عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی چل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

28. 10. 2022
پڕووشە بارانێک بارى و لەمەودوا جگە لە ترێ هەناری مێخۆشیش خۆشە و وشەى جوانی کوردیتان وەک دەنکە هەنارى مێخۆشی سوور لەبەردەم دادەنێم.
ئەمەم لە ( موقع السکسکیة ) وەرگرتووە
منداڵە چکۆلە کلینێکسفرۆشەکە لەبەردەم ئەو پیاوە دەوڵەمەندەدا ڕاوەستابوو کەسەیرى مۆبایلەکەی خۆی دەکرد. کابراى دەوڵەمەند دۆلارێکی دا بە منداڵەکە بێ ئەوەى کلینێکس هەڵگرێ. منداڵەکە دۆلارەکەى بەدەستەوە گرت و چووە بەردەم دوکانی پێڵاوفرۆشەکە و سەیرێکی پێڵاوە شڕ و دڕاوەکانی خۆی و ئەو پێڵاوە جوانەی کرد کە لە ڕووکاری جامخانەى دوکانەکە دانرابوو و لەسەرى نووسرابوو ( نرخەکەى 50 دۆلارە). پیاوە دەوڵەمەندەکە منداڵەکەى بینی کە سەیرى پێڵاوەکەى دەکرد. لەپڕ خۆى بە دوکانەکەدا کرد و دوای ماوەیەک بە زەردەخەنەیەکەوە لە دوکانەکە هاتە دەر و سوارى ئۆتۆموبیلەکەى بوو و ئەو ناوەى جێ هێشت. ئەوەندەى پێ نەچوو خاوەنی دوکانەکە نرخی پێڵاوەکەى گۆڕی و پارچە کاغەزێکی پێوە کرد کە لەسەرى نووسرابوو (نرخەکەى تەنیا ١ دۆلارە ). منداڵەکە خێرا چووە دوکانەکە و پێلاوەکەى کڕى و وایزانی نرخەکەى دابەزێنراوە, ئیدى بە پێڵاوە تازەکەوە هاتەدەر و شادییەکی تێکەڵ بە بزەیەکى گەش هەموو ڕوخسارى داگرتبوو. چەند خۆشە کە بە نهێنی و بێ ئەوەى پێی بزانرێ چاکە و پیاوەتی بکەیت و هەستی هەژاران لەبەر چاو بگریت. ئاخر هەموو کەسێک لە لاى خۆیەوە نەفسبەرزە. ئەو چاکەیە لاى خوا قبووڵە کە نەیلێیتەوە و بەچاوى کەسەکەى دانەدەیتەوە. بەڵام حکوومەتی هەرێم بەپارە و سامانی ئەم وڵاتەى خۆمان، ئەگەر کارێکمان بۆ بکات لە ڕاگەیاندن بڵاوى دەکاتەوە و بەچاومان دادەداتەوە و دەڵێ: ئەى ئەوەم بۆ نەکردن. یان مووچەى فەرمانبەران کە دەدات منەتمان بەسەردا دەکات. باشە ئەى ئێوە خۆشتان مووچە وەرناگرن؟ بەڵام هى ئێمە لەکوێ و هی ئێوە لەکوێ! ڕەگە ئەوەى ئێوە بەشی نان و ماستاو نەکات. ئەوە ڕۆنی خۆمانە و لەسمێڵی خۆمانی دەدەنەوە و پێی ناوێ منەتمان بەسەردا بکەن.
سەرۆکی وڵاتێک لە گوتارێکیدا منەتی بەسەر خەڵکەکەدا کرد و گوتی: سەیر کەن چۆن هەموو هەوڵێکمدا تا پەتاى کۆڕۆناتان لە کۆڵ کەمەوە. یەکێک لەناوخەڵکەکە ملی خۆی لەتیغ سوى و دەستی لەخۆى شووشت و گوتی: ئاخر خوا زۆر بەبەزەییە و نەیویست لە یەک کاتدا تووشی دوو بەڵامان بکات.
ئەمەیان تامێکی دیکەى هەیە. بێ گومان هەمووتان ناوى ( حافظی شیرازى ) تان بیستووە کە یەکێکە لە شاعیرە هەرە ناودارەکانی فارس و شیعرەکانی زۆر ناسکن و ( غزلیات ) ی حافظ کەسانی دەنگخۆش بە مەقام دەیڵێن. گۆڕەکەى هەمیشە چەند دیوانێکی ئەوى لەسەر بووە و خەڵک چوونەتە سەرى و کتێبیان گرتۆتەوە. دەڵێن شایەکی ئێران کوڕێکی بزر بووە و زۆر بۆی خەمبار بووە, ئاخر جەرگە و جەرگیش زۆر شیرینە. دەڵێ دەچمە سەر گۆڕەکەى حافظ و کتێب دەگرمەوەو ئەگەر شیعرەکە بە دڵی من بوو, ئەوا گۆڕەکەى بە جوانترین شێوە بۆ هەڵدەبەستم و خۆ ئەگەر بە دڵیشم نەبوو, گۆڕەکەی لەگەڵ زەوى تەخت دەکەم. کە دەچێ دیوانێک هەڵدەگرێ و دەیکاتەوە چامەیەک دەردەچێ کە ئەم دێڕە شیعرە ی تێدایە.
یوسف گم گشتە باز آید بە کنعان غم مخور
کلبەى أحزان شود روز گولستان غم مخور
با بە ڕێنووسی کوردی بۆتان بنووسم:
( یوسفی گوم گەشتە باز ئایەد بە کەنعان غەم مەخور
کولبەیی ئەحزان شەوەد روزى گولستان غەم مەخور)
واتە :
یوسفی ونبوو جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە کەنعان خەم مەخۆ
کوختەو کۆڵیتی خەم و کەسەران دەبێتە ڕۆژى گوڵستان خەم مەخۆ
مزگێنی لەوە باشتر هەیە؟ دەڵێن ئەوەندەی پێ ناچێ کوڕەکەى دەدۆزێتەوە و لەسەر بەڵێنەکەى خۆی گۆڕەکەى بە جوانترین شێوە هەڵدەبەستێ و دەیکات بە گوڵ و گوڵزار ئێستا ئارامگاى حافظ خۆشترین و جوانترین شوێنی شیرازە و جاران وێنەی ( آرامگاه حافظ ) لەسەر 100 تمەنی بوو و نازانم ئێستاش هەر وایە، یان گۆڕیویانە. ئینجا با واز لە پاشا و ماشایان بێنین و با شتێکی دیکەتان لەبارەى گۆڕەکەىى حافظ بۆ باس کەم. ئەمەیان مامۆستا هێمنى نەمر بۆى گێڕامەوەو گوتی: دەڵێن جارێکیان شەش کچی شۆخ و جوانی ئەرمەنی، دەیکەن بە گاڵتە و دەڵێن با بچین بۆ سەر ئارامگاکەى حافظ کتێبێک بگرینەوە و بزانین کێهەمان دەخوازێ. ئیدى هەڵدەستن دەچن و یەکێکیان دیوانی حافظ دێنێ و لاپەڕەیەک دەکاتەوە و چامەیەک دەردەچێ کە ئەم دێڕە شیعرەى تێدایە.
شهریست پر أز کریشمە و خوبان ز شەش جهت
چیزیم نیست ور نە خریدار هر شەشەم
بە ڕێنووسی کوردى:
(شەهریست پڕ ئەز کریشمە و خوبان زو شەش جیهەت
چیزیم نیست وەر نە خریدار هەر شەشەم
واتە:
شارێکە پیڕ لە شۆخ و جوانان لە شەش لاوە
هێچم نییە دەنا هەر شەشیانم دەوێ
ئیدى لەسەرى خۆیان دەدەن و دەڵێن: ئاى چەند بە تەماحە خۆ چاوى بڕیوەتە هەر شەشمان.
پێم وایە با جێتان بهێڵم تا خرتکەیەکی دیکە و خواتان لەگەڵ و هەر لە خۆشیدا بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت