عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی یەکەم.
هێزی پێشمەرگەی وەحدەی سمود، بە سەرپەرشتی مامۆستا عەلی عەبدوڵلا ناسراو بە ( عەلی پەرلەمان). لە راپەڕین دا، کەلار و سەرقەڵاو و کفری یان ئازاد کرد، مامۆستا عەلی بە هێزێکەوە لە کفرییەوە روویان کردە شەڕگەی (شێخ باوە).
بۆسەی موجاهیدین
تاریک و لێڵی بەیانی 11. 3. 1991 عادل شوکر و ئیبراهیمە رەش و کاک فارس گەڵالی و 70 پێشمەرگە لە کفرییەوە بەرە و دوز خورماتوو کەوتنە رێ، لە رێگای نێوان کفری – سلێمان بەگ، دوو هاوڵاتیان بینی پێیان وتن: بە جادە قیرەکەدا مەڕۆن، هێزەکانی مجاهیدینی خەڵق بۆسەیان لە مەفرەقی (سڵیمان بەگ – دوز )داناوە. عادل شوکر بڕیاریدا ئوتۆمۆبیلەکانیان لەوێ بەجی بهێڵن، بەپێ بەرەو بناری (قۆری چایی ) بکەونە رێ، بۆ ئەوەی بە هانای ئەو هێزەدا بچن لەگەڵ سەلام شوشەدا بوون.
عادل شوکر پێی وتن: با هەموومان رووبکەینە خواروو بۆ ئەوەی بە خێرایی فریای هاوڕێکانمان بکەوین، لە ئابڵۆقەی موجاهیدینەکان رزگاریان بکەین.
لەو کاتەدا فارس گەڵاڵی وتی: کاک عادل بۆ ئەوەی ئێمە زاڵ بین بەسەر شەڕگەکەدا، لەم بەرزاییەدا دادەمەزرێین.
فارس گەڵاڵی و 5 پێشمەرگە لە شوێنیان سەنگەریان گرت، عادل شوکر و 30 پێشمەرگە روویان کردە خوارەوە، لە ناکاو کەوتنە ناو بۆسەی هێزەکانی مجاهیدین، مجاهیدینەکان بەچەکی قورس و بە هاوەن و دۆشکەو بی کەی سی و دەبابە، پێشمەرگەکانیان لە هەموو لایەکەوە بێژا.
عادل شوکر و پێشمەرگەکان لە ناو تەپ و تۆزی رەتڵی تەقینەوەی گولە تۆپەکاندا ون بوون،کەس بە تەمای کەس نەبوو، هەموویان وایان دەزانی هاوڕێکانیان شەهید کراون، فارس گەڵاڵی و پێشمەرگەکانی تر بە سەرپەرشتی ئیبراهیمە رەش لە بەرزاییەکانی (کەلی غەرا )بوون.
( کۆمەڵکوژی پێشمەرگەو هاوڵاتی )
لە سەعات 8.30ی بەیانییەوە شەڕ تا سەعات 4ی ئێوارە بەردەوام بوو، لە سەعات 11.30 گولەیەکی قەناس سەرسنگی( فارس گەڵاڵی ) پێکا و برینداری کرد، لە گەرماوگەرمی شەڕەکەدا، دووجار چەکەکەی ( شوکر فەتاح) وەستا، (مامە رەشەی گەڵاڵی و حەسەن کوڵەجۆیی) ڕۆڵی گرنگ و دیاریان لەو شەڕەدا نواند. سەعات 4ی ئێوارە هێزەکانی مجاهیدین بەرەو سلیمان بەگ پاشەکشەیان کرد، پێشمەرگەکانیش بەرەو کفری گەڕانەوە. لەو شەڕە نابەرامبەرەدا، هێزەکانی مجاهیدین بەپێی نەخشیەکی سەربازی ورد بە تانک و چەکە قورسەکانیان پێشمەرگەکانیان داگرتەوە، پێشمەرگەو هاوڵاتییەکی زۆریان کۆمەڵکوژ کرد.
20دەبابە
داود سلیمان سەرکەلی و مەفرەزەیەکی تایبەتی سەر بە وەحدەی سمود لە 11. 3. 1991 پەیوەندیان کردوە بە ( سەلام شوشە)، لەکفرییەوە روویان کردوەتە ناحیەی( جەبارە)، لە (جەبارە ) بەرەو دەواجنەکانی بەردەمی سلێمان بەگ کەوتنە ڕێ، شوکر دوانزە ئیمامی و 30 کەسیان بینی پاسێکی کۆستەریان پێ بوو، سەلام شوشە بە شوکردوانزە ئیمامی وت:
ئێوە بەرەو دەواجنەکانی بەردەم سلێمان بەگ بڕۆن، ئێمەش بەدوای ئێوەدا دێین.
هەرکە پێشمەرگەکان گەیشتنە بەردەم دەواجنەکان 20دەبابەی هێزەکانی مجاهیدین لە سلێمان بەگەوە بەرەو ئاراستەی ئەوان هاتن، لە سەعات 8.30 بەیانی 11. 3. 1991 شەڕ بەرپا بوو، رۆکێتی ئاراستەکراوی دەبابەکان،کۆستەرەکەی لەوێ پێکاو سوتا. 10 دەبایان لە پشتەوە جادەی کفری – دوزیان لە پێشمەرگەکان گرت، 10 دەبابەکەی تر، بەرەو لای دەواجنەکانەوە، بەرەو لای پێشمەرگەکان کەوتنە جوڵە. بەشێک لە پێشمەرگەکان زانیان ئەو شوێنە بە کەڵکی بەرگری نایەت، لە بەر چەند هۆکارێکی تەکنیکی شەڕەکە کشانەوە، تەنیا ( شوکر دوانزە ئیمامی) لە سەنگەرەکەی مایەوە، تا دوا فیشەکی بی کەی سییەکەی شەڕی کرد، کە فیشەکی پێ نەما، مجاهیدەکان گەیشتنە سەر سەنگەرەکەی پێشمەرگەکان.
زنجیری دەبابەکان
داود سەرکەلی بۆی گێرامەوە؛ بە چاوی خۆم (شوکر دوانزە ئیمامی)م بینی، هەردوو دەستی بەرز کردەوە، بۆ ئەوەی تەسلیم بێت، بەڵام دەبابەی مجاهیدەکان بەرەو رووی چوو، زنجیرەکانی جەستەیان لول داو گوشت و ئیسک و پروسکیان لە گەڵ زەویەکەدا تەخت کرد، دەبابەکە ئستۆپی لە سەر جەستەی کرد.
ئەم 5 کەسە؛ دواد سەرکەلی و سالار حەمەخان و عەزیز ریشە و ئیبراهیم محەمەد و جەلال حسین کاکی، لە نزیک رووداوەکە بوون، لە لایەکی ترەوە جەستەی 13 کەسی ترم بینی، بە زنجیری دەبابەکان ونجر ونجر کرابوون.
عەزیز ئەحمەد زخە ئەو دیمەنی تراژیدیایەی بینی، باری دەروونی بە جۆرێک تێک چوو، نەیتوانی خۆی بگرێت و رووی کردە هاوڕێکانی ووتی: من خۆم دەکوژم، بۆ ئەوەی بە زیندوێتی بە دیلی نەگیرێم. بە فیشەکێک جەستەی خۆی لە خوێندا سوور کرد.
سەڕچاوە/ عەبدوڵلا کەریم مەحمود، دیدارێک لە گەڵ داود سەرکەلی لە کەلار.
وێنەکە/ داود سلێمان سەرکەلی و عادل شکورە
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عەبدوڵا کەریم مەحمود: قفڵی زمان و کلتور.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی دووەم و کۆتایی.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: وڵاغ لوو گولەبارانیان کرد بە ماچ باران.
- All Posts