دلێر محەمەد نوری: پەکەکە و حزبەکانی دیکە، لە تای تەرازووی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی و بەرەی خەباتی دیموکراتیک و پارتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانی بە هۆی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە هەڵوەشاندەوە. بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە مادەی 25ی یاسای حزبە سیاسیەكان ژمارە 36ی ساڵی 2015 نابێت هیچ حزبێكی سیاسی لەرووی تەنزیمی و داراییەوە پەیوەست بێت بە حزبی غەیری عێراقی و لەلایەن هیچ هێزێكی دەرەوەی عێراق ئاراستە بكرێت.
بەر لە هەموو شتێک ئەم بڕیارە هێندەی بڕیارێکی تورکی پارتیی ئیسلامییە، بڕیارێکی دادوەری پەتی نیە. لە چەند خاڵێکدا ئەتوانین هۆکار و ڕەهەندەکانی بەم جۆرە دیاری بکەین:
1- سکاڵاکار لەم کەیسە کێیە، دەوڵەتی تورکیا، یان حزبەکانی دیکەی کوردستان؟ ئەگەر وایە ئەوا ئەمە بڕیارێکی دادوەری نیە و ڕێکەوتنێکی سیاسی و دەستتێوەردانێکی ئەقلیمییە لە بڕیارێکی ناوخۆییدا. وە ئەگەر سکاڵاکار حزبەکانی دیکەی کوردستانن ئەوا بە بێ جیاوازی هەمووان وابەستەی وڵاتانی دەرەوەی خۆیانن و پاڵپشتی مادی و مەعنەویش لە حزب و ڕێکخراو و دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی وەکو تورکیا وئێران و قەتەر و سعودیەش وەردەگرن. جگە لەمەش تەنانەت بۆ هەر هەڵوێست و کێشمەکێشێک ئەبێ وەسفەیەکی سیاسی لە ئەنقەرا و تاران و قەتەرەوە وەربگرن. ئەمە نەک بۆ حزبە کوردستانییەکان بگرە بۆ بەرەی تورکمانی و تەواوی حزبە سوننی و شیعەکانیش ڕاستن. ئەپرسین خێرە تەنها پەکەکە بە تەنزیم و هێزێکی دەرەوەی عێراق هەژمار بکرێ نەک هەموو ئەوانی دیکە؟
2– لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی وەها، بەوەی سەرچاوەی دارایی سێ حزب ساغ بێتەوە کە لە قەندیلەوە دێت چەندی پێ چوو؟ چۆن ساغ کرانەوە؟ لە کوێوە دەستی پێکرد و چۆن چۆنی گەیشتنە ئەنجامە بەرایی و کۆتاییەکان. یان بڕیارەکە ئیملایەکی سیاسییە و ژمارە و بڕگەی یاسایی بۆ زیاد کراوە.
3– هەموو حزبێکی سیاسی بیرۆکە و پەیڕە و پرۆگرامەکانی لە حزبی هاوشێوەی خۆی لە وڵاتانەوە کۆپی دەکات و وەردەگرێ. بۆ دامەزراندنی هەر حزب و رێکخراوێک کۆمەڵە خەڵکێک کە هاوبیری یەکن ڕێک ئەکەون کە کۆپی ئەزموونێک بکەن لە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی خۆیان چواچێوەیەکی تایبەتی پێ بدەن. ئەمەش بۆ هەموو حزبەکان ڕاستە و حەرام نیە.
4- پێم سەیرە کە نزیکی لە بیر ئۆچ ئالان و فەلسەفەی پەکەکە ئەبێ چ جیاوازییەکی هەبێ لە گەڵ نزیکی حزبێکی چەپی عێراقی و کوردی لە گەڵ بیری مارکسی و پڕۆگرامی کۆمۆنستی. یان حزبێکی ئیسلامی سوننی لە بیری سید قوتب و حەسەن بەننا و پرۆگرامی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان کە زۆربەیان تۆمەتبارن بە تیرۆر و توندڕەوی. یاخود چ جیاوازییەکی هەیە لە گەڵ حزبێکی شیعی کە ئیلهام لە خومەینی و بڕیار لە شیعەکانی ئێرانەوە وەردەگرن؟
5- هەتا داعش بەشێک لە عێراق و کوردستانی لە ژێر دەستدا بوو، پەکەکە بە دەست ماچ کردن بانگهێشت کرا لە قەندیلەوە بۆ بەرەکانی جەنگ لە کەرکووک و شەنگال و مەخموور. ئەو کات پەکەکە نە بۆ پارتی و نە بۆ سوپای عێراق و نە بۆ حەشدیش هێزی دەرەکی نەبوو. ئەو کات بیر لەوە نەدەکرایەوە کە پەکەکە کاریگەری سیاسی و فیکری لە سەر کوردی باشور هەیە بەوەی وەکو هێزێکی شۆشگێڕ بە بێ هەبوونی بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆ بەرگری لە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەش کرد و دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی گەڕایەوە شوێنەکانی خۆی.
شەنگالییەکان شەنگالین و لە قەندیلەوە نەهاتوون. شەنگالییەکان ئەگەر پەیڕەو پرۆگرمێک هەبێ حزبی بۆ دامەزرێنن ئەبێ ئەوەی پەکەکە بێ.
هاوێیانی تەڤگەری ئازادی ئەوانی دیکەش خەڵکی سلێمانی و هەولیر و دهۆک و شێلادزێ و زاخۆ و کەلار و کفری و ڕانیەن…و لە هەسارەیەکی دیکەوە نەهاتوون. ئەگەر حەرامە لە بیری پەکەکە و ئۆچ ئالان ئیلهام بۆ دروست کردنی حزب وەربگرین، ئەبێ لە حەرامە زەبەلاحەکان بێ لە بیری حەسەن بەننا و سید قوتب و ئەردۆغان و خومەینی و تەنانەت مارکسیشەوە ئیلهام بۆ دروست کردنی حزب و ڕێکخراوی سیاسی و دینی وەربگرین. عەرەب ئەڵێ” الکیل بالمکیالین ” کوردیش ئەڵێت بانێکە و دوو هەوا. بە پێی ئەو مادەیەش بێ کە ئەو سێ حزبەی پێ هەڵوەشاوەتەوە، نەپارتی و نە ئیسلامییەکان و نە یەکێتی و نە هیچ حزبێکی کوردستان و عێراق مافی کارکردن و بەشداریان لە هەڵبژاردندا نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت