شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
هیچ گلەییم لەوانە نیە کە بە نیازن بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بکەن. چونکە ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ئەوەندە خراپەکاری بەرامبەر بە میللەتەکەی خۆی کردووە کە بە حیساب نایەن. زوڵموزۆرداری، کوشتوبڕو نانبڕین، تێکدانی شییرازەی کۆمەڵگا، دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی میللەت، بێکاریی گەنجان، بە حیزبیکردنی دەزگاکانی حکومەت، بێنرخکردنی پەرلەمان بە خەڵکی هیچوپووچو ناکەس بەچە، شکاندنی هەیبەتی یاساو دادگاکان، خیانەت لەنیشتمان و نەتەوە. هێشتا هەزاران زوڵموستەمو ناهەقیش ماوە لێرەدا جێگایان نابێتەوە.
هەموو خەڵکی کوردستان لەم دەسەڵاتەی پارتی بێزارن کە نزیکەی 30 ساڵە وەکو حزبێکی دیکتاتۆرو خۆسەپێن ئەم دەسەڵاتە بەڕێوە دەبات، هەمووشیان چاوەڕێی رزگاربوونن لەم وەزعە ناخۆشە کە باڵی بەسەر هەرێمەکەماندا کێشاوە. چاوەڕێێ فریادڕەسێکن رزگاریان بکات لەم کارەساتە بەردەوامە. لەولاشەوە زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە لەبەر بێئومێدی و وەڕسبوون لەگۆڕانکاری رێگایەکی هەڵە هەڵدەبژێرن ئەویش بایکۆتی هەڵبژاردنەکانە. لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق رێژەی بایکۆت گەیشتە 70% کە ئەمەش رێژەیەکی ترسناکە. سەرباری ئەم بایکۆتەش جارێکیتر هەمان ئەو حزبو لایەنانەی لەدەسەڵاتن لەکوردستان دیسان چوونەوە پەرلەمان و هیچیش لەوەزعی میللەت نەگۆڕا، بەڵکو زۆر خراپتریش بوو. کەواتە بایکۆت نەبووە چارەسەر بۆ گۆڕانکاری و وەزعەکە وەکو خۆی مایەوە ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش بایکۆت بەم رێژەیە بێت دیسان هیچ گۆڕانکاری روونادات و تا چوار ساڵیتریش میللەت لەبندەستی ئەو تاقمە تاکڕەوەی دەسەڵاتی ئێستای پارتی هەمان موعاناتو کێشەوگرفتی مووچەو دزی وتاڵانی وکوشتوبڕ بەردەوام دەبێت.
بایکۆت تەعبیر لەناهوشیاری و نەزانی و ترسنۆکی میللەت دەکات. چونکە هەر میللەتی ئازاو بە جورئەت دەتوانێ گۆڕانکاری دروست بکات. ئەوەتا لەهەندێ وڵاتانی دونیا بە ئەوروپاشەوە خەڵک خۆیان دەستپێشخەرییان کرد لەگۆڕانکاری لەڕیگەی سندووقی دەنگدانەوە نموونەش فەڕەنساو بەریتانیاو وڵاتانی ترن. ئەگەر میللەتی ئێمە بەدەستی خۆی گۆڕانکاری دروست نەکات بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای پارتی قەت کەسێک نایەت بۆی بگۆڕێ. خوای گەورە لەقورئاندا دەفەرمووێ ” لا يغير الله ما بقوم حتى يغيروا ما بأنفسهم”. لە 31ئابەوە کە پارتی هەولێری داگییرکرد تاکو ئەمڕۆ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی و خۆسەپێنانەی بەسەر میللەتەکەماندا فەرزکردووە، بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نەتەوەیی و کوردایەتی و ئینسانی ئەم هەرێمەی وێرانکردووە. ئەو هەموو قەیرانو کێشەوگرفتی میللەتەکەمان هەموویان سەبەبکاری سەرەکی پارتیو دەسەڵاتەکەیەتی. ئینجا ئەگەر میللەت دەیەوێ لەم وەزعە نەجاتی بێ دەبێ لەھەڵبژاردنی داهاتوودا بەلێشاو بەڕەو سندووقەکانی دەنگدان بچن و گۆڕانکاری دروستبکەن بە بەزاندنی پارتی لەم هەڵبژاردنەو کردنی بە تەیرێکی مەعقوولتر لەئێستای.
کە بایکۆت دەگاتە رێژەی 70% کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها دەنگدەرە حزبیەکانن کە سەر بەدەسەڵاتن، بۆیە هیچ یاسایەکیش نیە حیساب بۆ بایکۆت بکات، بە واتا ئەگەر 90% دەنگدەر بایکۆت بکەن ئەو رێژەی 10% ماوەتەوە شەرعیەت دەبەخشێ بە هەر دەسەڵاتێک کە بێتە سەر حوکم. بۆیە بایکۆت هیچکات چارەسەر نەبووەو نابێ.
هیوادارم ئەمجارە میللەت خۆی دەستپێشخەری بکات لەگۆڕانکاری بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمی دیکتاتۆرییانەی پارتی ئەویش بە بەشداریکردنێکی کارای گشتگییر لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو. هەر دەنگدەرێک کە دەچێتە پشت کابینەی دەنگدانەوە با زەمییری خۆی ئاسوودە بکات بە دەنگدان بەو بەربژێرو حزبانە کە دەتوانن دەسەڵات لەپارتی بسەننەوەو گۆڕانکاری راستەقینە بێننە کایەوە.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
-شێرزاد شێخانی: قەیرانە دەستکردەکانی دەسەڵات.
- All Posts