بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە: هەڵەکان و دەرفەتەکان لە کوێدان؟
یەکەم/ لایەنی سەرەکی ئەم پرۆسەیە عێراق و تورکیان. چوونکە داواکاریی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان (ئەپیکۆر) لەساتەوەختی ڕاگرتنەکەوە دیارە کە دەستپێکردنەوەیە؛ بۆیە پێویستە عێراق و تورکیا ڕێککەوتبن، تا ئەم نەوتە لە ڕێگەی بۆڕییەوە بگاتەوە بەندەری جەیهان لە دەریای ناوەڕاست.
دووەم/ پێشوتر هەرێمی کوردستان لە (52) بلۆکی نەوتیدا ئۆپەرەیشنی کردوە. بەڵام لە دوای ڕاگرتنی هەناردەکردن کارکردن لە کێڵگەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. لە ساڵی 2024 دا لە 24 بلۆکدا کارکراوە؛ کارکردن لە بلۆکەکاندا لەم کۆتایی 2024 دا بەنیزیکەیی لە (20) بلۆکدایە.
سێهەم/ کێشەی سەرەکی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان بوە؛ کە داوای (23) دۆلاریان دەکرد. بەڵام پێدەچێ حکومەتی عێراق ڕازی بوبێت بەوەی (16) دۆلار بدات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن. ئەمە وردەکاریی زیاتری تێدایە:
* حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی دەرەکی بهێنن تا ئەو یەکلایی بکاتەوە چەند بداتە کۆمپانیاکان، چوونکە تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەک بۆ کێڵگەیەکی تر جیاوازە.
* بابەتەکە بەتەنها پێدانی (16) دۆلار نییە، چوونکە دیار نییە لەو شانزە دۆلارە چەندی دەدرێت بە شایستەی دارایی کۆمپانیاکان، چەندی دەدرێت بە کرێی بۆڕیی (تورکیا کەمتری بەردەکەوێ لە جاران، ئایا بەمە ڕازی بوە، دەبێت؟) لەڕاستییدا تورکیا لێرەدا مافی خۆیەتی، چوونکە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە نیزیکەی (600) کیلۆمەتر هێڵی بۆڕیی لەناوخۆی وڵاتەکەیدا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بونیادناوەو دەیپارێزێت، بۆئەوەی “باج” ی لەسەر وەربگرێت نەک بۆ ئەوەی هەوا بە بۆڕییەکەدا بڕوات. هەروەها چەند لەو شانزە دۆلارە دەدرێت بە هەقی “بازاڕکردن”دا.
* بابەتەکان دەوەستنە سەر نرخی نەوت. بەتایبەت کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان زۆربەیان لە سەرشێوەی “بەشداریی بەرهەمهێنانە-PSC”؛ واتە کۆمپانیاکە بڕێک نەوت لە کۆتاییدا لەوەی بەرهەمی هێناوە، هەڵدەگرێت و دەیفرۆشێت. بۆ نموونە لە دە مانگی یەکەمی 2024 دا کۆمپانیای شاماران لە کێڵگەی سەرسەنگ و ئەتروش ڕۆژانە بەتێکرا (57 هەزار و 100 ) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە؛ کۆمپانیاکە لە داوای 15 هەزار بەرمیل نەوت بکات، ئەگەر بەرمیلێک نەوت (60) دۆلار بێت ڕەنگە کۆمپانیاکە دەست بکات بە بۆڵە بۆڵ، بەڵام ئەگەر نیزیکەی (80) دۆلار بێت بەدڵنیاییەوە کۆمپانیاکە شایستەی دارایی بەرزتر لەو شانزە دۆلارەش وەردەگرێت.
چوارەم: دەرکەوت کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دی ئێن ئۆ-DNO، داناگاز و مۆڵی هەنگاری لێدەربچێت. ئەوانی دیکە هیچ قورساییەکی ئەوتۆی تەکنیکی، دارایی، نێودەوڵەتیی نییەو، لە بۆرسەشدا زۆر جێی ئاماژە نین. هەڵەکە لە کۆمپانیا جیهانییەکان نییە بەڵکو:
* هەڵەی کوشندە، ئەو ڕۆژە بوو هەرێمی کوردستان بە بێ ئەوەی دەستوری هەبێت، بێ ئەوەی دامەزراوەی بانکی هەبێت، بێ ئەوەی دامەزراوەی دارایی و سیاسیی و ئابوریی هەبێت، بێ ئەوەی ئەزموونی هەبێت، بێ ئەوەی نەک پیشەسازیی مامناوەند بەڵکو مانیفاکتۆر و وەرشەی بچووکیشی هەبێت، بێ ئەوەی ئەوانەی ئیمزایان لەسەر گرێبەستی نەوتە شارەزای “تەحکیمی دەولی-Arbitration ” بن، دێن و دەچن (57) گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی کە لە (22) دەوڵەتەوە هاتوون، واژۆ دەکەن! ئینجا هەیانە ئیمزای لەسەر گرێبەستی نەوتی هەیە، هەروەها چوە بۆ ئەنکەرە لە وتوێژی گرێبەستی پەنجا ساڵەدا بەشداربوەو واژۆی کردوە؛ کەچی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا دەڵێت: ئێمە هیچ ئاگامان لێی نییە! واتە پرۆسە نەوتییەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بوەتە هۆی دابەشبوونی سیاسیی.
دەبوو چی بکەن؟ دەبوو بیر لە پێشخستنی توانای نێوخۆیی بکەنەوە بۆ ئەوەی تێچووی لەسەر هەرێمی کوردستان و سامانە سرووشتییەکەی بەرز نەبێت، نەکەونە ژێر تەڵەی قەرز و قەرەبووکردنەوەوە. دەبوو: ” کۆمپانیای کوردیی- نیشتیمانیی- خۆماڵیی- لەبواری خزمەتگوزارییە نەوتییەکاندا سەر پێ بخەن، کادری باش پەروەردە بکەن. ئێ ئەی هاوار ئەندازیاری بیانی هەبوە مانگانە نیزیکەی (10 هەزار دۆلار) مووچەی هەبوە، کەچی سەدان دەرچووی زانکۆ و پسپۆڕی کورد لەو بلۆکە نەوتییانە کرێکاریان پێدەکەن! تەنکەرێک ئاو بە سەت دۆلار، کۆمپانیای خواردن درووستکردن بە دەیان ملیۆن دۆلاری دەستکەوتوە. بەردی ڕاگر، پێداویستیە لۆجیستییەکانی تر و… زۆری تر بوونەتە هۆی بارگرانی دارایی. لەوانەش زیاتر، دەیان کەسی بیانی و ناوخۆیی لەدەرەوەی حکومەتی هەرێمەوە دەستیان لەناو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندایە، بێ ئەوەی حکومەت ئاگادار بێت.
بۆیە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەی ڕاستەقینەیە لە کەرتی وزەدا، لە هەموو ئاستەکاندا.
پێنجەم/ حکومەتی عێراق نیزیکەی سەت ساڵە نەوتی خۆماڵی کردوە (دەکرێت بڵێین نەوتی کەرکوک لانکەی سەرهەڵدانی پیشەسازیی نەوتی عێراقە لە ساڵی 1927 ەوە). کەچی ئەویش سەت و یەک کێشەی هەیە:
بۆ نموونە، دەیان ساڵە بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە چەندین گازی زیانبەخش دەچنە بەرگە هەواوە، بەهۆیەوە عێراق تووشی کورتهێنانی گاز بوە، چوونکە ئەو گازی هاوەڵە دەکرێ وەک سامانێکی بەنرخ سوودی لێوەربگیرێ. تێچووی ئەو بەفیڕۆدانە ساڵانە نیزیکەی (11) ملیار دۆلارە لەسەر عێراق، ساڵانە لە نێوان (4- 7) ملیار دۆلار کڕیی کڕینی گازی سرووشتی بوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە لە ئێرانەوە زۆربەی هاوردە دەکرێت. ئینجا بەوهۆیەوە تەنها لە بەغدای پایتەخت ملیۆنەها مۆلیدە ئیش دەکەن، کە ژاواوە ژاو و دووکەڵ دەکەن. دوایین ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتوەکان دیاریدەکات کە ژینگەی بەغدا (15) جار پیسترە لە ستانداردی جیهانی.
شەشەم/ مەحاڵە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت ئەگەر یاسای بودجەی عێراق هەموار نەکرێتەوە. بۆ هەموارکردنەوە دەبێت حکومەتی عێراق پرۆژەکە دەستکاریی بکات و بینێرێت بۆ پەرلەمان.
حەوتەم/ هەموو ئەندامانی ئۆپیک پڵەس ڕێککەوتوون کە خۆبەخشانە (202) ملیۆن بەرمیل کەمتر بەرهەم بهێنن لە پێناو سەقامگیریی نرخدا. عێراقیش پابەندی ئەوەیە؛ بگرە هەندێ جار زیاتری بەرهەمهێناوەو پابەندیش نەبوە! بۆیە بۆ ساڵی ئایندەش ئەگەر عێراق ئەم پابەندییە درێژە پێبدات، ئایا چۆن دەکرێت نەوتی هەرێم بەرهەم بهێدرێت و هەناردە بکرێت؟!
هەروەها عێراق کێشەی تایەفی هەیە، ئەمە گەیشتوە بە کەرتی وزە؛ بۆ نموونە لەناوچە سووننە نشینەکان بە بێ مۆڵەتی سووننەکان کۆمپانیاکان ناتوانن کاربکەن، یاخود بە ئاشکرا لەناوچەکانی دی کۆمپانیا هەبوە دەستی لەکارکردن هەڵگرتوە چوونکە داوای ڕەشوەو کاری نا-پێویستییان لێدەکەن.
یەکێکی تر لە کەموکوڕییە گەورەکانی عێراق ئەوەیە، هەر نەوت هەناردە دەکات، قەت پێکهاتەی نەوتی ئەوتۆی نەبوە؛ بۆ نموونە جۆرەها ڕۆنی مۆلیدات، بەنزینی فڕۆکەو دیزڵ و پێکهاتە کیمیاییەکانی تر. عێراق ساڵانە بایی نیزیکەی (3) ملیار دۆلار ئەو پێکهاتە نەوتییانەی لە ڕووسیاو هیند و شوێنی دیکە کڕیوە؛ ئەمە دەکرا لەناوخۆدا بەهۆی پێشخستنی پیشەسازییەوە بەرهەم بهێندرێت.
قسەی کۆتایی
زۆربەی جار و ئێستاش، قسەکانی کۆتایی ڕاپۆرتە جیهانیی و ناوخۆییەکان لەسەر کەرتی وزەی کوردستان ئەمەیە: ئەم کەرتە پێویستە بە دامەزراوەیی- نیشتیمانی بکرێت. کەی ئەوە کرا دەتواندرێت لەپاڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەوە دەستکەوتی دیبلۆماسیی و ئەمنی و جیۆپۆلەتیکیی گەورە بەدەست بێت. دەتواندرێ وەرچەرخانی جیۆپۆڵەتیکیی درووست بکرێت.
- بابەتەکانی تری بەهرۆز جەعفەر
-
دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: بەرەو پیاچوونەوەی ڕیشەیی بە پرۆسە نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان – تاکەی لە بن دەواری ڕەش دابنیشین؟
- -
بەهرۆز جەعفەر: چیرۆکی کورتهێنانی غاز لە عێراق چیمان پێدەڵێت؟
- -
دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: بنەماکانی ناسیۆنالیزم و کەرەستەکانی کێبڕکێ لەگەڵ ئەوانی تردا.
- All Posts