دوکتۆر ستێن ئێکبێرگ: نیشانە دیارو باوەکانی ژەهراوی بوونی جگەرو کێشەی چەوریی جگەر!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی : حەسەن ڕازانی
بەستەری بابەتەکە لە یوتوب:https://www.youtube.com/watch?v=l7KdLPN3pVM
ئەگەر بێت و بڵێین جگەر تەنها ئەندامێکی گرنگی لەشە، ئەوا لە گەورەیی و گرنگی جگەر بۆ سەرتاپای لەش کەم دەکەینەوە! چونکە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە جگەر بەشدارە لە پرۆسەی هەرگۆڕانکارییەک کە لە لەشدا ڕوودەدات!
لێرەدا نیشانە دیارو باوەکانی کێشەی جگەر باس دەکەین. خاڵی سەرەکیش لەو ڕووەوە ئەوەیە کە تۆ بزانی میکانیزمی کارکردنی لەش چۆنە. جەستە چۆن کار دەکات؟ جا لێرەوە تۆ دەتوانی سەرەداوەکان دەسەریەک بکەیتەوەو تەواو تێبگەی و هەنگاو بنێی بەرەو کاریگەریگەریدانان لەسەر تەندرووستی خۆت.

جگەر چیە؟
جگەر ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە 500 بۆ 600 کارلێک و کاردانەوەی جیاواز لە ناو لەشدا. بۆ نموونە جگەر بەرپرسە لە درووستکردنی هۆڕمۆنەکان، چالاک کردنی هۆڕمۆنەکان، دەستکاریکردن و هەموارکردن و گۆڕانکاری هێنان بەسەر هۆڕمۆنەکاندا، هەروەها دەتوانێت لە ئاستی هۆڕمۆنەکانیش دەبەزێنێت، هەروەها گڵایکەجێن Glycogen لە گڵوکۆزی زیادە درووست دەکات و هەڵی دەگرێت بۆ کاتی پێویست کە بۆ شەکری خوێن بەکاری بهێنێت. جا کاتێک کە ئێمە گلکۆزمان لێدەبڕێت ئەو کات جگەر سەرلەنوێ و لە خاڵی سفرەوە دەست دەکاتەوە بە درووستکردنی گلوکۆز، هەروەها گڵوکۆنیۆجێنەسیس لە گڵایسێرین و ترشی ئەمینۆ درووست دەکات، هەروەها کاتێک کە ئێمە ئاستی کاربۆهەیدراتمان دادەبەزێت جگەرئەو کیتۆنانە درووست دەکات کە سووتەمەنی دەدەن بە مێشک و مێشک کار پێدەکەن!
هەروەها جگەر جۆرەها پرۆتین دروووست دەکات کە بە دەیان هەزار مەزندە دەکرێن، زووربەی ئەوانە لە ناو جگەرەوە درووست دەکرێن، دووان لە هەرێ پرۆتینە دیارو باوەکان کە لە لایەن خانەکانی جگەرەوە درووست دەکرێن یەکێکیان پیی دەگوترێت ئەلبیومین و دووەمیشیان پێی دەگوترێت گڵۆبیوڵین. ئەو دووانە پرۆتینی خوێنن و کاریان پاراستنی تایبمەندی خوێن و هەرشتێکیش پەیوەندی بە خوێنەوە هەبێت بۆ نموونە فشاری خوێن! کە لێرە بەدواوە دەمەوێت زیاتربۆ نموونە دەربارەی فشاری ئۆسمۆتیکەوە بدوێم کە پەیوەندیدارە بە (ئەلبیومین)ەوە! گڵۆبیونەکان هەڵگری پرۆتینەکانن و هەروەها پێشی دەگوترێت بەرگری گڵۆبیوڵین، یان دژە تەن! هەروەها لە لایەکی تریشەوە جگەر کڵستڕۆڵیش درووست دەکات! هەروەها ئەوە جگەرە کە دەتوانێت باڵانس ڕابگرێت لە نێوانی کڵستڕۆڵی خەراپ و کڵستڕۆڵی باش لەناو لەشدا وهەروەها هەر جگەریشە کە وا دەکا لەش چەندی پێویست بە کڵستڕۆڵ هەبی پێی بدات! هەروەها جگەر وەکو سەرەکیترین ڕووەکی نەهێشتنی ژەهری ناولەش وایە و تەنها ئەندامیشە لە لەشدا کە دەتوانێت شتە ژەهراویەکان وەربگرێت. بۆ نموونە شتە ژەهراویە کیمیاویەکان و مادە لەناوبەرەکان و شتی لەو باباتە وەربگرێت و لە چەوری تواوەو ژەهرێکی بەهێزەوە بیانگۆڕێت بۆ بەرهەمی لاوەکی کە لە ئاودا بتوێتەوەو دواییش بە سەلامەتی دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆمەوە لەگەڵ پیسایی دەرچێتەدەر. ئینجا بە ناڕاستەوخۆیی دەتوانین پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە جگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدارە لە هەر گۆڕانکارییەکی کیمیاوی کە لە لەشدا ڕوودەدات. جا من لەبەر گرنگی جگەر هاتووم هێڵم بە ژێر جوار پیتی یەکەمی جگەردا هێناوە کە دەکاتە ژیان، واتە جگەر ژیانە هەر چوار پیتی پێشەوەی بە یەکەوە مانای ژیان دەگەێننن. واتە ئەگەر جگەر کێشەی هەبێ بەمانای ئەوە دێت کە ژیانت کێشەی تەندرووستی هەیەو لە مەترسیدایە. ئەوەش هەمووی گرنگی جگەر دەگەێنێت!

جۆرەکانی نەخۆشی جەگەر!
کاتێک کە ئێمە قسە لەسەر جۆرەکانی نەخۆشی جگەر دەکەین یەکسەر چەوری جگەرو ژەهراوی بوونی جگەرو سیرۆسیس و ئیتر بەو شێوەیە پێوە دەڕوات. ئەوانە هەموویان جۆری نەخۆشی جگەرن و بەڵام باوترینیان نەخۆشی چەوریی جگەرە کە ئەو جۆرەش بەرەو ژەهراوی بوونی جگەر دەڕوات، چونکە کاتێک کە بەرگری ئەنسۆلین دێتە ئاراوە ئینجا شتەکان بۆ نموونە ژەهرەکان و چەوریەکان و هەروەها بەرهەمە لاوەکیەکان دەست دەکەن بە کەڵەکەبوون و کۆبوونەوە لە ناوجگەردا، ئەمەش کێشەی هەرس کردنی چەوری ژەهرەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەمەش بەچەند پلەیەک دەردەکەوێت. جا لە سەرەتای دەستپێکردنی نەخۆشیەکە، هیچ تێکچوونیک لە جگەر ڕوونادات، بەڵام جگەر هەو دەکات و کەسی تووشبوو جۆرێک لە خورانی تووندی تووش دەبێت. ئەمەش بەرەو دوو پلەی جیاوازی نەخۆشی پەلدەهاوێت. جا ئەگەر ئەو شتە ژەهراویانە هەر کەڵەکە ببن لە ناو جگەردا کەسەکە تووشی نەخۆشی: نەخۆشی چەوری جگەر دەبێت لە گەڵ بەرگری ئەنسۆلینن و جۆری دووەمی نەخۆشی شەکر. وە ئەگەر ئەم نەخۆشیەی جگەر هەر بەردەوام بێت و کەسی نەخۆش گوێی پێنەداو خۆی چارە نەکات، ئەوە نەخۆشیەکە تین بۆ جگەر دەهێنێت و زیانی پێدەگاو بریندا دەبی و ئەم قۆناخەش پێی دەگوترێت فایبرۆسیس. ئینجا ئەگەر هەر گوێ بە نەخۆشیەکە نەدراو بەردەوام بوو، ئەوا زیانی گەورە بە جگەر دەگات و نەخۆشیەکە دەچێتە قۆناخێکی تری مەترسیدارەوە کە پێی دەگوترێت سیرۆسیس. ئیتر هەر لەو قۆناخەشەوەیە ئەگەر چارەنەکرێت ئەوا ئەو نەخۆشیە پەکی جگەر دەخاو جگەر لە کاردەکەوێت و لێرەوەیە کە نەخۆشیەکە دەچێتە کۆتا قۆناخی خۆی و ئینجا نیشانەکانی شێرپەنجەی جگەر لەکەسە نەخۆشەکە دەردەکەوون.

نیشانەدیارەکانی نەخۆشی جگەر!
یەکەم نیشانە پێی دەگوترێت شەکرەی بڕۆنزی. بەڵام ئەوەیان لە ڕاستیدا شەکرە نیە، بەڵام بۆی هەیە پەیوەست بێت بە شەکرەوە! ئەوەی کە بەشدار دەبی لە نەخۆشی شەکرە، شتێکە کە پێی دەگوترێت هیمۆکڕۆماتۆسیس کە ئەوەش زۆر بە سادەیی دەتوانین بڵێین بریتیە لە تۆپەڵە ڕەنگێک کە لە ناو خوێندا دەردەکەوێت کە ئەویش لە ئەنجامی زۆریی ئاسنەوەیەو ئاسن زیاد لە پێویست لە ژەمەکاندا دەخورێت، جا ئەگەر ڕێژەی پێویست لەو ئاسنەیەی کە لە ناو لەشدایە فڕێنەدرێتەدەر، ئەوا کەسەکە تووشی کێشەی بوونی ئاسنی زیاد لە پێویست دەبێت. وە بەشێک لەو ئاسنەیە کە لە ڕێگەی گلاندی ئارەق ڕژێنەوە فڕێدەدرێتە دەرەوەی لەش لە ڕێگەی کونە بچووکەکانی پێستەوە و هەندێکیش لەو ئاسنە لە ناو پێستدا گیر دەخواو ئەمەش ڕەنگی پێستی کەسەکە دەگۆڕێت بەرەو بڕۆنزی. واتە ئەو ئاسنە زیادەیەی کە لە پێستدا گیر دەخوا، ڕێک وەکو ژەنگ وایە. هەر بێنە پێش چاوی خۆت کە کاتێک ماشێنەکەت تووشی ژەنگ دەبێت، هەر ئاهواش پێستی تۆ لە ئەنجامی ئاسنی زیادەوە، تووشی نەخۆشی ژەنگ دەبێ. واتە ڕەنگی پێستت ژەنگاوی دەبێ.
جا ئەو ژەنگە کە کەمترین گرفتی تەندروستیت بۆ درووست بکا بریتیە لە گۆڕینی پێستت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی بریندارکردنی ئەندامەکانی وەک جگەرو پەنکریاس و دڵ. هەر بۆیەشە کە وەک هۆیەکی سەرەکی تووشبوون بە نەخۆشی جگەرو نەخۆشی جۆری دووی شەکرە دادەنرێت! جا بۆیە ئەمەیان زۆر گرنگە کە لێی تێبگەی و هەروەها زۆریش پێویستە کە بجیت سەردانی دوکتۆر بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت ئاخۆ هەتە، یان نا، چونکە پشکنینەکەی زۆری تێناچێت و هەرزانە! ئنجا ئەو نەخۆشیەش زۆر باوەو بوونی زۆرەو ئینجا بە ئاسانیش دەتوانرێت ئیدارەی بدرێت! هەروەها دەبێتە هۆی بەرگری ئەنسۆلین و جۆری دووی شەکرە.
جا وەرە با پێت بڵێم، بۆچی زۆرجاران کە دەتنێرن بۆ پشکنینی خوێن، ئەوان پشکنین بۆ شتێک دەکەن کە پێی دەگوترێت سیڕەمی ئاسن! جا ئەوەش وەکو ئەوە وایە کە بۆ ئەوەی سەروەتی تۆ بژمێرن بێن پارەی ناو گیرفانت بژمێرن و بڵێن سەروەتی تۆ ئەوەندەیە! چونکە ڕێژەی سیڕەمی ئاسن کەمترە لە 1٪ی ڕێژەی ئاسنی ناو لەشت!
جا بە ڕاستی بۆ ئەوەی بزانین کە ڕێژەی ئاسن چەندە لە لەشتدا، دەبێ جۆرە پشکنینێک بکەیت کە پێی دەگوترێت فێڕەتین، بۆیە تۆ دەبێ بە دوکتۆرەکەت بڵێی تا ئەو جۆرە پشکنینەت بۆ ئەنجام بدات! ئەو جۆرە پشکنینە یەکجار گرنگەو ئینجا هەرزانیشە! با دوکتۆرەکەت کە دەتنێرێت بۆ پشکنینی خوێن با پشکنینی (فێڕەتین)یشی بخاتەسەرو پارەکەشی شتێکی وا فەرق ناکات!
ئەوەش بیرۆکەیەکت دەداتێ کە وات لێدەکا بزانیت چەندە ئاسنت لە ناو لەشدایە! هەروەها جۆرە پشکنینێکی تریش هەیە پیی دەگوترێت پشکنینی بۆماوەیی کە بۆ نەخۆشی هیمۆکڕۆماتیزم دەکرێت، ئەو جۆرە پشکنینە بە تەواوی یەکلاکەرەوە دەبێ! جا مەگەر هەر ناچارت کەن کە دەبێ پشکنینی بۆماوەیی هەر بکەی دەنا لە ڕاستیدا پێویست ناکات بیکەی، چونکە تەنها چارەسەری کڕۆماتۆسیزم خوێن بەخشینە! جا کە دەچی بۆخوێن بەخشین، ئەوان پێش ئەوەی خوێنەکەی تۆیان بوێت پشکنین بۆ خوێنەکەت دەکەن، جا ئەگەر زۆر شتی خەراپیان بینی ئەوا هەر لەوێ دەیڕێژن و نایانەوێت بەڵام ئەگەر شتی خەراپی تێدا نەبینرا ئەوا هەر ئەوە دەگەێنێت کە کێشەو نەخۆشیەکەی تۆ هەر زۆریی ئاسنە کە زیاد لە پێویست هەتە! ئەو کاتە بچۆ خاچی سوور هەندێک خوێنیان پێ ببەخشە و ئەوان زۆر پێویستیان پێی دەبێ و مەمنوونیشت دەبن!
دووەم نیشانە پێی دەگوترێت زانسڵازما. ئەمەش ڕەنگی زەردەو لە گۆشەی چاو لە دیوی ناوەوەی دەردەکەوێت و هەر کە ئەو گۆشەیە زەربوو ئەوا ڕێک دەڵێن ئەو نەخۆشیەت هەیە! ئەوانەش کڵستڕۆڵی نیشتوون، جا بە شێوەیەکی ئاسایی جگەر زەرداو بەرهەم دەهێنێت و ئەو زەرداوەش چەوری دەتوێنێتەوە، جا هەر کاتێک کە تۆ ژەمیکی چەوربخۆی، ئەوا جگەر دەست دەکا بە بەرهەم هێنانی زەرداو و ڕەوانەی دەکات بۆ زراو تا لەوێدا پاشەکەوتی بکا و زراویش هەندێک لەو زەرداوە فیچقە پێدەکا تا چەوریەکە لەناوبەرێت! جا ئەگەر تۆ کێشەی نەخۆشی جگەرت هەبێ ئەوا جگەر ناتوانێت بەشی پێویست زەرداو درووست بکاو ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە چەوری ناولەشت هەمووی لە ناونابرێت و بەشێکی ئەو چەوریە دەبێت بە کلستڕۆڵی خەراپ و ئەمەش بەزیانی تەندرووستی تۆ تەواو دەبێ!

سێهەم نیشانە پێی دەگوترێت زەردوویی!
زەردووییش تەنها حاڵەتێکە کە ڕەنگی کەسەکە زەرد دەبێت، جا یان ڕەنگی پێستی کەسەکە زەرد دەبێت، یان لە قۆناخەکانی تری سەرەتای نەخۆشیەکەدا سپێنەی چاو( بەشە سپیاییەکەی چاو) بەرەو زەردی دەڕوا. ئەو زەردیەش لە خرۆکە سوورەکانی خوێنەوە پەیدا دەبێت کاتێک کە ئەو خرۆکە سوورانە تێکدەشکێن و جارێکی تر بەکاردەهێنرێنەوە، جا یەکێک لە کۆتا بەرهەمەکان کە جگەر لێی بەرپرسیارە و پێی دەگوترێت بیلیڕوبین ، فڕێ دەدرێتە ناو زەرداوەوە، هەر ئەوەشە کە ڕەنگی پیسایی قاوەیی دەکا. جا لێرەدا ئەگەر جگەر نەتوانێت ئەو کردارە بەڕێک و پێکی و تەواوی ئەنجام بدات، ئەوا بیلیڕوبین کە بە تەواوی فڕینەدراوەتەدەر لە ناو زەرداودا دەست دەکات بە بڵاوبوونەوەو کێشەی تری تەندرووستی بەدوایخۆیدا دەهێنێت کە ڕەنگ زەردی پێست و سپیەنەی چاو لەو نیشانانەن!

چوارەم نیشانە کە دەبێ بۆی بڕوانین بریتیە لە تێکچوونی پیسایی!
یەکێک لە نیشانە دیارەکانی نەخۆشی جگەر ئەوەیە کە باری پیسایی کردن تێکدەچێت. کەسە نەخۆشەکە بەرەو سکچوون دەەڕوا، بە تایبەتی سکچوونی درێژخایەن! لەوبارەوە زۆر بە کەمی و بە خەراپیش لەو گرفتە تەندرووستیە تێگەییشتوون! تێناگەن کە بۆچی ئەو نیشانەیە یەکێکی کەیە لە هۆکارە باوەکانی پەیوەست بە نەخۆشی جگەر! هەروەها شتێکی تریش هەیە کە پێی دەگوترێت (ستیاتەڕییە) کە بە مانای چەوری پیسایی دێت! ئەوەیان زۆر سادەو ڕوونە بۆ تێگەییشتن، ئەویش ئەوەیە کە خەتای جگەرە! چونکە جگەر ڕێژەیەکی باشی پێویست لە زەرداو درووست ناکات بۆ ئەوەی بەو زەرداوە چەوریەکە لەناوببات، بۆیە چەوریەکە بێ ئەوەی هەرس بکرێت لە ناو کۆئەندامی هەرسدا دەمێنێتەوە وەک بەشێک لە پیسایی و ڕەنگی زەردیشی دەبێ، چونکە ڕێژەیەکی زۆری چەوری لەگەڵدایە! هۆیەکی تریش ئەوەیە کە بیلیڕوبین نیە، چونکە زەرداو ناینێرێت و ئەو چەوریەش هەمیشە لەسەرەوەی پیساییەکەدا دەبینرێت، چونکە چەوریەکە سووکترە! کەواتە دەبێ وەدوو ئەو یاسایە بکەوین کە دەڵێ: هەتا زەرداو کەم بێت کەمتر چەوری هەرس دەبێت! ئەمەش چەندین کێشەو گرفتی تەندرووستی تر بەدوا خۆیدا دەهێنێت!

نیشانەی پینجەم بریتیە لە خوران و سووتانەوە!
ئەو کێشەیە کاتێک ڕوو دەدات کە زەرداو ڕادەگیرێت و فڕێنادرێ، چونکە زەرداو وا بڕیارە کە ژەهرەکانی تێدا بێت بۆ ئەوەی فڕێبدرێنەدەرەوە، جا کاتێک کە نەتوانین خۆمان لەو زەرداوە ڕزگار بکەین و گیربخوات لە ناوەوە کەواتە تەواوی ژەهرەکانی ناویشی لە ناو لەشدا دەمیننەوەو باشترین شوێنی باویش بۆ ئەو ژەهرانە بریتیە لە دەستەکان و پێیەکان. بۆچی دەست و پێ؟ چونکە ئەو کردارە پەیوەستە بە سووڕی خوێنەوە! چونکە سووڕی خوێن شتەکان دەهێنێتە ناو شانەکانەوەو لە لایەکی تریشەوە پیسی و ژەهرەکان و پاشەرۆکیش لە ناوشانەکانەوە لادەبات. ئەو کردارەش کاتێک بەڕێک و پێکی و تەواوی ڕوودەدات کە جگەر توانای هەبێ و باش بێت! ئەم گرفتە بەرەو خەراپتر دەڕوا بۆ ئەو کەسانەی کە جۆری دوویان لە نەخۆشی شەکرە هەیە! وە کە دەشگوتڕێت بۆچی زۆرجاران ئەو گرفتە لە دەستەکان و لە پێیەکاندا ڕوودەدات؟ هۆیەکەی ئەوەیە کە دەست و پێ دوورترن لە دڵەوە. تا دوورتر بن لە دڵەوە بە سەخت تر خۆراک لە خوێنەوە دەگات پییان و کەمتریش ژەهرو پیسی لە شانەکانیان لادەبرێت.

نیشانەی شەشەم بریتیە لە باش نەبینین و گرفتی بینین!
جا لێرەدا ڤیتامینێک هەیە کە پەیوەستە بە بینینەوەو پێی دەگوترێت ڤیتامین A ئەو ڤیتامینەش لە ناو چەوریدا شی دەبێتەوە، جا کاتێک کە جگەرو زەرداو کاری خۆیان ناکەن، ئێمەش ناتوانین ئەو ڤیتامینانە هەڵبمژین کە لە چەوریدا دەتوێنەوەو شی دەبنەوە کە بریتین لە ڤیتامینەکانی وەک A,D,E,K. بۆیە بە بێ بوونی ڤیتامین A تووشی کێشەی بینین دەبین بەگشتی و بە تایبەتی بینین بە شەو کە پێی دەگوترێت شەوکوێری! جاهەر کەسێک کە بەشەو باش نابینێت و کێشەی هەیە، ئەوا بۆی هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان کێشەی نەخۆشی جگەری هەبێ!

نیشانەی حەوتەم بریتیە لە حەساسیەت، یان هەستیاریی!
نیشانەی حەوتەم، یەکێکە لە نیشانە هەرێ گەورەو دیارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی جگەر، بەڵام زۆرێک لە خەڵک درک بەو ڕاستیە ناکەن!هەستیاریی بۆی هەیە بەهۆی خواردنێکەوە بێت، یان بە هۆی ژینگەوە بێت، یان دەگونجێت بەهۆی هەموو جۆرە خواردنێکەوە بێت کە دەیخۆیت و کاردانەوەت لەبەرامبەریدا هەیە! چونکە بەڕاستی چەندین خواردن هەیە کە بۆی هەیە تۆ هەستیاربی پێیان و کاردانەوەت لە بەرامبەریاندا هەبێت!
جا ئەو کاردانەوەو هەستیارییە بۆی هەیە بە هۆی ئەوەوە بێت کە جگەر کێشەی هەیە، جا یان ئەرک و باری زۆر قورس کراوە، یان ژەهراوی بووە. بە هەمان شێوە کاردانەوت لە بەرامبەر ژینگە، هەر هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەندرووستی لە ناو جگەردا. بۆ نموونە ئەگەر تۆ، تای پووش و پەڵاشت هەبێ، واتە تۆ هەستییار بیت لە بەرامبەر پووش و پەڵاش و تەپ و تۆزو بۆنی گوڵ و درەخت و هەروەها کاتی بەهاران کە کرداری پیاتندن و زۆربوون لە نێو درەخت و ڕووەکدا ڕوودەدات، یان هەستیاریت هەبێ لەبەرامبەر ماڵات و ئاژەڵ و هەندێک پەلەوەردا. هەموو ئەوانە بۆی هەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە تۆ جگەرت ژەهراوی بووە! چونکە چەندە جگەر بە باشی کار نەکات، ئەوا زۆرترین پاشەڕۆو پیسی و ژەهریش کۆدەبێتەوە لە ناو لەشدا و هەتا ئەو ژەهرو پیسیانەش کۆببنەوە لە ناو لەشدا، ئەوا هەستیاری و کاردانەوەش زۆرتر سەرهەڵدەدەن و ئەمەش هەمووی کاردەکاتە سەر چالاکی سیستەمی بەرگری لەش و بەرەو لاوازی دەبات و ئیتر وات لێدێت کە بە هەموو شتێک هەستیار دەبیت و کەسێکی لە سنووربەدەر هەستیار دەبیت بە جۆرە ها شت!

نیشانەی هەشتەم پێی دەگوترێت ئاوسانی سک!
ئەم نیشانەیەش کە بە ئاشکرا دەبینرێت، بریتیە لە جۆرێکی تایبەت لە ئاوسانی سک و ئەمەش کاتێک سەرهەڵدەدا کە شلەمەنیەکان لە ناو بۆشاییەکانی سکدا کۆدەبنەوە! خۆی لە ڕاستیدا جۆرێکە لە لێچوونی ئاو، ئەو شوێنەی کە ئاوەکەش لێیەوە دزە دەکات سیستەمی خوێنبەرەکانە. جا ئەو ئاوەی کە دزەی کردووە بڵاودەبێتەوە بە دەوروبەری خۆیداو بە ناو شانەکاندا! ئەمەش بە هۆی شتێکەوە ڕوودەدات کە پێی دەگوترێت هایپۆئەلبیومین کە پێشتر باسمان لە ئەلبیومین کرد کە وەک ئیسفنج ڕۆڵ دەبینن لە هەڵمژین و وەخۆگرتنی ئاو! ئەو ئەلبیومینانەش کە پڕۆتینی بچکۆلەن، لە شێوەی گەردیلەی بچووکن، لە لایەن جگەرەوە درووست دەکرێن. جا بێنە پێش چاوی خۆت کە جگەر نەخۆش بێت و نەتوانێت وەک و پێویست ئەو پڕۆتینانە درووست بکات، تاکو ئاوەکە هەڵبمژن و وەخۆی بگرن، کەواتە ئاوەکە لە نێو ئەو شانانەو دەوروبەریاندا دەمێنێتەوەو ئەمەش هەڵاوسانی سکی لێ پەیدا دەبێت! کە واتە ڕێک چاو لەو یاسایە بکە کە دەڵێت: کە جگەر نەخۆش بێت کەواتە توانای ئەوەی نابێت کە بەشی پێویست ئەو پرۆتینانە درووست بکات کە پێیان دەگوترێت ئەلبیومین و هەتا ئەو پڕۆتینانەش لە ئارادا نەبن، کەواتە فشاری پێویست لە دڵەوە پەیدا نابێت بۆ ئەوەی خوێنەکە بەشێوەیەک پاڵ پێوە بنێت کە ڕێ بە دزەکردنی هیچ ئاویک نەدا، کەواتە ئاوەکە دزە دەکات و پڕۆتینەکانیش وەک پێویست نین تاکو ئاوە دزەکراوەکە هەڵبمژن و وەخۆی بگرن، کەواتە ئاوەکە لە نێو شانەکان و دەوربەریاندا دەمێنێتەوە وەک شتێکی زیادەو ناپێویست و سک ئاوسانی لێ پەیدا دەبێت. جا کە تەماشا سکی خۆت دەکەی زۆر بە گەورەیی دێتە بەرچاوت و ئەوەش لە ڕاستیدا هەمووی هەر شلەمەنیە!

نیشانەی نۆیەم بریتیە لە ئازاری شان!
جا ئەمە چۆن و لە کوێوەوە پەیدا دەبێ؟ هەر کاتێک ئێمە یەکێک لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەشمان گرفتی تەندرووستی هەبێ، ئەو کێشەیە ڕەوانەی دەرەوەی لەشیشی دەکا. جا تۆ سەیرکە بۆ نموونە کاتێک دڵ نەخۆشەو کێشەی تەندرووستی هەیە، بۆ نموونە جەڵدەی دڵ، زۆر لە خەڵکی کە ئەو کێشەیان هەیە، دەڵێن کە دەفەی شانی چەپ و هەندێک جاران دەشڵێن لاملی لای چەپیشیان دێشێت و زۆر جارانیش دەگوێزرێتەوە بۆ قۆڵ و باسکی چەپیان کە ئازارەکە لە شێوەی تەزوو، یان برووسکە بە ناو قۆڵ و باسکی چەپیاندا تێدەپەڕێت!
خۆی لە ڕاستیدا دڵ بۆ خۆی ئەگەر نەخۆشیش بێت، ئازارەکە لە خودی خۆیدا نیە، بەڵکو دەیگوێزێتەوەو لە ئەندامێکی تری لەشدا، ئەو ئازارە ڕەنگ دەداتەوە. جا بە نیسبەت جگەرو زراویشەوە هەر وایە! جا کە جگەرو زراو نەخۆش بن، ئەوا ئازار دەگوێزنەوە بۆ شانی ڕاست و بە تایبەتیش ڕێک دەفەی شانی ڕاست و هەروەها واوەتریش سەردەکەوێت بۆ لاملی ڕاست! جا ڕەنگە خۆت بێتەوە بیرت کە کاتێک کحولت خواردبێتەوە شەو بۆ ڕۆژی دوایی هەستت بە شان و مل ڕەق بوون کردووەو هەروەها جۆرێک لە ماندووبوون و شەکەتیی و بێتاقەتیش ڕووی تێکردوویی!

نیشانەی دەیەم بریتیە لە ماندوویەتی(شەکەتی و بێهێزی)
ئەم نیشانەیە یەکێکە لە نیشانە هەرێ دیارو باوەکان، بەڵام هەرچەندە نیشانەیەکی دیارو باوە کەچی لە ڕاستیدا تێناگەن بۆچی وایە؟ هەرکەسەو جۆرێک لە بۆچوون و تیوری بەدەستەوەیەو بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نایزانن بۆچی ئەمە ڕوودەدات! ئەوان دەزانن کە بە تەواوی نازانن هۆیەکەی چیە، بەڵام لە ئەنجامی ئەوەی کە چاودێری جموجۆڵی سیستەمی دەمارەکان دەکەن لە نێوانی مێشک و لەشدا، ئیتر تێدەگەن کە گۆڕانێک لە گۆڕێدایە! مێشک و لەش ئاخاوتن لەگەڵ یەک دەکەن و سیگناڵ بۆ یەکتری دەنێرن، جا لە مێشکەوە بۆ لەش و لە لەشەوە بۆ مێشک ئەم ئاخاوتن و سیگناڵ ناردنە بەردەوام دەبێت ئیترکاتێک کە جگەر ناتەواو بێت و نەخۆشی هەبێت، ئەم نەخۆشیەی جگەر وا دەکا کە گۆڕان لە سیگناڵەکانی لەش و مێشکدا درووست ببێت!
بەڵام ئەگەر ئێمە تۆزێک لێی ورد بینەوە تێدەگەیین کە لەبەر ئەوەی جگەر زۆر گرنگە بۆ هەموو پرۆسەیەکی گۆڕانکاری خۆراک لە ناو لەشدا و دیسان جگەر زۆر گرنگە بۆ بەرهەم هێنانی ووزەی پێویست بۆ لەش، ئەویش لەبۆ پاراستنی کیتۆنەکان و هەروەها بۆ دابینکردنی شەکری خوێن، جا بۆیە ئەگەر بێت و جگەر دەردێکی هەبێ و نەخۆش بێت، کەواتە ناتوانێت وەکو پێویست ووزەو شەکری خوێن بۆ لەش دابین بکات و ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێبکات! خاڵێکی تر ئەوەیە کە دەتوانین بیرمان بەلایدا بڕوات، ئەویش ئەوەیە کە کاتێک کە نەخۆش دەکەوین لەش بەجۆرەها شێوە دەیەوێت سەرچاوەی نەخۆشیەکە دیاری بکات و لەو بارەشدا لەش نایەوێت بکەوێتە هیچ شەڕێکەوە، بەڵکو دەیەوێت ئەندامە نەخۆشەکانی ناوەوەی چاک ببنەوە. جا کاتێک کە نەخۆشیەکەت لێ پیس بووبێت، لەش پێویستی بە چاک بوونەوە هەیەو لەشیش هەمیشە کە لە باری چاکبوونەوەدا بێت، هەمیشە ماندوویەتی و شەکەتی پێوە دیارە!
جا ئێستا ئەگەر تۆ گرفتاری بەدەست نەخۆشی چەوری جگەرەوە، یان ژەهراوی بوونی جگەرەوە، یان نەخۆشی جگەرت هەیە، دەتەوێت چی بکەی دەربارەی ئەو نەخۆشیە؟
چەندین شت دەگوترێت دەربارەی پاککردنەوەی جگەر لە ژەهر، بۆیە بۆ ئەو مەبەستەش پاکیجێک ئامادەکراوە پێی دەگوترێت پاککەرەوەی جگەریان شۆردنی جگەر، جا لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئەو پاکیجە دەیکات برتیە لە جووڵە خستنی ڕیخۆڵەکان و لەو نێوەشدا هەندێک شت وەجووڵە دەخەنەوەو چالاکی دەکەنەوەو هەندێک شتی تریش دەکەنە دەرەوە. ئەمەیان شتێکی خەراپ نیە کە ئەگەر بکرێت، چونکە ئەمەیان ڕێگایەکی سرووشتی دەرکردنیانە. هەروەها بەو کارە جگەر دەتوانێت هەموو ژەهرەکان و بەرهەمە لاوەکیەکان لەبەردەمی خۆی لابەرێت و بیانکاتە ناو ڕیخۆڵەکان، جا ئەگەر ڕیخۆڵەکان نەجوڵێن و چالاک نەبن ئەوا شتەکان لە ناویاندا دەمێننەوە. بۆیە هەتا مانەوەی ئەو شتانە لە ناو رێخۆڵەکاندا درێژە بکێشێت و نەکرێنەدەرەوە، ئەوا ڕیخۆڵەکان جارێکی تر بەتەمای ئەوەیان دەبێ کە دووبارە هەڵیان بمژنەوە! جا بەڕاستی وە جووڵەخستنی ڕیخۆڵەکان هەنگاوێکی باشە و کورت ماوەیە! بەڵام چەندین شتی تر هەیە بۆ ئەوەی بکرێت.
جا بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ جەخت لە خواردن و جۆری خوارد بکرێتەوە! لەو بارەشەوە دەبێ تۆ ئەوە بزانیت کە هەردووک بەرهەمی ڕووەکی و ئاژەڵی زۆرگرنگن. چونکە خۆراکە ڕووەکیەکان زۆرتر چالاکن لە پاککردنەوەداو بەرهەمی ئاژەڵیش ئەرکی بنیات نانەوەو درووست کردنەوەیە! جا ئێمە لێرەدا مەبەستمان لە نان و بەرهەمەکانی هەویر نیە، بەڵکو ئێمە دەربارەی سەوزە بێ نیشاستەکان قسە دەکەین، بۆ نموونە گەڵا سەوزەکان، سەوزەی گەڵادار لە وێنەی کەلەرم و کۆمەڵێک سەوزەی لەوبابەتە! زۆرێک لە کێشەی جگەر بە هۆی فشاری ئۆکسجینەوەیەو بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە دژە ئۆکسێنەرە، ئەمەش بەو مانەیە نایەت کە ئێمە بچین کۆمەڵێ حەبی دژە ئۆکسێنەر بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێنین! بەو مانایە دێت کە ئێمە دەبی تێبگەین لە گۆگردو گلوتاسیۆن و سیستین و میسایۆنین. ئەی باشە ئەوانە چین؟
گلوتاسیۆن زۆر گرنگەو بریتیە لە دژە ئۆکسێنەر، لەشیش بۆ خۆی لەناو شانەکاندا درووستی دەکات لە دوو ترشی ئەمینۆ و میسایۆنین کە کبریتیان تێدایە! جا بۆیە دەبێ تۆ هەوڵ بدەی ئەو خواردنانە پەیدا بکەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە کبریتیان هەیە، جا بەرهەمی ڕووەکی بن، یان ئاژەڵ، بەڵام وا باشە هی ئاژەڵ پەیدا بکەی کە رێژەیەکی باش گۆگردیان تێدایە، لە ئەنجامدا تۆ ئەو دوو ترشی ئەمینۆیەت دەست دەکەوێت و بەو هۆیەشەوە گەلێک گلوتاسیۆن درووست دەکەیت کە ئەمەیان تەنیا دژە ئۆکسێنەرە کە بە ڕاستی زۆر گرنگەو پێویستە!
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە کە کەس پێی خۆش نیە شتی بێ کەڵک و زبڵ ئاسایی بکاتە ناو گەدەی خۆیەوە کە هەر لە سەرەتاوە کێشەی تەندرووستی بۆخۆی درووست بکات. جا لێرەدا سێ شت پێویستە کە لێیان تێبگەین ئەوانیش بریتین لە شەکرو خواردنەوە و داوودەرمانە. شەکر 50٪ی فرکتۆزە کە ئەم رێژەیەکی زۆر بەرزەو ڕاستەوخۆ دەبێتە ژەهرێک بۆ جگەر، هەروەها شەربەتی گەنمە شامی ڕێژەی فرکتۆزی لە 50٪ زیاترەو کحولیش ژەهری جگەری لە هی هەردووکیان زیاترەو بەهێزترە. ئینجا بێینە سەر داوودەرمان کە ڕۆژانە زۆرێک لە خەڵکی داوودەرمانی جۆراوجۆر بەکار دەهێنن و داوودەرمانیش بۆ خۆی جۆرێکە لە ژەهرێکی تری بەهێزبۆ جگەر. جا هەر جارێک کە تۆ شەکرو کحول و داوودەرمان دەخۆی، ئەوانە لە رێگەی بەشەکانی کۆئەندامی هەرسەوەو دەمارە دەروازەکانەوە دەڕۆن بەرەو جگەرو بە مەش تۆ کارو ئەرکێکی زۆر قورس بۆ جگەر پەیدا دەکەی و جگەریش دەست دەکا بە پاکردنەوەی ئەو ژەهرانەو لە کۆتاییشدا پێ ڕاناگاو پەکی دەکەوێت و خۆی تووشی ژەهرەکە دەبێت! خاڵێکی تر ئەوەیە کە دەبێ لێی دووربکەویتەوە ئەویش بریتیە لە خۆراکە پڕۆسێسکراوەکان و ئامادەکراوەکان. ئەو جۆرە خواردنانە زۆرێک لە مادەی کیمیاوی و مادەی پارێزەرو هەروەها جۆرەها ڕەنگی دەستکردیان تێکراوەو ئەمەش دەبێتە بارگرانییەکی لە ڕادەبەدەر بۆ جگەرو ئیتر جگەر دەرەقەتی پاکردنەوەی ئەو هەموو ژەهرانە ناکەوێت و تووشی نەخۆشی دەبێ و لە کۆتاییدا پەکی دەکەوێت!

هیوادارم چێژو سوودتان لەو ڤیدیۆیەی، من بینیبێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت