عەبدوڵا کەریم مەحمود: هونەرمەند نەرمین، ئیرادەیەکی بڵند.
سەعات 10ی بەیانی 7 / 11 / 2024 لە گەڵ کاک ( کەمال شاڵی) و (رەنج ) ی کوڕم، سەردانی هونەرمەند ( نەرمین قادر) مان کرد، کاک کەمال شاڵی و مامۆستا نەرمین، چەند لاپەرەی یادوەرییەکانی دراوسێتی خۆیان و گەڕەکی کانێسکان و شاریان، بە زمانێکی پاراو هەڵدایەوە. بە جۆرێکی ئەوەندە شیرین، دیمەنەکانی ئەو یادەوەریانەی گەڕەکیان دەگێڕایەوە، دەستی من و رەنجیان گرت و ئێمەشیان لە گەڵ خۆیاندا بردە ناو کۆڵان و شەقام و ماڵە سادەکانی ئەو سەردەمەی کانێسکان و سلێمانی، یادەکانی گەڕەکی کانێسکان و شاریان بە رۆحی ئێمەش ئاشناکرد.
ئەوسا ژیانی دراوسێتی پڕبوو لەرێز و سۆزو خۆشەویستی و وەفاو ئەمەکی کۆمەڵایەتی، پڕ بوو لە بەهای کلتووری کوردەواری، هەموو گەڕەک و ماڵە دراوسێکان و خانەوادەکان یەک ماڵ بوون، دەرگای هەموو ماڵەکان لە بەردەم یەکترییدا کراوەوە، دەروونەکان پاک و بێ گەرد بوون، هاتوو چۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە هەموو بۆنەکان گەرم و گوڕبوو. دراوسێتی ئەوەندە رۆحێکی سادەو خاکی و پاک و جوان بوو، پەیوەندیی خانەوادەکان ئەوەندە خاوێن بوون، لە خۆشی و ناخۆشیدا بە دڵ و گیان یەکتریان بەسەر دەکردوە.
( گرێکان )
مامۆستا نەرمین بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و بە ورەیەکی بەرزو باڵاوە ئاماژەی بەوەکرد: سێ ساڵ لەمەوبەر گرێییەک لە سنگمدا سەری هەڵدا، سوکە جەڵدەیەک لێی دا ، چاوەکانم لێڵایی داهات، دنیا لە بەرچاوم تاریک دەبوو. لایەکی جەستەم لە کار کەوت، بە زەحمەت و بە گۆچان دەمتوانی سەنگی خۆم راگرم، نەمدەویست لای هیچ کەس باسی ئازارەکانم بکەم، هاتووچۆی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و دکتۆرەکانم کرد، چەندان پشکنینیان بۆ کردم، ڕاوو بۆچونی پزیشکەکان جیاوازو زۆر ئاڵۆز بوون، نەیاندەتوانی دەست نیشانی گرێکانی سنگم بکەن، ئایا وەرەمە یا گرێ ی سروشتیی بێ زیانە؟ ، کرێ ی دکتۆرو خەستەخانە ئەهلییەکانی ئەم شارە بۆ پشکنین و نەشتەرگەریی زۆر گرانە، داوای پارەیەک دەکەن لە توانای نەخۆشیەکەم بکەن، ئەمە جۆرە راو بێ دەنگی یەکی لا دروست کردم، بیری لە گرێکانی سنگم نەکەمەوە.
هەموو ژیان و تەمەنی من هەر نەهامەتی بووە، رووبەرووی هەموو تەنگژەکانی ژیان وەستاومەتەوە، سەرئێشەیەکی توند مێشکی داگرتم، بە ناچاری رووم کردە نەخۆشخانەکانی بەغداد، لەوێ پشکنینیان بۆ کردم، دکتۆرە پسپۆرەکەی بەغداد وتی: گرێکەی سەر سنگت، گەیشتوەتە ناو سەرت. ئەو دکتۆرە نەشتەرگەری بۆ کردم،گریکانی ناو سەرمی بە جۆرە ئامێرێکی پزیکی تەکنەلۆژیای نوێ لە ناوبرد، پێی وتم: تا شەش مانگ بە بەردەوامی ئازارت دەبیت، توشی رشانەوە دەبیت، خەو دات دەگرێت، دەبێت کەسێکی نزیکت ئاگای لێت بێت، دەبیت هەموو مانگێک سەردانمان بکەیت بۆ پشكنینی نوێ، دوای شەش مانگەکە بارو دۆخی تەندروستیت باش دەبێت.
لۆلانی کچی مامۆستا نەرمین، لە یەکەم رۆژی نەخۆشییەکەوە وەک هاوڕییەکی بە بەردەوامی لە خزمەتی دایکی دایە، لە دوا چرکەی ماڵ ئاواییدا. لە کاتی گەڕانەوەماندا، دیمەنی چیرۆکی نەهامەتیەکانی ئەم هونەرمەندە ناخی داگیرکردم، قسەکانی نەرمین خان لە گوێیەکانمدا دەزڕنگایەوە، هەمووژیان و تەمەنم نەهامەتی بووە، ئەوە سێ ساڵە، شەڕ لە گەڵ گرێی شێرپەنجەدا دەکەم.
لە گەڵ کاک ( کەمال و رەنج)، بە دامێنی بەرزاییەکانی گۆیژدا شۆڕ بووینەوە، بەرە شەقامی شەستیەکە، لە جامی ئوتۆمۆبیلەکەوە، ئاوڕمدایەوە بۆ بەرزاییەکانی گۆیژەو
ورەو ئیرادە نەرمین خانم لەسەرووی پەڵە هەورەکانی گۆێژەوە بینی، بڵندتر بوو .
* نەرمین قادر یونس بەگ، لە 1962 لە گەڕەکی کانێسکان لە دایک بوە، قادر بەگی باپیرە گەورەی یەکێکە لە کەسێتیە دیارەکانی گەڕەکی کانێسکان، لە ساڵی 1980- 1986 لە بەشی شانۆی هونەرەجوانەکانی سڵێمانی، بەشی شانۆی تەواو کردووە. سەرەتای کاری هونەریی کۆرس بووە لە تیپی مۆسیقای سلیمانی، وەک هونەرمەندێکی بە توانا بەشداری چەندان کلیپ و شانۆگەری و فیلم و درامایی کردووە، چەند ساڵیک رۆڵی دیاری هەبووە لە( بەرنامەی بەرنامە)، لە 1986وە وەک هونەرمەند ێک لە گوندەکان و باخچەکانی شاری سڵیمانی مامۆستا بووە، رۆڵی هەبووە لە سازکردنی چەندان چالاکی هونەریی بۆ منداڵان، لە 1995مامۆستای نەهێشتنی نەخویندەواری بووە لە سەرگەڵو.
.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی دووەم.
- -
عهبدوڵا کهریم مهحمود: ڕەشهبای ژههر ئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان / بەشی دووەم.
- -
عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان.
- All Posts