دکتۆر کامەران محەمەد: کاتێک ڕابردوو هەناسە دەدات، هەموومان مێژووی زیندووین.
مێژوو تەنها کتێبی کۆن و شوێنەوار و وێنەی هەڵکۆڵراوی سەر بەردەکان نییە، بەڵکو لە ناخماندا دەژی. هەموو تاکێک، کەلتوورێک، کۆمەڵگەیەک قورسایی و حیکمەتی ڕابردووی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو زمانانەی کە قسەیان پێدەکەین، ئەو نەریتانەی کە دەیانپارێزین و ئەو بیروباوەڕانەی کە پێیانەوە وابەستەین، هەموویان وەک میراتێک لە پێشینانمانەوە وەرمانگرتون. تەنانەت کۆدە بۆماوەیی (جینییەکان) و دامەزراوە و شێوازەکانی بیرکردنەوەشمان بەهۆی ڕووداوە مێژووییەکانەوە دروست بوون. واتە تێگەیشتن لەم پەیوەندییانە تەنها لە فێربوونی مێژوودا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین: کە مرۆڤبوون چ واتایەکی هەیە.
یەکەم: ڕابردوو لە هەناوی زماندا
زمان یەکێکە لە ڕاستەوخۆترین بەستەرەکان بە مێژووەوە. ئەو وشانەی ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین، دەنگ و سەدای نەوەکانی پێشوون. بۆ نموونە زمانەکانی ئیتالی و ئیسپانی و فەرەنسی لە لاتینییەوە پەرەی سەندووە، کە زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانیدا بەکارهاتووە. ئێستاش دەستەواژە لاتینیەکانی وەک (Et cetera (هتد) و (Carpe Diem ڕۆژهکهت خۆش بهسهربهره) هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن.
بە هەمان شێوە زۆرێک لە زمانە ڕەسەنەکانی جیهان گرنگییەکی مێژوویی و کەلتوورییان هەیە. زمانی هاوایی (ʻŌlelo Hawaiʻi) خەریک بوو بەهۆی کۆلۆنیالیزمەوە لەناو بچێت، بەڵام لەم دواییانەدا بوژانەوەیەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی پاراستنی حیکمەتی سەدان ساڵەی پێشوو. زمانی کوردیش، سەرەڕای ئاڵنگارییە سیاسییەکان، وەک سیمبولی بەرخۆدانی کەلتووری گەلی کورد ماوەتەوە. واتە زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکو تۆمارێکی مێژوویی (شوناس و خەبات و مانەوەیە).
دووەم: نەریت و ڕێوڕەسمە کەلتوورییەکان
هەموو فێستیڤاڵێک، داب و نەریتی بنەماڵەیی، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەیەکی مێژووییان هەیە. بۆ نمونە ڕێوڕەسمی (چای ژاپۆنی) بۆ سەدەی نۆ دەگەڕێتەوە و دواتر لەلایەن ڕاهیبەکانی (زینی بودایی) لە سەدەی پازدەدا زیاتر پەرەی پێدراوە. ئەوە تەنها خواردنەوەی چا نەبوو، بەڵکو سروتێکی ڕەگداکوتراو بوو، لە تێرامان و ڕێزگرتن و هاوئاهەنگیدا، واتە ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی ژاپۆنیی چەندین سەدەی پێشوو بوو.
لە مەکسیک فێستیڤاڵی Día de los Muertos (ڕۆژی مردووەکان) ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەک لە بیروباوەڕی ئازتکەکان و نەریتی کاسۆلیکییەکان – کە لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانی ئیسپانیاوە هێنران- بوون. تێیدا خەڵک ڕێز لە باوباپیرانیان دەگرن، ئەویش لەڕێگەی قوربانیکردنەوە، کە بە مۆم و گوڵ و خواردنە دڵخوازەکانی مردووەکە دەڕازێنرێنەوە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن مێژوو لە ژیانی ڕۆژانەدا خۆی ئاشکرا دەکات.
تەنانەت ئاماژە سادەکانیش، وەک تەوقەکردن یان کڕنۆشبردن، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی هەیە. بۆ نموونە تەوقەکردن بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، ئەویش وەک هێمایەک بۆ ئاشتی، واتە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە کەس چەک هەڵناگرێت. ئەم نەریتانە ئەوەمان بیردەخەنەوە، کە ئێمە لە گۆشەگیرییدا ناژین، بەڵکو بەشێکین لە زنجیرە مێژوویییەکی درێژخایەنی بەردەوام.
سێیەم: ئایین: پەیوەندییەکی ڕۆحی بە ڕابردووەوە
بیروباوەڕ و پەرستش و سروتە ئایینییەکان، لە بەهێزترین ئەو وابەستەییە مێژووییانەن، کە ئێمە بە ڕابردووەوە دەبەستنەوە. ئایینە گەورەکانی وەک جوولەکایەتی، مەسیحێتی، ئیسلام، هیندۆسێتی، بودایی و ..تاد- له قۆناغێکی مێژووییدا هاتوون و بە کیشوەرەکاندا بڵاوبوونەتەوە و کاریگەرییان لەسەر یاسا و ئاکار و بونیادە کۆمەڵایەتییەکان هەبووە.
بۆ نموونە ئایینی مەسیحێتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریکادا بڵاوبووەوە، لەوێدا کاریگەری لەسەر بەها ئاکارییەکان و یاسا و تەنانەت تەلارسازییەکانی خۆرئاوا دانا (وەک کاتدراڵی گۆتەکان کە تا ئێستاش ماون). ئیسلامیش بەهەمان شێوە بەهۆی بزووتنەوەی فتوحاتی ئیسلامیی و بازرگانییەوە بڵاوبووەوە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵگە موسڵمان نشینەکان و هاوکات زانست و بیرکاری هەبووە.
دەقە ئاینییەکانی وەک (ئینجیل، قورئان، تەورات و ڤێدا) تەنها کتێب گەلێکی پیرۆز نین، بەڵکو تۆمارێکی مێژووییشن، کە هەڵگری بیرۆکە و ئاڵنگاریی و خواستی ژیارەکانی ڕابردوون. ئەوەش ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە گەڕان بەدوای واتا و پەیوەندی ڕۆحیی، هەمیشە بەشێک بووە لە ئەزموونی مرۆڤ.
چوارەم: جەستە و DNA ی ئێمە: مێژووە جینییە نووسراوەکانی ناخمان
مێژوو تەنها شتێک نییە کە دەیخوێنینەوە، بەڵکو لە DNA ی ئێمەدا هەڵکۆڵراوە. هەریەکەمان نیشانەی بۆماوەیی لە باوباپیرانمانەوە هەڵدەگرین، کە چیرۆکی کۆچکردن و مانەوە و گونجاندن دەگێڕنەوە.
بۆ نموونە توێژینەوە جینییەکان سەرچاوەی مرۆڤایەتییان لە خۆرهەڵاتی ئەفریقا ئاشکرا کردووە و ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە هەموو مرۆڤەکان باپیرەیەکی هاوبەشیان هەیە.
تەنانەت نەخۆشیەکانیش دەتوانن چیرۆکی مێژوویی بگێڕنەوە. بۆ نموونە نەخۆشی کەمخوێنی کە لە نێو خەڵکی ئەفریقی و دەریای ناوەڕاست و هیندیدا باو بووە، وەک میکانیزمێکی بەرگری لە دژی مەلاریا پەرەی سەند. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە چۆن هۆکارە بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان مێژووی مانەوەی مرۆڤیان پێکهێناوە.
پێنجەم: سیاسەت و سەرکردایەتی
ئەو بڕیارانەی سەرکردەکان لە ڕابردوودا داویانە، هێشتا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی نوێ هەیە. بۆ نموونە، ڕووخانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا، وانەگەلێک سەبارەت بە ناسەقامگیری ئابووری، زیادەڕۆیی لە فراوانخزوازیی سەربازیی و گەندەڵی سیاسییدا پێشکەش دەکات، ئەوانەش ئەو ئاڵنگارییانەن، کە تا ئێستاش دەوڵەتە مۆدێرنەکان ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
هەروەها جەنگی دووەمی جیهانی سیستمی جیهانی گۆڕی و بووە هۆی دروستکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانیگەلێکی نوێ، کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. هۆلۆکۆست و ئەنفال بیرهێنانەوەیەکە، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین، کە ناسیونالیزمی ڕەگەزپەرست چەند مەترسیدارە.
شەشەم: کاریگەرییە مێژوویییەکان لەسەر سیستەمی ئابووری
بەشێوەیەکی سەرەکی سیستەمە ئابوورییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی مێژووەوە. سەرمایەداریی، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم تەنها کۆمەڵە ئایدیۆلۆژیایەکی مۆدێرن نەبوون، بەڵکو بەرهەمی ململانێگەلێکی مێژوویی لەسەر سامان و دەسەڵات دروست بوون.
بۆ نموونە شۆڕشی پیشەسازی سەدەی هەژدە و نۆزدە بووە هۆی بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ئابووری جیهانییدا، بەو پێیەی کۆمەڵگەکان لە کشتوکاڵەوە بەرەو پیشەسازیی گوازرانەوە. بەڵام قەیرانی گەورەی ساڵی 1929 سیاسەتە ئابوورییەکانی جیهانی گۆڕی و بووە هۆی دروستکردنی بەرنامەی (بیمەی کۆمەڵایەتی) و (دیاریکردنی کەمترین مووچە).
حەوتەم: زانست و تەکنەلۆژیا: بونیادنان لەسەر دەستکەوتەکانی ڕابردوو
زۆرێک لەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیانەی ئەمڕۆ چێژیان لێ وەردەگرین و لێیان بەهرەمەند دەبین، بەبێ داهێنان و دۆزینەوەکانی ڕابردوو ئەستەم بوو. کۆمپیوتەری ئەمڕۆ درێژکراوەی ئامێرە میکانیکیەکانی ژمێریاریی سەدەی حەڤدەیە و ئینتەرنێت لە تۆڕەکانی پەیوەندییە سەربازییەکانی سەردەمی جەنگی ساردەوە گەشەی کردووە.
لە بواری پزیشکیشدا، دۆزینەوەکانی وەک پەنسلین، کە لەلایەن (ئەلێکساندەر فلیمینگ)ەوە لە ساڵی 1928 دۆزرایەوە، ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگار کرد. هەروەها ڤاکسینەکان کە لە سەدەی هەژدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئاوڵە و ئەوانی تر پەرەیان پێدرا، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە نەهێشتنی نەخۆشییە کوشندەکانی وەک ئیفلیجی منداڵان و سورێژەدا بینیوە.
هەشتەم: مێژوو و ناسنامەی کەلتووریی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان
زۆرجار مێژوو لە هەناوی شوناسی نیشتیمانیی و کەلتووریدایە. وڵاتان بە پشتبەستن بە (گێڕانەوە مێژووییەکان)یان خۆیان دەناسێنن، جا شۆڕشی ئەمریکی بێت، یان شۆڕشی فەرەنسی، یان خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی.
بەڵام دەشێت مێژوو ببێتە سەرچاوەی ململانێکانیش. لێکدانەوە جیاوازەکانی مێژوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جەنگی ئایینی هەڵگیرساند و ململانێکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش تا ئێستا پەیوەستن بە مێژووی کۆلۆنیالیزمەوە.
بەمشێوەیە هەموومان بەرهەمی مێژووین. هەر لەو وشانەی کە پێی دەدوێیین، هەتا ئەو نەریتانەی کە پەیڕەوی لێدەکەین، لە دی ئێن ئەی (DNA) جەستەمانەوە هەتا دەگاتە ئەو سیستەمە سیاسیانەی کە له سایەیاندا ژیان بەسەردەبەین، واتە ڕەگی مێژوو بە هەموو لایەنەکانی ژیانماندا قوڵ ڕۆچووە.
بۆیە مێژوو تەنها شتێک نییە، کە لە ڕابردوودا ڕوویدابێت، بەڵکو ئێستا ڕوودەدات. کە تێیدا ئێمە بەشی داهاتووی چیرۆکی مرۆڤایەتین و ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین، دەبێتە مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو. بۆیە پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە: دەمانەوێت چ جۆرە مێژوویەک لەپاش خۆمان جێبهێڵین؟
سهرچاوهکان
1. et cetera: online etymology dictionary, (https://www.etymonline.com/word/et%20cetera#:~:text=also%20etcetera%2C%20early%2015c.%2C,of%20two)%2C%20again%2C%20a)
2. Carpe Diem: online etymology dictionary, (https://www.etymonline.com/search?q=Carpe+Diem).
3. Malia K. Evans: Mahina ‘Ōlelo Hawaiʻi, A Language Rescued from the Brink of Near Extinction, (https://marinesanctuary.org/blog/hawaiian-language-month/?gad_source=1&gclid=EAIaIQobChMIvtL279yHjAMVIZpoCR2CVw3DEAAYASAAEgLTIfD_BwE), (27 Feb, 2023).
4. Adam Acar: What is the Relationship between Zen and Tea Ceremony?, (https://mai-ko.com/travel/culture-in-japan/tea-ceremony/what-is-the-relationship-between-zen-and-tea-ceremony/).
5. Day of the Dead: (https://www.britannica.com/topic/Day-of-the-Dead), Feb 3, 2025 .