ئازاری مرۆڤە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، تەنها لە ڕێگای گفتوگۆ وە دێڕەکانی مامۆستاکەی بەستەڵەکی سەری (دانیال)ی تێکشکاند.

کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان و پرسی ژن
ڕووداوەکانی سەرەتای هاتنی داعش و دروستبوونی ململانێی سیاسی و تێکەڵبوونی بەرژەوەندیەکانی زلهیزەکان لە ناوچەکە و کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان و فرۆشتنی ژنان و کچانی ئەو کەمە ئاینییە، بەشێكی سەرەکی ڕۆمانەکەی داگیرکردووە، کە نووسەر سەرەتا بە باسکردنی سەرجەم کۆمەڵکوژیەکانی مێژوو کە دژی ئێزدیەکان کراوە، دەستپێدەکات و پاشان دەسەڵاتدارانی داعش چۆن هاوشێوەی ئەنفالەکەی سەدام کە دژی کوردی ئەنجامدا لە سەدەی ڕابردوودا، ئەمانیش کچ و ژنی ئێزدیەکانیان فرۆشتووە و دەستدرێژیان کردونەتە سەر. هەروەها بە کاڵاکردنی ژنان و کردنیان بە بوکەڵەی سێکسی لە باشوری کوردستان لە ژێر ناوی کچە مۆدێل، جێگای سەرنجی نووسەر بووە، هەربۆیە بەشێكی بۆ تەرخانکردووە، کچانی ئاگادارکردۆتەوە لەوەی کە لە ژێر ناوی مافەکانیان، چۆن دەکرێن بە کاڵای سێکسی و بۆ مەرامی تایبەتی و پرکردنەوەی حەزی کۆمەڵێك کارەکتەری سیاسی و ئاینی بەکاردەهێنرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت